مێژووی شا و ئێران لە نێوان دوو کتێبدا ... ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کەلە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، سەنگ و گرینگی خۆی هەیە. بۆ ئێمەی کوردیش، زۆر گرینگە لە نزیکەوە ئاگاداریی مێژووی ئەم وڵاتە دێرینە بین. سەردەمی فەرمانڕەوایەتی شا لە ئێراندا، بەیەکێک لە قۆناغە گرینگ و پڕ بایەخەکانی ئەم وڵاتە دێتە ژماردن. " حەمە ڕەزا شا" پاش ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان ئێرانیان داگیرکرد، لە جیاتی باوکی خرایە سەر تەختی فەرمانڕەوایەتی. هەتاوەکو ساڵی 1978شا و حاکمی موتڵەقی ئێران بوو. لەم ماوەیەدا دوو کتێبی گرینگ لەبارەی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی شا بە کوردی چاپکراون، تێیدا زانیاری زۆر لە ڕووی ( مێژوو، سیاسەت، ئابووری) وڵاتی ئێرانیان تێدا نووسراوە. یەکێکیان کتێبێکە لەلایەن " شا بانو، واتە ژنەکەی شا" ەوە، نووسراوە، بەناوی ( نهێنییەکانی شا و فەرەح ) ئەم کتێبە لە نووسینی " فەرەح پەهلەوی، شابانوو"، لەلایەن " مەجید مارابی " کراوەتە کوردی. کتێبەکەی تریش بەناوی ( مەتەڵۆکەی هۆیدا) لە نووسینی " عەباسی میلانی" لەلایەن " عەبدوڵای حەسەن زادە" کراوەتە کوردی . لەلایەن خانەی وەرگێرانی سلێمانی، چاپکراوە. دیارە " ئەمیر عەباسی هوەیدا" ماوەی سیانزە ساڵی ڕێک، سەرۆک وەزیرانی ئێران بوو. ئەم پیاوە یەکێکە لە پیاوە سیاسیی و ناودارەکانی ئێران، کە جێگا پەنچەیان بە سەر ئەو قۆناغە گرینگەدا دیارە. جێگای ئاماژەیە ئەم دوو کتێبە هەردووکیان تەواوکەری یەکترین. چۆن ؟. لەرێگای کتێبەکەی " شا و فەرەح' کە نووسەری کتێبەکە کەسێکی نزیکی شای ئێرانە، " ژنەکەی"، لەبەرئەوە زۆر شتی وورد ژیانی شا هەیە، خوێنەر ئاگاداری دەبێت. لەم کتێبەدا ئێمە زیاتر "شا" ی ئێران وەکو مرۆڤێکی ئاسایی دەناسین. واتە دوورە لەو ناوە گەورە و دیوارە گەورەییەی دەسەڵات، کە بە شێوەیەکی تەواوەتی "شا" لەلایەک بووە، گەلیش لە لاکەی تر. کەس نەیوێراوە تەنانەت هەر سەیری " کۆشكە مەزن و جوانەکانیشی " بکات. یەکێک لەو سیما باشانەی ئەم کتێبە ئەوەیە، کە " شابانوو" زۆر بە ئازایانە و بێ پێچ و پەنا، باس لە ووردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی خۆیی و شا دەکات. من ئەمە یەکەمجارمبوو، نووسەرێک بەتایبەتی " ژن" ی رۆژهەڵاتی ئاوا ببینم، هیچ ترسی لە قسەی خەڵكی و کاردانەوەی لەناو کۆمەڵ و عادات و تەقالید نەگرێت. ئەم ئازایەتییەی " شا بانوو" جێگای دەستخۆشییە. بۆ نموونە " شا بانوو" ئیعتراف دەکات، کە پێش ئەوەی " شا " بناسێت، کورێکی برادەری فەرەنسی هەبووە. زۆر تێکەڵیش بوون و شەوانمیش لای ماوەتەوە. یان زۆر بە ئازایانە دان بەوەدا دەنێت، پێش ئەوەی شوو بە " شا" بکات، لەناو ڕێکخراوی " گەنجان و خوێندکارانی" حیزبی " تودە" دا کاریکردووە. هەروەها زۆر عاشقی وڵاتی رووسیا و فەرەنسا بووە. یان بەوپەڕی بوێرییەوە باس لەوە دەکات " دایکی" لەبەر بژێویی ژیانی "سیخە، شووکردنی وەختی" لەگەڵ پیاوێکی بازرگانی ئازەری کردووە. ئەو پیاوەش کاتێک ئەم منداڵ بووە " دەستی بۆ بردووە" . بەڵام لەهەموو گرینگ تر، ئەو نهێنیانەیە کە باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی بنەماڵەی " شا " دەکات. بۆ نموونە دایکی "شا"، لەبەر جێژی سێکسی خۆی، لەگەڵ " کرێکارێکی ئاسایی" ڕایبواردووە. " شا" ش ئاگاداربووە، بەڵام هیچ قسەی نەکردووە، بەڵكە زۆر ئاسایی بووە لای. یان باس لە خوشکەکەی " شا" دەکات، لەبەر " جێژی سێکسی" سێ جار لە فەرەنسا ( پەردەی کچێنی) دروستکردووە، چونکە بە قەولی خۆی، ئەمە زیاتر جێژی پێدەبەخشێت. یان چۆن خوشکەکەی "شا"، کچ و ژنی بۆ براکەی هێناوە. یان زۆر بە ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات، چۆن مەلیک حسێن و سەرۆکی دیکتاتۆری فلیپین " مارکوس"، ئامۆژگاری شایان کردووە، ( بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وەزیر و جەنەڕاڵە گەورەکان بکات، دەبێت لەگەڵ ژن و کچەکانیان بخەوێت) . شاش ئەم ئامۆژگاریەی ئەوانی جێبەجێکردووە. یان باس لەوە دەکات کە مەلیک حسێن کە دۆستێکی نزیکی شا بووە، بە شای گووتوە: ( قورئان هیچ وەحی خودا نییە، بەڵکە دروستکراوی مێشکی موحەمەد خۆیەتی) . یان دەڵێت: ( من وەکو مارکس پێم وابوو، کە ئایین تلیاکی گەلانە" . یان دەڵێت : ( شا، مەلاکانی بە کەسانی کۆنەپەرستی ڕەش و سیخوری بەریتانیا" داناوە. هەروەها زۆر ڕقی لە عەرەب و کلتووری ئیسلامی بووە، شا گوتویەتی " عەرەبەکان وڵاتی ئێمەیان داگیرکرد و تاڵانیان کردین، بۆ دەبێت ئێمە ئاینی ئەو وەحشیانە بکەیەن ئاینی خۆمان ". دیارە ئەم ژنە باس لە زۆر شتی تر دەکات کە لێرەدا زۆر جێگەی نییە باسی هەمووی بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە خوێنەر هەست بە خۆشی دەکات، کاتێک چیرۆک و حکایەتەکانی کۆشکی شا دەگرێتەوە. یان باسی سەفەرەکانی خۆی دەکات، بۆ نموونە باس لەوە دەکات لە یەکێک لەسەفەرەکانی بۆ وڵاتی هیندستان، باسی ئاینێکی هیندیان بۆ کردووە، کە زیاتر وەکو " سێکت،  گرووپی بچووک " وابوون، ئاینەکەیان " ئەندامی نێرینەی پیاو" دەپەرستن. هەروەها باس لە ژیان و بۆچوونی شا و سەرۆکەکانی جیهانیش دەکات، ئەوانەی کە ئەو بینوونی . یەکێک لەو شتە خۆشانەی کە من زۆر بەدڵم بوو، باسی ئەو جەژنی 2500 ساڵەی شا دەکات، کە جەژنێکی زۆر گەورە بووە، تێیدا چەندین مەلیک و سەرۆکی وڵاتان بەشداربوون تێیدا. زۆربەی مەلیک و سەرۆکەکانی ئەو وڵاتانە، لەکاتی بەجێهێشتنی ئەو خەیمانەی بۆیان داناون، دەستیانکردووە بە دزینی ئەو قاپ و قاچاخە ئاڵتوونیانەی کە لە خەیمەکانیاندا بووە. دیارە کتێبی دووەم بەشێوەیەکی تر نووسراوە، زیاتر دەچێتە قاڵبی کتێبێکی مێژوویی، کە بە زمانێکی ئەکادیمیانە نووسراوە. ئێمە لە ڕێگای " مەتۆڵەکەی هویدا" وە، " شا" وەکو فەرمانڕەوایەکی دیکتاتۆر و ملهوو دەبینین. زیاتر لە " دەسەڵات" ی شا نزیک دەبیننەوە. ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی کە هەژموونی خۆی نەک بەسەر ئێران بەڵكە بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناڤیندا سەپاندبوو. لەلایەکی ترەوە ئاگاداری سیاسەت و بریارە سیاسیەکانی ئەو قۆناغە دەبین . بۆ نموونە لەم کتێبەدا نووسەر باسی ئەوە دەکات، مەسەلەی " شۆرشی سپی" کەلە شەستەکاندا شا کردی، لەلایەن کۆمەڵێک دەزگای ئەکادیمی ئەمریکییەوە دانراوە. یان باس لەکۆمەڵێک دۆکۆمێنت و بەڵگەی گرینگ دەکات، بەتایبەتی ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا " سیا" . لەیەکێک لەم بەڵگانەدا هاتووە، باس لە ڕاپۆرتێکی " سیا" دەکات، کە لە ساڵی 1977 دا نووسراوە، تێیدا هاتووە : ( دەوری چل بنەماڵە لەڕادەی سەرتاسەری و 150 تا 200 بنەماڵە لە پلەی ناوەنجیدا، هەموو جومگەکانی ژیانی ئێرانیان لە دەستە . ) . دیارە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی گرینگی " سیا" ی تێدایە، کە زۆر بە ووردی باسی ئێران دەکات. بەپێی بۆچوونی نووسەر بێت، شۆرش بۆیە لە ئێراندا سەریهەڵدا و ڕژێمی شا ڕووخا چونکە : شا ڕیفۆرمی ئابووری پێش ڕیفۆرمی سیاسی خستووە. ئەو هیچ وەختێک نەیویستووە واز لە دەسەڵاتە زۆرەکەی خۆی بهێنێت، هەروەها ئامادەش نەبووە کە ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینانە لە ئێراندا دروست بێت. لە لەلایەکی تریشەوە هەڵەیەکی گەورەی چەپ و لیبڕاڵەکان باس دەکات لەگەڵ ئیسلامییەکاندا. لەو کاتەدا بەهیچ شێوەیەک چەپ و لیبڕاڵییەکان ئامادەنەبوون لەگەڵ " شا" ڕێکبکەون، بەڵکە چوون لەگەڵ خومەینی ڕێککەوتن کە باوەڕی بە ئازادی و مافی ژنان و ئازادییە تاکەکسییەکان و دیموکراسی نەبوو، بەڵکە خومەینی دەیویست کۆمارێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت. لێرەدا هەڵەی لایەنە سیاسییەکانی ئێران بەتایبەتی " چەپەکان" زۆر بە جوانی دەردەخات، چۆن خومەینی توانی ئەمانە هەموویان بکاتە پردێک بۆ مەرامەکانی خۆی . لەلایەکی تریشەوە باس لە تیرۆری ئیسلامی لە ئێران دەکات، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە . بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی 1949 تاوەکو 1953 گرووپی تیرۆریستی' فیدائی ئیسلام" لەم ماوەیدا ( دوو سەرۆک وەزیر و وەزیرێکی فەرهەنگیان کوشت وهێرشیانکردە سەر شا و وەزیری کاروباری دەرەوە). جێگای گووتنە پاش شۆرش ئاشکرا بوو، کە ڕابەری ئەم گرووپە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئێڕان " رەفسنجانی" ەوە بووە. لەلایەکی ترەوە باس لە ڕۆڵی ئوروپاییەکان بەتایبەتی ئینگلیزەکان لە یارمەتیدانی خومەینی دەکات . بۆ نموونە لە ساڵی 1964 هێشتا " خومەینی" لە ئێرانو جیهاندا نەناسراوبوو، کەچی ڕادیۆی " بی بی سی" بەریتانی، خومەینی بە " ڕابەری هەموو شیعەکانی جیهان !" وەسف دەکات. خاڵێکی گرینگی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، باس لە خیلافاتی ئینگلیزی و ئەمریکی لەسەر ئێران دەکات، بۆ نموونە هیچ وەختێک ئینگلیزەکان ئامادەنەبوون، ئەو ڕۆڵە گەورەیە بددەنە ئێران لەناوچەکەدا. بەڵام ئەمریکیەکان خۆیان ڕۆڵی ئێرانیان لەناوچەکەدا زیاد کردوو، کردیانە" ژەندارم"ی ناوچەکە. دیارە ئەم کتێبە لە ڕووی سیاسیی و ئاماریی ومێژووییەوە، زانیاری زۆر گرینگی لەمەڕ ئێران تێدایە، کەلێرەدا جێگا نییە باسی لێوەبکەین. لێ بەگشتی کردنی ئەم کتێبانە بە کوردی، سوودێکی گەورە بە خوێنەری کوردی دەگەیەنێت .

 

سەرچاوە:

عەباسی میلانی . مەتەڵۆکەی هووەیدا. وەرگێرانی لە فارسیەوە : عەبدوڵا حەسەن زادە. چاپی یەکەم . خانەی وەرگێڕان. سلێمانی . 2012 .

فەرەح پەهلەوەی . نهێنییەکانی شا و فەرەح . وەرگێرانی لە فارسیەوە : مەجید مارابی . چاپی دووەم . لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما. سلێمانی . 2012.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.