
خه‌ڵاتی ساڵی 2014ـه‌ی گۆرانیبێژی ناوداری كورد "محه‌مه‌د ماملێ" له ڕێوڕه‌سمێكدا پێشكه‌ش به گۆرانیبێژی كورد "زۆزان گوله‌ر" ده‌كرێت.
لێژنه‌ی ڕاوێژكاری مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ بڕیاری داوه كه شه‌شه‌مین خه‌ڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری كورد "محه‌مه‌د ماملێ" به ناونیشانی "خه‌ڵاتی ساڵی 2014" به هونه‌رمه‌ندی كورد "زۆزان گوله‌ر" پێشكه‌ش بكات.
دڵسۆزانی مه‌ڵبه‌ندیی هونه‌ریی ماملێ له ساڵی 2014ی زایینی‌دا پێشنیاریی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی كوردیان به مه‌ڵبه‌ند كرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌رگری خه‌ڵاتی هونه‌ریی ماملێ له‌به‌رچاو بگیردرێن. كۆمیته‌ی بهربژێركهری مه‌ڵبه‌ند، شڕۆڤه‌ی خۆی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌نده پێشنیاركراوه‌كان كرد و له كۆتاییدا بڕیاریدا كه خه‌ڵاتی هونه‌ریی ئه‌مساڵی ماملێ به یادی "زۆزان گوله‌ر" پێشكه‌ش بكرێت.
هونه‌رمه‌ند زۆزان له‌دایكبووی باكووری نیشتمانه. ئه‌و له زه‌مه‌نێكدا هه‌نگاوه سهرهتاییهكای خزمه‌ت به كه‌لتوور و هونه‌ری كوردیی هه‌ڵهێنا كه چالاكی هونه‌ری و كوردیی له‌به‌ر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری چه‌توون بوو. له دۆخی كۆمه‌ڵگای ئه‌وكاتدا پێویست بوو ژنێك زۆر بوێر بێت كه ده‌نگ به‌رز بكاته‌وه و له ڕیزی هونه‌رمه‌ندانی كورددا ڕابوه‌ستێت. هاوكات حكوومه‌تی داگیركه‌ری خاكی باكووری كوردستان ده‌رفه‌ت و مافی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌دا كه به كوردیی گۆرانی بگوترێت. زۆزانی هونه‌رمه‌ند، گه‌لێك زۆزانانه توانی ئه‌ڤین و سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای خۆی بۆلای خۆی ڕابكێشێت و له به‌رانبه‌ر نه‌یاری داگیركهریشدا سینگی دلێری هێنا پێش و بایه‌خی به‌و مه‌ترسییانه نه‌دا كه ڕه‌نگبوو هه‌ڕه‌شه بخه‌نه سه‌ری.
یای زۆزان له ساڵانی لاوییه‌تیدا له فێرگه و قوتابخانه بێبه‌ر بوو. هاوكات مامۆستایه‌كیشی نه‌بوو كه له باكووری قه‌ده‌خه‌كراو له زمانی دایكییدا فێری خوێندن و نووسینی كوردی بێت، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ست و بڕوایه‌ك كه به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌یبوو، خۆی فێری خوێندنی كوردیی كرد و كاری له‌سه‌ر شێعری كوردیی كرد.
ئه‌و ته‌نانه‌ت بواری ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه له‌ژێر چاوه‌دێری و ڕێنوێنی مامۆستایه‌ك فێری ژه‌نینی ئامێرێك بێت، هه‌ر بۆیه به پاڵپشتی ئه‌ڤین به هونه‌ری كوردیی و گوێگرتنی ورد بۆ مۆسیقای كوردیی توانی كۆڵنه‌ده‌رانه قۆناخه دژواره‌كانی ژه‌نینیش تێپه‌ر بكات.
