دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق … عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.

وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.

ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.

هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.

هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.

لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی "گەورەترین بلۆک"، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە "چوارچێوەی هەماهەنگی"، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.

ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.

بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.

لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و  تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.

هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.

لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.

هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.

بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.

بابەتی زیاتری نووسەر