
- *نه‌بوونی هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كییه‌كان
-
*ژن به‌رده‌وام ترسی له هێرشكردن و په‌لاماردانی له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه هه‌یه
-
*له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پێش ئه‌وه‌ی گوێ له ده‌نگی ژن بگیرێت سه‌یری له‌ش و لاری ده‌كرێ
-
*كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بۆ ژن كوشتن له ریزی پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانه
هانا عه‌لی، نووسه‌ر و چالاكوانی یه‌كسانی ژن و پیاو، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر دیارده‌ی توندوتیژیی دژی ژنی كورد له هه‌نده‌ران. له به‌شێكی تری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باس له رۆشنبیریی سێكسیی و په‌یوه‌ندیی نێوان ژن و پیاوی كورد ده‌كات له سایه‌ی ئه‌و كولتووره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌نووكه هه‌یه. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له هۆكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی له‌شفرۆشیی و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی سێكسی ژنانی كورد ده‌كات.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانین كوشتنی ژنانی كورد له هه‌نده‌ران بۆته دیارده‌یه‌كی دزێوی به‌ربڵاو. به بڕوای تۆ كوشتنی ژنانی كورد له ئه‌وروپا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
هانا عه‌لی: كوشتنی ژنانی كورد له هه‌نده‌ران به‌شێكی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان هۆكاره‌كانی له كوردستان هه‌ن، كه تێڕوانینه بۆ ژن وه‌ك جیا له مرۆڤ، وه‌ك كاڵای ناو ماڵ و شه‌ره‌فی پیاو و خێزان، شوبهاندنی به هه‌موو شتێك ته‌نیا مرۆڤێكی خاوه‌ن ماف و بڕیار نه‌بێ، هه‌موو ئه‌و تێفكرین و شوبهاندنه زۆر نامرۆڤانه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و باكگراونده دینی و خێڵه‌كییه كه له كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیانی ده‌به‌ن و رزگاربوون لێی كارێكی ئه‌سته‌م و سه‌خته بۆ خێزانی كوردیی.
به شێوه‌یه‌كی گشتیی، نامۆبوونی ژنی كورد به ماف و میكانیزمه‌كانی رێگه گرتن به كاری توندوتیژیی و كوشتن، یان به هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی هه‌ڕه‌شه و خه‌ته‌رییه‌كانی له سه‌ریانه، تێفكرینی پیاوی سالاری كوردی بۆ ژن گه‌شتووه‌ته ترۆپكی خۆی و كه‌یسی كوشتن و توندوتیژیی خێزانیمان هه‌یه له لایه‌ن خه‌ڵكانێكی به حیساب عه‌لمانی و عه‌قڵی مۆدێرینته‌ی كوردییه‌وه ئه‌نجام دراوه و ده‌درێ، به شێوه‌یه‌كی گشتیی ده‌توانم بڵێم هه‌موو ژنێك له هه‌ر ئاست و شوێنێكدا بێت و له كوردستان یان ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی گیانی به دوور نییه، به‌ڵام بێگوومان هه‌موو شوێنه‌كان جیاوازیی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه.
ستیڤان: خێزانی كورد له هه‌نده‌ران چه‌ندین گیروگرفتی هه‌یه، گرنگترینیان سه‌پاندنی كولتووری خێڵ و ئاینییه به‌سه‌ر نه‌وه‌كانیاندا. به بڕوای ئێوه بۆچی تاكی كورد ناتوانێت له‌گه‌ڵ كولتووری ئه‌وروپا ئینسجام بكات؟. پێتوایه هۆكاری پابه‌ندی خێزانی كورد له ئه‌وروپا به نه‌ریتی خێڵه‌وه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
هانا عه‌لی: ئه‌م پرسیاره زۆر گرنگه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له كه‌نه‌دا ده‌ژیم و تا رادده‌یه‌كی زۆر ستایڵی ژیان و سیستمی كار و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و خێزان، له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا زۆر جیاوازه، بۆیه پێم باشه باسێك له هه‌ردووكی بكه‌م. تۆ ببینه له ئه‌وروپا كوشتنی ژنی كورد زۆر زۆره و ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌ت له كه‌نه‌دا تۆمار كراوه كه ژنێكی كوردی رۆژهه‌ڵات بووه، ئه‌مه بۆ وایه؟. به رای من هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكی وڵاته ئه‌وروپییه‌كان به كوردستانه‌وه، كوردی ئه‌وروپا كۆنتاكتێكی زۆر زیاتریان له‌گه‌ڵ دین و كولتوور و فكری خێڵه‌كیی و كۆنسه‌رڤه‌تیڤی كۆمه‌ڵگای كوردیی هه‌یه و ئاسانی سه‌فه‌ركردن و هاتووچۆ بۆ كوردستان و كه‌م تێچوون و هه‌رزانی سه‌فه‌ر كردن، هه‌روه‌ها زۆربوونی ره‌وه‌ندی كوردیی له وڵاتانی ئه‌وروپا و مانه‌وه‌یان به جۆرێك له جۆره‌كان له ناو هه‌مان قاڵب و جۆری ستایڵی ژیانكردن له كوردستان.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه كوردی ئه‌وروپا زیاتر پابه‌ندن به فكری خێڵ و خێڵگه‌رایی رێك وه‌ك كوردستان. له كاتێكدا له كه‌نه‌دا زۆر جیاوازه، واتا سه‌ختی سه‌فه‌ركردن و كۆنتاكتكردن له‌گه‌ڵ كوردستان به پێی دووریی جوگرافیایی و ته‌نانه‌ت جیاوازیی كاتیش و بوونی ره‌وه‌ندی كوردیی به ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌متر و زیاتر تێكه‌ڵاوبوونیان به جۆری سیستمی ژیانكردن له گه‌ڵ كه‌نه‌دیی و باقی كۆمینیتیه‌كانی تری ئه‌م وڵاته، له هه‌مووی گرنگتر سه‌رقاڵبوونی خه‌ڵكی ئێره‌یه به كاركردن و په‌یداكردنی بژێویی ژیان، چوونكه لێره ئه‌و ئیمكانات و پاره‌یه‌ی حكوومه‌ت بۆ هاووڵاتی سه‌رف ده‌كات ئێجگار كه‌مه و به‌شی لایه‌نی كه‌می ژیانی هیچ تاكێكی ئه‌م وڵاته ناكات. بۆیه خه‌ڵك لێره به ته‌واویی سه‌رقاڵی ژیانكردن و په‌یداكردنی ئیمكاناته و كاتێكی زۆر كه‌میشی بۆ ئیسراحه‌ت و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و زۆر له‌وه‌ش كه‌متر بۆ سیاسه‌تكردن هه‌یه، له یه‌ك دێڕدا ده‌ڵێم سیاسه‌تی حكوومه‌تی كه‌نه‌دیی و ئه‌مه‌ریكی سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵكه به كاره‌وه.
ستیڤان: توندوتیژیی دژی ژن له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا له‌لایه‌ن كورده‌وه ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن خودی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه هه‌مان توندتیژیی بوونی هه‌یه دژی ژنان. به رای ئێوه جیاوازیی چییه له نێوان توندوتیژیی دژی ژنان له‌لایه‌ن پیاوی كورد و پیاوی ئه‌وروپییه‌وه؟.
هانا عه‌لی: جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه، هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی له كۆمه‌ڵگای كوردییدا ده‌بنه هۆكاری كوشتن و توندوتیژییكردن له به‌رامبه‌ر ژناندا زۆر جار هه‌ر هه‌مان هۆكارن بۆ كۆمه‌ڵگای سویدیی و به‌ریتانی و كه‌نه‌دیی. . . هتد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه كورتی ده‌ستی دینه له یاسادا و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی یاسایه له به‌رامبه‌ر تاوانبار و تاوانلێكراو، سه‌ربه‌خۆیی دادگا و لایه‌نگیریی كردنێتی له مافه‌كانی ژنان به رادده‌یه‌كی زۆر باشتر و زیاتر به به‌راوورد به هی كوردستان.
جیاوازییه‌كه له چۆنێتی ناساندنی تاوانه‌كه و كردنی به كێشه‌ی كۆی كۆمه‌ڵگا و باسكردن و نیشاندانی تاوانباره‌كه و ناساندنی به خه‌ڵك له‌لایه‌ن مێدیا و حكوومه‌ته‌كانه‌وه، پێچه‌وانه‌ی كوردستان كه تا ئێستا خودی ئه‌و شوێن و ده‌زگایانه‌ی كه تایبه‌تن به كاركردن له‌سه‌ر دۆزی ژن به پیت ناوی كه‌سی بكوژی ژن ده‌هێنن و رۆژیك له رۆژان وێنه‌ی بكوژێكی ژنمان له سه‌ر شاشه و لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان نه‌بینی، من پێموایه ئه‌و جۆره شاردنه‌وه‌یه بۆ خۆی لایه‌نێكی تری بره‌ودانه به‌و قه‌تڵ و عامه‌ی ژنان.
ستیڤان: گرنگیی دروستكردنی هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد، چۆن ده‌بینیت؟. پێتوانییه راگه‌یاندنی كوردیی هێشتا شه‌رم له ورووژاندنی بواری سێكس ده‌كاته‌وه؟. هۆكاری شه‌رمنیی راگه‌یاندنی كوردیی له مه‌ڕ باسكردن له سێكس و هۆشیاریی سێكسیی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
هانا عه‌لی: نه‌بوونی هۆشیاریی سێكسیی لای تاكی كورد یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه به تایبه‌ت له نێوان ژن و مێرده‌كان، ژنانێكی زۆرمان هه‌ن نازانن ئۆرگازم چییه و هیچ كات ناتوانن چێژ له په‌یوه‌ندیی سێكسیی له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان وه‌ربگرن، كه من پێموایه تاوانێكی شاراوه‌یه و به داخه‌وه كه‌مترین شكایه‌ت و باسكردنی له لایه‌ن ژنانه‌وه لێ ده‌كرێت. راگه‌یاندنی كوردیی خۆی بۆ خۆی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له وڵاتی ئێمه‌دا و مادام پرسیاره‌كه‌ی ئێوه تایبه‌ته به سێكس و هۆشیاریی سێكسی، ده‌بێ بڵێم نه‌ك شه‌رمنه له‌م بواره به‌ڵكوو تاوانباریشه.
ئاخر یانی چی من وڵاتێك بم سه‌ده‌ها كه‌ناڵی بینین و بیستراو، به سه‌ده‌ها گۆڤار و رۆژنامه و سایت و هه‌موو ئه‌وانی تر و زۆربه‌شیان باس له ئازادیی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و په‌یوه‌ندیی درووستی مرۆڤانه بكه‌ن له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، كه‌چی یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌یوه‌ندیی ژن و مێرد له‌گه‌ڵ یه‌كتر سێكس بێت و ئه‌مانه خۆیانی لێ بدزنه‌وه؟ هه‌روه‌ها باڵاده‌ستی بزووتنه‌وه و گروپه ئیسلامییه‌كان كه به‌رده‌وام مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر مه‌ده‌نیه‌ت و ره‌وتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی كۆمه‌ڵگا، ئه‌مانه به به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ن، تازه‌ترین نموونه‌ش هه‌ڕه‌شه‌كردنیانه له "سۆزان جه‌مال" وه‌رگێڕی كتێبی "هه‌زار پرسیار و وه‌ڵام ده‌رباره‌ی سێكس"، ئه‌مانه كوشتن و پارچه پارچه‌كردنی ژن به ره‌وا ده‌بینن، به‌ڵام هۆشیاریی تاكی كوردیی به غه‌ریزه و په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كان به حه‌رام و قه‌ده‌غه‌كراو حیساب ده‌كه‌ن.
ستیڤان: هه‌ست به‌وه ناكه‌یت پیاوی كورد ته‌نیا وه‌ك ئامڕازێكی سێكسیی سه‌یری ئافره‌ت ده‌كات؟. هه‌رواش پێتوانییه ئافره‌تی كورد هه‌میشه حه‌زه‌ر له پیاو ده‌كات و وه‌ك په‌لامارده‌ر لێی ده‌ڕوانێت؟. بۆچی ئه‌و وێنه دزێوه لای ژن و پیاوی كورد له به‌رامبه‌ر به یه‌كتر دروستبووه یان بۆیان دروستكراوه؟.
هانا عه‌لی: ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌موو كێشه‌كانی تر به شێوه‌یه‌كی گشتیی باسی بكه‌ین، بێگوومان به‌ڵێ ژن له لای ئێمه له ناو هونه‌ری ئاواز و گۆرانی، له ناو نووسینی هۆنراوه و ئه‌ده‌بیاتدا، له‌لایه‌ن زۆربه‌ی پیاوه ناودار و پایه‌داره‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردیش كه له‌و بوارانه‌دان، له ناو ماڵ و سه‌ر جێگا و شاقام و شوێنه گشتیی و تایبه‌ته‌كاندا، وێنه‌یه‌كی زۆر سێكسییه و پێش ئه‌وه‌ی گوێ له ده‌نگی بگیرێت، سه‌یری له‌ش و لاری ده‌كرێت. هه‌ر بۆیه ژن به‌رده‌وام له هه‌وڵی پاراستنی جه‌سته‌ی خۆیدایه و به‌رده‌وام ترسی له هێرشكردن و په‌لاماردانی له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه هه‌یه، كه من پێموایه ئه‌م نه‌تیجه‌ی پێی گه‌یشتووین بێحورمه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه چ به ژن یان به پیاو.
ستیڤان: ئاین له كۆمه‌ڵی كورده‌وارییدا رۆڵێكی گرنگی هه‌یه و ئه‌و تێزه‌ش هه‌میشه له‌سه‌ر زاره كه له شه‌رعدا شه‌رم بوونی نییه واته ئاساییه پرسه سێكسییه‌كانیش ببێته‌جێی باس و خواس. ئه‌ی كه‌واته بۆچی هێشتا كۆمه‌ڵی كوردیی ورووژاندنی پرسی سێكس به ناشه‌رعی و حه‌رام ده‌بینێت؟.
هانا عه‌لی: به رای من و له‌گه‌ڵ رێزی زۆرم بۆ ئاینداره‌كان، تێنه‌گه‌شتنیانه له خودی ئه‌و دینه‌ی په‌یڕه‌وی لێ ده‌كه‌ن، له به‌رئه‌وه‌ی باسكردنی بابه‌ته سێكسی و كێشه و گرفته‌كانی وه‌ك ئێوه خۆشتان ئیشاره‌تان پێدا و به گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ كتێبه دینی و ئاسمانییه‌كان، ئه‌وه باسكردنی مه‌شروعه و هیچ عه‌یب نییه و زۆر شتیش هه‌یه كه له دیندا نییه و كۆمه‌ڵگای ئێمه په‌یڕه‌وی لێ ده‌كات و كردووه به ناوی دینه‌وه، یه‌ك له‌وانه خه‌ته‌نه‌كردنی ژنانه كه تاوانێكی ئێجگار گه‌وره‌یه و له هیچ كوێی كتێبه دینییه‌كاندا باس له خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان نه‌كراوه، دیاره مه‌به‌ستمان له دینی ئیسلامه كه زۆربه‌ی خه‌ڵكی دینداری ئێمه موسڵمانن.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم سیاسه‌ت و ده‌ور و ته‌ئسیری حزبه ئیسلامیه سیاسییه‌كان و چه‌ندین مه‌لای ده‌م و ده‌ست ئاوه‌ڵا و په‌لاماردانی به‌رده‌وامیان بۆ سه‌ر ئازادیی و مه‌ده‌نیه‌تی كۆمه‌ڵگا و هه‌وڵدانیان بۆ گێژكردنی تاكی كورد به تایبه‌ت گه‌نج زۆر نێگه‌تیڤ و مه‌ترسیداره، چوونكه هێنده‌ی هه‌وڵی گێژكردن و هاندانیان به‌روه توندوتیژیی و حه‌رامكردنی سه‌رجه‌م ئاره‌زووه ئینسانییه‌كانیان كار ده‌كه‌ن له سه‌دا یه‌كی ئه‌وه كار له‌سه‌ر پێگه‌یاندن و ئاشناكردنیان به مافه فه‌ردیی و ئاره‌زووه مرۆڤانه‌كانیان ناكه‌ن و بگره هه‌ندێكیان ئیشیان ته‌نیا فێركردنی سه‌ربڕین و ئه‌تككردنی مرۆڤه.
ستیڤان: پار ساڵ هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه ته‌نیا له شارێكی وه‌ك سلێمانی 400 ماڵی له‌شفرۆشیی هه‌یه و له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا كه‌مپین له دژی دروستكرا؟. تۆ پێتوایه چۆن رووبه‌ڕووی دیارده‌ی له‌شفرۆشی ببینه‌وه له كوردستان؟. ئایا فراوانبوونی ئه‌و دیارده‌یه له كوردستان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
هانا عه‌لی: وه‌ك هه‌موو ده‌زانین له‌شفرۆشی دیارده‌یه‌كی جیهانییه و ئه‌وه‌ی مێژوو بۆی نووسیوینه‌ته‌وه له یۆنانی كۆنه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه و گه‌یشتووه‌ته ترۆپكی خۆی له كۆمه‌ڵگای رۆژئاوادا، ره‌نگه كۆمه‌ڵگای ئێمه له ریزی دواوه‌ی هه‌موو وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی دونیا بێت پێچه‌وانه‌ی ژن كوشتن كه له ریزی پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانه، ئه‌مه‌ش خاڵێكی باشه و هۆكاری ته‌شه‌نه‌كردنی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا زۆرن و ده‌كرێت ئیشاره‌ت به چه‌ند دانه‌یه‌كیان بده‌ین، له‌وانه كرانه‌وه‌ی ده‌رگای كوردستانه به رووی زۆربه‌ی وڵاتانی تر و هاتنی خه‌ڵكێكی زۆر بۆ كار و ژیانكردن له كوردستان، به‌ڵام به داخه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی پلانی باش و دابینكردنی كار و بژێویی ژیانێكی شایسته بۆیان، بۆیه به‌شێكی ئه‌و خه‌ڵكه ده‌ست ده‌ده‌نه كاری له‌شفرۆشی.
ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمان كه له ده‌ستی خانه‌واده‌ی نا مه‌سئول و پیاو و برا و كه‌سی تاوانكار و بێده‌ربه‌ست به ژیانی مێنه‌یی ناو خێزانه‌كانیان هه‌ڵدێن و ده‌ست ده‌ده‌نه كاری له‌شفرۆشی، ئه‌و ژنانه‌ش كه به بێ خواستی خۆیان له لایه‌ن خودی خانه‌واده‌ی خۆیانه‌وه مه‌جبووری كاری له‌شفرۆشی ده‌كرێن. له به‌رامبه‌ردا پیاوانێكی زۆری تینووی سێكسكردن له سه‌رجه‌م توێژه جیاجیاكان و ناهۆشیاریی دام و ده‌زگا حكوومییه‌كانی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتی، له‌وانه پۆلیس خۆیان ده‌ورێكی خراپیان هه‌یه له‌م بابه‌ته‌دا، چه‌ندین حاڵه‌ت هه‌یه كاتێك ژنێكی له‌شفرۆش كاری به دام و ده‌زگای پۆلیس و حكوومه‌ت گه‌شتووه، ئه‌وان خۆیان داوای سێكسیان لێ كردوون و چه‌ندین حاڵه‌تی ده‌ستدرێژیكردن و به زۆر سێكسكردنیشی تێدایه.
هه‌روه‌ها به پێی چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه كراوه، زیندان یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی كاری له‌شفرۆشی و بازرگانی له‌شفرۆشی تێدا ده‌كرێت و ژنانێكی تر كه له ناو زینداندان به زۆر هۆكاری تر ته‌نیا له‌شفرۆشی نه‌بێ، به‌ڵام ده‌ستڕۆشتوویی بازرگان و ده‌ڵاڵه‌كانی له‌شفرۆشی له‌و جێگایه، ژنان په‌لكێش و واداری كاری له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن. چاره‌سه‌ریشی زۆر روونه دابینكردنی كار و دانانی پڕۆگرامێكی تۆكمه و زانستی بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كه نایانه‌وێت ئه‌و كاره بكه‌ن و مه‌جبوور كراون، كه ئه‌مه به ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك كاری حكوومه‌ت و ده‌زگای تایبه‌تی حكوومییه بۆ ئه‌و كارانه.
ستیڤان: تا هه‌نووكه و له هه‌موو ئاسته‌كاندا ئافره‌تی كورد رووبه‌ڕووی ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی سێكسیی ده‌بێته‌وه. بۆچوونێك هه‌یه پێیوایه ئه‌مه بۆ لاوازیی كه‌سێتی ئافره‌تی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه. تۆ له‌مباره‌وه چ را و سه‌رنجێكت هه‌یه؟.
هانا عه‌لی: لاوازیی كه‌سێتی ژن؟! نه‌خێر ئه‌وه بۆچوونه زۆر هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌ك له وه‌ڵامه‌كانی پێشووم، ئه‌ویش به ئامێری سێكسكردن ته‌ماشاكردنی ژنه له لایه‌ن زۆرێك له پیاوانی ئێمه، نه‌بینیانه وه‌ك مرۆڤ كه وه‌ك پیاو هه‌موو توانا و ئیمكاناتێكی هه‌یه به جیا له سێكسكردن، ئه‌وه چاو قایمی پیاوانه و كه ئه‌وانیش كۆمه‌ڵێك هۆكاری دینی و كولتووریی وای لێكردوون، ماف به خۆیان بده‌ن زۆر ئاشكرا و بێ شه‌رم په‌لاماری كه‌رامه‌تی ژن و جه‌سته‌ی ژن بده‌ن كه ناوه زانستییه‌كه‌ی (توندوتیژیی سێكسییه)، ئیتر ئه‌م توندوتیژییه له ته‌علیق و قسه‌ی سه‌ر جاده‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تاكو لاقه‌كردنی جه‌سته‌یی، زۆر زۆر به‌داخه‌وه كه ده‌توانم بڵێم ئه‌مه نه‌خۆشییه‌كی ئێجگار بڵاوی ناو پیاوانه و هیچ توێژێكی رۆشنبیر و خاوه‌ن فكر و هۆشیشی لێ به دوور نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
