پیاوانی دەوڵەتن . . یا پیاوانی دەسەڵاتن...؟! گۆڕینی : رەزا رەزا شوان

لە راستییەکانی رۆژانەوە دەستپێدەکەین و، دەپرسین : ئایا ئێمە لە سایەی دەوڵەتێکدا دەژین . . ؟! ئایا پیاوانی دەوڵەتمان هەن . . ؟! چونکە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان، دەسەڵاتپەروەران و بنیاتنەرانی دەوڵەتدا . . دەسەڵات کەسانن و، دەوڵەتیش پرۆژەیە، دەوڵەت یاسا و دەستوور و دامەزراوە و نەریتە، کە دەستووری بڕیاردراو جێبەجێ دەکات . . بەڵام دەسەڵاتپەرستان شەیدای وەرگرتنی دەسەڵاتن، ئەوانەن کە دوای سامان و گیرفان پڕکردن و خوبزەزیادکرن کەوتوون . . بەڵام دەوڵەت لە لایەن کەسانی نیشتمانپەروەرەوەری شارەزاوە دادەمەزرێت . . کە هەست و هزر و هۆشیان دەیان بزوێنێت و، و دڵسۆزی و ئینتیمابوون بۆ نیشتمانیان ئاراستەیان دەکات، نەک خرۆشی هەوەسبازی و ئارەزووەکانیان .

لە ئەمڕۆدا رووبارێکی خوێنی عێراقییەکان بە ناڕەوا دەڕژێت، لە ئەنجامی بەردەوامیی ناکۆکی و، ئەو ململانێ و مشتومڕانەی کە لە نێوان سیاسەتمەداراندا هەیە، کە لە پێناوی وەرگرتنی دەسەڵات و پایەدا بەرپا بووە، نەک لە پێناوی بنیاتنانی دەوڵەتدا .

کەواتە بەر لە هەموو شتێک، پێویستە کۆڵەکەکانی ئەم دەوڵەتە هەبێت . . ئەم سێ پێویستە بنەماییانەن، کە دەبێت هەبێت :

یەکەم / سەرکردایەتییەکی دانا

دووەم / ئابوورییەکی بەهێز

سێیەم / راگەیاندنێکی کاریگەر

لێرەدا مەبەستمان لە سەرکردایەتییەکی باش، سەرکردایەتییەکی نیشتمانپەروەری دانا و خۆشەویستە بەلای گەلەوە . . سەرکردایەتییەک کە بتوانێت سەقامگیری و شکۆداری بپارێزێت . . پێویستییەکان و داخوازییەکانی گەلەکەی دابین بکات .

بە بوونی ئابوورییەکی بەهێزیش ( ئەگەر نەشبێت، ئەرکی سەرکردایەتییە، کە لە پێناوی وەدەستهێنانی بنەماکانی ئابوورییەکی بەهێزدا، کاربکات، بۆ نموونە، وەکو هاندان و یارمەتیدانی کەرتی : کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار . . )

سەرکردایەتییەکی دانا، خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات، زانایان هاندەدات و یارمەتیی گەشەکردنی زانیاری دەدات، سۆپا چەکدار دەکات و مەشقیان پێدەکات، بۆ پاراستنی وڵات لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکیدا، نەک بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەی، پۆلیسی ناوخۆش رادەهێنێت و ئامادەی دەکات بۆ پاراستنی ناوخۆ لە گێرەتێکدەر و خراپەکاران و، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان . . دەزگایەکی ئاسایی بەهێزیش هاوکارییان بکات .

ئەنجامێکی تری بوونی ئابوورییەکی بەهێز، دەتوانرێت میدیا و راگەیاندنێکی بەهێز دابمەزرێت . . کە بتوانێت رۆشنبیریی گشتی بڵاوبکاتەوە، هەستی جەماوەر ببزوێنێت .

کاتێ کە کۆمەڵگایەکی شارستانیی وریا و تێگەیشتوو دروست دەبێت . . ئەوە بزانێت کە مافەکان و ئەرکەکانی چین . . ئەوسا ئامادەیە کە پارێزگاریی لە پیرۆزییەکانی بکات .

کەواتە گرنگترین فاکتەر، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز، کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت . . بوونی سەرکردایەتییەکی دانا و هۆشمەندە . . کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی لەبەرچاو بگرێت و، داکۆکی لە مافەکانی بکات، سنوورەکانی بپارێزێت، پارێزگاری لە خاک و سەروەری و، لە پیرۆزییەکانی بکات .

