چیرۆک بۆ منداڵان . . . ئۆخەی نیشتمان ... رەزاشوان

شایەکی بیابان نشین، هەر لە منداڵییەوە، زۆر حەزی لە دەنگی باڵندە بوو . . لە باخچە گەورەکەی کۆشکە قەشەنگەکەیدا، لە نێو تەلبەند و قەفەزی جوان و نایابدا، چەندین جۆرە باڵندەی رەنگین و دەنگخۆشی هەبوون . . رۆژانە خۆشترین دان و گیا و سەوزە و میوەی دەدانێ . . خۆشەویسترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو . . کە لە نێو تەلبەندێکدا، دیکۆرێکی زۆر جوانی لە شێوەی کوێستان ئاسایی بۆ رازاندبۆوە . . کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە کانی و لە گۆڵزارێکی رەنگین و لە تاشەبەردی جوان . . شا هێندە هۆگری باڵندە ببوو . . رۆژانە هێندە گوێی لە دەنگیان گرتبوو . . تا رادەیەیەکی کەم، لە زمانی باڵندەکانیشی دەزانێ .

شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا . . دەچووە دیاری و، گوێی لێ دەگرت . . بەڵام شا زۆر سەری لەوە سووڕمابوو . . کە کەوەکەی هەموو جارێک لە کۆتایی خوێندنەکەیدا، دەیگوت : " خۆزگــــەم بە نیشـــــتمان . . . ! "

شا لەبەر خۆیەوە گوتی : " جا کەوەکە لە چیت کەمە . . ؟ خۆشترین دان و سەوزە و میوەت دەرخوارد دەدەم . . جوانترین دیکۆرم و دیمەنم بۆ رازاندوویتەوە . . قاپی ئاو و دانەکەت لە زیو دروست کراون . . شوێن خەوێکی گەرم و نەرمم بۆ داناوێ . . پێم ناڵێی بۆ هەموو جارێک خۆزگەت بە نیشتمانەکەتە و، هەناسەی قووڵی بۆ هەڵدەکێشیت . . ؟ تۆ بڵێی نیشتمانەکەت لەم دیکۆرە و دیمەنە و . . لەم ناز و نیعمەتە خۆشتر بێت . . ؟!

شا شەوێکیان خەوی بینی . . لە خەوەکەیدا بەیانی بوو . . گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی دەگرت . . وەکو جاران گوێی لێبوو کە، گوتی : " خۆزگــەم بە نیشـــتمان "

شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و بەرەڵای کرد . . کەوەکە بەرەو باکـوور هەڵفڕی . . شا لە خوا پاڕایەوە . . کە بیکات بە باڵندەیەک . . داواکەی هاتە دی . . بوو بە باڵندەیەک و هەڵفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت . . دوای فڕینی ماوەیەکی زۆر . . بەیانییەک گەیيشتنە دۆڵێکی کوێستانی کوردسـتان . . پڕ بو لە دارستانی چڕ و، لە گۆڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و گەش و بۆنخۆش . . لە کانی و، لە تاڤگە و، لە شاخی بەفرین و بەرز . . کە شا هەرگیز شوێن و، دیمەنی سروشتیی وا جوان و قەشەنگ و رەنگین و دڵگیری نەبینیبوو . . کەوەکە لەسەر کانییەکی ئاو خوڕ و رووندا نیشتەوە . . هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە . . تێر چینەی کرد . . ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت . . بە دەنگێکی بەرز و زوڵاڵ، دەستی بە قاسپە قاسپ کرد . . لە کۆتاییدا سێ جاریش لەسەر یەکتری، گوتی : " ئۆخـەی نیشـتمان . . ئۆخـەی نیشـتمان . . ئۆخـەی نیشـتمان . . کە بەتۆ شادبوومەوە . . " رەوێکی کەو هاتن و، لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە . . دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کرد . . لە کۆتاییشدا، گوتی : " ئۆخـــەی . . کە بە کەسوکـــارم شادبوومەوە . . " کەوەکە لەگەڵ کەوەکانی تردا . . دایان لە شەقەی باڵ و بەرە و لوتکە شاخێکی بەرز هەڵفڕین .

شا لەپڕدا بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی خەبەری بووە و . . گوتی " ئۆخی کە ئەمە خەو بوو بینیم . . " شا چوو یەکسەر دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و، ئازادی کرد . . کەوەکە بەرەو باکوور هەڵفڕی . . ئینجا شا هەموو باڵندەکانی تریشی ئازاد کردن . . چی قەفەز و تەلبەندیشی هەبوو، هەمووی شکاندن . . هەر ئەو رۆژەش فەرمانێکی دەرکرد . . کە راوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێویی لە وڵاتەکەیدا قەدەغـەکرد . . ئەوەشی راگەیان کە قەفەز و داو و دارلاستیک و تەڵە لای هەرکەسێک بگیرێت سزای دەدات.

 

منـداڵە جوانکیلەکانی کوردســتان . . مەبەستم لەم چیرۆکەمدا . . سۆز و خۆشەویستییە بۆ کوردسـتانی شیرینمانە . . کە نيشـتمانی پیـرۆزمانە . . کە جوانترین بەهەشتی سەر زەمینە . . بەبێ کوردسـتان ژیانـمان تـاڵە و . . مانـەوەمان مەحـاڵە .

نەرویـج : ٢٥/ ١٠/ ٢٠١٣    


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر