
به‌یان مه‌حموود ژنه ئه‌كته‌رێكی كۆنه وه‌كو خۆی باسی ده‌كات زیاتر له 40 ساڵه كاری هونه‌ری ده‌كات و ئێستاش ده‌م به گله‌ییه، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) ئه‌و خۆی به‌هونه‌رمه‌ندێكی شۆرشگێڕ وه‌سف ده‌كات كه هیچی بۆ نه‌كراوه و له‌لایه‌ك سه‌رپه‌رشیاری به‌شی هونه‌ری چالاكی قوتابخانه‌كه له‌سلێمانی له‌لایه‌كی دیكه به‌رده‌وامه له‌ته‌مسیل له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی یهترۆل له‌كه‌ناڵی ئێن ئارتی.
سڤیل: له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ماهیر حه‌سه‌ن زۆر تێكه‌ڵی و كاری هونه‌ریتان زۆره، هۆكاری ئه‌م تێكه‌ڵبوونه چییه؟
به‌یان مه‌حمود: یه‌كه‌م شت ماهیر حه‌سه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی خۆش و دڵپاكه و ئه‌م مرۆڤانه‌ش زیاتر هونه‌رمه‌ند خۆیان لێ نزیك ده‌كاته‌وه، ماهیر حه‌سه‌ن هاوڕێیه‌كه كه له‌په‌یمانگا له‌گه‌ڵمان بووه و هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویست بووه نزیكبوونه‌وه‌م له ماهیر و به‌یه‌كه‌وه كاركرنمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هاوڕێیه‌تی كۆنمان، من كاتی خۆی له‌شانۆگه‌ری تراژیدیا كارم ده‌كرد، به‌ڵام له‌شانۆگه‌رییه‌كی كۆمیدیادا به‌شداریم كرد كه ماهیر هات له‌وێدا له‌سه‌ر شانۆ منی بینی له‌كاتێكدا قه‌ت كاری كۆمیدیام نه‌كردبوو ماهیر به‌بینینی ئه‌م كاره‌م په‌یوه‌ندی پێوه كردم و گوتی: حه‌ز ده‌كه‌م كارمان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت، ئیتر به‌م جۆره كارمان به‌یه‌كه‌وه كرد.
سڤیل: كۆمه‌ڵێك ژنه شانۆكاری وه‌كو تۆ و به‌یان زه‌ریفی و به‌دیعه دارتاش و گه‌زیزه و فرمێسك مسته‌فا ئه‌م جیله به شتێك ناویان دێنی؟
به‌یان مه‌حمود: ئه‌وانه‌ی تۆ ناوت هێنان و هاوته‌مه‌نی خۆم و هاوپیشه‌ی خۆمن ناویان ده‌نێم هونه‌رمه‌نده شۆڕشگێڕه‌كان، ئێمه شۆڕشمان كردووه به‌بێ چه‌ك، كاتێك ئێمه شانۆمان ده‌كرد من و گه‌زیزه و فرمێسك و به‌یان زه‌ریفی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی دیكه له‌هیچ شتێكی هونه‌ردا كۆلمان نه‌داوه هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له‌كاره‌كه‌ی زه‌حمه‌تی بینی بێت و قوربانی دابێت و كۆل نه‌ده‌یت من پێیان ده‌ڵێم شۆرشگێڕ له زێر به نرختره.
سڤیل: گه‌وره‌ترین قوربانی له‌پێناو هونه‌ره دابێتت چییه؟
به‌یان مه‌حمود: خۆی له خۆیدا كاری هونه‌ری قوربانییه‌كه، من ناتوانم گه‌وره‌ترین قوربانی بده‌م له‌پێناو هونه‌ره‌دا، به‌ڵام خۆی له خۆیداا هونه‌ره‌كه‌م قوربانییه له پێناو ژیانی خۆمدا.
سڤیل: كاركردنتان له ئێن ئارتی2 چۆنه، ئایا ئاسانكاریی هه‌یه، سانسۆر ناخه‌نه سه‌ر كاره هونهرییهكانتان؟
به‌یان مه‌حمود: من پێم وایه هیچ كه‌ناڵێك رێگر نییه له‌كارێكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان به‌تایبه‌ت كارێك كۆمیدیا بێت، كه‌ناڵی ئێن ئارتیش یه‌كێكه له‌و كه‌ناڵانه كه رێگر نییه له‌كاری هونه‌ری و راوبۆچوونی هونه‌رمه‌نداندا، ئینجا با ئه‌وه‌ش بڵێم به‌لای منه‌وه له‌هه‌ندی شت ره‌نگه كه‌ناڵه‌كانی دیكه باشتر بن له‌ئێن ئارتی هاوكاری هونه‌رمه‌ندان بكه‌ن، وه‌كو هاوكاری مادی، بۆ نموونه ئێن ئارتی ته‌نیا وه‌ك كاره هونه‌رییه‌كه هاوكاریمان ده‌كات، بۆیه چووین بۆ ئه‌وی، ئه‌گه‌رنا وه‌ك مادی یارمه‌تی ئێمه‌یان نه‌داوه.
سڤیل: واتا تۆ هیچ پاره‌یه‌كت وه‌رنه‌گرتووه؟
به‌یان مه‌حمود: وه‌رمگرتووه، به‌ڵام ئه‌و پاداشتی مادییه ئه‌وه نه‌بووه چێژێكی لێ ببینم، هه‌ر هی ئه‌وه نییه باسی بكه‌م، شتێكی ئاسایی بووه.
سڤیل: تۆ وه‌كو ئه‌كته‌رێكی كۆمیدی ئه‌گه‌ر له به‌رنامه‌یه‌كی وه‌كو (به‌زمی به‌زم) داوات لێ بكه‌ن ئاماده‌ی به‌شداریان له‌گه‌ڵ بكه‌یت و تێیدا ته‌مسیل بكه‌یت؟
به‌یان مه‌حمود: هه‌موو كارێكی هونه‌ری بینه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه، خه‌ڵكی ئێمه‌ش زیاتر حه‌زی له‌كاری كۆمیدیایه له‌به‌رئه‌وه‌ی له ژیانه‌كه بێتاقه‌ت بوونه و كرفت و كێشه‌ی كۆمه‌ڵێك شتیان هه‌یه ئه‌وه وایكردووه خه‌ڵكه‌كه په‌نا بۆ كاری كۆمیدیا ببات و پێ بكه‌نێت و بێتاقی بیر ێته‌وه، ئینجا (به‌زمی به‌زم) راسته كارێكی كۆمیدیایه و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م، به‌ڵام له‌كۆمیدیا هاتۆته ده‌ره‌وه! تۆ ده‌ته‌وێت شتێك بگه‌یێنیت به‌خه‌ڵك به‌ڵام به فشقیات! ئه‌وه نابێته كۆمیدیا وه‌كو مهحهریجێك مهیگهیێنه وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی خۆت كۆمیدیا بهكاربێنه، خۆ كۆمیدیا ئه‌وه نییه به‌زۆر وا له‌خۆت بكه‌یت خه‌ڵك پێبكه‌نن و فشقیات بكه‌یت! من ئه‌وه به كۆمیدیا نازانم.