یای زۆزان له ساڵانی خزمه‌تكردنی به هونه‌ری كوردیی هه‌وڵیداوه به‌شێك له ئاوازه دێرینه‌كانی كورد زیندوو بكاته‌وه. هاوكات سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانه‌شی گوتووه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌نده‌كانی جیلی دوای خۆی داناوه. لاساكردنهوه له كاره‌كانیدا كه‌مڕه‌نگ بووه و له هونه‌ریشدا وه‌ك برای گیانبهختبووی له خزمه‌ت ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بووه. ئه‌و كه له به‌رانبه‌ر داگیركه‌ردا خه‌باتی ده‌كرد، هاوكات له پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش دوور نه‌بووه و دژی چه‌وسانه‌وه‌ی ژن له كۆمه‌ڵگادا هاوكارێكی به‌رزی هه‌بووه. زۆزان ئێستاش له خزمه‌ت به پێشكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگاكه‌یدا ماندوویه و كۆڵنه‌ده‌رانه له ڕێگه‌ی هونه‌ر و پێگه‌ی خۆیه‌وه خزمه‌ت به كورد و كوردستان ده‌كات.
مه‌ڵبه‌ندیی هونه‌ریی ماملێ پیرۆزبایی له یای "زۆزان گوله‌ر" ده‌كات و هیوای به‌خته‌وه‌ری و سه‌ركه‌وتوویی بۆ ئه‌م
هونه‌رمه‌نده هێژایه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌خوازێت.
مه‌ڵبه‌ندیی هونه‌ریی ماملێ به هاوكاریی ئه‌نیستیتۆی كورد له ئه‌ڵمانیا بۆنه‌یه‌كی ڕێزلێنان بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده هێژایه پێك ده‌هێنێت و خه‌ڵاتی هونه‌ریی ماملێ له‌و بۆنه‌یه‌دا پێشكه‌ش به یای "زۆزان گوله‌ر" ده‌كرێت.
مه‌ڵبه‌ندیی هونه‌ریی ماملێ هاوكات سپاسی ئه‌م ئه‌نیستیتۆیه ده‌كات كه هاوكاریان ده‌بن له‌م بۆنه‌یه‌دا. مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ساڵی 2008 له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ندی نه‌مری كورد مامۆستا "محه‌مه‌د ماملێ" دامه‌زراوه و هه‌موو ساڵێك بۆ به‌رز ڕاگرتنی یاد و بیرئانینی ئه‌م هونه‌رمه‌نده پایه‌به‌رزه خه‌ڵاتێك پێشكه‌ش به هونه‌رمه‌نده به‌ئه‌زموون و ناودارانی كورد ده‌كات كه به به‌رهه‌مه‌كانیان خزمه‌تی گۆرانی و موزیكی كوردی‌یان كردووه و له به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته گرینگه‌دا كه‌سایه‌تیی، هه‌ڵكه‌وتوویی، داهێنانی هونه‌ریی، ئه‌زموون، توانا و به‌هره‌مه‌ندیی هونه‌رمه‌نده‌كه ڕهچاودهگیرێت.
له ساڵانی ڕابردوودا خه‌ڵاتی گۆرانیبێژی كورد محه‌مه‌د ماملێ به چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی ناودار و به‌ئه‌زموونی كورد پێشكه‌ش كراوه، له‌وانه: له ساڵی 2009 به ژه‌نیاری به‌توانای شمشاڵ مامۆستا "قاڵه‌مه‌ڕه"، له ساڵی 2010 به گۆرانیبێژ و موزیكزانی كورد مامۆستا "باكووری"، له ساڵی 2011 به گۆرانیبێژی كورد "عه‌زیز شاهرۆخ" و له ساڵی 2012 به گۆرانیبێژی كورد "عه‌بباس كه‌مه‌ندی".
ساڵی ڕابردووش له ڕێوڕه‌سمێكدا كه ڕۆژی 29ی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2014 له هۆڵی ته‌وار له شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، پێنجه‌مین خه‌ڵاتی گۆرانیبێژی كورد "محه‌مه‌د ماملێ" به هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ "ناسر ڕه‌زازی" پێشكه‌ش كرا.
بۆ زانیاری زیاتر: