
(كچی شێره‌كه) یاخود (كچه ئه‌مه‌ریكیه‌كه) ئه‌و دوو نازناوه‌ن كه له‌كوردستان به هێلی له‌ڤ ده‌گوترێ، ئه‌و كچه كورده‌ی له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر كلیپێكیدا ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره دروست ده‌كات. ته‌نیا حه‌وت رۆژه كلیپه تازه‌كه‌ی به‌ناوی (Revolution) بڵاوكردۆته‌وه، كه نیو میلۆن بینه‌ری تێپه‌ڕاندووه و چاوه‌ڕوانی ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێده‌كات. دووباره هێلی له‌ڤ یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی خۆی له‌میدیای كوردیدا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كلیپه تازه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) ئه‌نجامیدا، كه ساڵی 2014یش یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی له‌كوردستان له‌گه‌ڵ (سڤیل) بوو.
سڤیل: تاچه‌ند له كلیپی گۆرانیه تازه‌كه‌ت رازی؟
هێلی له‌ڤ: زۆر زۆریش رازیم، له‌یه‌ك هه‌فته بینه‌ری کلیپهكهم گه‌یشته نیو ملیۆن، ئه‌م كلیپه‌م له‌زۆر كه‌ناڵ و ماڵپه‌ری گه‌وره‌ی جیهانی بڵاوكرایه‌وه، له‌زۆر میدیای جیهانی باس ده‌كرێت.
ده‌ستكه‌وتی ئه‌م كلیپهت چ به‌رهه‌م و سوودێكی هه‌بوو بۆ پێشمه‌رگه و كوردستان؟
هێلی له‌ڤ: یه‌كه‌م شت پێمخۆشه باسی ئه‌وه بكه‌م، كه ئه‌م كلیپه‌م له‌ماڵپه‌ری ڤیڤۆ بڵاوكرایه‌وه، كه هه‌موو كلیپێك و هه‌موو هونهرمهنێك ناتوانێ بچێته ناو ڤیڤۆ، به‌ڵكو ئه‌وه بۆ هونه‌رمه‌ندانی جیهانییه، ئه‌وان تایبه‌تمه‌ندی و پێوه‌ریان هه‌یه كاتێك كلیپێك قبوڵ ده‌كه‌ن، كاتێك ئه‌م ڤیدیۆ كلیپه‌ی من له‌وێ بڵاوكرایه‌وه له‌سه‌ر كوردستان و پێشمه‌رگه، ئه‌وه ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه بۆ پێشمه‌رگه، په‌یامی من له‌و كلیپه ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان له‌كوردستان یه‌ك بگرن و دژی داعش شه‌ڕ بكه‌ن له‌پێناو ئازادی و نه‌هێشتنی تیرۆر، ئه‌وه‌ش ئیشی منه كه هونهركارم و ئه‌وه‌ی ئه‌ركی منه كردم، كه به‌رێگایه‌كی گه‌وره و كارێكی گه‌وره ئه‌و په‌یامه بگه‌یێنم.
سڤیل: ده‌گوترێ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كلیپه‌كه‌ت تیرۆرستانی داعش ناوی تۆیان خستۆته لیستی سزای مردن، ئه‌وه راسته؟
هێلی له‌ڤ: به‌ڵێ ئه‌وه راسته، به‌ڵام ئه‌وه ئیشی منه وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك، خۆم ئه‌م رێگایه‌م هه‌ڵبژاردووه بۆیه ته‌حامولی هه‌موو سزایه‌ك ده‌كه‌م، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بزانم رووبه‌رووی مردن ده‌بمه‌وه و ئه‌وه ئاخیر كلیپی منه، هه‌روه‌ها لێشی په‌شیمان نیم، من وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی پێشمه‌رگه شه‌ڕی داعش ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م كلیپه بكوژرێم شانازییه و نا‌ترسێم، مادام له‌پێناو كوردستان و مرۆڤایه‌تی و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆره.
