خالید مه‌جید فه‌ره‌ج، نووسه‌ر و شاعیر، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا باس له شیعر و تێكستی گۆرانی كوردیی ده‌كات و كێشه‌كانی شیعری نوێی كوردیی ده‌خاته‌ڕوو.
شه‌پۆل: تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تێكست یان شیعری گۆرانی چییه؟.
خالید مه‌جید: قه‌ت شیعرێكم نه‌نوسیوه بڵێم ئه‌مه به‌تایبه‌تی بۆ گۆرانییه (ته‌نیا چه‌ند گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری نه‌بێ كه حه‌زمان كرد له‌فه‌وتان رزگاری بكه‌ین، به‌ڵام به شیعرێك واتایه‌كی جوانی هه‌بێ) واتا لای من شتێك نییه بوترێ ئه‌مه ته‌نیا بۆ گۆرانی نوسراوه.شیعر یان ئه‌وه‌تا شیعره یان شتێكی دیكه‌یه هه‌موو شیعرێكی پڕ ریتم و مۆسیقا كه بابه‌تێكی جوانی تیابێت ده‌كرێت ببێته گۆرانی واتا ئاوازی بۆ دابنرێت.ئه‌گه‌ر نالی یان مه‌حوی یان گۆران بمانایه و ئه‌م پرسیاره‌یان ئاڕاسته بكرایه سه‌یریان لێ ده‌هات، بۆ؟ چوونكه ئه‌وان كاتێك شیعریان نووسیوه قه‌ت چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بوون بكرێنه گۆرانی، واتا له خه‌یاڵی گۆرانیدا نه‌بوون.ده‌بینین دواتریش شیعره‌كانیان كراونه‌ته گۆرانی.ئه‌و پۆڵێنكردنه به رای من سه‌ركه‌وتوو نییه بوترێ ئه‌م شاعیره شیعری گۆرانی ده‌نووسێ ئه‌ویتریان جۆرێكی تر له شیعر.
به‌ڵی شیعرێك ریتمی تیابێ شانسی كردنی به گۆرانی زیاتره، به‌ڵام په‌خشانه شیعر یان شیعری ئازاد كه مۆسیقا تیایدا لاوازه، بێ ریتمه دواتر بابه‌ته‌كه‌ی درێژ ده‌خاێنێ بۆ گۆرانی ده‌ست نادا، چوونكه گۆرانی باس له ته‌جره‌به‌یه‌كی زاتی ده‌كا واتا چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی كه ده‌بێ له‌ماوه‌ی گۆرانییه‌كه‌دا ته‌واو بێ و مه‌فهوم بێ واتا زمانێكی ساده به‌ڵام جوان، بۆ نموونه شیعره‌كانی نزار قه‌بانی زۆر به‌ی زۆریان كراون به گۆرانی چوونكه له هه‌موو روویه‌كه‌وه ته‌واون، چیرۆكی جوان، داڕشتنی به‌هێز، مۆسیقا و ریتمێك كه وا له گۆرانیبێژ یان ئاوازدانه‌ره‌كان كردووه شه‌ڕیان بێت له‌سه‌ری.
شه‌پۆل: زۆربه‌ی گۆرانیبێژان له دیوانی شاعیرانی كلاسیك تێكستی گۆرانییه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن.به بڕوای ئێوه شیعری كلاسیك چه‌نده گونجاوه بۆ گۆرانی؟.
خالید مه‌جید: گۆرانیبێژان كاتێك په‌نایان بردۆته به‌ر شیعری كلاسیكی به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌كو لای سه‌ره‌وه باسم كرد ئه‌وانه شیعرێكن كه هه‌موو مه‌رجه‌كانی كردن به‌گۆرانیان تێدایه له جوانی، پڕی له واتا و زه‌خره‌فه‌ی بیر و وشه‌ی ناسك و سه‌نعه‌تی به‌رز كه‌وا له گوێگر ده‌كا كه له‌كاتێكدا گوێ بۆ مۆسیقا و ئه‌دای گۆرانیبێژ راده‌دێرێ به‌دڵیش له وشه به‌وشه و چیرۆكی ئه‌وعه‌شقه‌ی كه له‌و گۆرانییه‌دایه رامێنێت.
دووه‌م ئه‌وكات ته‌نیا ئه‌و شیعرانه هه‌بوون بۆ گۆرانی ده‌ست بده‌ن، ئێستا شاعیری تر هه‌ن هه‌ر به‌و هه‌سته جوانه‌وه ده‌نووسن، به‌ڵام كه‌ره‌سته‌كانیان هه‌روه‌ها بابه‌تی شیعره‌كانیان له‌گه‌ڵ ته‌كنیكی بیركردنه‌وه و داڕشتنی فكره‌كه و وێنه‌كان بیگومان جیاوازیی هه‌یه.شیعرێكی حه‌لاج هه‌یه كه هه‌زار ساڵ زیاتره مردووه ئه‌مڕۆ كازم ساهر ده‌یكاته مه‌وال بۆ؟ چوونكه ده‌قی جوان هه‌موو كاتێك زیندووه.پێموایه پرسیاری كلاسیك و مۆدێرن ته‌نیا لای ئێمه‌ی كورد تاوه‌كو ئێستا گه‌رمه هه‌ر ده‌قێكی شیعری كات ببڕێت و دوای ئه‌وه‌نده ساڵ بێته‌وه سه‌ر مێزی خوێندنه‌وه و چێژ لێوه‌رگرتن مۆدێرنه هه‌زاره‌ها شیعر ئه‌مڕۆ ده‌نوسرێن چه‌ندیان ئاوا به‌نه‌مری ده‌مێننه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌رێكی عه‌ره‌بانه‌ی شێلم و پاقله فرۆشان بده‌یت بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و هه‌موو به‌ناو شیعره‌ی ئه‌مڕۆ ده‌نوسرێ بۆچی ده‌نوسرێت؟.
شه‌پۆل: تاچه‌ند گۆرانیبێژانی كورد توانیوویانه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی باش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێكستی گۆرانی بكه‌ن؟.
خالید مه‌جید: پێش گۆرانیبێژ ئاوازدانه‌ر هه‌یه ده‌بێ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه بۆ كاری ئاوازدانه‌ر بكرێت، ئایا تاوه‌كو چه‌ند توانیوویه‌تی ئاوازێك له رۆحی ئه‌وشیعره‌وه نزیك دابنێ، ئه‌ركی گۆرانیبێژ ته‌نیا ئه‌دای گۆرانییه‌كه‌یه، له‌حاڵه‌تیكدا ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژ هه‌ر خۆیشی ئاوازدانه‌ر بێت ئه‌وكاته ده‌بێ گۆرانیبێژه‌كه به‌رپرس بێت.ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه رۆشنبیریی گشتیی و پله‌ی خوێندن كاریگه‌ریی زۆر هه‌یه له تێگه‌یشتنی ده‌ق وه‌كو شیعر و هه‌ڵسانگاندنی و دواتر هه‌ڵبژاردنی بۆ ئاواز دانان.
ئاوازدانه‌ر هه‌یه ئاواز بۆ وشه‌كان داده‌نێ، به‌ڕای من ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ده‌ق شیعره‌كه ده‌كوژێ.ده‌بێ ئاواز بۆ هه‌ست و رۆحی شیعره‌كه دابنرێ ئه‌و ئاوازه نه‌ك هه‌ر گۆرانییه‌كه به‌ڵكو شیعره‌كه‌ش نه‌مر ده‌كا.ئێمه‌ی كورد له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاوازدانه‌ری پرۆفیشوناڵمان نییه (موحته‌ریف) كه ئیشی ته‌نیا ئاوازدانان بێت و ئه‌وه‌نده‌ش رۆشنبیر بێت له‌وه بگات ئه‌ركی شیعر خزمه‌تكردنی ئاوازه‌كه نییه، به‌واتایه‌كی تر پڕكردنه‌وه‌ی میلۆدییه‌كه نییه به‌ڵكو ئه‌ركی ئاوازدانه‌ره جوانییه‌كانی ئه‌و ده‌قه شیعریه له‌و گۆرانییه‌دا به‌رجه‌سته بكا‌و و هه‌ر یه‌كه‌یان له‌خزمه‌تی ئه‌ویتریاندا بێت.
شه‌پۆل: چه‌نده رازیت له به‌رهه‌می ئه‌و شاعیرانه‌ی له بواری تێكستی گۆرانیدا ده‌نووسن؟.
ئه‌مڕۆ پاشاگه‌ردانییه‌كی به‌رچاو هه‌یه له‌بواره‌كه‌دا هه‌موو كه‌س ده‌نووسێت، هه‌موو كه‌س هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كا زۆر به‌ده‌گمه‌ن گۆرانییه‌كم گوێ لێده‌بێ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی شیعرێك بێت دووباره و سێباره نه‌بووبێته‌وه.هه‌موو وشه‌كان، وێنه‌كان فكره‌كان له یه‌كتره‌وه كۆپی ده‌كه‌ن.زۆربه‌ی زۆریان به‌راده‌یه‌ك لاوازن سه‌رت ده‌سوڕمێ ئایا خوێنه‌واریی و رۆشنبیریی لای ئێمه‌ی كورد ئه‌وه‌نده له ژێره‌وه‌یه ئاوا زائیقه و سه‌لیقه‌ی خه‌ڵك به‌و شێوه‌یه وێران بووه و نه‌ك هه‌ر هه‌ستی پێناكه‌ن به‌ڵكو به‌په‌رۆشه‌وه بۆ یه‌كتری نه‌قڵ ده‌كه‌ن.
شیعر نووسین وه‌كو نووسینی وتار نییه هه‌ر كه‌سێك قه‌ده‌رێك له خوێنه‌واریی هه‌بوو یان توانی حه‌رف لێك جیابكاته‌وه بینوسێت، هه‌رچه‌نده وتار نووسینیش سه‌نعه‌ته و كاری هه‌موو كه‌سێك نییه، به‌ڵام شیعر پێش هه‌موو شتێك به‌هره‌یه، دواتر شته‌كانی تر یارمه‌تیده‌ری ده‌بن وه‌كو خوێندن و رۆشنبیریی.زۆر جار گوێم له گۆرانیبێژ ده‌بێ له‌كاتی چاوپێكه‌وتندا ده‌ڵێ وه‌ڵڵا ئه‌لبوومه‌كه‌م چوار گۆرانی شیعری براده‌ره‌كه‌مه باقیه‌كه‌شی له شیعری خۆمه.ئه‌مه چی ده‌گه‌ێنێ؟ ئه‌وه ناگه‌ێنێ ئه‌وه‌نده شیعریان بێ پێز كردووه هه‌موو كه‌س ده‌توانێ بینوسێت.
شه‌پۆل: هه‌ندێك له شاعیران به‌ناوی ساده‌یی تێكسته‌وه، ئاستی تێكستی گۆرانیان بۆ قسه‌ی ئاسایی هێناوه‌ته خواره‌وه.ئێوه خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌مه چییه؟.
خالید مه‌جید: ئه‌وه ده‌گێڕمه‌وه بۆ ساده‌یی ئاستی وه‌رگر كه گوێگره تاوه‌كو راده‌ی هه‌ست و سه‌لیقه و رۆشنبیریی گوێگر به‌رز بێت گۆرانیبێژی ئاست خوار و شاعیری نه‌خوێنه‌وار و ناشاعیریش كه‌م تر ده‌رده‌كه‌ون و له قۆناغێكیشدا ئینقراز ده‌كه‌ن، چوونكه ئه‌و گوێگره دروست ده‌بێ كه ره‌خنه‌گره شتی كاڵ و كرچ قبوڵ ناكا.به‌ڵام چی ده‌كه‌ی له واقیعێك ره‌خنه تیادا ده‌گمه‌نه هه‌شبێ چوونكه ئه‌قڵی جه‌معی ئێمه و ئاڕاسته فیكرییه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كه هه‌موو شت پیرۆز ده‌كا بۆیه هه‌تا له‌ناو نوخبه‌كه‌شدا ره‌خنه كارێكه دژ به‌و موقه‌ده‌سانه ئه‌گه‌ر مۆسیقا بێ یان ئه‌ده‌ب یان سیاسه‌ت.
شه‌پۆل: وه‌ك شاعیرێك كه تێكستی گۆرانیت نوسیوه، تا چه‌نده سووده‌مه‌ند بوویت له ئیمتیازی تێكست؟.بۆ نموونه گۆرانیبێژ ئیمتیازی موزیكژه‌ن و كامێرامان ده‌دات.ئایا تاچه‌نده ئیمتیازی خاوه‌ن تێكسته‌كان ده‌ده‌ن؟.
خالید مه‌جید: زۆربه‌ی گۆرانیبێژانمان له‌به‌ر ده‌رگای موزیكژه‌ن خاوه‌ن ستودیۆ یان كامێرا به‌شان ئاماده‌ن له‌سه‌ر یه‌ك پێ بیست و چوار سه‌عات بوه‌ستن.به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده شیعره‌كه‌ی له شاعیره‌كه وه‌رگرت ئیتر پرسیشی پێناكا داخۆ له‌م رسته‌یه‌دا مه‌به‌ستی چی بووه یان ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی چاپیشی تیا بێت به‌و هه‌ڵه‌یه‌وه ده‌یڵێت به‌داخه‌وه نازانێت هه‌ڵه‌یه.لای ئێمه وشه له‌هه‌موو شته‌كانی تر هه‌رزانتره چوونكه ئاستی مه‌عریفه‌تمان كزه له‌به‌ر ئه‌وه گرنگترین كۆڵه‌كه گۆرانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌وه‌ستێ كه شیعره به‌بێ به‌هاترین جومگه سه‌یر ده‌كرێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
