نوسه‌ر و لێكۆڵه‌ر له بابه‌تگه‌لی ئیسلامی سیاسی و عه‌لمانییه‌ت (عومه‌ر عه‌لی غه‌فور) له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید له‌دایك بووه، ده‌رچووی كۆلێژی زمان-به‌شی زمانی ئینگلیزییه.ناوبراو له ساڵی 1995 تا ساڵی 2000 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌ران و له ساڵی 2000-2004 به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی رۆژنامه‌ی یه‌كگرتوو بووه، هاوكات توێژه‌ر بووه له مه‌كته‌بی (باس و لێكۆڵینه‌وه) ـی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان.
عومه‌ر عه‌لی له ساڵی 2008ـدا به ره‌سمی وازی له یه‌كگرتووی ئیسلامی هێناوه.نووسه‌ر له ساڵی 1997 یه‌كه‌م كتێبی به‌ناوی "مافی ئافره‌ت له‌نێوان رهگهزسالاری و مرۆڤسالاریدا" چاپ كردووه و تا ئێسته ئه‌م كتێبانه‌ی چاپ كردوون: (جه‌ده‌لی ئیسلامی و عه‌لمانی، بهئایدیۆلۆژیاكردنی ئاین، ئه‌خلاق له سیاسه‌تدا، ئاین له فیكری مه‌سعود محه‌مه‌ددا، مرۆڤایه‌تیمان له بۆسه‌ی ئایدیۆلۆژیادا، گوتاری ئاینی له‌ژێر وردبیندا، ئافره‌ت وه‌ك خۆی، ئیسلام و دیموكراسی (وه‌رگێران) ، زستان و به‌هاری ئیسلامی سیاسی) ئه‌مه جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌دان وتار و لێكۆڵینه‌وه به هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی.چه‌ند كتێبێكی تریشی ئاماده‌ن بۆ چاپ.
لێكۆڵه‌ر بۆ ماوه‌ی 16 ساڵ له‌نێو ریزه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بووه، ئێستاش خه‌ریكی نوسین و لێكۆڵینهوهكانیهتی، له‌و دیمانه‌یه تایبه‌تییه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی ئیسلامی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاوڕێكیش له حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستانیش ده‌داته‌وه.
به‌مجۆره ده‌ستمانكرد به‌م چاوپێكه‌وتنه....
كه‌ریم سمكۆ: له‌به‌راییدا سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته، با سه‌ره‌تا له‌وه ده‌ست پێبكه‌ین له سه‌ره‌تای رووخانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كانه‌وه تا ئه‌م چركه‌ساته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له قۆناغی راگوزهركردن به‌ره‌و دیموكراسیدایه، به‌ڕێزت چۆنی ده‌بینی و ئیسلامی سیاسی به هه‌ردوو باڵه‌كه‌یه‌وه، باڵی لیبرالیزم و رادیكالیزم له نێو ئه‌م راگوزهركردنهدا ده‌وریان چی بووه و چییه؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: منیش سوپاستان ده‌كه‌م..كێشه‌ی ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و عێراقی له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌تی لیبراڵی، ته‌نیا بریتی نییه له كێشه‌ی ره‌وتی ئیسلامی و دیموكراسی، به‌ڵكو زیاتر كێشه‌ی كه‌لتور و مێژووه.واته ته‌وژمه رادیكاڵییهكهی ئیسلامی سیاسی، له‌و رووه‌وه (له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه ئایدیۆلۆژیهكهشیدا) ته‌نیا وێنه و نموونه‌یه‌كه له بهرجهستهبوونهكانی ئه‌و كێشه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر كێشه‌كه ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌و ته‌وژمه‌وه هه‌بێت، ده‌بوو جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و كوردستان (كه به‌شی هه‌ره‌زۆریان له‌لایه‌ن حزبگه‌لی عه‌لمانی و نیمچه عه‌لمانی و لانی كه‌م نائیسلامییه‌وه حوكم ده‌كرێن) ده‌یان ساڵه مێرگی دیموكراسی بوونایه و هیچ پێویستی نه‌ده‌كرد به‌هاری عه‌ره‌بی بۆ هه‌ڵته‌كاندنی ئه‌و ریژێمانه به‌رپا ببێ.شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، كه مۆركی ئیسلامی به‌سه‌ریدا زاڵه، له‌به‌رئه‌وه به‌رپا نه‌بوون كه ئه‌و ریژێمه بێزراوانه عه‌لمانی بوون، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌وانه عه‌لمانیی (به‌واتا عه‌فه‌وی یان فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی) دیكتاتۆری بوون.شكستی ئه‌و ریژێمه نائاینییانه (با نه‌ڵێین عه‌لمانی) له به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی و رێنیسانس له ماوه‌ی ده‌یان ساڵی حوكمڕانیی خۆیاندا (به بیست ساڵه‌كه‌ی حوكمی یه‌كێتی و پارتیشه‌وه له كوردستانی خۆمان) به‌ڵگه‌یه‌كی روونه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رده دیموكراسیه‌كه‌ی ئێمه قووڵتر و بهرمهوداتره له‌وه‌ی كێشه‌ی ته‌وژمێك بێت.بگره ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له ئیسلامییه رادیكاڵه‌كان (كه راشكاوانه دژایه‌تیی دیموكراسی ده‌كه‌ن) ده‌نگیان به‌ڕووی عه‌لمانیه‌ت و ریژێمهكان و ته‌نانه‌ت ئیسلامییه میانڕهوهكانیشدا (كه فره تا كه‌م دیموكراسیه‌تیان قبوڵ كردووه) دلێره ئه‌وه‌یه ئه‌و ریژێمانه نه‌یانتوانیوه زه‌مینه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ دیموكراسیه‌تێكی ته‌ندروست و هه‌ڵبژاردن و ئاڵوگۆڕێكی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆش بكه‌ن، هه‌ر بۆیه دیموكراسی جگه له‌وه‌ی به (كوفر، نه‌زۆك، بێكهڵك) ـی ده‌زانن، هاوكات پێیان وایه ئه‌و چه‌مكه ته‌نیا وه‌ك دێوجامه بۆ فریودان و له‌خشته‌بردنی خه‌ڵك به‌كار دێت و لێره‌شه‌وه سه‌رسه‌ختانه دژایه‌تی ده‌كه‌ن، هه‌م له‌به‌ر كوفره‌كه‌ی و هه‌م له‌به‌ر لهخشتهبردنهكهی.
كه‌ریم سمكۆ: به‌ڵام له‌كاتێكدا حه‌سه‌ن به‌ننا ده‌ڵێت: "ئایین سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت و قورئان وشمشێره" ئایا تاچه‌ند ئیسلامی سیاسی ده‌توانێت له فۆڕمی پراكتیكیدا له‌گه‌ڵ دیموكراسی و عه‌لمانییه‌تدا هه‌ڵ بكه‌ن؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: ئه‌گه‌ر باس له‌وه بكه‌ین ئاخۆ ئیسلامیه‌كان به‌هه‌ردوو باڵی میانڕه‌و و رادیكاڵه‌وه دیموكراسییان پێ هه‌رس ده‌بێت یان نا و ئاخۆ ئه‌گه‌ر بێنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌و چۆڕه دیموكراسی و فره‌یی و ئازادیهیش كه له حزبه سیكیولاره‌كان بۆ خه‌ڵك به‌ر بوه‌ته‌وه، وشك ناكه‌ن، ئه‌مه‌یان پرسیارێكی جیددیه، چونكه هێشتا عه‌قڵی ئیسلامی له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌تی كولتوری سیاسیی مێژوویی ئیسلامی (كه خۆی بناغه‌یه‌كی ئاینی نییه و سیستمێكی خێڵه‌كی و مه‌له‌كی كۆن بووه و ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت و سه‌ڵته‌نه‌ت و ئه‌ماره‌ته موسڵمانه‌كان كاریان پێكردووه) و عه‌قڵیه‌تی مه‌ركه‌زی و شمولی باڵاده‌ست له ناوچه‌كه‌دا كه تا رادده‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌می فیكری كۆمۆنیستیی بلۆكی رۆژهه‌ڵات بوو، رزگاری نه‌بووه.هه‌ربۆیه هێشتا ته‌مومژ و بهرچاولێڵیهك له تێگه‌یشتن له دیموكراسی هه‌یه و هه‌ندێك له ته‌وژمه ئیسلامیه‌كان به به‌دیلی مه‌رجه‌عیه‌تی شه‌ریعه‌تی داده‌نێن، ئه‌گه‌رچی به‌شێكی به‌رفراوانی ئیسلامی سیاسی، كه ره‌وتی ئیخوانین به‌پله‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و حه‌زه‌ره توندوتیژه‌یان نییه و چه‌مكه‌كه‌یان په‌سه‌ند كردووه، له‌وانه (شێخ یوسف قه‌رزاوی) كه به موجته‌هید و موفتیی ته‌وژمی ئیخوانی داده‌نرێت راشكاوانه به‌رگری له دیموكراسی ده‌كات و پێی وایه ده‌كرێ كۆمه‌ڵگه ئیسلامی و له هه‌مان كاتدا دیموكراسیش بێت، چونكه حاكمیه‌تی گه‌لی موسڵمان هه‌ر ده‌كاته‌وه حاكمیه‌تی ئاینه‌كه‌ی، چونكه زۆرینه هه‌ر ئیسلام هه‌ڵده‌بژێرن، بۆیه هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه كه سیستمی حوكمڕانی به‌پێی پرنسیپی باڵاده‌ستیی زۆرینه به‌ڕێوه بچێت.
به‌ڵام ده‌مێنێته‌وه ئه‌م تێگه‌یشتنه پاش چوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئاخۆ وه‌ك خۆی ده‌مێنێت یان پاشه‌كشه‌ی لێده‌كرێ؟ ئه‌ز پێم وایه پاشهكشهلێكردنی زۆر ئاسان نییه ئه‌گه‌رچی مه‌حاڵیش نییه، چونكه ته‌وژمه ئیسلامیهكهیش یه‌ك ره‌نگ و ره‌وت نییه و ئاراسته‌ی جۆراوجۆری تێدایه كه به‌و تێگه‌یشتنه رازی نین و دوور نییه هه‌وڵ بده‌ن سوود له رێژه‌ی به‌رزی كورسیه‌كانیان وه‌ربگرن (له میسر وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پار ده‌ریخست، سه‌له‌فیه‌كان له‌ڕووی قه‌باره‌وه به‌حاڵ له‌پاش ئیخوانهوهن) و فشار بخه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ره‌وته میانڕهوهكه تا سیستمه سیاسییه‌كه به‌ره‌و ئاینیبوونێكی زیاتر و داخران به‌ڕووی كرانه‌وه و فره‌یی و ئازادی ببه‌ن، وه‌ك كه له‌م دواییه‌دا خۆپیشاندانی گه‌وره بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له قاهیره كرا و داوایان كرد میسر جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت رابگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌رچی ئیخوان و سه‌له‌فیه‌كان به‌شدارییان نه‌كرد.
به‌ڵام دواجار هێشتا زووه له‌و باره‌وه قسه‌ی بنبڕ بكه‌ین.ده‌بێت لانی كه‌م ئه‌زموونی ده ساڵ حوكمڕانیی ئیسلامی سیاسی ببینین ئه‌نجا مه‌زه‌نده بكه‌ین ئاینده چۆن ده‌بێت.
كه‌ریم سمكۆ: ئه‌و باهۆزه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ناوی (به‌هاری عه‌ره‌بی) هه‌ڵیكردووه پێت وایه مه‌سه‌له‌كه شكستی عه‌لمانییه‌ت و تامه‌زرۆی هاووڵاتیانه بۆ ئیسلامی سیاسی؟ یاخود ناڕه‌زایی هاووڵاتییان له ده‌سه‌ڵاته به‌ناو عه‌لمانییه‌كانه به‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه به‌پراكتیكی عه‌لمانیه‌ت و دیموكراسی له سیستمی فه‌رمانڕه‌واییان پراكتیزه بكه‌ن؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: هیچ شۆڕش و راپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری له‌خۆوه و به‌بێ هۆ و پاساو روو نادا، هۆی سه‌ره‌كیی زۆربه‌ی ئه‌و راپهڕینانهیش، به‌ده‌ر له ناسنامه‌ی فیكری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ئه‌و حزب یان ده‌سته و تاقمه‌ی حوكمڕانی ده‌كه‌ن، سته‌مكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه.ئه‌مه كرۆكی شته‌كه‌یه، ئیدی هیچ گرنگ نیه ئاخۆ ئه‌و ریژێمانه عه‌لمانین یان ئایینی، كۆمیۆنیستن، سۆشیالیستن، سۆشیال دیموكراتن، پاشایه‌تین، ده‌ره‌به‌گایه‌تین، خێڵه‌كی و بنه‌ماڵه‌یین یان هه‌رچی هه‌ن.گرنگ ئه‌وه‌یه سته‌مكارییان به‌رهه‌م هێناوه، ئیدی له‌و نێوه‌نده‌دا ئه‌و ئایدیۆلۆژیا یان نه‌ریته‌یش كه له‌پشت ئه‌و ریژێمهوه بووه (جا ئاینی بێت یان عه‌لمانی یان كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌كه‌دار ده‌بێت و زه‌بری پێده‌كه‌وێت و باجی ده‌دا، چونكه ئه‌گه‌ر له رووی پراكتیكیشه‌وه ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه له‌لایه‌ن شوێنكهوتهكانیهوه كاری پێنه‌كرابێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه ئایدیۆلۆژیاكه نه‌ك سته‌مكار نه‌بووبێت، بگره خۆیشی قوربانیی ئه‌و ریژێمه بووبێت (وه‌ك زۆر له كۆمۆنیزمهكان ئه‌و جۆره لێكدانه‌وه‌یه بۆ په‌یوه‌ندی ماركسیزم به دیكتاتۆریه‌تی ستالین و سۆڤیه‌ت ده‌كه‌ن، یان هه‌ندێك له به‌عسیه‌كان بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان ئایدیۆلۆژیای به‌عسیزم و دیكتاتۆریه‌تی (سه‌دام حسێن) ـی ده‌كه‌ن، یان هه‌ندێك له ئیسلامیه‌كان بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسلام و ریژێمهكانی ئێران و تاڵیبان و هیتری ده‌كه‌ن) ، ئه‌وا هه‌ر له‌ڕووی ئه‌خلاقیه‌وه به‌رپرسیاره له دوو رووه‌وه: یه‌كه‌م له‌و رووه‌وه كه ئه‌و بووه‌ته پلیكانه‌ی گه‌یشتنی ئه‌و تاقمه سه‌ره‌ڕۆیه به كورسیی ده‌سه‌ڵات و دووه‌میش، وه‌ك ئاكامی یه‌كه‌م، له‌و رووه‌وه‌یه رێوشوێنی ئه‌وتۆیان له پێكهاته‌ی خۆیاندا وه‌ك گه‌ره‌نتی گه‌ڵاڵه نه‌كردووه كه شوێنكه‌وته‌كانیان كاتێك ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت نه‌چن.
له هه‌موو باره‌كاندا به‌هاری عه‌ره‌بی لانی كه‌م ئه‌وه‌ی فێر كردین كه ناو و دروشمی گه‌وره تكا بۆ سته‌مكاران ناكا.چ سیكیولاریزم و چ ئیسلامیزم شه‌ڕی موجه‌ڕه‌د یان خێری موجه‌ڕه‌د نین و ده‌ركه‌وت هیچیان ناتوانن له ده‌سه‌ڵاتدا خۆیان له داوگهی سته‌مكاری بپارێزن ئه‌گه‌ر بێت‌و پێشوه‌خت به رۆحیه‌تێكی لیبرالییانه و مرۆڤدۆستانه گۆش نه‌كرابن، هاوكات ئه‌و ناوانه‌یش نابنه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م تووڕه‌یی خه‌ڵكدا كاتێك به‌هۆی سته‌می كه‌ڵه‌كه‌وه جامی تووڕه‌یی پڕ ده‌بێت.
گرنگه ئه‌وه‌یش بزانین هه‌ردوو چه‌مكه‌كه چه‌مكی بان-مرۆیی نین كه نه‌كرێت به‌ده‌ست بگیرێن و وه‌سف بكرێن، به‌ڵكو له‌نێو جه‌رگه‌ی مێژوودان و هه‌ر ده‌بێ له روانگه مێژوویییهكهیشهوه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت.به دهربڕینێكیتر نابێت و ناكرێت سیكیولاریزم/ئیسلامیزم بكرێنه كائینێكی موعه‌مما كه كه‌س سیما راسته‌قینه‌كه‌یان نه‌زانێت و به‌وه‌یش له‌گه‌ڵ هه‌موو شكستێكی ئه‌زموونه سیاسییه‌كانی ئه‌و دوو ته‌وژمه‌دا موریده‌كانیان پاساو بۆ چه‌مكه موجهڕهدهكه بێننه‌وه و پاكانه‌ی بۆ بكه‌ن گوایه ئه‌و ئه‌زموونه ئه‌زمونێكی عه‌لمانی/ ئیسلامیی راسته‌قینه نییه و راسته‌قینه‌كه ئه‌مه‌یه و ئه‌وه‌یه، به‌ڵكو راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه –خۆشیان بێ و ترشیان بێ- شكشتی هه‌ر ئه‌زموونێكی عه‌لمانی یان نیمچه یان نیمچه نیمچه عه‌لمانی، له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌ت حسێبه و ده‌بێت دان به‌و بهرپرسیاریهتیهیدا بنرێت، هه‌روه‌ك شكستی هه‌ر ئه‌زموونێكی سیاسیی ئیسلامی یان نیمچه یان نیمچه نیمچه ئیسلامیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه حسێبه و به‌م یان به‌و رێژه سه‌رنه‌كه‌وتوویی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌رده‌خات.
كه‌ریم سمكۆ: باس له‌وه ده‌كرێت كه چۆن ئه‌مریكا هاوكاری ئیسلامی سیاسی كرد له‌جه‌نگی ئه‌فغانییه‌كان به‌رامبه‌ر روسیا، له‌مڕۆشدا به شێوه و فۆڕمی جیاواز پشتیوانی له ئیسلامی سیاسیی لیبڕالیزم ده‌كات.جه‌نابت چ خوێندنه‌وه‌یه‌كت بۆ ئه‌مه هه‌یه؟
-زۆر جاریتریش ئاماژه‌م به‌وه داوه ئه‌مریكا پاش هێرشه‌كانی 11ـی سێپته‌مبه‌ری 2001 هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسیی مه‌ده‌نی گۆڕاوه و ئه‌و تابۆیه‌ی جاران له‌سه‌ری دانابوو كه نابێت بگاته ده‌سه‌ڵات هه‌ڵی گرتووه و زۆر به‌ئاسایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵیدا ده‌كات، وه‌ك له عێراق و توركیا و پاش به‌هاری عه‌ره‌بیش له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی ئیسلامیه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی میسر و تونس و مه‌غریب به ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه نوێیه‌دا كرد.ته‌نانه‌ت له لیبیا و سووریایش، له‌كاتێكدا گرووپه ئیسلامیه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته چهكداریشن.ئیتر ئاخۆ ئه‌وه جۆره واقیعیه‌تێك بێت له سیاسه‌تی تازه‌ی ئه‌مریكادا كه ده‌زانێت ئه‌و هێزانه رێكخستنی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوانیان هه‌یه و له به‌رژه‌وه‌ندیی دوورمه‌ودای ئه‌مه‌ریكادا نابێت به‌و شێوه‌یه خۆی بخاته به‌ره‌ی دژایهتییكردنی ره‌هایان، یان بۆ ئه‌وه بێت بێنه ده‌سه‌ڵات و به شكستهێنانیان له ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدا جڵه‌ویان بكا و له‌قاڵبیان بدات.زیاد له‌مه‌یش ده‌شێت ئیداره‌ی ئه‌مریكی تێبینیی ئه‌وه‌ی كردبێت ئه‌و هێزانه كاتێك ده‌چنه ده‌سه‌ڵات ئه‌و كه‌فوكوڵه‌ی شه‌قام و حاڵه‌تی ئۆپۆزسیۆنبوونیان سارد ده‌بێته‌وه و عه‌قڵانیتر و واقیعیانه‌تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیستمی جیهانی و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هاوسه‌نگیی هێزه‌كاندا ده‌كه‌ن و ئه‌و مه‌ترسییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی دروست ناكه‌ن كه پێشتر وێنا ده‌كرا.
كه‌ریم سمكۆ: ئه‌گه‌ر باس له ئیسلامی سیاسی كوردستان بكه‌ین به‌دیدی جه‌نابت ئه‌و ئیسلامه سیاسییه‌ی كوردستان له‌كام جۆریانه چ ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه به باكگراوه‌ندی لیبرالی كار ده‌كه‌ن، چ ئه‌وانه‌ی واقیع وایلێكردوون فۆڕمی لیبرالیزم هه‌ڵگرن به هه‌ردوو فۆڕمهكهوه، تاچه‌ند ده‌توانن له گه‌ڵ بنه‌ماو پره‌نسیپه‌كانی عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسی هه‌ڵبكه‌ن؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: ئیسلامی سیاسی له كوردستانیش له‌ڕووی هه‌ڵوێست له چه‌مكه‌كانی دیموكراسی و سیكیولاریزم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مان هه‌ڵوێستی ئیسلامیهكانیتری ناوچه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ی كوردستان له‌ڕووی فیكریه‌وه هه‌ژارتره له‌وانه‌ی ده‌ره‌وه و چ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ دیموكراسین و چ ئه‌وانه‌ی دژین، نه‌یانتوانیوه زه‌خیره‌یه‌كی مه‌عریفیی تایبه‌ت به رێبازه‌كه‌یان به‌رهه‌م بێنن، به‌شێوه‌یه‌ك مرۆڤ له توێژینه‌وه‌دا بۆی بگه‌ڕێته‌وه و هه‌ست بكا ئه‌مه هزری ئیسلامیی كوردستانییه بۆ ئه‌و چه‌مكانه.
ده ساڵێك ده‌بێ گرووپی چه‌كداریی ئیسلامی له كوردستان نه‌ماوه و ئه‌و حزب و ته‌وژمانه‌ی هه‌ن به‌گشتی دۆخه‌كه‌یان قبووڵ كردووه و به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان به‌شێوه مه‌ده‌نی و دیموكراسییه‌كه‌یدا ده‌كه‌ن و هیچ حزب و ته‌وژمێك به‌ڕاشكاوی و به‌ڕه‌سمی دژایه‌تیی خۆی بۆ دیموكراسی پیشان نه‌داوه.ره‌نگه لێره و له‌وێ، كه‌سانێك یان باڵێكی لایه‌ن یان ته‌وژمێكی ئیسلامی سیاسی بڕوای به‌و چه‌مكه نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وانه هێشتا قورساییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه كه بووبنه ره‌قه‌مێكی دیار له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا.
كه‌ریم سمكۆ: ده‌بینین زیاتر له 5 هه‌زار مزگه‌وت هه‌یه، ئاین وه‌زیر و وه‌زاره‌تی هه‌یه، ساڵانه هاووڵاتییان به‌رێژه‌یه‌كی زۆر سه‌ردانی ماڵی خودا ده‌كه‌ن و 98%ـی هاووڵاتییانی كوردستان موسڵمانن.زۆرجار ده‌بینین له‌سه‌ر شیعرێك یاخود نوسینێك یان فیلمێك ئیسلامی سیاسی به‌خێرایی بڕیاری توڕه ده‌دات، بۆچوونی جه‌نابت له‌م باره‌یه‌وه چیه؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: ئه‌مه‌یش هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌و كه‌لتوره گشتییه‌وه هه‌یه كه هێشتا له‌گه‌ڵ ره‌خنه و مشتومڕی مه‌ده‌نی و قبوڵكردنی جیاوازی و بواردان به‌یه‌كتر رانه‌هاتووه و هێشتا زمانی ته‌كفیر و ته‌خوین و توندوتیژی لای خه‌ڵكی ئێمه زاڵه، له‌نێو ئه‌وانیشدا ناوه‌ندی ئاینی –نه‌ك ته‌نیا ئیسلامی سیاسی- له مه‌سه‌له‌ی ده‌ستبردن بۆ هه‌ندێك بابه‌تی ئاینی هه‌ندێك جار زیاد له سنووری پێویست هه‌ستیار و گرژن و كاردانه‌وه‌ی تووڕه‌ییان به‌رامبه‌ر به‌و بابه‌تانه هه‌یه كه مۆركێكی ره‌خنه‌ییان هه‌یه، هه‌ندێك له‌و بابه‌تانه‌یش به‌رهه‌می كه‌سانێكی هه‌ڵه‌شه و نابه‌رپرسن و به شێوازێك ده‌ست بۆ ئه‌و بابه‌تانه ده‌به‌ن كه هه‌ستی ئه‌و ناوه‌نده و له‌ڕێی ئه‌وانیشه‌وه خه‌ڵكه دینداره‌كه بریندار ده‌كات.زۆرجار یه‌كێتیی زانایان و وه‌زارتی ئه‌وقاف به‌ر له لایه‌نه ئیسلامیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه هاتوونه‌ته ده‌نگ.له‌وه‌یشدا ئه‌وان مافی خۆیانه داكۆكی له پیرۆزییه‌كانیان بكه‌ن و به‌پێی رێوشوێنه یاساییه‌كان به‌رگرییان لێ بكه‌ن، به‌ڵام گرنگه ئه‌و حاڵه‌ته نه‌بێته گرێ و هه‌ر هێنده‌ی نووسه‌ر یان شاعیرێك ده‌قێك یان به‌رهه‌مێكی خسته بازاڕ كه مۆركێكی ره‌خنه‌یی به‌رامبه‌ر ئاین هه‌بێت بكرێته هه‌ڵڵا له‌سه‌ری و ژیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بخرێنه مه‌ترسی.ئه‌و جۆره كاردانه‌وه تووڕانه جگه له‌وه‌ی ناتوانێت ده‌نگی ئه‌وانه‌ی بۆچوونێكی نه‌یارانه‌یان به‌رامبه‌ر ئاین یاخود فه‌زای ئاینی هه‌یه كپ بكات، له هه‌مان كاتدا ره‌واج به كاره‌كانیان ده‌دات و سووریا‌ن ده‌كات له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی، هه‌روه‌ها كه‌سانیتریش كه كه‌س نایانناسێ و به‌دوای ناوبانگ (یان ره‌نگه وه‌رگرتنی په‌نابه‌ری له وڵاتێكی ئه‌وروپی) ده‌گه‌ڕێن هان ده‌دات تا ئه‌وانیش ئه‌و كاره بكه‌ن، تا به‌هۆی كاردانهوهكانهوه ناوبانگ په‌یدا ده‌كه‌ن و به ئامانجه‌كه‌یان ده‌گه‌ن.دووریش نیه كه ئامانجه‌كه‌یان به‌دیهێنا، داوای لێبوردنیش بكه‌ن.
كه‌ریم سمكۆ: به‌ڵام ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئایینی ئیسلام له ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: به‌دڵنیاییه‌وه چ ئیسلام و چ هه‌ر ئاین و مهزههبێكیتر نه‌یار و دوژمنی خۆیان هه‌یه و به‌هێزبوونی باسكی ئه‌وانه مه‌ترسی ده‌بێت بۆ سه‌ر ئه‌و ئایینه، به‌ڵام ئایا له كوردستان دوژمنه‌كانی هێنده زۆر و به‌هێزن مه‌ترسی له‌سه‌ر بوونی دروست بكه‌ن؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر.له كوردستان رۆژی هه‌ینی زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌یه‌ك كاتدا به‌شداری له نوێژی هه‌ینیدا ده‌كه‌ن و ره‌نگه زیاتر له دوو هه‌زار مامۆستای ئاینی زیاتر له دوو هه‌زار وتاری ئاینی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌زاران به‌رنامه‌ی ئاینی له میدیا جۆراوجۆره‌كان هه‌یه، ئه‌مه جگه له سایته‌كان و سیدیهكان و خزمه‌تگوزارییه‌كانی فه‌یسبوك و تویته‌ر و مۆبایل و هتد، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه شكستیان هێنا له‌وه‌ی ئاینه‌كه بپارێزن و به پارچه شیعر و په‌خشانێكی شڕ و وڕی كه‌سێكی نابه‌رپرس ئیسلام مه‌ترسی له‌سه‌ر دروست ببێت، ئه‌وه دیاره ئه‌و هه‌موو كۆششه با بردوویه‌تی و ئیتر كار له كار ترازاوه!! بۆیه له هه‌موو باره‌كاندا ئێمه نه‌قسی هۆشیاریمان هه‌یه هه‌م لای ئه‌وانه‌ی نه‌یاری فه‌زا ئاینیهكهن و هه‌م لای ده‌مڕاستانی ئه‌و فه‌زا ئاینیهیش.
كه‌ریم سمكۆ: ئایا ئه‌گه‌ر حزبه به‌ناو عه‌لمانییه‌كانی كوردستان به‌رده‌وام بن له‌و شێوه و فۆڕمه ناتهندوست و گه‌نده‌ڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی، كرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك نییه بۆ هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: زیاتر له 600 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئیبن خه‌لدون وتوێتی "الڤلم مۆژن بخراب العمران" واته سته‌م نوقڵانه‌ی وێرانبوونی ئاوه‌دانی و شارستانێتییه.پێویست ناكات چاو بۆ نموونه‌ی مێژوویی و دوور بخه‌ین تا بزانین سته‌مكاری چ ئاكامێكی هه‌یه ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ر ئه‌وانه‌یش كه سته‌مه‌كه ده‌كه‌ن.سته‌مكاریش ته‌نیا جینۆساید و شه‌ڕ و كوشتار و سه‌ركوت و پاكتاوكردنی فیزیكی نییه.سته‌مكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كه‌لتوری ته‌نانه‌ت زانستیش هه‌یه.هه‌موو ئه‌مانه سه‌ره‌خۆره‌ی مرۆڤ و حزب و ده‌سه‌ڵات و شارستانێتین، كه مرۆڤ و حزب و ده‌سه‌ڵات و ئه‌زموونی كوردیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م رێسا گه‌ردونییه نین.بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی چاكسازی له‌خۆیدا نه‌كات و سنوور بۆ كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه جۆراوجۆره‌كانی دانه‌نێت و جڵه‌وی زاڵمهكانی نه‌كات، خۆی و ئه‌زموونه‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌یش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن، چونكه –وه‌ك قورئانیش ده‌فه‌رموێت- كه سزای سته‌م هات ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه ده‌سووتێنێت.ئیدی گرنگ نییه ئاخۆ ئه‌و به‌دیله‌ی دێته جێگه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌بێت یان هه‌ر هێزێكیتر.
كه‌ریم سمكۆ: ده‌كرێت بزانین جه‌نابتان تاچه‌ند ئیسلامی سیاسی به مه‌ترسی ده‌زانیت بۆ سه‌ر ئه‌زموون و فۆڕمی دیموكراسی و پێكه‌وه ژیانی ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كان؟
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: من وای نابینم له كوردستان ئیسلامی سیاسی ئه‌و هێزه‌ی هه‌بێت بتوانێت كورسی له‌ژێر پێی یه‌كێتی و پارتی ده‌ربكێشێت، مه‌گه‌ر پێشهاتێكی مێژوویی یاریده‌ده‌ری گه‌وره و چاوه‌ڕواننه‌كراو بێته پێش، چونكه به هه‌ر سێ حزبه ئیسلامیه‌كه 12 كورسییان له په‌رله‌مان هه‌یه و له باشترین حاڵه‌تدا رێژه‌یان له 15% تێپه‌ڕ ناكات.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ ئیسلامی سیاسیی كوردستان مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئه‌زموونی دیموكراسی، ده‌ڵێم جارێ به‌ر له‌وان خهڵكیتر هه‌ن كه لافی دیموكراسییه‌ت و عه‌لمانیه‌تیش لێده‌ده‌ن و هێشتا بهلامسهلایی و نابه‌دڵی په‌راوێزێك به دیموكراسی ده‌ده‌ن و ره‌نگه جاروبار له‌و پهراوێزهیش په‌شیمان بن، ئیدی له‌ڕووی مه‌نتیقه‌وه ئه‌وان ئه‌گه‌ر مه‌ترسیش بن هێشتا پاساوێكیان هه‌یه.به‌ڵام به‌گشتی له‌م دۆخه‌دا كه حزبه ئیسلامیه‌كان پابه‌ندن به پرۆسه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی كوردستان و به‌كرده‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته‌كانی دیموكراسی ده‌كه‌ن، قهبارهیشیان به‌و شێوه‌یه سنووردار و بچووكه، پێم وانیه مه‌ترسی بن، مه‌گه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌كردنه لای هه‌ندێكیان جۆره "توقیه"ـیهك بێت بۆ خۆپاراستن له زه‌بری ده‌سه‌ڵات تا ئه‌وكاته‌ی به‌هێز ده‌بن و ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات.ئه‌وه‌یشیان ته‌نیا ئه‌گه‌رێكه و بۆ سه‌لماندنی پێویست به به‌ڵگه ده‌كات.له هه‌موو باره‌كاندا ئیسلامیه‌كانی كوردستان به‌م قه‌د و قهیافهی ئێستایانه‌وه كه پێكه‌وه هێزی چواره‌م و به تاك تاكیش چواره‌م و پێنجه‌م و شه‌شه‌می كوردستانن، جارێ زووه باس له‌وه بكرێت ئاخۆ ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات دیموكراسی پیاده ده‌كه‌ن یان فڕێی ده‌ده‌ن.
تێبینی: به‌شێكی زۆری ئه‌و دیمانه‌یه له هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجی بڵاو كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
