رۆشنبیریی مـنداڵان ـــ رەزا شوان ــ نەرویج

وشەی ( رۆشنبیری ) لە زمانی شیرینی کوردیماندا، هاومانای وشەی ( کولتوور )ه لە زمانەکانی ئەوروپادا .

شارەزایانی بواری زمان دەڵێن : " رۆشنبیری، بریتییە لە زەینتیژی و، زیرەکی و، بلیمەتی و، زۆرزانی و، دانەمان " .

وەکو زاراوەش، رۆشنبیری بریتییە لە شارەزایی گشتی لە زانست و زانیاری و، لە هونەر و، لە کەلەپوور و، لە شێوازی باوی ژیان و، لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و، لە چاکسازی و لە گۆڕانکارییەکانی سەردەم .

رۆشنبیری، بەرهەمی ساڵێک و دوو ساڵ نییە، بەڵکو بەرهەمی کۆشس و چالاکییە هەميشەییە لێکدانەبڕاوەکانی مرۆڤە، کە بە درێژایی قۆناغەکانی مێژوو . . نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکتریان گواستۆتەوە . . هەر نەوەیەکیش کومەڵێک دەستکاریان کردووە و کۆمەڵێک شتیان لە رۆشنبیریی نەوەی پێش خۆیان لابردووە و، کۆمەڵێک بابەتی تازەی پەسەند و پێویستی تریان خستۆتە سەری و . . بەرگێکی نوێیان لەبەرکردووە .

بنیاتنانی رۆشنبیری لە بنیاتنی قەڵایەکی بەرز دەچێت، کە هەر بەردێکی بۆ زیاد بکرێ قەڵاکە بەرزتر دەبێ و، هەر بەردێکیش لەو بەردانە، شوێنێکی گرنگیان لە قەڵاکەدا هەیە . . هەر بەم شێوەیەش قەڵای رۆشنبیری، بە چین لەسەر چینی رۆشنبیری، بەرز بۆتەوە، تا زانست و زانیاریی زیاتری بخەینە سەر بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە . . قەڵای رۆشنبیری، قەڵایەکی بەردین نییە، قەڵایەکی بنیاتنراوە لە زانست و زانیاری و،  لە هونەر و، لە رۆشنبییریی گشتی، کە زادەی بیر و ئەندێشەی رۆشنبیرانە .

هەردەميش رێز لەو راستییە دەگرین، کە ئەمڕۆمان لەسەر پەرگەمای دوێنێمان چنراوە . . سبەینێشمان درێژەدەری ئەمڕۆمان دەبێت . . بەڵام نە ئەمڕۆمان وەکو دوێنێمانە و . . نە سبەینێشمان وەکو ئەمڕۆمان دەبێت . . چونکە مرۆڤ هەردەم چاوی بڕیوەتە بەرهەم و وەدەستهێنانی زیاتر و باشتر و تازەتر و مۆدێرتر . . گەر وا نەبوایە ژیان دەچەقی و گۆڕانکاری و داهێنان نە دەهاتنە کایەوە . . چەقین و وەستانیش مردن و کۆتاییە .

هەر رۆشنبیرییە، مرۆڤی لە ئاژەڵەکانی تر جیاکردۆتەوە . . ئاژەڵەکان لە بوونیانەوە لەسەر زەوی و لە ناو ئاودا، تا ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ژیان و گوزەرانیاندا روویان نەداوە، کە شایەنی باسکردن بن . . بەڵام مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە هەوڵ و کۆششی لە شۆڕشێکی پێشکەوتن و داهێنانی هەميشەییدایە . . بۆ باشکردنی ژیانی و، خۆشترکردنی گوزەرانی، بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و ئاسانکاری لە شیواز و رێبازی ژیانیدا . . بۆیە مرۆڤ بە ( گیانەوەرێکی رۆشنبیر ) ناودەبرێت .

هەر کۆمەڵگەیەکیش، خاوەنی رۆشنبیریی خۆیەتی و، جیاوازە لەگەڵ رۆشنبیریی کۆمەڵگەیەکی تر . ئەم جیاوازییەش بۆ جیاوازی لە نێوان توخم و رەچەڵەکی نێوان مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ زیادی و کەمی لە چەند و لە چۆنییەتی رۆشنبیری دەگەڕێتەوە . . بۆ شێواز و گواستنەوەی رۆشنبیری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بۆ نەوەی دوای خۆی دەگەڕێتەوە . . بەڵام سەرەڕای ئەم جیاوازییانەش، لە ئەمڕۆدا بە هۆی جیهانگیری و، پەیوەندی و لە یەک نزیک بوونە . . کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و لە یەکچوونی رۆشنبیری لە نێو گەلاندا هەن . . جیاوازییەکانیش تا دێت کەمتر دەبنەوە .

رۆشنبیری بە گشتی، بریتییە لە فێربوون و، لە وەدەستهێنانی زانست و زانیاریی هەمەچەشنە و، شارەزایی مرۆڤ لە بارەی شێوەی ژیان و، لە بیر و باوەڕ و، لە هەست و نەست و، لە ئاراستە و ئایدۆلۆژیی مرۆڤ، لە وەرگرتن و لە بەخشین .

کە دەڵێین : فڵانە کەس رۆشنبیرێکی شارەزا و بە توانا و باڵادەستە . واتا شارەزای بواری زانست و زانیاری و ئەدەب و هونەر و لایەنەکانی تری ژیانە . . ئاگای لە گۆڕان و تازەگەری و پێشکەوتن و داهێنان هەیە . . دەتوانێت بە جوانی و دروستی گوزارشت لە را و بۆچوونەکانی خۆی بکات و، تاوتۆیی بارودۆخەکان بکات و، تا رادەیەکیش توانای بۆچوون و پێشبینی کردنی لە گۆڕان و رووداوەکانی داهاتوودا هەبێت . . ئەمانە و کۆمەڵێک پێوەری رۆشنبیریی تر هەن،  بۆ دانان بە ڕۆشنبیریی هەر کەسێکدا .

بابەتی رۆشنبیری گشتی، بابەتێکی فراوان و بەربڵاوە . . باسکردن و شیکردنەوەی، بە قووڵی و تەسەلی، کاری شارەزا و تۆژێنەر و پسپۆرانی ئەم بوارەیە .

من لە رێی ئەم کورتە پێشەکییەی سەرەوە . . ویستم بێمە سەر باسی رۆشنبیریی منداڵان . . کە بە کورتی و چڕی سەرنجی خۆم لەم بارەیەوە دەخەمەڕوو .

 

لەم روانگەیەوە کە، ( منـداڵان بەشێکن لە ئەمـڕۆ و . . هەمـوو ئایـندەشن . . )

قۆناغی منداڵی، گرنگترین و، ناسکترین و، هەستیارترین قۆناغە، لە دروستکردنی کەسایەتی منداڵدا . . زۆربەی تۆژێنەران و دەروونناسانی منداڵان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی ژیانی منداڵ، بە پیترین و گرنگترین قۆناغی منداڵییە . . هەر لەم قۆناغەدا سیماکانی کەسایەتی منداڵ دەردەکەون و، پێشبینی چۆن کەسایەتییەکی داهاتووی لێدەکرێت .

شایانی باسیشە، لە ئەمڕۆدا پەروەردە بریتی نییە، لە تەنها فێرکردنی زانست و زانیاری . . بەڵکو ئەم سنوورەی تێپەڕاندووە و، هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە، کە پەیوەندیان بە ژیانی منداڵەوە هەیە . . بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەرز بێتەدی کە پەروەردە خوازیارێتی . . لەم رووەوە، جۆن دێوی دەڵێ : " منداڵ ئەو خۆرەیە، کە هەموو دامودەزگا پەروەردەییەکان، بە دەوریدا دەسووڕێنەوە . . "، هەروەها سیمۆنز دەڵێ : " پەروەردەکردنی منداڵ، بیست ساڵ بەر لە دایکبوونی دەست پێدەکات . . " مەبەستی سیمۆنز، لە پەروەردەکردنی دایک و باوکی منداڵە، کاتێ کە ئەوان منداڵ بوون و پەروەردە کران، ئێستاش نۆرەی ئەوانە کە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن .

 

بەداخەوە، بە رادەی ئەو گرنگییەی قۆناغی منداڵی، وەکو پێویست ئاوڕێکی تەواو لە منداڵان نەدراوەتەوە . . تا ئەمڕۆش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بەشێکی زۆری منداڵان لە مافەکانیان بێبەشن و پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن و ژیانێکی ئاساییان بۆ دابین نەکردوون . . بە هەژاری و کوێرەوەری و هەناسەساردی دەژین .

 

رۆشنبیریی منداڵان، بەشێکی گرنگە لە رۆشنبیری گشتی . . بەڵام رۆشنبیریی منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە منداڵان لە رووی جەستەیی و بیر و هۆشەوە، توانا و ئاستێکی دیاریکراویان هەیە . . منداڵان خاوەنی فەرهەنگی زمانی ساکاری خۆیانن . . شێوازێکی تایبەتیی خۆیان هەیە لە گوزارشتکردن و دەربڕینی هەست و سۆزیان . . رێگای خۆیان هەیە بۆ وەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان . . بە کورتی ئەوان خاوەنی جیهانی تایبەتیی خۆیانن، کە لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.

