-
*له ململانێ له‌سه‌ر ده‌ستوور پارتی سه‌رده‌كه‌وێت -
* لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن شكست ده‌هێنن
-
*بارزانی پشتگیریی له هه‌ر كه‌سێك بكات بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رده‌چێت
فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، سیاسه‌تمه‌دار و ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی پارتی، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل"دا باس له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور بۆ په‌رله‌مان و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كات و پێیوایه به‌شی زۆری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته راگه‌یاندنه‌ی ده‌كرێته سه‌ر پارتی په‌یوه‌ندیی به ئه‌جیندای ده‌ره‌كییه‌وه هه‌یه.
ستیڤان: بۆچی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ته‌نانه‌ت به‌شێك له یه‌كێتی ده‌یانه‌وێ پڕۆژه‌ی ده‌ستوور بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان؟. تا چه‌نده راسته ئامانجی ئه‌م داواكارییه ته‌نیا دژی سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێمه؟.
فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی: لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌یانه‌وێت ده‌ستوور به‌شێوه‌یه‌ك دابڕێژننه‌وه كه سه‌رۆكی ئاینده‌ی هه‌رێم، هه‌ر كێ بێت، ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێت یان كه‌مترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك ویستیان به ئاسانی لایبده‌ن. به هه‌قیقه‌تیش ئامانجه‌كه‌یان ته‌نیا بارزانییه. من ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم بارزانی خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم یان خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه، هه‌ر سه‌رۆكه، چوونكه له ناو خه‌ڵكه‌وه ئه‌و نازناوه‌ی وه‌رگرتووه. ئێمه پێش نزیكه‌ی سی ساڵ كه ئه‌وسا كاك مه‌سعود ته‌نیا سه‌رۆكی پارتی بوو، كه ده‌چووینه وڵاتانی بیانی، بارزانی له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌ك سه‌رۆكێك پێشوازیی لێده‌كرا، ئه‌وساش هه‌روه‌ك سه‌رۆكێك حسابی بۆ ده‌كرا.
پارتی كه پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، ده‌بێت ده‌ستوور بخرێته راپرسیییه‌وه بۆ ئه‌وه نییه كه ده‌بێت ئیلا بارزانی خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، نه‌خێر ئه‌مه وانییه، به‌ڵام به داخه‌وه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌یانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌ك ملی ده‌ستوور با بده‌ن كه سه‌رۆك به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرس بێت، به‌ڵام پارتی ده‌ڵێت نه‌خێر، چوونكه له زۆر وڵاتی دیموكراسی به‌و شێوه‌یه‌یه كه سه‌رۆك له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێ به ئاسانی بیگۆڕێت. له‌م ململانێیه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستوور هه‌یه پارتی سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش له یه‌ك لایه‌نه‌وه كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئۆپۆزیسیۆن داینانێت، چوونكه ئۆپۆزیسیۆن ده‌یه‌وێت بڵی من سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داده‌ڕێژمه‌وه.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم سه‌رۆك بارزانی خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه یان نا، خه‌ڵك هه‌روه‌ك سه‌رۆك ته‌ماشای ده‌كه‌ن، ئه‌مه نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو دونیاش وایه. بۆیه پێموایه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن شكست ده‌هێنن. چوونكه ده‌ستووره‌كه له په‌رله‌مان قبوڵكراوه و چووه بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم تا بخرێته ریفراندۆمه‌وه، ئێستا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌و مافه‌ی هه‌یه پڕۆژه‌كه بخاته ریفراندۆمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ببنه رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و راپرسییه، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ ببنه رێگر له‌به‌رده‌م ریفراندۆم بۆ شتی گه‌وره‌تر كه بریتییه له راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت.
ستیڤان: بۆچی ته‌ركیزی ره‌خنه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر له‌سه‌ر پارتییه، له كاتێكدا پارتی به ته‌نیا ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵكو یه‌كێتی و هه‌ندێ لایه‌نی تریش له ده‌سه‌ڵاتدان؟.
فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی: چه‌ند ساڵه ته‌ركیزیان له‌سه‌ر پارتییه، له كاتێكدا پارتی به ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتدا نییه و یه‌كێتی و حزبه‌كانی تریش له‌گه‌ڵیدا به‌شدارن. مه‌به‌ستی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له ده‌سه‌ڵات ته‌نیا پارتییه. له فكری ئۆپۆزیسیۆندا ده‌سه‌ڵات واته پارتی و بارزانی. ئه‌وان كه ده‌ڵێن با ده‌سه‌ڵات بڕوا و نه‌مێنێت، واته ده‌سه‌ڵاتی پارتی و بارزانی نه‌مێنێت، چوونكه ده‌ڵێن پارتی و بارزانی هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌وه‌ش راسته چوونكه پارتی له رووی مه‌عنه‌وییه‌وه هه‌میشه ده‌سه‌ڵات بووه.
هه‌میشه هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه پارتی له ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێت، چوونكه ده‌زانن ئه‌وه‌ی به كردار بتوانێت شتێك بكات پارتییه. ده‌یانه‌وێ ئه‌و توانایه له پارتی وه‌ربگرنه‌وه. ئه‌گینا خۆیان باش ده‌زانن پارتی به ته‌نیا نییه له ده‌سه‌ڵاتدا. به‌ڵام وه‌ك وتم بۆیه ته‌ركیز له‌سه‌ر پارتی ده‌كه‌ن، چوونكه له هه‌موو هێزه‌كانی تر كاریگه‌ریی زیاتره، له ئاینده‌شدا یه‌كێك ببێته كۆسپ له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی مه‌عنه‌ویی پارتییه. ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆن ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی مێژوویی پارتی له‌ناو ببات، كه بێگوومان ئه‌مه‌یان بۆ ناكرێ. بۆیه ئه‌وان دژی مێژووی پارتین هه‌ر له ساڵی 1946ه‌وه تاوه‌كو ئێستا.
ئێستا ئه‌م مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌یان كردووه به بیانوو، من ده‌ڵێم سه‌رۆك بارزانی ئه‌گه‌ر خۆیشی هه‌ڵنه‌بژێرێ و یه‌كێك كاندید بكات سه‌ر به پارتی یان له ده‌وروبه‌ری پارتی و پشتی بگرێت، دیسان ئه‌و پۆسته به‌ده‌ست پارتییه‌وه ده‌مێنێته‌وه، بۆیه بارزانی پشتگیریی له هه‌ر كه‌سێك بكات بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رده‌چێت.
ستیڤان: پارتی ده‌ڵێت ئه‌و هێرشه‌ی له‌سه‌رمانه، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به ئه‌جیندای ده‌ره‌كییه‌وه هه‌یه. ئه‌مه چۆن ده‌بینیت؟.
فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی: به درێژایی مێژوو هه‌میشه ده‌ره‌وه له دژایه‌تی پارتی و بارزانی نه‌وه‌ستاون. بۆ نموونه ئێستا كتێب ده‌رده‌چێت له ئێران له دژی پارتی و بارزانی. ئه‌مه‌ش پیلانێكه كه هه‌ندێك ساواكی كۆن ده‌هێنن و ده‌ڵێن تۆ یادداشتی خۆت بنووسه‌ره‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه مێژووی پارتی و بارزانی له‌كه‌دار بكه‌یت. كاتی حزبی به‌عس، د. فازڵ به‌ڕاك، سه‌رۆكی موخابه‌راتی به‌عس، خۆی كتێبێكی نووسی دژی بارزانی.
ئێستا ئێران هانی موخابه‌راته كۆنه‌كانی خۆی ده‌دات كه دژی بارزانی بنووسن! بۆچی؟. چوونكه بارزانی مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به پارتییه‌وه هه‌بێت، بارزانی به نیسبه‌ت ده‌وڵه‌تانه‌وه ره‌مزی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورده. ئه‌وانه له‌وه ده‌ترسن سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردیی له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی ته‌واو بێت و راگه‌یه‌نرێت. له‌به‌رئه‌وه تا پێیان بكرێت، هه‌وڵی خۆیان دژی پارتی و بارزانی ده‌ده‌ن. بۆیه منیش ده‌ڵێم ئه‌م ته‌ركیزكردنه له‌سه‌ر پارتی له سه‌ددا سه‌د ده‌ست و ئه‌جیندای بێگانه و ده‌وڵه‌تانی دراوسێیه كه پاره سه‌رف ده‌كه‌ن و خه‌ڵك هان ده‌ده‌ن دژی پارتی. زانیارییمان زۆره له‌سه‌ر ئه‌وه، به‌ڵام تائێستا پارتی، بڵاوی نه‌كردۆته‌وه، كه كێ له كوێ و بۆچی پاره وه‌رده‌گرێ؟.
پێشتر عێراق ئه‌م كاره‌ی كرد، ئێستا ئێرانییه‌كان ده‌یكه‌ن، ره‌نگه سبه‌ی یه‌كێكی تریش بیكات، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان یه‌ك ئامانجیان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه كورد سیمبوڵێكی هه‌یه و ئه‌و سیمبوڵه له رووی مه‌عنه‌وییه‌وه زۆر گرنگه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌و سیمبوڵه بشكێنن كه بارزانییه. ئه‌وان ده‌زانن چی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به هۆشیارییه‌وه كار ده‌كه‌ن.
هه‌موو میلله‌تانی دونیاش پێویستیان به سیمبولێكه، بۆ ئێمه سیمبولێكی وه‌كوو بارزانی زۆر پێویسته. چوونكه هه‌ر میلله‌تێك پێویستی به كه‌سێك هه‌یه ببێته سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و. كه ئه‌و سیمبوله نه‌ته‌وه‌ییه‌ش ده‌بێت له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌وه ده‌ستی پێوه بگیرێت و ئاسان نییه له ده‌ستی بدات، چوونكه ئه‌م جۆره سیمبولانه به رۆژ و دوو رۆژ دروست نابن، به‌ڵكو به‌رهه‌می پرۆسه‌یه‌كی مێژووین. مێژووی كوردیش، هات و رۆیشت، ته‌نیا بارزانی بۆ دروست بووه، بۆیه ئه‌وانه‌شی دژی بارزانین بیانه‌وێت و نه‌یانه‌وێت، بارزانی ره‌مزی میلله‌تی كورده.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
