*بیر و ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پرنسیپی دیموكراسیدا ناگونجێ
*هێزێكی ئیسلامیی كاتێك ده‌توانێت دیموكراسی بێت شه‌ریعه‌ت نه‌كات به بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕ و پیرۆز
* هه‌موو هێزه ئیسلامییه‌كان به توندڕه‌و و میانڕه‌وه‌وه هێزی كۆنه‌پارێزن
د.شێركۆ كرمانج، مامۆستای زانكۆ و پسپۆر له بواری ئیسلامی سیاسیی، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا باس له ئه‌زموونی ئیسلامی سیاسیی و په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسلامی سیاسیی و دیموكراسی ده‌كات.
ستیڤان: تا چه‌نده پێتوایه ئیسلامی سیاسیی و دیموكراسی له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گونجێنن؟ تۆ چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌و تێزه‌ی پێیوایه ئیسلامی سیاسیی دوژمنی باوه‌كوژی دیموكراسییه؟.
د.شێركۆ كرمانج: پێش هه‌موو شتێك ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم ئێمه لێره كه باس له دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌ین ده‌بێت بزانین مه‌به‌ستمان له دیموكراسی چییه.ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان ته‌نیا فه‌راهه‌مكردنی میكانیزمه‌كانی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات بێت ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه ده‌توانم بڵێم به‌ڵێ ئیسلامی سیاسیی، به‌تایبه‌تی ئه‌و باڵه‌ی ماوه‌ی ٢٠ ساڵێك ده‌بێت له هه‌وڵی خۆگونجاندایه له‌گه‌ڵ ره‌وتی زه‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ دیموكراسی ده‌گونجێت و ده‌توانن به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵبكه‌ن.به واتایه‌كی دیكه ئیسلامی سیاسیی دوژمنی باوه‌كوژه‌ی ئه‌و جۆره له دیموكراسیی نییه ته‌نیا له هه‌ڵبژاردن و ده‌نگداندا قه‌تیس ده‌كرێت.به‌ڵام ئایا ئیسلامی سیاسیی، یان ئیسلامییه‌كان، له‌گه‌ڵ كۆڵه‌كه و به‌ها سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسی هه‌ڵده‌كه‌ن یان نا ئه‌وه پرسێكی دیكه‌یه.من پێموایه بیر و ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پرنسیپی دیموكراسیدا ناگونجێ.لێره چه‌ند نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئارگیومێنته.
یه‌كه‌م، له سیستمی دیموكراسی خه‌ڵك سه‌روه‌رن (sovereign)، واته خه‌ڵك راسته‌وخۆ، بۆ نموونه له ریفراندۆمه‌كان، یان ناراسته‌وخۆ، له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانی له په‌رله‌مان، بڕیار ده‌ده‌ن و یاسا و رێسا ده‌رده‌كه‌ن.به‌ڵام ئیسلامییه‌كان پێیانوایه خوا سه‌روه‌ره (sovereign)، واته ئه‌وه خوایه له رێگه‌ی ده‌قه ئایینییه‌كانه‌وه یاسا‌و رێساكانی داڕشتووه و حكوومه‌ت ده‌بێت جێبه‌جێیان بكات و خه‌ڵك په‌یڕه‌ویان بكات.له‌و شوێنه‌ش كه به‌پێی ده‌قه‌كان یاسا دانه‌نراون ئه‌وه دیسان به‌گوێره‌ی دیدی ئیسلامییه‌كان ده‌بێت یاساكان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ده‌قه ئایینییه‌كان یان كرده‌وه و گفته‌كانی پێغه‌مبه‌ر و ئه‌هلی سه‌له‌ف بۆ ئیلهام وه‌رگرتن.
به كورتییه‌كه‌ی له دنیای ئیسلامییه‌كان خه‌ڵك سه‌روه‌ر و بڕیارده‌ر نین به‌ڵكو خه‌ڵك یان نوێنه‌ره‌كانی ده‌بێت ئه‌و یاسایانه جێبه‌جێبكه‌ن كه سه‌روه‌ری گه‌وره، یان تاكه سه‌روه‌ر، خوا، هاتوون جێبه‌جێبكه‌ن، یان ئیلهام له ئامۆژگارییه‌كانی خوا، یان پێغه‌مبه‌رانی وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌قه ئایینییه‌كان هاتون وه‌ربگرن.ئه‌م دید و تێگه‌یشتنه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌و دیموكراسییه پراكتیزكراوانه‌ی له دنیادا هه‌ن ناكۆكه چوونكه له دنیا‌و سیستمی دیموكراسی خه‌ڵك سه‌روه‌ره و له ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه نییه سه‌روه‌ر بێت به‌سه‌ریانه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه نوێنه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌یه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی و حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی خه‌ڵكه‌كه بڕیار و یاساكان ده‌رده‌كات.
دووه‌م، له سیستمی دیموكراسی نه سه‌وابت هه‌یه نه پیرۆزیی (موقه‌ده‌س) كه‌چی ئیسلامی سیاسیی باوه‌ڕی به كۆمه‌ڵێك سه‌وابت و موقه‌ده‌ساتی ئاینیی هه‌یه.ئه‌مه‌ش ناكۆكه به جه‌وهه‌ری دیموكراسی كه بناغه‌ی له‌سه‌ر چه‌مكی دینامیكییه‌ت داناوه و دژ به چه‌قبه‌ستوییه (ستاتیكییه) .دیاره لێره ده‌بێت ئه‌وه بڵێم ئه‌وه ته‌نیا هێزه ئیسلامییه‌كان نین باوه‌ڕیان به سه‌وابت و موقه‌ده‌سات هه‌یه به‌ڵكو هێزی عه‌لمانیش هه‌یه به‌رنامه‌كانیان باس له سه‌وابتی دینی و نیشتیمانی ده‌كات.من پێموایه دۆگماتیزم و چه‌قبه‌ستویی زاده و به‌رهه‌می باوه‌ڕبوونه به سه‌وابته‌كان و موقه‌ده‌سه‌كان.له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆگماتیزم و چه‌قبه‌ستویی له‌گه‌ڵ رۆحی گۆڕانخوازیی/ دینامیكییه‌تی دیموكراسییدا نایه‌ته‌وه بۆیه هه‌ر هێزێك، ئیسلامیی بێت یان عه‌لمانی، ئه‌وه به مكوڕبوونی له‌سه‌ر سه‌وابته‌كان و نه‌گۆڕه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، نه‌گونجانی خۆی له‌گه‌ڵ دیموكراسییه‌ت نیشانده‌دات.به واتایه‌كی دیكه ده‌كرێت بڵێین بۆ نزیكبوونه‌وه له دیموكراسی ده‌بێت خۆ وه‌دووربگرین له سه‌وابت و موقه‌ده‌سات.
سێیه‌م، یه‌كسانیی هاوڵاتیان به‌راتبه‌ر به یاسا و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان یه‌كسانانه به‌هایه‌كی هه‌ره سه‌ره‌كی دیموكراسییه.له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزه ئیسلامییه‌كان داوای ته‌تبیقی شه‌ریعه‌ی ئیسلام ده‌كه‌ن و شه‌ریعه‌ی ئیسلامیش له زۆر شوێن نه‌ك هه‌ر یه‌كسانیی ئینسانه‌كان ناسه‌لمێنێت به‌ڵكو پێداگریی له‌سه‌ر نایه‌كسایی ده‌كات، بۆیه ناكرێت هێزێكی ئیسلامی كه داوای ته‌تبیقی شه‌ریعه بكات به هێزێكی دیموكراسیخواز دابنێین.رونتر بڵێین، شه‌ریعه به یه‌ك چاو ته‌ماشای ژن و پیاو ناكات.بۆ نموونه، ژن و پیاو له پرسی ته‌ڵاق یه‌كسان نین، له شایه‌دی یه‌كسان نین، له میرات یه‌كسان نین.پیاو ده‌توانێت به‌كه‌یفی خۆی بگه‌ڕێت و ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات بكات كه‌چی ژن ده‌بێت له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مێك بچێته بازاڕ.
له‌وانه‌یه هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامیی بڵێن ئاخر تۆ باس له شه‌ریعه ده‌كه‌یت نه‌ك دیدی ئێمه، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم كامه هێزی ئیسلامیی هه‌یه له‌م دنیایه جورئه‌ت بكات بڵێت ئێمه نه داوای ته‌تبیقی شه‌ریعه ده‌كه‌ین و نه باوه‌ڕیشمان به سه‌وابته‌كانی ئیسلام هه‌یه؟.هه‌ر كاتێك ئه‌و رسته‌یه‌م دیت ئه‌وكات به خۆشحاڵییه‌وه له دید و تێگه‌یشتنه‌كه‌ی خۆم له‌سه‌ر ئیسلامییه‌كان په‌شیمان ده‌بمه‌وه.به كورتییه‌كه‌ی كێشه‌كه له‌وه‌دانییه ئیسلامییه‌كان له جه‌وهه‌ردا دژه دیموكراسی بن، چوونكه من پێموانییه هیچ كه‌س و لایه‌نێك له جه‌وهه‌ردا دژه دیموكراسی یان پرۆدیموكراسی بێت، به‌ڵكو كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئیسلامییه‌كان باوه‌ڕیان به كۆمه‌ڵێك سه‌وابت و قه‌واعید هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌ها دیموكراسییه‌كان ناكۆكه.ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر نایه‌كسانیی موسڵمان و ناموسڵمان یان باوه‌ڕدار و بێباوه‌ڕیش بكه‌یه‌ن، به‌ڵام من ئه‌وه بۆ خوێنه‌ری به‌جێدێڵم چوونكه له زۆر شوێنی دیكه باسمكردووه، خوێنه‌ر ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ریان.
ستیڤان: ئیسلامییه‌كان له‌كوردستان بانگه‌شه بۆ دیموكراسیی و فره‌یی ده‌كه‌ن.پێتوایه ئه‌مه تاكتیكێكه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیخوانه‌كانی میسر كردیان یان گۆڕانێكی ریشه‌ییه له دیدی ئیسلامییه‌كانی كوردستاندا؟.
د.شێركۆ كرمانج: هه‌ر هێزێك ئیسلامی بێت یان عه‌لمانی، یان هیچیان نه‌بێت، به‌وه نابێته دیموكراسی بانگه‌شه‌ی دیموكراسی بكات، به‌ڵكو به‌وه ده‌بێت به دیموكراسی رێز له به‌ها دیموكراسییه‌كان بگرێت و پراكتیزی نۆرم و نه‌رێته دیموكراسییه‌كان بكات.من بۆ خۆم هیوا ده‌خوازم ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی ئیسلامییه‌كان ده‌یكه‌ن گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی بێت نه‌ك تاكتیك.له پرسیاری پێشوو به كورتی وه‌ڵامی ئه‌وه‌م دایه‌وه بۆ هێزه ئیسلامییه‌كان ناتوانن یان بۆیان ناكرێت دیموكراسی بن.با به‌شێوه‌یه‌كی دیكه به گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌ڵامه‌كانی پرسیاره‌كه‌ی پێشوو قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین داخۆ ئه‌وه‌ی ئێستا ئیسلامییه‌كان دیكه‌ن بانگه‌شه‌یه یان گۆڕانی ریشه‌یی؟.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم دیموكراسییبوون شتێك نییه به جه‌وهه‌ر له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان نه‌یه‌ته‌وه، واته هێزێكی ئیسلامیی ده‌كرێت و ده‌توانێت دیموكراسی بێت.به‌ڵام چۆن؟ له وه‌ڵامدا، دیسان به‌كورتی چوونكه ئه‌م پرسیاره زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گریت لێره له‌سه‌ری راوه‌ستین، ده‌ڵێم: هێزێكی ئیسلامیی كاتێك باوه‌ڕی به‌وه هه‌بوو له پرۆسه‌ی یاساداناندا ئینسان سه‌روه‌ره نه‌ك هێزێكی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئینسانه‌كان/ هاووڵاتییه‌كان، واته باوه‌ڕهێنان به قه‌وانینه وه‌زعییه‌كان نه‌ك سه‌ماوییه‌كان، ئه‌وه ئه‌وكات ده‌توانین باس له‌وه بكه‌ین ئه‌و هێزه ئیسلامییه نه‌ك دیموكراسییه به‌ڵكو ده‌كرێت دیموكراسیخواز بێت.
بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌بێت بڵێین ئایینه سه‌ماوییه‌كان چوونكه بۆ گروپێكی موعه‌یه‌ن دابه‌زیوون، بۆ نموونه موسڵمانان، بۆیه ناكرێت به‌سه‌ر هه‌موو هاووڵاتیاندا بسه‌پێنرێن.ئێستا ئیسلامییه‌كان راستده‌بنه‌وه و ده‌ڵێن به‌ڵام ده‌قه ئایینییه‌كانی ئیسلام بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی دابه‌زیون نه‌ك ته‌نیا بۆ موسڵمانان.له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم به‌ڕێز: ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی موسڵمانانه یان ئیسلامییانه‌یه بۆ ده‌قه‌كانی ئیسلام، چوونكه كه‌سێكی مه‌سیحی یان بودی یان بێباوه‌ڕ هیچ كاتێك پێوانییه‌ده‌قه ئاینییه‌كانی ئیسلام بۆ ئه‌ویش دابه‌زیون.ئه‌وه باوه‌ڕبوونه به ئیسلام واتلێده‌كات پێتوابێت ده‌قه ئاینییه‌كانی ئیسلام گشتگیر و كامڵبن و بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان دابه‌زیبن نه‌ك هه‌قیقه‌تێك بێت هه‌موو كه‌سێك باوه‌ڕی پێبێت.
هێزێكی ئیسلامیی كاتێك ده‌توانێت دیموكراسی بێت ده‌قه ئاینییه‌كان و شه‌ریعه‌ت نه‌كات به بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕ و پیرۆز.هێزێكی ئیسلامیی كاتێك ده‌بێت به دیموكراسی كاتێك بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌قه ئاینییه‌كان و شه‌ریعه دان به یه‌كسانییبوونی هاووڵاتیانی وڵات بنێت.واته هیچ پاساوێك نه‌هێنێته‌وه، نه فیزیكی، نه جه‌سته‌یی، نه ئاینیی، نه سۆزیی هتد...بۆ نایه‌كسانیی ژن و پیاو.هێزێكی ئیسلامیی كاتێك ده‌بێته هێزێكی دیموكراسی كاتێك به یه‌ك چاو ته‌ماشای موسڵمانێك و ناموسڵمانێك بكات، به یه‌ك چاو ته‌ماشای باوه‌ڕدارێك و بێباوه‌ڕێك بكات.من نامه‌وێت خۆم بكه‌م به وه‌كیلی هێزه ئیسلامییه‌كان به‌ڵام هه‌ر كاتێك هه‌ر هێزێكی ئیسلامیی لانیكه‌م ئه‌م خاڵانه له به‌رنامه و پراكتیزدا جێبه‌جێ بكات ئه‌وه ده‌كرێت بڵێین ئه‌و لایه‌نه ده‌كرێت دیموكراسێكی یه‌كسانخواز بێت.به‌ڵام كاتێك هێزێكی ئیسلامیی شه‌ریعه‌ت وه‌لانێت و ده‌قه ئایینییه‌كان وه‌ك نه‌گۆڕ و پیرۆز ته‌ماشا نه‌كات ئیدی له‌وانه‌یه نه‌كرێت وه‌ك هێزێكی ئیسلامیی ته‌ماشا بكرێت.ئه‌مه‌ش ئیشكالییه‌تێكه ئیسلامییه‌كان تێیكه‌وتوون.
ستیڤان: هه‌ندێك له توێژه‌ران پێیانوایه ده‌وڵه‌تی ئاینی ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكارییه.به‌م پێیه ئیسلامی سیاسیی له كوردستان ده‌یه‌وێ سته‌مكاریی ئاینیی بگێڕێته‌وه؟.
د.شێركۆ كرمانج: سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین ده‌وڵه‌تی ئایینیی به‌درێژایی مێژوو به‌گشتی ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار بووه.هاوكات ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین له نێو ده‌وڵه‌ته ئایینییه‌كان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌وڵه‌ته ئایینییه‌كانی ئیسلام زۆرجار له ده‌وڵه‌ته ئایینییه‌كانی مه‌سیحییه‌ت كه‌متر سته‌مكار بووه، واته ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان زیاتر قه‌بوڵی فره‌یی ئایینییه‌كان كردووه.بۆ نموونه كه‌مینه ئایینییه‌كان له ده‌وڵه‌تی عوسمانی باشتر جێگه‌یان ده‌بۆوه له‌وه‌ی له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له دنیای مه‌سیحییه‌ت ئه‌وكات ده‌سه‌ڵاتدار بوون.ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان رێزیان له جوله‌كه و مه‌سیحییه‌كانی ناوخۆیان ده‌گرت ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌ته مه‌سیحییه‌كان رێزیان له موسڵمانان و جوله‌كه‌كانی ناو ده‌وڵه‌ته‌كانی خۆیان نه‌ده‌گرت.به‌ڵام ئه‌و رێزگرتنه به‌و مانایه نه‌بووه مه‌سیحیی و جوله‌كه‌كان له ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی و یان عه‌باسی یه‌كسانبووبن به موسڵمانان.له ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان هه‌م جوله‌كه‌كان هه‌م مه‌سیحییه‌كان جزیه‌یان خسترابووه سه‌ر، جزیه‌یه‌ك به‌پێی ده‌قی قورئان شه‌رعییه‌تی پێدراوه.دانانی جزیه به‌بنه‌ما له‌سه‌ر دین خۆی نیشانه‌ی نایه‌كسانی هاووڵاتیانه له چاوی ده‌وڵه‌ته‌وه.
من پێموانییه ده‌وڵه‌تی ئایینیی ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار به‌رهه‌م بێنێت چوونكه سته‌مكاریی (tyrannical) له‌لای من جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ نادیموكراسی.به‌واتایه‌كی دیكه ده‌وڵه‌تی ئایینیی به‌گشتی نادیموكراسیین، به‌ڵام مه‌رج نییه سته‌مكار بن.سته‌مكارییبوون چه‌ند ئاستێك به‌رزتره/ خراپتره له نادیموكراسییبوون.سته‌مكاریی واته سیستمێك ناڕه‌وایانه قه‌ساوه‌ت و توندوتیژیی و زه‌بروزه‌نگی بێ جیاوازیی به‌كاربێنێت.ده‌وڵه‌تێكی نادیموكراسی ده‌كرێت سته‌مكار بێت به‌ڵام مه‌رج كه حه‌تمه‌ن سته‌مكار بێت چوونكه ده‌كرێت ده‌وڵه‌تێك نادیموكراس بێت، واته به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای هاوڵاتیانی نه‌كات، به‌ڵام زه‌بروزه‌نگێكی بێبه‌زه‌ییانه به‌كارنه‌هێنێت.
به‌كورتییه‌كه‌ی من پێموانییه ده‌وڵه‌تی ئایینیی حه‌تمه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاریی ده‌بێت، هاوكات، پێشموانییه ئیسلامییه‌كان به‌ئانقه‌سه‌ت ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاریی دروستبكه‌ن له كوردستان، هه‌روه‌ها، مه‌رج نییه به هاتنه سه‌ر حوكمی ئیسلامییه‌كان ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار به‌رقه‌رار بێت، به‌ڵام من پێموایه به‌و دیدو باوه‌ڕ و به‌رنامه‌یه‌ی ئیسلامییه‌كان ئێستا هه‌یانه، نه‌یانتوانیوه تا ئێستا خۆیان له باوه‌ڕبوون به نه‌گۆڕ و پیرۆزییه ئایینییه‌كان رزگار بكه‌ن، ئه‌وه ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی و فره‌یی به‌رهه‌مبێنن یان به‌شداریێكی چالاكی پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت بن.
ستیڤان: د.عادل باخه‌وان پێیوایه ئیسلامی سیاسیی، ئێستا سه‌رقاڵی ئیسلامیزه‌كردنی كایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه و وازی له‌شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات هێناوه.تۆ پێتوایه ئیسلامی سیاسیی وازی له خه‌ونی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هێنابێت؟.
د.شێركۆ كرمانج: ئه‌و بابه‌ته‌ی كاك عادل باخه‌وانم خوێنده‌وه، له فه‌یسبووكیش له‌گه‌ڵ هاوڕێیانم سه‌یرمكرد.پێموانییه كاك عادل گوتبێتی ئیسلامییه‌كان وازیان له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات هێنابێت.ئه‌گه‌ر وای گوتبێت ئه‌وه هاوڕا نیم له‌گه‌ڵی، به‌ڵام پێموانییه وای گوتبێت، چوونكه ئیسلامییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی دوای به‌هاری عه‌ره‌بی/ ئیسلامیی له هه‌موو كاتێك زیاتر خه‌ون به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بینن.ئه‌وه‌ش مافێكی ره‌وای خۆیانه چوونكه هه‌موو هێزێكی سیاسی بۆ ئه‌وه داده‌مه‌زرێت ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست.ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كانی كوردستان له‌م نزیكانه ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست زۆر لاوازه، به‌ڵام ئه‌گه‌رێك نییه له هاوكێشه سیاسییه‌كانی كوردستان وه‌ده‌ربێت.ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ك، هۆی هه‌ره سه‌ركی په‌یوه‌ندیی به به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌ته‌وه هه‌یه بۆیه لێره هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م.
من پێموایه ئه‌وه‌ی پێیده‌گوترێت رابوونی ئیسلامیی (الێحوه الاسلامیه) كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی هه‌یه، له‌وانه دوو ره‌هه‌ندیان زۆر گرنگن.یه‌كه‌م ره‌هه‌ندی سیاسییه، به كورتی خۆی له هه‌وڵی ئیسلامییه‌كان بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ده‌بینێته‌وه.دووه‌م، ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و دیارده‌یه‌یه، دیسان به كورتی خۆی له‌و ده‌ركه‌وته ئایینی و غه‌یبیانه ده‌بینێته‌وه ئێستا له كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كان به‌رچاو ده‌كه‌ون، وه‌ك په‌چه له‌سه‌رنان له‌لایه‌ن كچان و ژنان، بڵاوبوونه‌وه و زاڵبوونی كه‌لتوری غه‌یبانییه‌ت و ناعه‌قڵانییه‌ت له كۆمه‌ڵگادا، باوه‌ڕبوون به ئه‌فسانه و شتی پڕوپووچ له‌لایه‌ن خه‌ڵك، به ساده و خوێنده‌واریه‌وه...هتد.
ئیسلامییه‌كان نه‌ك هه‌ر له كوردستان به‌ڵكو له هه‌موو دنیا كار له‌سه‌ر هه‌ر دوو ره‌هه‌نده‌كه ده‌كه‌ن، واته هه‌م هه‌وڵی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن هه‌م ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه.من پێموایه وه‌ك ئه‌وه‌ی كاك عادل ئاماژه‌ی پێكردووه، له كوردستان ماوه‌یه‌كه هێزه ئیسلامییه سیاسییه‌كان، هه‌ندێكجار هێزه به‌ناو عه‌لمانییه كۆنه‌پارێزه‌كانیش، راسته‌وخۆ كار له‌سه‌ر ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ناكه‌ن به‌ڵكو ئه‌وه‌یان به‌جێهێشتووه بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌لای سه‌له‌فی و داموده‌زگای دیكه‌ی په‌روه‌رده‌یی.ئه‌ركی گه‌مژه‌كردنی خه‌ڵك و بڵاوكردنه‌وه‌ی غه‌یبانییه‌ت و ئه‌فسانه و ناعه‌قڵانییه‌ت سپێردراوه به‌و مه‌لایانه بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان وه‌ك هێزێكی كۆنه‌پارێز یان ره‌جعی ده‌رنه‌كه‌ون.ئه‌و لایه‌نانه‌ی نایانه‌وێت كۆمه‌ڵگه وریا و شاره‌زا بێت، چ ئیسلامییه‌كان چ عه‌لمانییه‌كان، له رێگه‌ی ئه‌و مه‌لایانه‌وه كۆمه‌ڵگه گه‌مژه ده‌كه‌ن.گه‌مژه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ش خزمه‌ت به به‌رنامه‌كانی ئه‌وان ده‌كات چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی وریا و عه‌قڵانی زه‌مینه‌یه‌ك نییه هێزه ئیسلامییه‌كان و كۆنه‌پارێزه‌كان بتوانن تێیدا گه‌شه‌بكه‌ن و گه‌مه سیاسییه‌كانی خۆیان بكه‌ن.خۆ ئه‌گه‌ر بوونیشیان هه‌بێت ئه‌وه زه‌حمه‌ته ببن به‌و هێزه‌ی جڵه‌وی كۆمه‌ڵگه بگرنه ده‌ست و ئیحتیكاری بكه‌ن.
من پێموایه مه‌به‌ستی كاك عادلیش هه‌ر ئه‌وه بوو، به كورتی، ئیسلامییه‌كان و هێزه كۆنه‌پارێزه‌كان، له رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك مه‌لای سه‌له‌فی بیر داخراو و چه‌قبه‌ستوو ده‌یانه‌وێت وا ده‌رنه‌كه‌ون ئه‌وان به‌شێكن له گه‌مژه‌كردن و به‌گه‌مژه هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه.به‌ڵام بۆ پرسی ئه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كانی كوردستان ئێستا ته‌نیا كار له‌سه‌ر ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن له رێگه‌ی مه‌لا سه‌له‌فییه‌كانه‌وه ئه‌وه من هاوڕانیم به‌ڵكو من پێموایه ئه‌وان هاوكات له‌سه‌ر هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه كارده‌كه‌ن، وه‌ك هێزێكی سیاسیی بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و وه‌ك مه‌لا سه‌له‌فییه‌كان بۆ ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه.
ستیڤان: تا چه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆلێنه‌دایت ره‌وته ئیسلامییه‌كان دابه‌شده‌كات به‌سه‌ر توندڕه‌و و میانڕه‌ودا؟.
د.شێركۆ كرمانج: ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه هه‌م دروسته هه‌م نادروست، یان چاكتر بڵێین ئه‌گه‌رچی راستی له‌م پۆلینبه‌ندییه‌دا هه‌یه كه‌چی ناكرێت بگشتاندرێت (ته‌عمیم بكرێت) .پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆ؟ من پێموایه ناكرێت هێزێكی ئیسلامیی وه‌ك جوندولئیسلام و ئه‌نسارولئیسلام وه‌ك یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ته‌ماشا بكه‌ین.هۆكارێكی ئه‌مه ئه‌وه‌یه دوو هێزه‌كه‌ی یه‌كه‌م سیستمی سیاسیی كوردستانیان ته‌كفیر كردووه و له هه‌وڵی سه‌راوژێركردنی سیستمه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدان، به‌ڵام دوو هێزه‌كه‌ی دووه‌م سیستمی سیاسیی كوردستانیان قه‌بوڵه و له‌ناو ئه‌و سیستمه‌دا ده‌یانه‌وێت بگه‌ن به ده‌سه‌ڵات نه‌ك به تێكڕوخاندنی سیستمه‌كه و ته‌فروتوناكردنی.
به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌ندامیان هه‌یه و ئه‌و فه‌زا سیاسییه‌ی له كوردستان له‌به‌رده‌میان فه‌راهه‌مكراوه، سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌ی ئه‌وان و ره‌خنه‌ی منیش له فه‌زاكه، كه‌چی ئه‌وان چالاكی سیاسیی له‌ناو فه‌زاكه ده‌نوێنن و ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی حوكم، لانیكه‌م تا ئێستا، بگه‌نه ده‌سه‌ڵات.له‌به‌ر ئه‌م هۆیه و چه‌ندین هۆی دیكه، كه كاتی پڕژانه سه‌ریمان نییه، ناكرێت كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بخه‌ینه خانه‌ی ئه‌نسارولئیسلام و جوندلئیسلام.بۆیه پۆلینكردنی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، به‌تایبه‌تی یه‌كگرتوو، وه‌ك دوو هێزی میانڕه‌و و دانانی جوندولئیسلام و ئه‌نسارولئیسلام وه‌ك دوو هێزی توندڕه‌و گونجاوتره له‌وه‌ی هه‌موویان بخرێنه خانه‌یه‌كه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م قسانه، ئه‌گه‌ر بێتوو له ئامانجی هه‌ر چوار هێز بڕوانین ده‌بینین كۆمه‌ڵێك هاوبه‌شیان هه‌یه، له‌وانه هه‌ر چواریان داوای ته‌تبیقی شه‌ریعه ده‌كه‌ن، هه‌ر چواریان باوه‌ڕیان به دامه‌زراندنی فۆرمێك له فۆرمه‌كانی ده‌وڵه‌تی دینی هه‌یه.دیاره ئه‌و فۆرمه‌ی یه‌كگرتوو دوای ده‌كات زۆر مۆدێرنتره له‌وه‌ی هێزه توندڕه‌وه‌كان داوای ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان داوای فۆرمێكی دینی له حوكمكردن ده‌كه‌ن.هه‌موو هێزه ئیسلامییه‌كان به توندڕه‌و و میانڕه‌وه‌وه هێزی كۆنه‌پارێزن.لێره كۆنه‌پارێز به مانای ره‌جعی نییه به‌ڵكو كۆنزێرڤه‌تیڤ.
هێزه توندڕه‌وه‌كان داوای گێڕانه‌وه و زیندوكردنه‌وه‌ی فۆرمی خه‌لافه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌گشتی ئیسلامییه میانڕه‌وه‌كان له هه‌وڵی دامه‌زراندنی فۆرمێكی دینی دیكه‌ی ده‌وڵه‌تن كه زیاتر له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی زه‌مانه بگونجێت.دامه‌زرێنه‌ری ئیخوانه‌كان له میسر، حه‌سه‌ن به‌ننا، داوای دروستكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ده‌كرد، به‌ڵام ئیخوانه‌كانی ئێستا له میسر ته‌جاوزی ئه‌و داوایانه‌یان كردووه.ئه‌و فۆرمه‌ی حوكمڕانی ئه‌مڕۆ ئیخوانه‌كان داوای ده‌كه‌ن جیایه له‌وه‌ی حه‌سه‌ن به‌ننا.ئه‌مه له‌سه‌ر یه‌كگرتووش جێبه‌جێده‌بێت.بۆیه ناكرێت بڵێین خاڵی هاوبه‌ش/ ناوكۆیی له‌نێوان هێزه ئیسلامییه‌كان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته به‌ڵكو ئه‌و خاڵه‌ی له‌نێوانیان هاوبه‌شه سه‌پاندن و ته‌تبیقكردنی شه‌ریعه‌ی ئیسلامه.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره "26"ی گۆڤاری "شه‌پۆل" له رۆژی 20-7-2013 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