سڤیل: واتا پێت وایه (به‌زمی به‌زم) كۆمیدیایه‌كی فشقیاته؟
به‌یان مه‌حمود: مرۆڤ ناتوانی به‌زۆر خۆت هه‌زه‌لی بكه‌یت، كۆمیدیا ده‌بێت خۆت له‌كه‌سایه‌تی خۆتدا ئه‌و شته هه‌بێت، بۆ نموونه هونه‌رمه‌ند مسته‌فا ئه‌حمه‌د قه‌ت خۆی كردووه به هه‌زه‌لیات؟ قسه‌ش ده‌كات و خه‌ڵكیش پێی پێده‌كه‌نێت، هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د جۆلا و ماهیر حه‌سه‌ن زۆرشت هه‌یه له‌كۆمیدیا مه‌چۆ ده‌ره‌وه یانی پێی ده‌گوترێت كۆمیدیا، كۆمیدیا له تراژیدیا زۆر قورستره و هه‌موو كه‌س ناتوانی ببێته ئه‌كته‌رێكی كۆمیدی، ده‌بێت وریا بیت ئه‌گه‌ر له‌كۆمیدیا ده‌رچیت ده‌بیته ئه‌كته‌رێكی گاڵته‌جاری، به‌ڵام تۆ كه ده‌بینی كه‌سێكی كۆمیدیایت و جه‌ماوه‌رێكی باشت هه‌یه خۆت جوانتر بكه نه‌ك خۆت ناشرین بكه‌یت، كاك ئه‌حمه‌د ره‌وف و عیرفان ئه‌وان كه‌سانی باشن جه‌ماوه‌ری خۆیان هه‌یه، به‌ڵام وه‌كو به‌زمی به‌زم به‌باشی هه‌ڵی ناسه‌نگێنم، شت نه‌كاته ئه‌و ئاسته‌ی ته‌نیا بۆ پاره ئیش بكه‌یت.
سڤیل: ئه‌و بارودۆخه‌ی كوردستان تاچه‌ند كاریگه‌ری هه‌بووه به‌سه‌ر سستی كاره‌كانتان؟
به‌یان مه‌حمود: من هه‌موو كات گوتوومه ئێمه له‌پێش راپه‌رین گهرموگوریمان پێوه دیار بوو، به‌ڵام له‌دوای راپه‌رین حكومه‌ت گرنگی نه‌دا به‌هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌ی خۆیان ویستوویانه كام هونه‌رمه‌ند هاوكاری بكه‌ن بۆیان كردووه ئه‌وه‌شی خۆیان نه‌یانویستووه له‌دوای دواوه جێماوه، من یه‌كێكم له‌و هونه‌رمه‌ندانه له دواوه‌ی دواوه‌م كه ده‌بوایه ئێستا ژنه هونهرمهندهكانمان له‌سه‌ره‌وه‌ی پیاوه‌كاندا نههاتبانهوه خواره‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌دوای دواوه‌ی پیاوهكانین، هیچ حیسابێكیان بۆ نه‌كردووین كه ئێمه ژنین و منداڵمان هه‌یه هاوسه‌رمان هه‌یه خێزانێك كه‌وتۆته سه‌رشانمان ئینجا ئیشمان كردووه، جاری واهه‌یه خه‌ڵك پێمان ده‌ڵێن بۆچی ئه‌وه ناكه‌یت بۆچی ئاوا نابیت واده‌زانن ئێمه هونه‌رمه‌نده جیهانییهكانین! راسته هیچیشمان له‌وان كه‌متر نییه، به‌ڵام ئه‌وان له‌كوی ئێمه له‌كوی له‌رووی سیسته‌م و ناوبانگ و سه‌رمایه، من وه‌كو خۆم زۆر گله‌یم هه‌یه له‌حكومه‌ت كه هیچی بۆ نه‌كردووم.
سڤیل: تۆ له‌هونه‌رمه‌نده غهدرلێكراوهكانی؟
به‌یان مه‌حمود: به‌ڵێ زۆریش، له‌ساڵی 1974 تاوه‌كو ئێستا من هه‌ر كارده‌كه‌م و تائێستا یه‌ك رێز لێنانم پێنه‌به‌خشراوه، خۆناچم به‌زۆری خۆم ده‌ربخه‌م و له‌ده‌رگای ئه‌م و ئه‌و بده‌م، پێویسته حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ كاره‌كانی ئێمه ببینیت و ده‌ستخۆشیمان لێ بكه‌ن و مافمان بده‌نێ، ناكرێ هونه‌مه‌ند ئیلا به ماستاوكردن كاره‌كانی خۆی پێشبخات و خۆی بباته پێشه‌وه، ماستاوچیاتی قه‌ت نه‌مكردووه و نایكه‌م.