شانۆكار فرمێسك مسته‌فا له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتنی له‌كوردستان به په‌له گه‌ڕایه‌وه وڵاتی ئه‌ڵمانیا، له‌وی خه‌ریكی چاره‌سه‌ری و ناوماڵه و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی ژیان به‌سه‌رده‌بات، دوای باشتربوونی ته‌ندروستی (سڤیل) ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مجامدا كه تێیدا هۆكاری نه‌خۆشكه‌وتن و زه‌حمه‌تی كاركردنی هونه‌ری له‌كوردستان و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می بۆ (سڤیل) باس ده‌كات.
سڤیل: سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت له ته‌ندروستیت بپرسین، كه ماوه‌یه‌ك به‌رله‌ئێستا نه‌خۆش بوویت، ئێستا چۆنی؟
فرمێسك مسته‌فا: سوپاستان ده‌كه‌م بۆ بهسهركردوهتان، ئێستا له ژێرچارهسهردام و هه‌موو رۆژێك راهێنانه‌كانی خۆم به‌مشێوه‌یه ده‌كه‌م كه پێویسته، ده‌بێت هه‌ر باش بم، چونكه له‌نێوان ده‌ستی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆر‌دا چاره‌سه‌رم بۆ ده‌كرێت، گه‌رچی هه‌موو سهردانێم بۆ لای راهێنه‌ره‌كه‌م به‌چاوی پڕ له‌فرمێسكه‌وه لێی ده‌پرسم، من باش ده‌بمه‌وه؟ چونكه ده‌نگی خۆم خۆشده‌وێت، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی لای بینه‌رم خۆشه‌ویست و په‌سه‌نده و كاره‌كه‌ی منیش له‌سه‌ر ده‌نگه.
سڤیل: تۆ هۆكاری تووشبوونت به‌م نه‌خۆشییه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
فرمێسك مسته‌فا: بۆماوه‌ی سێ هه‌فته‌یه به وردی پشكنینم بۆ ده‌كرێت، تا هۆكاره‌كه‌ی بدۆزنه‌وه، ئه‌وه‌ی تائێستا كه هه‌یه، بهكتریام وه‌رگرتووه لهسیهكانمدان و له‌بۆری هه‌ناسه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ گه‌روم، له‌وێشه‌وه ده‌می گه‌رو یا قوڕقوڕاگه‌ی پێ ده‌ڵێن ئیلتهابی كردووه، كاریگه‌ری خستۆته سه‌ر ژێی ده‌نگم، فۆنتیكی هه‌ندێ وشه و پیتی تێكداوه و به‌رده‌وام ئازارێكی زۆر له‌گه‌رومدا هه‌یه، كه پێمگوتن من ئه‌كته‌رم دكتۆره‌كه‌م گوتی: كه‌واته سه‌رمایه‌كه‌ت له‌ژێر مه‌ترسیدایه. هۆكاری دووه‌م ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ پشێوی باری ده‌روونی. (گه‌رچی لای ئێمه نابێت كه‌س بڵێت پشێوی ده‌روونیم هه‌یه. ئه‌مه دوو ته‌فسیری بۆ ده‌كه‌ن، شێتی و لاوازی كه‌سایه‌تی، به‌ڵام ده‌بێت حه‌قیقه‌تێك بزانین كه پشێوی ده‌روونی هه‌موو هه‌مانه، هه‌ر وه‌ك ژانهسهرێكه كه له‌كاتی ماندووبوونا دوچارمان ده‌بێت.
سڤیل: له پۆستێكدا له فه‌یسبووكه‌كه‌ت ئه‌وه‌ت نوسیووه "گه‌نده‌ڵی من ته‌نیا ئه‌وه بوو كه له ژووێكدا لێره خزمه‌تم ده‌كردی، كه په‌نجه‌ی تێدا نه‌بوو بۆ هه‌ناسه‌دان". مه‌به‌ستت له‌م پۆسته چییه و ده‌ته‌وێت كێ به‌وه تۆمه‌تبار بكه‌یت؟
فرمێسك مسته‌فا: ژیانی من له‌یه‌ك ژوور دایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و لانه بچووكه‌م زۆر دڵخۆشكه‌ر بێت كه له‌ناو نیشتمانی خۆمدایه، به‌ڵام له‌روویه‌كی تریشیه‌وه زۆر خه‌مباره و هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه. ژینگه‌یه‌كی زۆر ناته‌ندروسته، نه‌ك بۆمن بۆ هه‌ر كه‌سێك كه له‌وێدا بژیت. چونكه پڕه له كه‌روو و ڕتوبه‌ت و مارمێلكه و سیسرك و مێرووله و ئه‌مجاره‌ش جرجی تێچوو بوو، له‌دوای خۆی بۆن و بهكتریاییهكی زۆری جیهێشت بوو و ئه‌و ده‌رمانی پاككردنهوانه هه‌مووی ماده‌ی كیمیایی بوون و له‌وێدا مامه‌وه، هه‌ستم ده‌كرد بۆگه‌نی جرجه‌كه و مادده كیمیاییه‌كان له‌یه‌كیان دابوو. گه‌رووم وشك بوو، هێدی هێدی ده‌ستی كرد بهسوتاندنهوه. پێشئه‌وه‌ش شه‌وان كه هه‌ناسه‌م ده‌دا هه‌ستم ده‌كرد كه سیه‌كانم ماندوو ده‌بن، به‌ڵێ ئه‌و ژووره ته‌نیا یه‌ك ده‌رگای هه‌یه بۆ سه‌ر بالكۆنێك، كه ناتوانم بیكه‌مه‌وه له‌به‌ر حه‌شه‌رات و مارمێلكه، من له‌سه‌ر جێگاكه‌م مارمێلكه له ته‌نیشتمه‌وه ده‌ڕوات. مێرووله سه‌رنشینێكی تری ژووره‌كه‌مه، باسی زۆر كه‌موكوڕی تری ناكه‌م كه هۆكارێك بوون بۆ ده‌نگم وای لێبێت، من توڕه بووم له‌وه‌ی كه رۆژێك ئه‌وه‌م خرایه پاڵ گوایه من گه‌نده‌ڵ بم، ئه‌گه‌ر بیرت بێت زانا گیان سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ كوردستان هه‌ر تۆ چاوپێكه‌وتنێكت له‌گه‌ڵ كردم كه ئه‌وكاته من بێ مووچه وانه‌م ده‌گوته‌وه و له‌به‌شه ناوخۆیی ده‌ژیام، ستونێكم له‌گۆڤاری هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو به‌ناوی (شانۆ ژیانه) . ئه‌وكاته من به‌ده‌ستنوس گۆشه‌كه‌م ده‌نووسی، چونكه ته‌نانه‌ت پاره‌ی لاپتۆپێكیشم نه‌بوو، به‌ڵام وامده‌زانی خاوه‌ن هه‌موو سامانێكی ئه‌م دوونیایهم كه لهكوردستاندام من دڵخۆش بووم كه به‌یانیان به پاسی فه‌رمانبه‌ره‌كان ده‌چوومه زانكۆ. من فێری كۆششكردنم له‌هه‌ره‌تی لاوێتیمه‌وه. نامه‌وێت سكاڵا بكه‌م و له‌هه‌مانكاتیشدا، رۆمانسیانه له‌دۆخی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی خۆم باس بكه‌م. به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م له‌ناو جه‌رگه‌ی كار و نیشتمانه‌كه‌مدا من غه‌درم لێ كرا، زۆر به ناهه‌قانه بوو، كه‌سانێك بوون كه له‌ورده‌كاری ژیانی من ومێژووی من بێ‌ئاگا بوون. ناكرێ ژنێكی شانۆكار كه كۆشش و مێژووی خه‌بات و خزمه‌تی له‌بواری خۆیدا ٣٣ ساڵ بێت، وا بژیت!! كه واش بژیت هێرشی به‌رده‌وامی بكه‌نه سه‌ر. ئه‌مه له‌هیچ وڵاتێكدا نییه. بۆ ئێمه تا ئێستاش له‌قه‌یرانی ئه‌وه‌دا نین كه ئافره‌تمان كه‌مه له‌و بواره‌دا؟ و هه‌رجێ بێت دوای چه‌ند ساڵێك هه‌ڵدێت. ئه‌ی باشه ئه‌وانه‌ی كه ده‌مێننه‌وه و كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ناتوانن هیچ نه‌بێت ڕێز له ماندووبوونه‌كه‌ی بگرن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر بۆ من وابێت، ده‌ی با بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی تریش وابێت كه هونه‌رمه‌ندن و گه‌ڕاونه‌ته‌وه و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت كراون و ژیانی شیاو به خۆیان دراوه‌تێ كه هه‌ندێكیان له به‌شه‌كانی تری كوردستانه‌وه بوون. له‌هه‌موو دونیا توێژی هونه‌رمه‌دانی بهئهمزموون ئیدی هه‌ندێ قۆناخ هه‌یه ده‌بێت بیپهڕێنن نه‌ك هه‌ر وه‌ك سه‌ره‌تای هاتنه‌ناو دونیای هونه‌ره‌وه بژین. به‌هه‌مانشێوه نوسه‌ر و وه‌رزشه‌وان. ئه‌وانه‌یش ده‌بێت ژیانیان جیاواز بێت. من ئه‌مه ناڵێم تا وای تێبه‌گه‌ن من داوای زه‌وی و خانوو ده‌كه‌م، من له ئه‌ڵمانیا گه‌ڕاومه‌ته‌وه لهوڵاتێكام ژیانم به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه پارێزراوه، كه خزمهتیشیانم نه‌كردوه و كچی ئه‌م وڵاته‌یش نه‌بووم، به‌ڵام باوه‌شی نیشتمانم زۆر به ئازار بوو.
سڤیل: كه نه‌خۆشییه‌كه‌ت چاره‌سه‌ر بوو دووباره بۆ به‌هه‌مان پیشه ده‌گه‌ڕێیته‌وه كوردستان و له‌هه‌مان ژوور، یان ده‌ستبه‌رداری پیشه‌كه‌ت ده‌بیت؟
فرمێسك مسته‌فا: ڕه‌نگه ستراتیجی كاره‌كه‌م بگۆڕم و به جۆرێكی تر من ده‌ست به‌كاركردن بكه‌م. به‌ڵام ده‌ست له‌شانۆ و كوردستان و بینه‌ر و قوتابییه‌كانم هه‌ڵناگرم، ده‌ست لهمیللهتێك هه‌ڵناگرم كه له‌ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیمه‌وه هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌م به‌رامبه‌ریان، ئه‌وه تاكه شتێكه مساوه‌مه‌ی تێدا ناكه‌م گه‌ر ژیانی خۆمی له‌پێناوا دابنێم، من خۆشم ده‌وێن و ئامانجم كاركردنه بۆ ئه‌وان، ئیدی ئه‌مه شه‌ڕێكه كه ده‌بێت به‌رده‌وم بم تا دوا ساته‌كانی ژیانم، من كه بوومه قوتابی شانۆ له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان، باوكم سه‌ره‌تا نه‌یده‌هێشت بچمه ناو ئه‌و بواره‌وه، ده‌یوست بمپارێزێ، چونكه خۆی ئه‌زموونی هه‌بوو له‌و ژینگه‌یه‌دا و پێی ده‌گوتم شێتت ده‌كه‌ن، ئه‌و ناوه‌نده خراپه و ئازارت ده‌ده‌ن، به‌ڵام من به قسه‌م نه‌كرد و ئه‌و ڕێگایه‌م گرت كه ده‌مویست، دواجار كه وه‌رگیرام باوكم گوتی: ئیتر تۆ ئه‌فسه‌رێكی له‌ناو جه‌نگدایت و ده‌بێت هه‌میشه خۆت پڕ چه‌ك و مه‌شقكردن بكه‌یت، تائامادهیی ته‌واوت هه‌بێت، باوكم راستی كرد. من تائێستا ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌م و تائێستا كه ده‌كاته ٣٢ ساڵی ته‌مه‌ن له‌كاركردن له‌و بواره‌دا، ده‌جه‌نگم و بریندار ده‌بم و خۆم تیمار ده‌كه‌مه‌وه و دێمه‌وه مه‌یدان. ئه‌مه ئاسان نییه، به‌نووسین ره‌نگه ئاسان بێت، به‌ڵام لهپراكسیسدا كارێكی قورسه و كه‌م كه‌س ده‌توانێت به‌رگه‌ی ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و جه‌نگه بگرێ ٣٢ ساڵ، به‌تایبه‌ت ئافره‌تیش بیت!.
سڤیل: بۆچی شانۆكاران له‌م بارودۆخه‌ی كوردستان نه‌یانتوانی شانۆگه‌ریه‌ك ئاماده بكه‌ن، ئه‌وه‌ی بینیمان ته‌نیا سروود و گۆرانی بوو، ئایا شانۆ ناتوانی كاریگه‌ری بارودۆخێكی ئاوای هه‌بێت ته‌نیا گۆرانی نه‌بێت؟
فرمێسك مسته‌فا: پێش ئه‌م بارودۆخه‌یش شانۆ تاراده‌یه‌ك له دۆخێكی متبووندا بوو. كاریگه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌یش هێنده‌ی تر ئه‌و متبونهی ئه‌كتیڤ كرد، گۆرانیگوتن هونه‌رێكی راسته‌وخۆیه ده‌گاته گوێبیستی خۆی به‌هۆی ئاكاری تیڤی و ئامێری رادیۆوه، هه‌روه‌ها گۆرانی هه‌میشه به‌رهه‌می زۆرتر بووه له‌شانۆ، چونكه به‌رهه‌مهێنانی گۆرانی تاراده‌یه‌ك ئاسانتر دێته ده‌سته‌وه و به‌رهه‌مده‌هێنرێت، گۆرانیبێژ پێویستی به‌تێكست و ئاوازدانهرێكه و ئیدی ئاوازدارهنهرهكه ئه‌ركه گه‌وره‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی، وه‌ك دابه‌شكردنی موزیك و كۆكردنه‌وه‌ی موزیكژه‌ن و سه‌رپه‌رشتیار و راوێژكهری گۆرانیبێژه‌كه له‌كاتێكدا گۆرانێبێژێك سیدییه‌كی گۆرانی به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌جارێك كۆمه‌ڵێك گۆرانی تێدایه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ شانۆكار ناگونجێت شانۆكار له‌ساڵێكدا گه‌ر به‌رده‌وام كاری هه‌بێت، ده‌توانێت كارێكی شانۆ به‌شدار بێت یان درامایه‌ك. چونكه ئه‌گه‌ر بوو به‌چه‌ند كارێك، ئه‌وا دووباره ده‌بێته‌وه و هیچ وزه‌یه‌كی ئیبداعی پێ نامێێت. ئه‌مه بۆ من وایه، ره‌نگه لای ئه‌كته‌ر و شانۆكارێك تر جیاواز بێت.
سڤیل: ئێستای شانۆ و درامای كوردی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
فرمێسك مسته‌فا: ئێمه نه‌بووینه‌ته ئێزدی، ئه‌مه تێنه‌گه‌یشتنێكی عه‌مدی بوو ئه‌و كه‌مپینه هاوسۆزی بوو بۆ به‌شێكی گرنگ له ئێمه كه جینۆساید كرا، ئێستا ده‌بینن چ غه‌درێكی گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر كراوه، ئه‌وانه كوردن كاره‌ساتێكی وه‌ك شه‌نگال چی كه‌مته‌ر له هه‌ڵه‌به‌جه و ئه‌نفال؟ كاتێك ئه‌مه‌ریكا وای له ڤیتنام كرد، هه‌موو جیهان گوتیان ئێمه ڤیتنامین من حه‌ز ده‌كه‌م یه‌ك شت ده‌رباره‌ی ئه‌و كهمپینهت پێ بڵێم كه ره‌نگه چه‌ند كه‌سێكی ده‌وور و پشتی خۆم به‌مه بزانن. كاتێ ئه‌و كه‌مپینه من له‌دهۆك بووم له‌كه‌مپی به‌دلیسی له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانم له‌وێ له‌ناوجه‌رگه‌ی مه‌ینه‌تی و بێكه‌سی و ماڵوێرانی ئیزیدییهكاندا بووین له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانیاندا ده‌ژیان. كه شه‌و ده‌گه‌ڕاینه‌وه هۆتێل فێنكاییمان ئه‌دی ئه‌وكاته هه‌ستمان به هه‌ناسه‌دان ده‌كرد و ئازاری ئه‌وانیش نامه‌یه‌كم بۆهات كه به‌شداریكردن بوو له كه‌مپینێكدا، لهژنێكی هاوڕێمه‌وه چه‌ند هه‌وڵمدا بۆم نه‌كرایه‌وه، خه‌ت زۆر خاو بوو پێم وت ئه‌مه چییه گوتی ده‌مانه‌وێت پاڵپشتی ئیزیدییه‌كان بكه‌ین بێ یه‌ك و دوو گوتم ناوم بنوسه بێئه‌وه‌ی بزانم ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چییه. تا چوومه به‌رنامه‌كه‌ی هیوا جه‌مال له رووداو ئینجا من زانینم ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كه‌مپینه ئه‌وه بوو. ئه‌مه یه‌ك.. . له‌و به‌رنامه‌یه‌شدا من تا كامێرا داگیرسا وایان تیگهیاندبووم كه بانگێش كراوم بۆ باس كردن له‌چالاكی و كاره‌كانم له‌و ماوه‌یه‌دا كه ڕاپڕهند بوو هاوكاره‌كانی ئه‌وێشم شاهیدی ئه‌وه‌ن، چونكه رووداو كامێرا و په‌یامنێری خۆی نارد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ده‌نا گه‌ر بمزانیبایه باسی ئه‌و بابه‌ته‌یه بێگومان نه‌ده‌چوومه به‌رنامه‌كه‌وه، چونكه سیاسه‌تی من جیایه و بیروباوه‌ر و په‌یامی من، ته‌نیا یه‌ك مینبه‌ره كه شانۆیه. له‌وێ من هه‌موو ئه‌مانه پێكه‌وه موماره‌سه ده‌كه‌م، ئیدی پێویست ناكات خۆم له‌بابه‌تێك هه‌ڵقورتێنم كه هی من نه‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌وێ روویدا ریاكتسیونی میواندارییه‌كی خراپ و بانگێشه وچۆنیه‌تی پرسیاره‌كان بوو، به‌هه‌رحاڵ به‌سه‌رچوو، ماڵی ئه‌وانه‌ش ئاواده‌ن بێت كه كردیانه هه‌ڵا.
سڤیل: له ئه‌ڵمانیا به‌چی سه‌رقاڵی؟
فرمێسك مسته‌فا: له‌وه‌ته‌ی گه‌راومه‌ته‌وه بۆ كوردستان من له ئه‌ڵمانیا هیچ كارم نییه، چونكه ته‌نیا دێمه‌وه بۆ سه‌ردانی خێزانه‌كه‌م و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، هێنده‌ش تێنوی ماڵم، له‌كوردستان چونكه بێ ماڵم و نازانم ماڵ یانی چی؟ خه‌ڵكی چۆن له‌ماڵدا ده‌ژین؟ له‌به‌رئه‌وه تامه‌زرۆی ماڵه‌كه‌مم له‌ماڵه‌كه‌مدا هه‌موو ئه‌و كارانه ده‌كه‌م كه كوڕه‌كانم پێویستیان بووه، واته كابانم و كاته‌كانم بۆ ئه‌وانه و چێژێكی زۆری لێ ده‌بینم، بێ له‌وه گه‌ر كاری باشی شانۆیی هه‌بێت ده‌چم بۆ بینینی. كاتم بۆ نوسین و خوێندنه‌وه زیاتره، بێ له‌وه‌ش دارستانه‌كه‌ی هاوڕێم هه‌موو ئێوارانێك به‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه، چونكه ناو سروشتم زۆر حه‌ز لێیه. له‌وێ پاكژ ده‌بیته‌وه و ده‌روون ئارامتر ده‌بێت. هه‌ندێ كاتیش په‌یوه‌ندی ده‌كه‌مه‌وه بهژنهكانی هاوڕێم كه له‌گه‌ڵیاندا كاری خۆبه‌خشم ده‌كرد له‌ده‌زگای یه‌كسانی له‌شاره‌وانی ئه‌م شاره‌ی لێی ده‌ژیم، له‌وێ زانیاری تازه هه‌میشه هه‌یه بۆ بیستن و هه‌میشه‌ش میتودی تازه‌یان لاهه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی ئێستایان و شیوازی كاریان.
سڤیل: به‌رهه‌می هاوسه‌رگیری تۆ چییه؟ چه‌ند منداڵت هه‌یه؟
فرمێسك مسته‌فا: به‌رهه‌می هاوسه‌رگیری من سێ كوِری زۆر میهره‌بان و كوردستان دۆستن. كورهكانم (داستان، دێكان و ده‌ریان) ئه‌وانه هه‌موو زهحمهتییهكیان دی بۆمن. چونكه له‌ته‌مه‌نێكی بچو‌وكدا بوون بێ دایكبوون من گه‌ڕامه‌وه بۆ كوردستان، به‌ڵام به‌رگه‌یان گرت به‌ناچاری تاتێگهیشتن، ئێستا ده‌ڵێن ئه‌وه وڵاتێكه شایه‌نی خزمه‌ته و ئێمه‌ش دێینه‌وه له‌كاتی گونجاو‌دا، زۆركات دێكان دێت ماچم ده‌كات ده‌ڵێت سوپاس كه له‌و وڵاته جوانه‌وه هاتوویت. من بیری ده‌كه‌م، ئه‌مه شادی‌م پێ ده‌به‌خشێت. كاتێك داستان دیواری ژوره‌كه‌ی سه‌رتاپا ئاڵای كوردستانه شانازی پێوه ده‌كه‌م. به‌رۆژ دێت هه‌موو هه‌واڵێكی ئه‌وێم پێ ده‌ڵێت هێنده موتابه‌عه‌ی كوردستان و دۆخی سیاسی ئه‌وێ ده‌كات، خۆی به‌ته‌نیا ده‌گه‌ڕێت به‌ناو مێژووی كوردستاندا و زۆر ده‌خوێنێته‌وه، مامۆستاكه‌ی ده‌ریان پێم ده‌ڵێت، به‌یانیان ده‌ریان ئه‌مباته به‌ر په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌كه و ده‌ڵێت: ئه‌م به‌یانییه ئاسمان له‌كوردستان ده‌كات. هه‌ست ده‌كه‌م كارێكی زۆر باشم كردووه، له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تییه‌كانی، چونكه جگه‌رگۆشه‌كانم، ڕه‌گی خۆیان ده‌ناسن. هاوسه‌ره‌كه‌م باوكێكی زۆر به‌خشنده‌یه بۆ كوڕه‌كانی. توانی هێز و توانا بداته كوڕه‌كانم له‌كاتێكدا من له‌وێ نیم، بێگومان كاری ئه‌و له‌هی هه‌موومان سه‌ختره، چونكه بێ له‌وه‌ی باوكه رۆڵی دایكهیش ده‌بینێت بۆ كوڕه‌كانم و له‌هه‌مانكاتیشدا كار ده‌كات، ئه‌مه بۆ خۆی جێگای ته‌قدیرێكی زۆر گه‌وره‌یه. ئه‌مه هه‌روا به باسكردن ئاسانه، به‌ڵام بێگومان سه‌ختی و گرفتی زۆرم دی تا قۆناخهكانم بڕی و لای هه‌موومان ئه‌هۆنتر بۆیه‌وه. سه‌ردانی منیش بۆ ئه‌ڵمانیا ته‌نیا بۆ ئه‌وانه. ده‌نا ئه‌و ماوه‌ی پشووه بیری كوردستان زیاتر ده‌كه‌م.