بەڵام ئەو راستییانەی لەسەر زەویدا، بە پێچەوانەی نووسینەکانمانەوەن . . بەرتیل و دەمچەورکردن باوە، فڕوفێڵ و تەزویر و قۆڵبڕین هەیە، رۆژ رۆژی تایفەگەری و لایەن سیاسییە . . دەوڵەت و وەزارەتەکان، لەسەر بنەمای تایفی و، نەتەوەیی دابەش دەکرێن، وەزارەتەکانی سونییەکان، وەزارەتەکانی شیعەکان، وەزارەتەکانی کوردەکان . . کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا زۆر کەمە . . ئەمانە و جگە لە گەندەڵییەکانی ئیداری و ئابووری و، دزی و فیزی و لێدان، جگە لە چەندین دیاردە زەقی تری گەندەڵی، کە بوونەتە دیاردەیەک لە دەوڵەتی عێراقدا . . جگە لە حوکمڕانیی و دەسەڵاتی بنەماڵە و، کوڕ جێگری باوکی و، قورخکردن و دەستبەسەراگرتنی سەرچاوە گرنگەکانی ئابووری و، دەستکەوتەکانی نەوت، لە لایەن خزامان و، نێزگبووەکان و، هاوبەشەکانی دەسەڵاتدارانەوە .

ئەمڕۆ عێراق بە گەندەڵترین وڵاتی جیهان ناودەبرێت . . عێراق دەوڵەمەنترین وڵاتە لە جیهاندا، کەچی لە ئەمڕۆدا گەلی عێراق هەژارترین ژیانیان هەیە . . ئەو هەموو پارە و سامانەی عێراق چییان لێدێت . . ؟! دەچێتە گیرفانەکانی کێ و چ لایەن و حیزبێکەوە . . ؟! ئەی کوا لێژنەی پاکسازی و بە دواداچوونی گەندەڵی . . ؟! تۆ بڵێی ليژنەکەش تووشی ئەم پەتا پیسە نەبووبێت . . ؟! ئەی بۆ لە هیچ لایەن و بەرپرسێکی دەسەڵات ناپێچنەوە، کە چون لە هیچەوە و، لە پڕێکدا دەوڵەمەندبوونە و، شەق لە پارە دەدەن . . ؟! بۆ لێیان ناپرسنەوە کە : ئەمەت لە کوێوە هانی . . ؟! . تا ئستا لیژنەی نەزاهە، چەند بەرپرس و چەن دەسەڵاتداری دزی گەندەڵییان داوەتە دادگا و سزا دراون . . ؟! ئەگەر کردوویان بۆ دەترسن و، بۆ راشکاوانە ئاشکرای ناکەن . . ؟! بەپێی چاودێری کردن و راپۆرتەکانی مەڵبەندە پەیوندارەکانی جیهانی . . عێراق لە هەموو روویەکەوە دواکەوتووە . . تەنها لە گەندەڵی و، لە تیرۆرکردن و، لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی خزمەتگوزاریدا، پێشکەوتووە .

لە سایەی ئەو راستییانەی کە باسمان کرد، باری ئابووری لە وڵاتێکدا، کە فاکتەر و کۆڵەکەکانی دەوڵەتی سەردەمییانەی تێدا نەبێت . . چۆن گەشە دەکات . . ؟! بێگومان هەر وا دەمێنێتەوە . . دەشێت لەمەش خراپتری بەسەربێت . . یا کورد وتەنی : " تا رەجەب سەرپاڵە بێت . . حاڵی عێراق خراپتر دەبێت باشتر نابێت . . " چونکە هێچ تروسکەیەک بەدی ناکرێت بۆ بنیاتنی ئەم دەوڵەتە . . هەروەها سەرکردایەتییەکی داناشمان نییە . . ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی کۆڵەکەکانی سەرکردایەتی کردن و بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتە . . ئەمەیە وامان لێدەکات،  کە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەردەمییانەی تازەدا، بەشداری بکەین . . لە میانەی بە گەرمی و بەشداری کردنمان، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی گوڵانی ( ٢٠١٤) دا . . سا بەڵکو بتوانین نیشتمانێکی باشتر بنیات بنێین و، حکوومەتێکی باشس دابمەزرێنین، کە لە خزمەتی دەوڵەت و، دامەزراوەکانیدا بێت . . نەک دەوڵەتێک بێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکان و چاوچنۆکەکاندا بێت .

( * ) ئەم باسە، لە نووسینی ( محەمەد حەسەن ساعیدی) یە کە لە ( ٢٣/ ١١/ ٢٠١٣) لە ماڵپەڕی( کتابات)دا بڵاوی کردۆتەوە . . بە دەستکارییەوە، لە زمانی عەرەبییەوە، گۆڕیومە بۆ سەر زمانی کوردی .

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر