*هۆشیاریی سێكسیی له زۆر شوێنی دونیا له ژێر پرسیاردایه
*له كوردستان موشته‌ری زۆری له‌شفرۆشی هه‌یه
*له‌شفرۆشی له كوردستان دیارده‌یه‌كی تازه نییه
هۆزان مه‌حموود چالاكوانی ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی "شه‌پۆل" باس له كوشتنی ژنان و هۆشیاریی سێكسیی و دیارده‌ی له‌شفرۆشیی له كوردستان ده‌كات.
شه‌پۆل: كوشتنی ژنانی كورد له ئه‌وروپا بۆته دیارده‌یه‌كی دزێو.به بڕوای تۆ كوشتنی ژنانی كورد له ئه‌وروپا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
هۆزان مه‌حموود: ژن كوشتن له ئه‌وروپا له ناو كۆمیونیتی كوردیدا بۆته كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره.ئه‌م دیارده‌یه له زۆرێك له كۆمیونیتییه‌كانی تریشدا هه‌یه كه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیاوه هاتوون.به بڕوای من كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن نه‌ك ته‌نیا یه‌ك هۆكار.له سه‌ره‌تاوه ئێمه ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت ژن كوشتن له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی دونیادا هه‌یه جا به به‌هانه و شێواز و له ژێر هۆكاری جیاوازدا.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كوشتاری ژنان له كوردستان له دوای راپه‌ڕینه‌وه ئه‌ویش زیندووكردنه‌وه‌ی كولتوور و داب و نه‌ریت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌كیه و خانه‌قا و مزگه‌وت و سه‌رۆك خێڵه‌كانه كه ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌هایان پێدراوه به مێنتالیتی ده‌یان ساڵ له‌وه‌و به‌ره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژن بكه‌ن.هۆكارێكی تر پیاومه‌زنییه‌كی توندوتیژ و موقه‌ده‌سكراو له‌ناو كۆمه‌ڵگادا كه جیاكارییه‌كی ته‌واوی جێنده‌ریی و پایه‌به‌رزیی و سه‌روه‌ربوونی پیاو به‌رهه‌م دێنێته‌وه له‌هه‌موو بواره‌كاندا.
میلیتاریزه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو تا ئێستا ئاسه‌واری هه‌ڵسوكه‌وتی مه‌ده‌نیانه و ئه‌مڕۆیی له پیاو ساندۆته‌وه.پیاوسالاریی كوردیی پیاوسالارییه‌كه پشت به‌ستوو به چه‌ك و توندوتیژیی و ئه‌توریتی موتڵه‌ق، كه ئه‌مه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی توندوتیژیی بێ وێنه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بكه‌وێته‌وه به‌رامبه‌ر به ژن و به تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به گشتیی.بۆیه پیاوی كورد له‌م باكگراونده‌وه هاتوون و به‌م سه‌روه‌رییه نێرینه‌یه‌وه په‌روه‌رده بوون و كه دێنه ئه‌وروپاش به‌هه‌مان ریتمی ئه‌وێ لێ ده‌خوڕن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت كه كۆمه‌ڵگا خۆرهه‌ڵاتییه‌كان به گشتیی خه‌ڵكی ئه‌وروپا و به تایبه‌ت ژنانی ئه‌وروپا وا وێنا كراون لایان كه "به‌ره‌ڵان و پیاو پێگه‌یه‌كی وای نییه لایان و له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سدا سێكس ده‌كه‌ن".ئه‌مه به‌كورتی وێنایه‌كه كه زۆرێك له تاكی كورد هه‌یه‌تی له‌سه‌ر غه‌رب.دیاره زۆرێك له پیاوی كورد كه دێنه ئێره پێ یان وایه ده‌بێت ژن و كچیان بپارێزن له‌م "بێ به‌ند و باری"یه و خۆ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه پیاوان پێیان خۆشه وا ره‌فتار نه‌كه‌ن ئه‌وا كوشتن و توندوتیژیی به‌كار دێنن.بۆیه‌ش به‌كارهێنانی كوشتن و توندوتیژییه‌كی زۆر به‌رچاو تا ئێستاش له‌ناو خانه‌واده‌ی كوردیی به‌دی ده‌كرێ بۆ هێشتنه‌وه‌ی كچان و ژنان له‌و رۆڵه ترادیشناڵه‌دا و پاراستنی سه‌روه‌ریی و ئه‌و پیاوه‌تییه خه‌یاڵییه‌ی كه پێی په‌روه‌رده بوون.
شه‌پۆل: گرنگیی دروستكردنی هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد، چۆن ده‌بینیت؟.پێتوانییه راگه‌یاندنی كوردیی هێشتا شه‌رم له ورووژاندنی بواری سێكس ده‌كاته‌وه؟
هۆزان مه‌حموود: كاتێك باس له هۆشیاریی سێكسیی ده‌كرێ له كۆنتێكستی كوردستاندا وه‌ك ئه‌وه وایه ده‌بێت كه‌سێك یان لایه‌نێك بێت و وه‌كو فریادڕه‌س هۆشیاریی سێكسیی دروست بكات لای تاكی كورد.له كاتێكدا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، هۆشیاریی سێكسیی تا ئێستاش له زۆر شوێنی دونیا له ژێر پرسیاردایه.كاتێك باس له سێكس وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ینی دوو مرۆڤ ده‌بێت له كۆنتێكستی چینی ده‌سه‌ڵاتداردا و له دونیابینی ئه‌وان بڕوانین بزانین له كۆمه‌ڵگادا چ جۆره نموونه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندیی مرۆڤ رێگه پێده‌ده‌ن به پێی یاساكانیان.
كۆمه‌ڵگای كوردیی سه‌رتاپا كۆمه‌ڵگایه‌كی هێترۆسێكسواله و به فه‌رمی ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌ك كه رێگه پێدراوه په‌یوه‌ندیی "ژن و مێردایه‌تییه" واته ژن شوو ده‌كات به پیاو به ماره‌یی و به كۆنتراكتێك.بۆیه‌ش پیاو میحوه‌ره و شته‌كانی تر له ده‌وری ئه‌و پیاوبوونه و ده‌سه‌ڵاتی ژنهێنانی پیاودا رێك ده‌خرێن.به پێی شه‌رعیش بێت ژن موڵكی پیاوه و هه‌ركات پیاوه‌كه‌ی ویستی جوتبوونی هه‌بوو ده‌بێت ئه‌م ژنه ئاماده‌یی نیشان بدات.كه‌واته شتێك له‌م ناوه‌دا مانای نییه به‌ناوی په‌یوه‌ندییه‌كی یه‌كسانی دوو لایه‌نه و هۆشیاریی دروستكردن له‌سه‌ر ئه‌م شێوازی په‌یوه‌ندیی گرتنه.
ئه‌وه‌ی هه‌یه و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێ ئه‌م شێوازه له هاوسه‌رگیریی و په‌یوه‌ندییه كه ژن نایه‌كسانه و ده‌بێت حه‌ز و ئاره‌زووی پیاو تێر بكات.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاكی كورد به هیچ جۆرێك ئازاد نین له ده‌ربڕینی هه‌ست و حه‌ز و ئاره‌زووه ئینسانییه‌كانی خۆیان.به بڕوای من زۆرێك له په‌یوه‌ندیی هاوسه‌رگیریی كه ده‌كرێ له كوردستان زۆرێكی له ده‌ره‌وه‌ی خواست و حه‌زی هه‌ردوو كه‌سه‌كه‌یه و زۆرتر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به واجبێكی شه‌رعی و كومه‌ڵایه‌تی و رازیكردنی دڵی خانه‌واده‌یه.
بۆیه‌ش زۆر جار له‌م پرۆسانه‌دا هه‌ردووك لا به تایبه‌ت ژن وه‌كوو ئه‌وه وایه ده‌ستدرێژیی سێكسی بكرێته سه‌ری له چوارچێوه‌ی هاوسه‌رگیریدا.بۆیه‌ش ده‌ستدرێژی جنسیی له چوارچێوه‌ی هاوسه‌رگیریدا بۆته نۆرم له وڵاتی ئێمه و قبوڵ كراوه، ئه‌سڵه‌ن وه‌كوو تاوان مامه‌ڵه ناكرێ له‌گه‌ڵی.هه‌ر بۆیه‌ش تا ئه‌م تابۆیانه نه‌شكێنرێن و مرۆڤ به ژن و پیاو و ترانس جێنده‌رۆو هۆمۆسێكسوال، بایسێكسواله‌وه ئازاد نه‌بن له ده‌ربڕین و ده‌ستنیشانكردنی خۆشه‌ویستی خۆیان و په‌یوه‌ندیی ئازادانه له ده‌ره‌وه‌ی عورف و ته‌قالیدی سه‌ده‌یه‌ك له‌وه‌پێش مه‌حاڵه هۆشیارییه‌ك دروست بكرێت له‌و بواره‌دا.
شه‌پۆل: هه‌ست ناكه‌یت پیاوی كورد ته‌نیا وه‌ك ئامڕازێكی سێكسیی سه‌یری ئافره‌ت ده‌كات؟.هه‌رواش پێتوانییه ئافره‌تی كورد هه‌میشه حه‌زه‌ر له پیاو ده‌كات و وه‌ك په‌لامارده‌ر لێی ده‌ڕوانێت؟
هۆزان مه‌حموود: له زۆر شوێنی دونیا ئه‌م كێشه‌یه هه‌یه و به تایبه‌ت له‌م دونیای گلۆبالایزبوونی سه‌رمایه و به كاڵاكردنی ژنان و فرۆشتنیان بۆ كاری له‌شفرۆشی به‌سه‌ر مه‌رزی ده‌یان وڵاتی دونیادا تێپه‌ڕیان ده‌كه‌ن.كه ئه‌مه بۆته یه‌كێك له پڕ ده‌رامه‌تترین بازرگانییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه، ده‌ی كه‌واته مشته‌رییه‌كان پیاون و كڕیارن.ئێمه له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین مرۆڤایه‌تی و ماف و ئازادیی تا دێت كه‌م ره‌نگ ده‌بنه‌وه له سایه‌ی بازاڕی ئازاد و نیۆ لیبرالیزمدا كه له‌سه‌ر بنه‌مای سوودكردنی خه‌یاڵی ده‌چێته رێوه.
رۆژ به رۆژ ژنان له ماف و ئازادییه‌كانیان ده‌درێت و كۆمه‌ڵگا له جاران زیاتر سێكسیزم و كولتووری دژه ژن و به كاڵاكردنی ژن تیا په‌ره ده‌سێنێ.كوردستانی ئێمه‌ش له‌م شاڵاوی بازاڕی ئازاد و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌یه‌دا بێ به‌ش نییه.ئه‌وه‌تا به‌رده‌وام به سه‌دان و هه‌زاران ژن ده‌هێنرێنه كوردستان بۆ كاری له‌شفرۆشی.بۆیه‌ش كاتێك كه هه‌موو په‌یوه‌ندیی دوو مرۆڤ كورت ده‌كرێته‌وه بۆ سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی بێگومان نه پیاو ژن وه‌ك یه‌كسان سه‌یر ده‌كات و نه ژن ده‌توانێت به ته‌واوه‌تی متمانه به پیاوی كورد بكات.
لایه‌نێكی تریش ئه‌و ترساندن و تۆقاندنه‌یه كه خانه‌واده‌كان لای كچه‌كانیان له ته‌مه‌نێكی گه‌نجییه‌وه دروستی ده‌كه‌ن لایان كه متمانه به پیاو نه‌كه‌ن و پیاو وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی "ده‌ستبڕ، ده‌ستدرێژكار و هه‌وه‌سباز و بێوه‌فا" وێنا ده‌كرێ..ژنیش وه‌ك مرۆڤێكی "ساویلكه، بێ ئه‌زموون، بێ ده‌سه‌ڵات و گه‌وج" كه ده‌بێت هه‌میشه بترسێ و متمانه به پیاو نه‌كات و خۆی ته‌سلیم به پیاو نه‌كات.ئه‌مه ئه‌و په‌روه‌رده سه‌قه‌ته‌یه كه ئێمه‌ی پێ گه‌وره كراوین.بۆیه‌ش تا ئه‌مه وا بڕوات نه ژن نه پیاو له وڵاتی ئێمه‌دا ئازاد نابن و هیچ كاتیش ناتوانن ئاشت بن پێكه‌وه و یه‌كتر بناسن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌یان ساڵیش پێكه‌وه بژین، چوونكه ئه‌م په‌روه‌رده‌یه له منداڵییه‌وه ته‌ئسیر داده‌نێت له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و متمانه‌ی هه‌ردوولا به یه‌ك.
شه‌پۆل: به‌مدواییانه هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه ته‌نیا له شاری سلێمانی 400 ماڵی له‌شفرۆشیی هه‌یه.ئایا فراوانبوونی ئه‌و دیارده‌یه له كوردستان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه و چۆنیش ده‌توانین به‌ره‌نگاری ببینه‌وه؟.
هۆزان مه‌حموود: له‌شفرۆشی له كوردستان دیارده‌یه‌كی تازه نییه.ئێستاش كه ده‌سه‌ڵات خۆی ئه‌م ئامارانه ده‌زانێ و مه‌رزه‌كانی كوردستانی ئاواڵا كردووه بۆ بازرگانه‌كانی له‌شفرۆشی و هێنانی ژنانی جیاواز له وڵاتی جیاوازه‌وه نیشانی ده‌دات كه ئه‌مه ده‌ستی كه‌سی باڵای تیایه له حكوومه‌ت خۆیدا.
به پێی زۆرێك له‌و لێكۆڵینه‌وانه كه له‌م بواره‌دا كراوه له وڵاتی جیاواز نیشانی ده‌دات كه به به‌بێ زانیاریی و هاوكاریی كه‌سانی پله به‌رز له حكوومه‌ته‌كاندا، ئه‌م بازرگانییه ناكرێ ئه‌نجام بدرێ.له‌لایه‌كی تره‌وه به كاڵاكردنی ژن و ریكڵام كردن بۆ له‌شفرۆشی و به ئۆبجێكتكردنی جه‌سته‌ی ژن وه‌كوو رووبه‌رێك بۆ خۆ خاڵیكردنه‌وه‌ی هه‌ست و حه‌زه دڕنده‌كانی پیاوان ده‌وری زۆره له‌سه‌ر بوونی ئه‌م شوێنانه.دیاره له كوردستان مشته‌ری زۆری لێیه، بۆیه‌ش ئه‌م ماڵانه ئاوا به ئاشكرا هه‌ن.
هۆزان مه‌حموود
هۆزان مه‌حموود كه‌سایه‌تییه‌كی جیهانییه، له‌سه‌ر پرسی ژنان و زۆر پرسی تر به‌رده‌وام كار و نووسین و چالاكی هه‌یه.ده‌رچووی سیاسه‌تی گشتییه و ماسته‌ری هه‌یه له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر له زانكۆی له‌نده‌ن.ده‌یان وتاری به زمانی ئینگلیزیی هه‌یه له رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا و بۆ زۆر زمانی تر ته‌رجوومه كراون.به به‌رده‌وامی له كۆنفرانس و سیمیناره جیهانییه‌كان به‌شداره.له باشووری كوردستان له‌دایكبووه و ئێستا له له‌نده‌ن ده‌ژی.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره "16" گۆڤاری "شه‌پۆل" له 1-12-2012 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