 

رۆشنبیریی منداڵان، بریتییە لە تێکەڵەیەک لەو شتانەی کە لە دایک و باوک و لە خێزانەکانیانەوە، یا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانیانەوە وەری دەگرن، لەو داب و نەریتەی پێیان دەگا و چاوی لێدەکەن، لەو زانست و زانیارییانەی وەری دەگرن، لە کارتێکردنی هونەر، لەو شتانەی کە باوەڕیان پێی هەیە، لە سەرنج و تێڕوانین و، لە تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆێان .

رۆشنبیریی منداڵان، گرنگترین شیواز و کۆڵەکەی پەروەردەییە، بۆ گەشەکردن و پێشخستنی بیر و ئەندێشەی منداڵان، بۆ ورووژاندنی تواناکانی ناخی دەروونیان .

بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی، رۆشنبیریی منداڵان، لقی لێدەبێتەوە و، بێگومان ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن پێنج و شەش ساڵان، وەکو ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن نۆ و دە ساڵان نییە . . چونکە جیاوازییان لە تەمەن و جەستە و لە بیر ئەندێشە و، لە زماندا هەیە . . جیاوازیان لە توانای فێربوون و وەرگرتن و بەخشیندا هەیە . . جیاوازیان لە دەربڕین و گوزارشتکردندا هەیە . . کەواتە ئاستی رۆشنبیریشیان لەگەڵ تەمەنەکانیادا دەگونجێت .

ئەمڕۆ گەلە پێشکەوتووەکان و تازەگەشەکردووەکان، بایەخێکی زۆر بە رۆشنبیریی منداڵان دەدەن، چونکە لەو راستییە دڵنیان، کە هیوا و ئامانج و خواستەکانیان و، دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی شیاوتر، لە سایەی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی دروستی منداڵانی ئەمڕۆدا دێنە دی . . منداڵانی ئەمڕۆن دەبنە بەڕێوەبەری دەهاتوو .

بۆ دەستەبەرکردنی ئینتیمای منداڵان، بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرپرسێتیان، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی دروست و باش لەگەڵ ئەم سەردەمە جەنجاڵەدا، هەڵبکەن و دەربەرن، بۆ ئەوەی بۆ ئایندەیەکی گەشتر و باشتر ئامادەبکرێن . . پێویستە پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەین . . بە چاوێکی پڕ لە رێزەوە لە هەوڵ و چالاکییەکانیان بڕوانین . . هەمیشە پاڵپشت وهاندەریان بین و، خۆشەویستیی خۆمانیان پێ ببەخشین .

دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین، کە منداڵانی ئەمڕۆ، منداڵانی سەدەی بیستەمی رابردوو نین . . منداڵانی ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتن و داهێنانی سەیر و سەمەرەی تەکنۆلۆژیای تازەوە . . بە هۆی زۆربوونی میدیا و کتێبی رەنگاوڕەنگەوە . . بە هۆی ئینتەرنێتەوە . . رۆشنبیرتر، زۆرزانتر، چاوکراوەتر بوونە . . ئاسۆی بیر و ئەندێشەیان رووناکتر و فراوانتر بووە . . فەرهەنگی وشە و زمانیان دەوڵەمەنتر بووە . . پێداویستییەکانیان زیاتر بوونە . . خەون و هیواکانیان گەورەتر بوونە . . بۆیە پێویستە گۆڕانکاری لە شێواز و لە رێباز و لە هۆکانی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵان بکرێن . . منداڵان تا رۆشنبیرتربن، زانیاری و زانستی زیاتر وەردەگرن و، باشتر گوزارشت لە هزر و لە ناخی خۆیان دەکەن و، زیاتریشمان پێ دەبەخشن .

 

ئەگەرچی چاودێریکردن و بایەخدان و هاندان و رۆشنبیریکردنی منداڵان، ئەرکێکی گشتییە و، لە ئەستۆی هەموو لایەنەکاندایە . . بەڵام چوارلایەن هەن کە گەورەترین لایەنی بەرپرسن و، زیاتر کاریگەرییان لە پەروەردەکردن و، لە رۆشنبیریکردنی منداڵاندا هەیە . . ئەم چوار لایەنەش : خێزان، قوتابخانە، میدیا و راگەیاندن، ژینگەی کۆمەڵایەتی . . چونکە منداڵان، قۆناغی منداڵییان لە سایەی ئەم لایەنانە بەسەردەبەن . . بۆیە هەریەکەش لەم لایەنانە شوێن پەنجەیان لە پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵاندا دیارە و . . رەنگدانەوەی راستەوخۆیان لە رەوشت و رەفتار و هەڵسوکەوت و، لە بیرو بۆچوون و، لە ڕێڕەوی ژیانی ئەمڕۆ و، لە داهاتووی منداڵاندا هەیە .

 

وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەر لە منداڵ بوون، زۆر بایەخ بە رۆشنبیریکردنی دایکان و باوکان دەدەن، تا بتوانن منداڵی رۆشنبیر و تەندروست پێبگەیەنن . . ئەلبێرت هۆبارد دەڵێ : " ئەگەر دەتەوێ منداڵی ژیر و زرنگت هەبێت، زانا و رۆشنبیربە . . "

 

      گرنگترین کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان

یەکەم : خێزان، خێزان بناغەی پێکهێنانی کۆمەڵە . . خێزان، بە یەکەمین و گرنگترین کۆڵەکەی رۆشنبیریی منداڵان دادەنرێ . . خێزان بەرپرسیارێتییەکی گەورە و گرنگی لە ئەستۆدایە، ئەویش گۆشکردن و، بە دروستی پەروەردەکردن و، رێنماییکردن و، ئاراستەکردنی راستی منداڵانە . . ئەرکیانە کە بایەخ بە گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان بدەن، فێریان بکەن بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری . . مندااڵان بە زۆری لە خێزانەکانیانەوە فێری خوو و رەوشتی باش و بەرز دەبن . . بۆیە دەبێ دایکان و باوکان، ببن بە پێشەنگ و بە نموونەی باش بۆ منداڵەکانیان .

دووەم : کتێب کتێبخانە، خوێندنەوە بووە بە یەکێک، لە هەرە پێویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە . . کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنە و نووستن و یاری کردن، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە . . پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانمان بۆ خوێندنەوەی کتێب و گۆڤاری هەمەجۆرە هان بدەین . . تا رابێن و خوو بە خوێندووەوە بگرن . . چونکە خوێندنەوە گرنگترین هۆی فێربوون و وەرگرتنە، یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆشنبیریی منداڵان . . ئەمڕۆ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، لە هەر شار و شارۆچکە و گوندێکدا، لە هەر گەڕەکێکدا، لە هەر ماڵێکدا، کتێبخانە هەیە و، پڕن لە کتێب و گۆڤاری هەمەڕەنگە بۆ منداڵان . . بەڵکو لە ژووری نووستنی منداڵەکانیشیاندا کتێبخانەی قنج هەیە و، ئەو کتێبانەیان تێدایە کە بۆ قۆناغەکانی منداڵی دەشێن . . لەم رۆژانەدا ( چنوور )ی کچم، کە لە وڵاتی نەرویجە، کچێکی هەیە کە ناوی( مریەم ) ە، تازە تەمەنی بووە بە ( دە مانگ ) . . بۆ کونترۆڵکردنی تەندروستیی ئاسایی، بردبووی بۆلای پزیشکی منداڵانی تایبەتی خۆی، پزیشکەکە پێی وتبوو، پێویستە لە ئەمڕۆوە، کۆمەڵێک کتێبی وێنەداری ئاژەڵ و گیانەوەری تری بۆ بکڕیت . . وێنەکانی پێشان بدە و، ناوی ئاژەڵەکانی پێ بڵێ و، لاسایی دەنگی ئەو ئاژەڵانەی بۆ بکەوە . . رۆژانە بۆی دووبارە بکەرەوە . . تا دەیناسێ و ناویان فێردەبێ .

سێیەم : میدیا و راگەیاندن، بە تایبەتش ( میدیای بینراو ) وەکو تەلەفزیۆن و سینەمای منداڵان، میدیاکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی منداڵاندا، بە مەرجێک ئەو بەرنامە و فیلمانەی پێشکەشیان دەکرێن، سوودبەخشبن و، لەژێر چاودێریی و بەڕێوەبردنی کەسانێکی شارەزا و پسپۆری بۆاری پەروەردە و رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵاندا بن .

 

لە کۆتاییدا، داوە لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی باشووری کوردستان دەکەم، کە ئاوڕێکی جدی لە رۆشنبیریی منداڵانی کوردستان بدەنەوە، پێویستە کتێبخانە گشتییەکان و، کتێبخانەکانی قوتابخانەکان، بە کتێب و بە گۆڤاری هەمەچەشنە ی منداڵان دەوڵەمند بکەن، ماوەی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنەکانی کوردستاندا، بە کەسانی شارەزای بۆاری رۆشنبیریی و دەروونناسی منداڵان بسپێرن . . ئەمەش ئەرکێکی پێویستی نیشتمانییە.

 

 

 

 

 

 

  


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر