
سینه‌ماكاری كورد "به‌تین قوبادی" به فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" خه‌ڵاتی 14مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵی له توركیا به‌ده‌ستهێنا و ئه‌م خه‌ڵاته گرینگه‌ی پێشكه‌ش به كچانی شنگاڵ و كۆبانێ كرد.
فیلمی سینه‌مایی "مه‌ردان" نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری كورد "به‌تین قوبادی" و فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق به هه‌شتاو حهوتهمین خولی ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاته سینه‌ماییه‌كانی ئاكادیمیای ئۆسكار له ساڵی 2015، له نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به ئاماده‌بوونی ئه‌م فیلمسازه كورده و به نوێنه‌رایه‌تیی له هه‌رێمی كوردستان له دوو سانسی جیاوازدا له ڕۆژانی 13 و 19 شوبات / فه‌برایه‌ری 2015 له به‌شی پێشبڕكێی "بیرۆكه وه‌رگرتن" inspired له میانه‌ی چارده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵ له وڵاتی توركیا نمایشكرا و له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی سینه‌مای توركیاوه خه‌ڵاتی باشترین فیلم و له ڕاستیدا دووه‌مین خه‌ڵاتی گرینگی ئه‌م فیستیڤاڵه به "به‌تین قوبادی" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه كوردییه به‌خشرا.
له ڕێوڕه‌سمی كۆتایی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا، "به‌تین قوبادی" دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ڕه‌خنه‌گرانی تورك، ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێشكه‌ش به كچانی خه‌باتكاری كورد له شنگاڵ و كۆبانێ كرد.
"مه‌ردان" بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته گرینگه له‌گه‌ڵ 8 فیلم له وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان كه هه‌ڵگریی خه‌ڵاتی گرینگیی نێوده‌وڵه‌تین له ڕكابه‌ریدا بوو، له‌وانه: فیلمی سینه‌مایی "سێشه‌مه‌ی 52" 52 Tuesdays له ده‌رهێنانی "سووفیا هیدێ" له ئوستوڕاڵیا ـ براوه‌ی خه‌ڵاتی ورچی كریستاڵی فیستیڤاڵی فیلمی به‌ڕڵین له ساڵی 2014 و خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان له فیستیڤاڵی فیلمی سانده‌نس له ئه‌مه‌ریكا، فیلمی سینه‌مایی "ڕۆحی تهپووتۆزاوی" Toz Ruhu له ده‌رهێنانی "نه‌سیمی ئێتیك" له توركیا ـ براوه‌ی خه‌ڵاتی قه‌یسی زێڕینی باشترین فیلم، باشترین ئه‌كته‌ر و هه‌روه‌ها باشترین ده‌رهێنان له فیستیڤاڵی فیلمی ماڵاتیای توركیا، فیلمی سینه‌مایی "بایه‌كانی ئۆگۆست" August Winds له ده‌رهێنانی "گابرییه‌ل ناوا" له بڕازیل ـ به‌شداری له فیستیڤاڵه‌كانی فیلمی لۆكاڕنۆ، شیكاگۆ، له‌نده‌ن، سه‌ن سباستییه‌ن و ڤهنكۆوێر، فیلمی سینه‌مایی "دیسانه‌وه كریسمه‌س" Christmas، Again له ده‌رهێنانی "چارلس پۆكێل" له ئه‌مه‌ریكا ـ به‌شداری له فیستیڤاڵه‌كانی فیلمی لۆكاڕنۆ و سانده‌نس، فیلمی سینه‌مایی "مامۆستای باغچه‌ی ساوایان" Haganenet له ده‌رهێنانی "نداو لیپید" له فه‌ڕه‌نسا ـ به‌شداری له فیستیڤاڵه‌كانی فیلمی كان و ڤهنكۆوێر، فیلمی سینه‌مایی "نۆڕوێژ" Norviyia له ده‌رهێنانی "ئێنیس ویسلمیس" له یۆنان ـ به‌شداری له فیستیڤاڵی فیلمی كاڕڵۆڤی ڤاری له چیك، فیلمی سینه‌مایی "عه‌شیره" The Tribe له ده‌رهێنانی "میرۆسلاو ئێسلابوشپوتسكی" له ئۆكڕاین ـ به‌شداری له فیستیڤاڵه‌كانی فیلمی كان، تۆڕێنتۆ و سانده‌نس و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "دژه با" In The Crosswind له ده‌رهێنانی "ماڕتی هیلد" له وڵاتی ئه‌ستۆنی ـ به‌شداری له فیستیڤاڵی فیلمی تۆڕێنتۆ له كه‌نه‌دا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی "بیرۆكه وه‌رگرتن"ی فیستیڤاڵی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵ بریتی بوون له: "مه‌مه‌ت كورتولووش" ـ ئه‌كته‌ری چه‌ندین فیلمی سینه‌ماكاری ناوداری تورك "فاتیح ئاكین" و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی توركیا، "ماتیاس پینیریۆ" ـ ده‌رهێنه‌ر له ئهڕژهنیتین، خاتوو "له‌یلا یه‌عقووب" ـ به‌رپرسی هونه‌ری له به‌ریتانیا، خاتوو "سینگنه بیرگ سۆرنس" ـ ڕه‌خنه و دیكۆمێنتساز له هێندستان و "گرانت جی" ـ ده‌رهێنه‌ر له به‌ریتانیا.
ئه‌م فیستیڤاڵه ساڵی 2001 به مه‌به‌ستی نمایشی باشترین به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی هاوچه‌رخی جیهان دامه‌زراوه و ساڵی 2008 به‌شی پێشبڕكێی "بیرۆكه وه‌رگرتن" inspired به‌م فیستیڤاڵه زیادكرا كه تیایدا فیلمی فیلمسازانی تازه پێگه‌یشتووی سینه‌ما نمایش ده‌كرێن كه خه‌ریكن ڕێگایه‌كی نوێی له‌م هونه‌ره‌دا ده‌پێون.
چارده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵ به نمایشی به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆری پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه: 8 فیلم له به‌شی پێشبڕكێی "ئه‌ڤین و گۆڕان"، 9 فیلم له به‌شی پێشبڕكێی "بیرۆكه وه‌رگرتن"، 19 فیلم له به‌شی "گالای توركیا"، 6 فیلم له به‌شی "میوزیك"، 11 فیلم له به‌شی "یاری"، 7 فیلم له به‌شی "هونه‌ر و ژیان"، 5 فیلم له به‌شی "كۆلكه زێڕێنه"، 9 فیلم له به‌شی "ماڵێ"، 5 فیلم له به‌شی "ڕه‌ش و ئاڵۆز"، 1 فیلم له به‌شی "ڕه‌گه‌ز"، 2 فیلم له به‌شی "نمایشی تایبه‌ت"، 5 فیلم له به‌شی "په‌ره‌ستار و شاعیران" و هه‌روه‌ها 3 فیلم له به‌شی "كورته فیلم" له ڕۆژانی 12 تا 22ی شوبات / فه‌برایه‌ری 2015 له شاری ئهستونبووڵ له وڵاتی توركیا به‌ڕێوه‌چوو.
بۆ زانیاری زیاتر: