
*خێزانی كوردیی تا رادده‌یه‌كی یه‌كجار زۆر داخراوه و پابه‌نده به كولتووره‌وه
*له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌ستدرێژیی سێكسیی به به‌راوورد به كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی كه‌متره
*كوشتنی ژنان ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به عه‌قڵه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به شوێنه‌وه نییه
شه‌ونم یه‌حیا، خوێندكاری دكتۆرا له (سۆسیۆ– فیلۆسۆفی) زانكۆی سۆربۆن- پاریس.له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا باس له كێشه‌كانی ژنان و دیارده‌ی توندوتیژیی دژی ژنان به تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانین كوشتنی ژنانی كورد له هه‌نده‌ران بۆته دیارده‌یه‌كی دزێو، به‌بڕوای تۆ كوشتنی ژنانی كورد له ئه‌وروپا بۆ چی ده‌گه‌رێته‌وه؟.
شه‌ونم یه‌حیا: به هه‌قیقه‌ت پرسی توندوتیژیی دژ به ئافره‌تان ئه‌وه‌نده پرسێكی ئاسایی و ئاسان نییه لێی بێده‌نگ بین و قسه و كاری له‌سه‌ر نه‌كرێ و به‌ره‌نگاری نه‌بینه‌وه، چوونكه توندوتیژیی دژ به ژن واتا توندوتیژیی دژ به كۆمه‌ڵگه، بۆیه پێویسته له دیدگایه‌كی زانستیانه‌وه ئاڕاسته بكرێ، هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه چه‌ندان رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی و ناوه‌ندی داكۆكیكردن له پرسی ژنان دابمه‌زرێن بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به گشتیی به‌ره‌وه ئاڕاسته‌یه‌كی تۆلێرانستر واتا لێبورده‌یتر به‌رن، دیارده‌ی "كوشتن" خۆی له خۆیدا چ ژن یان پیاو بكوژرێت، ئه‌م پرۆسه‌یه پرۆسه‌یه‌كی نامه‌نتیقی و نائه‌خلاقییه و تاوانێك به هه‌موو پێوه‌ره‌كان كه بۆ تاوانكاریی دانراوه.
خودی پرسیاره‌كه‌ت كوشتنی ژنی كورد له هه‌نده‌ران.به بڕوای من ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به شوێنه‌وه نییه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به عه‌قڵه‌وه هه‌یه، واتا ئه‌نجامدانی كردارێكی وا په‌یوه‌سته به جۆری بیركردنه‌وه‌ی پیاوی كورد وه‌ك تاكێك كه له نێو پرۆسه‌یه‌كی كولتووریی داخراو په‌روه‌رده كراوه، له‌گه‌ڵی گه‌وره بوو، بۆته به‌شێك له ژیانی به حوكمی كاریگه‌ربوونی به كارلێك و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چوونكه تاكی كورد له نێو بونیادێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر تۆخ و قووڵ تواوه‌ته‌وه، پرۆسه‌ی له بیرچوونی ترادیسۆنه‌كان ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، بۆته به‌شێك له دروستبوونی كه‌سایه‌تی ئه‌و، ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش بێت، به‌ڵام به عه‌قڵ (ملتزمه، engage) پابه‌نده به عه‌قڵ و بیركردنه‌وه و ویژدانی كۆ نه‌ك به شوێن، بۆیه ده‌بینین دوای چه‌ند ساڵ له گۆڕینی پێگه‌ی جوگرافیایی هه‌ر هه‌مان ره‌فتار ده‌كات وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی له ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بژیت.
ستیڤان: خێزانی كورد له هه‌نده‌ران چه‌ندین گیروگرفتی هه‌یه، گرنگتریینیان سه‌پاندنی كولتووری خێڵه‌كییه به‌سه‌ر نه‌وه‌كانیاندا، به بڕوای ئێوه بۆچی تاكی كورد ناتوانی له‌گه‌ڵ كولتووری ئه‌وروپی بگونجی، پێتوایه هۆكاری پابه‌ندی خێزانی كورد له ئه‌وروپا به نه‌ریتی خیڵه‌وه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
شه‌ونم یه‌حیا: خێزانی كوردیی چوونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له جۆری خێزانی تێكه‌ڵاوه و تاك نه‌یتوانیوه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی خێزان ژیانێكی تایبه‌تی هه‌بێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ستراوه‌ته‌وه به ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یه‌وه و زۆربه‌ی كات سنووری په‌یوه‌ندییه‌كانیشی دیاریكراو بووه، ده‌بینین كاتێك خێزانێكی كورد روو له ئه‌وروپاش هه‌ر هه‌مان شێوازه، چوونكه به‌رپرسی خێزان دایك یان باوك ئه‌وان بۆ خۆیان له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌ك گه‌وره‌بوونه، له زانستی كۆمه‌ڵناسی پێیده‌ڵێن پرۆسه‌ی به كۆمه‌ڵایه‌تیبوون (سۆسیۆلیزاسیۆن)، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ناتوانن ئاوا به ئاسانی لێی ده‌ربچن، بۆیه هه‌ر هه‌مان عه‌قڵیه‌تییه ده‌بێته په‌روه‌رده‌كاری نه‌وه‌كان له‌وی، بۆیه نه‌وه‌ی نوی كورد له ئه‌وروپا هه‌میشه له كێشه‌دایه له نێوان دوالیزمیبوون له كه‌سایه‌تی و له كولتووردا، بگره ئه‌وان ده‌بنه قوربانی دوو كولتووریی.
راگرتنی كولتووری كوردیی و پابه‌ندبوون پێیه‌وه له ئه‌وروپا له‌لایه‌ن خێزانی كورده‌وه، به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ترس له لۆمه و گله‌یی خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه، واتا كه‌وتنه ژێر باری ویژدانی جه‌معی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، راسته ئه‌وان دوورن، به‌ڵام هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن ئه‌مڕۆ زۆر ئاسان بووه، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تره له‌سه‌ر تاكی كورد كه ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌وان زۆر به ئاسانی و به خێرایی بگاته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی.جگه له‌مه هۆكارێكی تر ئاستی زانستی و خوێنده‌واربوون له نێو خێزاندا هه‌رچه‌نده ئه‌مه رێژه‌ییه، چوونكه نموونه هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كچێكی كورد له له‌نده‌ن په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كوڕێكی عه‌ره‌ب ده‌بێت، دیاره چه‌ندین چار كوڕه‌كه په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌و خێزانه كورده تا كچه‌كه‌ی بده‌نی و هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام باوكی كچه‌كه ئه‌گه‌رچی له ئاستێكی زانستی بڵندیشه، به‌ڵام هه‌ر ره‌زامه‌ندیی نانوێنی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه.
به حوكمی تێكه‌ڵاوبوونم له‌گه‌ڵ كولتووری بێگانه و شاره‌زابوون له شێوازی ژیانیان بۆم به دیاركه‌وت خێزانی كوردیی تا رادده‌یه‌كی یه‌كجار زۆر داخراوه و پابه‌نده به كولتوور، ئه‌م داخراوییه‌ش بێگومان گرفت و كێشه‌كانی زیاتر كردووه، به تایبه‌تی بۆ ره‌گه‌زی می، كاریگه‌رییه‌كی نیگه‌تیڤی له‌سه‌ر ئاینده‌ی می دروستكردووه به تایبه‌تیش له رووی پێكهێنانی خێزان، جگه له لایه‌نی ئاینیی كه رێگره بووه، لایه‌نی كولتووریی و سیاسیش هه‌م به‌ربه‌ست بووه، ئه‌م پارادۆكسه له كه‌سایه‌تی و له كولتووری تاكی كورد بێگومان ململانی و كێشه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه تا ده‌گاته یه‌كلابوونه‌وه‌ی پرسه‌كان.
ستیڤان: توندوتیژیی دژی ژن له ئه‌وروپا ته‌نیا له‌لایه‌ن كورده‌وه ئه‌نجام نادری، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌وروپییه‌كانیش هه‌مان توندوتیژیی بوونی هه‌یه.به رای ئێوه جیاوازیی هه‌یه له نێوانیان؟.
شه‌ونم یه‌حیا: راسته توندوتیژیی دژ به ژنان ته‌نیا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا نییه به‌ڵكو له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی تریش بوونی هه‌یه، بۆ قسه‌كردنیش له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره گرنگه باس له‌و توندوتیژییانه بكرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌سه‌ر ژنان هه‌یه، نه‌ك ته‌نیا ئافره‌تی كورد بگره زۆربه‌ی ژنانی ئه‌وروپاش سه‌ڕه‌رای توندوتۆڵی یاساكانیان زۆر به زه‌حمه‌ت یان به ده‌گمه‌ن تاك ده‌توانی لێی ده‌ربازبێت، كه‌چی ده‌بینین هێشتا پراكتیكه‌كردنی توندوتیژیی دژ به ژنان له به‌رزبوونه‌وه‌دایه له نێوان توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دیاره ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ش به پێی راپۆرتی رێكخراو و ئه‌نجوومه‌نه نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان زانراوه.
بۆ نموونه به پێی راپۆرتی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپا كه له 47 وڵات پێكهاتووه بۆ داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ و دیموكراسی و پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه‌وا ئافره‌تان له هه‌موو ناوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رووبه‌ڕووی توندوتیژیی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و زاره‌كی ده‌بنه‌وه، كه له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی دروستبوونی چه‌ندان نه‌خۆشی درێژخایه‌ن و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مخۆراكی و كه‌مخه‌ویی و زیادبوونی مادده بێهۆشكه‌ره‌كان ده‌بێت له‌سه‌ر ئافره‌ت، بۆ نموونه له وڵاتیكی وه‌ك به‌ریتانیا پۆلیسی ئه‌و وڵاته هه‌موو ده‌قه‌یه‌ك په‌یوه‌ندییان پێوه ده‌كرێت بۆ به هاناوه چوونی قوربانییه‌كانی توندوتیژیی خێزانی، هه‌روه‌ها له ئینگلته‌را هه‌فتانه ئافره‌تێك ده‌بێته قوربانی له‌سه‌ر ده‌ستی مێرده‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش به پێی راپۆرته‌كانی ساسیكس.
هه‌روه‌ها به هه‌مان شێوه له راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مساڵیش ئاماژه به به‌رزبوونه‌وه‌ی شێوازه‌كانی توندوتیژیی دژ به ئافره‌تان ده‌كات له لێدان و سوكایه‌تیپێكرن و ده‌ستدرێژیی سێكسی..هتد ده‌كات، جگه له‌و توندوتیژییانه‌ی رووبه‌ڕووی ئافره‌تان و منداڵان ده‌بێته‌وه له ئه‌نجامی شه‌ڕ و ململانی چه‌كدارییه‌كان، چوونكه نائارامی و ململانێیه‌كان كاریگه‌ریی راسته‌خۆیان له‌سه‌ر زیادبوونی توندوتیژیی ده‌بێت، جگه له فاكته‌ره كولتوورییه‌كان.له وڵاتێكی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا هه‌ر 6 ده‌قیقه جارێك ئافره‌تێك ده‌ستدرێژیی ده‌كرێته سه‌ری، له وڵاتێكی وه‌كو مه‌كسیك 9 ده‌قیقه جارێك.هه‌ر له ئه‌مه‌ریكا ساڵانه شه‌ش ملیۆن ئافره‌ت له‌لایه‌ن مێرده‌كانیانه‌وه دووچاری لێدان ده‌بنه‌وه و زیاتر له 400یشیان به هۆی لێدانه‌وه ده‌كوژرێن، له وڵاتێكی وه‌كو ئه‌ڵمانیا ساڵانه 52% ئافره‌تان رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژیی سێكسی (تحرش) ده‌بنه‌وه و (45000) هه‌زار ئافره‌ت ساڵانه له ترسی توندوتیژیی خێزانی ماڵ به‌جێده‌هێڵن، له فه‌ڕه‌نسا چوار رۆژ جارێك ئافره‌تێك له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه ده‌كوژرێت، له ئیسپانیا رۆژانه ئافره‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی مێرده‌كه‌ی ده‌كوژرێت.
بۆیه من پێموایه له ئه‌نجامدانی كرده‌ی توندوتیژیی دژ به ژنان له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بێت، ئه‌وروپا یان كوردیی بێت هیچ جیاوازیه‌كی نییه، چوونكه توند تیژیی هه‌ر توندوتیژییه له رووی كرداره‌وه، به‌ڵام له رووی شێوازه ره‌نگه جیاواز بێت.بۆ نموونه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌ستدرێژیی سێكسیی به به‌راوورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی كه‌متره، ئه‌مه‌ش به هۆی كاریگه‌رییه‌كانی ئاین یان ترادیسۆنه‌كانه‌وه بێت، جیاوازییه‌كی تر له رووی رێژه‌وه بێگومان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌كو فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئه‌مه‌ریكا به حوكمی ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، بۆیه رێژه‌ی تاوان و توندوتیژییه‌كانیش تێیدا زیاتره.
جیاوازییه‌كی تر له رووی جێبه‌جێكردنی یاسان و سه‌پاندنی سزا، له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی به‌م دواییانه یاساكان فشار و سزایان توندتركرد له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه توندوتیژیی دژ به ژنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان ناوه‌ند و رێكخراوی دامه‌زراند بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی رێكخراوتر داكۆكی له پرسی ئافره‌ت بكری و یاساكان جێبه‌جی بكرێت له‌سه‌ر بكوژی ئافره‌ت به ناوی شه‌ره‌فه‌وه، ده‌نا پێشتر بكوژی ئافره‌ت زۆر به ئاسانی له‌و تاوانه ده‌رباز ده‌بوو به‌ناوی (غسل عار)، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه ئه‌وروپییه‌كان شتێك نییه به ناوی (غسل عار) و یاسایه‌ك بێت بۆ ده‌ربازبوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی ژن ده‌كوژن، به‌ڵكو یاسا وه‌كو تاوانبارێك حوكمی له‌سه‌ر ده‌دات.
ستیڤان: هه‌ست ناكه‌ی پیاوی كورد ته‌نیا وه‌ك ئامڕازێكی سێكسیی سه‌یری ئافره‌تی ده‌كات؟ پێتوانییه ئافره‌تی كورد هه‌میشه حه‌زه‌ر له پیاو ده‌كات و وه‌ك په‌لامار ده‌رێك لێی ده‌ڕوانێت؟.
شه‌ونم یه‌حیا: بێگوومان ئه‌مه له پیاوێك بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت، چوونكه ره‌فتار و سروشت و په‌روه‌رده‌كردنه‌كان له یه‌كدی جیاوازن، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به شێوه‌یه‌كی گشتیی پیاوی كورد خوی یه‌كتریان وه‌رگرتووه سه‌باره‌ت به‌م پرسه، چوونكه هه‌ر له منداڵییه‌وه تاك رووبه‌ڕووی دامركاندنه‌وه و كۆنترۆڵی ده‌روونی و سێكسیی بۆته‌وه، هه‌روه‌ها له رێگای ناوه‌نده زانستییه‌كانه‌وه زانیاریی پی نه‌به‌خشراوه و فێر نه‌كراوه، بگره هه‌ندی جار ئه‌و غه‌ریزه سروشتییه‌ی تاك به كاریده‌هێنی بۆ سوكایه‌تیپێكردن و شكاندنی كه‌سایه‌تی یه‌كتر له كۆمه‌ڵگه‌دا، زۆر جار له ململانێی نێوان تاكه‌كان جا چ ململانی سیاسیی و یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابووری یان رۆشنبیریی بێت، غه‌ریزه‌ی سێكسیی وه‌ك فشار و هه‌ڕه‌شه له به‌رامبه‌ر یه‌كتر به‌كار ده‌هێنن.
بۆیه لێره‌دا سێكس بۆته ئامڕازێك بۆ دروستكردنی كولتووری سوكایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌كردن به‌رامبه‌ر به یه‌كدی، ئه‌م تێڕوانینه له جه‌هلی كۆمه‌ڵگه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆیه له‌و پرسانه‌ش ئافره‌ت ده‌بێته قوربانی یه‌كه‌م، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه ژنی كورد زۆر به حه‌زه‌ر بێت له پیاوی كورد و هه‌ست به دڵنیایی نه‌كات له به‌رامبه‌ری، زۆر پیاوی كورد په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌كو شانازیكردن به‌خۆیه‌وه له نێو كۆمه‌ڵ باسی لێوه ده‌كات و زۆر جاریش بۆ سوكایه‌تیپكردن به‌كاریده‌هێنی.
ستیڤان: ئه‌و تێزه هه‌میشه له‌سه‌ر زاره: له شه‌رعدا شه‌رم نییه، واته ئاساییه پرسه سێكسییه‌كانیش ببێته جێی باس و خواس.كه‌واته بۆچی هێشتا كۆمه‌ڵی كوردیی ورووژاندنی پرسی سێكس به‌ناشه‌رعی و حه‌رام ده‌بینێ؟.
شه‌ونم یه‌حیا: ده‌توانم بڵێم ئه‌و پرسه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ته‌نانه‌ت له رووه ئاینییه‌كه‌شه‌وه، به‌و شێوه‌یه گه‌شه‌ی نه‌كردووه، راسته له شه‌رعدا پرسیاركردن و روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته مافێكی شه‌رعی تاكه، به‌ڵام تاك نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته بی شه‌رم باسی لێوه بكات وه‌كو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێیدا.ئه‌م پرسه وه‌كو خاڵێكی عه‌یب و شه‌رم (وێمت عار) سه‌یر ده‌كرێت له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.چوونكه له كۆتاییدا ئه‌وه كێیه ئه‌و پرسیاره ده‌كات له رووی شه‌رع و ئاین؟.بێگومان تاكی كورده، له به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر تاك نه‌گه‌یشتبێته ئه‌و قۆناغه‌ی باسكردن له رووی ئاینیشه‌وه شاراوه ده‌بێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