سڤیل: كلیپی یه‌كه‌مت له‌سه‌ر خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی بوو، دووه‌م كلیپت له‌سه‌ر شۆڕشه، تۆ ده‌ته‌وێت وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی شۆڕشگێر بناسرێیت؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌م جۆره گۆرانیانه به‌رده‌وام ده‌بیت یاخود وه‌كو هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی گۆرانی له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و بابه‌ته‌كانی دیكه‌ش ده‌ڵێی؟
هێلی له‌ڤ: من ناتوانم بڵێم ته‌واو گۆرانی له‌سه‌ر كوردستان ناڵێم، به‌ڵام كه بارودۆخێك دێته‌پێشه‌وه، نابێت وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك بوه‌ستی و به‌س سه‌یر بكه‌یت و هیچ نه‌كه‌یت، ئه‌وه ئه‌ركی هونه‌رمه‌نده به هونه‌ره‌كه‌ی به‌شداری له‌شۆڕش بكات. با من شتێكت بۆ باس بكه‌م، پێش ئه‌م شه‌ڕه‌ی كوردستان و داعش، من گۆرانیه‌كم له‌سه‌ر ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی ئاماده‌كردبوو، به‌ڵام بینیم داعش شه‌ڕی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه ده‌ست پێكرد، من گۆرانییه‌كه‌م وه‌ستاند، زانیم ئێستا كاتی ئه‌وه نییه گۆرانییه‌ك بڵاوبكه‌مه‌وه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی، ئێستا كاتی شۆڕشه، پێویسته گۆرانییه‌ك بڵاوبكه‌مه‌وه له‌سه‌ر پێشمه‌رگه وه‌كو هێزێك، ئه‌وه بوو من به‌په‌له رۆیشتمه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌ی خۆم قسه‌م كرد، كه گۆرانییه‌ك دروست بكه‌ین بۆ شۆڕش و پێشمه‌رگه كه په‌یامێك به‌دنیا بگه‌یه‌نم، دواجار ئه‌م كلیپ و گۆرانییه به‌رهه‌مهات، ئه‌گه‌رنا به‌ڵێ من ئه‌لبووم ئاماده‌یه له‌حه‌وت گۆرانی پێكهاتووه، به‌نیازم دوای ئه‌م كلیپه، گۆرانی و كلیپێكی زۆر جیهانی دروست بكه‌م. له‌وانه‌یه ئه‌وكات هه‌موو كاره‌كان و كلیپه‌كه‌ش له‌ئه‌مه‌ریكا بكه‌م، به‌ڵام هه‌ر كارێك كه ده‌یكه‌م شتێكی كوردی تێده‌كه‌م.
سڤیل: كه‌ی ئه‌لبوومه‌كه‌ت بڵاوده‌كه‌یته‌وه؟
هێلی له‌ڤ: حه‌وت گۆرانیم ئاماده‌كردووه و بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌مه‌ریكا كاره‌كانم ته‌واو ده‌كه‌م به‌دڵنیاییه‌وه، به‌ڵام ناتوانم كاته‌كه‌ی دیاری بكه‌م بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی، ئه‌وه ستافه‌كه ده‌زانن.
سڤیل: تۆ دوو كلیپت نیشانی ئێمه داوه، كه به‌كلیپی جیهانی وه‌سفیان ده‌كه‌یت، ئایا توانا راسته‌قینه‌كه‌ی تۆ له‌ناو ئه‌م دوو كلیپه‌دا هه‌یه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌وه هه‌موو تواناكانی تۆیه نیشانه‌ی ئێمه‌ت داوه؟
هێلی له‌ڤ: نه‌خێر، ئه‌وه‌ی ئێوه بینیووتانه شتێكی زۆر بچووكه لهفكره و تواناكانی من كه نیشانم داوه، بۆ نموونه من گۆرانی (Risk it all) زۆربه‌ی فكره‌كه هی خۆم بوو، هه‌تا لهدیزانین، له‌كاتی وێنه‌گرتن وه‌كو یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر ئیشم ده‌كرد، زۆر گرنگه هونه‌رمه‌ند فكره‌ی هه‌بێت، پاره لێره‌دا گرنگ نییه ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند وه‌كو ده‌رهێنه‌ر فكره‌ی به‌هێز بێت، هه‌روه‌ها بیرۆكه‌ی ئه‌م كلیپه تازه‌یه‌م (Revolution) هه‌ر خۆم دامنا و خۆشم وه‌كو یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر بووم.
سڤیل: ستافی ئه‌م كلیپهت ئه‌مه‌ریكی بوون یاخود كورد بوون؟
هێلی له‌ڤ: ستافه‌كه‌ی گۆلدن سكرین بوون كوردن و له‌سوید هاتوون، به‌ڵام گۆرانییه‌كه ئه‌مه‌ریكی بووه و له‌ئه‌مه‌ریكا دروستم كرد، ئه‌وه‌ی تێكستی نووسی (كایلۆ مێكی) بوو، كه بۆ (ریهانا) و پیتبۆل گۆرانی نوسیووه، هه‌وره‌ها پرۆدیوسهرهكهی من كاری بۆ (ریهانا) و (جێنیڤه‌ر لۆپێز) و (بیۆنسێ) كردووه، شانازی به‌وه ده‌كه‌م كۆنتاكتاكتم له‌گه‌ڵ ئه‌وانه دروست كردووه و باوه‌ڕم به‌خۆم هه‌یه له‌داهاتوودا بگه‌م به‌ئاستی ئه‌و هونه‌رمه‌نده جیهانیانه.
سڤیل: كاریگه‌ری ریهانا زۆر بهكارهكانتهوه دیاره، له ئێكسسوارات و جلوبه‌رگ و كلیپهكانیشت، بۆچی؟
هێلی له‌ڤ: ستایلی گۆرانی من زۆر جیاوازه لهریهانا، له‌وانه‌یه ستایلی من نزیك بێت له هی ئه‌و، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ستایلی من ئه‌مه‌ریكییه، ئه‌وانیش ئه‌مه‌ریكین، من پۆپم و ئه‌وانیش پۆپ ئیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیاوازی هه‌یه، هه‌ركه‌س پێویسته زیره‌ك بێت و رێچكه‌ی خۆی هه‌بێت، نه‌ك كۆپی هونه‌رمه‌ندێكی دیكه بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش شانازی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر پێم بڵێن ستایلی تۆ وه‌كو هی ریهانایه، چونكه ئه‌و هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌یه و پۆپه، خۆ منیش كلاسیك گۆرانی ناڵێم، منیش پۆپ گۆرانی ده‌ڵێم، به‌ڵام هه‌ندێكجار دڵم ده‌شكێت كاتێك ده‌ڵێن تۆ ریهانای كوردی! چونكه كورد به‌م قسانه خۆی به‌كه‌م ده‌زانێت و هونه‌رمه‌ندی خۆی به گه‌وره نابینێت، بۆچی ئێمه زیره‌ك نه‌بین و كاری گه‌وره بكه‌ین، به‌ڵكو سبه‌ی له‌ئه‌مه‌ریكا به هونه‌رمه‌نده‌كانی خۆیان بڵێن تۆ هێلی له‌ڤی ئه‌مه‌ریكی، تۆ له‌فلان هونه‌رمه‌ندی كورد ده‌چی.
سڤیل: تۆ زۆر باسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌یت، هه‌روه‌ها له‌زۆربه‌ی دهركهوتنهكانت له كلیپ و وێنه ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و كوردستان پێكه‌وه داده‌نێی، بۆچی ئه‌مه‌ریكا؟
هێلی له‌ڤ: له‌به‌رئه‌وه‌ی ستافه‌كه‌ی من ئه‌مه‌ریكین و مامۆستاكانم ئه‌مه‌ریكین، ئه‌وان منیان به‌م سه‌ركه‌وتنه گه‌یاند، كاره‌كانم ئه‌مه‌ریكی و كوردییه، ئاڵای كوردستان و ئه‌مه‌ریكا پێكه‌وه نیشان ده‌ده‌م، خۆشم 10 ساڵه له‌ئه‌مه‌ریكا له لۆس ئه‌نجلۆس نیشته‌جێم.
سڤیل: تۆ ئێستا هاوڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی، یاخود ته‌نیا دانیشتووی ئه‌مه‌ریكای؟
هێلی له‌ڤ: من ره‌گه‌زنامه‌ی كوردستان و فیلهندام هه‌یه، به‌ڵام ئیقامه‌ی ئه‌مه‌ریكام هه‌یه.
