هەندێ لە مامۆستایان . . داوای ئەرکێکی لە توانابەدەر لە منداڵان دەکەن ... رەزا شوان - نەرویج
لە مانگی رابردوودا، سێ و چوار جار لە نووسینگەی جوانووسی ( جەباری ) دا، کە دەکەوێتە سەر رێی ( کەرکوک ـ هەولێر ) لە گەڕەکی رەحیماوا لە شاری کەرکوک . . لەگەڵ برایانی جوانووس و نووسەرم، کاک عەبدولستار جەباری و مامۆستا ئەسعد دا دانیشتبووم . . دووجار بەڕێکەوت کۆمەڵێک منداڵی کچ و کوڕی چاوگەشم بینی، کە هەردوو جارەکە هەر کۆمەڵە و فایلێکی گەورەی سپییان پێ بوو . . بە پاڕانەوەوە داوایان لە هاوشەریکی نووسینگەی ناوبراو مامۆستا ئەسعەد کرد . . کە یارمەتیان بدەن ( بڵاوکراوەیەکی قوتابخانەی سەردیوار) یانبەنووسینێکی جوان لە سەر فایلەکانیاندا بۆ بڕازێنێتەوە . . بەڵام هەردوو جارەکە وەڵامی مامۆستا ئەسعەد بۆ منداڵانی هەردوو کۆمەڵەکە : "ئێمە بڵاوکراوە ناکەین، چونکە کاری ترمان هەیە و پێمان ناکرێ . . " منداڵەکان زۆر پاڕانەوە و وتیان: " ئەی بچین بۆ لای کێ ؟ "
مامۆستا ئەسعەد : " بچن بۆ لای فڵان جوانووس "
منداڵەکان : " چووین بۆ لای، ئەو داوای سەد هەزار دینارمان لێدەکا . . ئێمەش ئەم پارەیەمان نییە . . لە کوێ بێنین ؟ "
لە راستیدا زۆر بەزەییم بەو منداڵانەدا هاتەوە . . کە لەترسی جێبەجێ نەکردنی داوای نابەجێی مامۆستاکەیان، سەری دنیان لێکهاتبۆوە و دامابوون .
بە هەردووکۆمەڵە منداڵەکەم وت : ئەی خۆتان بۆ دروستی ناکەن ؟ . . بە دەستخەتی خۆتان هەریەکەتان بابەتێکی بڵاوکراوەکەتان بنووسن .
منداڵەکان : " مامۆستاکانمان بە دەستخەتی ئێمە رازی نابن و لێمان تووڕە دەبن . "
هەر لە هەمان نووسینگەدا، خوشکێکم بینی کە دەستی نووسینی هەبوو . . بە دەستێکی فایلێکی گەورەی سپی هەڵگرتبوو بە دەستەکەی تریشی دەستی منداڵە ( دە ) ساڵانەکەی گرتبوو، ئەویش موفتەلای داواکاری مامۆستای منداڵەکەی بوو، بێ ئومێد بوو لەوەی کە لە نووسینگەی ( جەباری ) دا، بڵاوکراوە بۆ منداڵەکەی دروست بکەن . . چونکە سەرقاڵی ئیشی تر بوون و، ناپەرژانە سەر دروستکردنی بڵاوکراوە .
ئەو خوشکە بە ناچاری چوو بایی چەند هەزار دینارێک بۆیەی سپرای کڕی، تا خۆی بڵاوکراوەی قوتابخانەیی بۆ منداڵەکەی دروست بکات و، لە داواکاری ولە بۆڵەی حەلاو ( مامۆستای منداڵەکەی ) رزگاریان بێ .
من تەنها لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەم شتانەم لە نووسینگەی جەباری دا بینی . . لەو بڕوایەدام رۆژانە چەندین کۆمەڵە منداڵی تر، نووسینگە بە نووسینگە دەگەڕێن و دەپاڕێنەوە بۆدروستکردنی بڵاوکراوەی قوتابخانەیی سەردیوار .
شایانی باسیشە، وەکو من تێبینیمکرد، ئەو منداڵانە لە خێزانی هەژار و دەستکورت بوون . . بە هەموویانەوە توانای (سەد هەزار دینار ) یان نەبوو .
بێگومان داواکردنی نابەجێی ئەم مامۆستا نابەڵەدانە . . زۆر ناڕەوایە و بە پێچەوانەی یاسای قوتابخانەکانەوەیە . . مەبەستی ئەو مامۆستایانەش ئەوەیە کە ئەو کارانە بە کار و چالاکی خۆیان بزانن و، بۆ خۆهەڵکێشان و ئافەرین و دەستخۆشی سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی وەکو خۆیان نابەڵەد . . کە لە راستیدا ئەمە کارێکی نادروستە و درۆ لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەش دەکەن . . تەنانەت ئەگەر ئەو بڵاوکراوانە، ئەو جۆرە مامۆستایانە خۆشیان ئامادە و دروستیان کردووبێ . . من ئەمەشیان بە راست و بە دروست نازانم، چونکە ئەمانە کار و چالاکی قوتابیان نیین .
من لەو مامۆستایانە دەپرسم . . ئەگەربڵاوکراوەیەکی قوتابخانەیی لەلای جواننووس دروست بکرێ و بڕازێنرێتەوە . . ئایا ئەمە بە کار و چالاکی قوتابییان و خۆیانی دەزانن؟
بۆ بەراودکرن، نموونەی پۆلێکی قوتابخانەیەکی نەرویجتان بۆ دەهێنمەوە . . لە ساڵی (٢٠٠١) لە قوتابخانەیەکی شاری بێرگن لە وڵاتی نەرویج، وانەی کوردیم بە کچێکی کورد بە ناوی ( شۆخان هیوا ) دەوتەوە، کە لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتیدا بوو . رۆژێک لە وانەی زانیاری لە هەمان پۆلدا، لەگەڵ شۆخاندا چوومە پۆلەوە . . تا لە چۆنییەتی رێباز و شیوازی وتنەوەی مامۆستای زانیاریان تێبگەم . . بابەتی وانەکەشیاندەربارەی ( ژینگەی زیندەوەران ) بوو . . لە دوای شلۆڤە و راڤەکردنێکیخاڵ بە خاڵی بابەتەکە بە هێمنی وجوانی لە لایەن مامۆستا و قوتابییەکانەوە . . فیلمێکی ڤیدیۆیی دەربارەی بابەتەکە پێشان درا، دوای پرسیاری قوتابیان و وەڵامدانەوەی مامۆستا . . مامۆستا هەر لە پۆلدا ئەرکی دایە قوتابییەکانی . . کردنیە سێ گرووپەوە . . هەر گرووپێکی لە پێنج قوتابی پێکهاتبوو . . لە بەردەم هەر گرووپێکدا فایلێکی سپی گەورەی دانا و، قەڵەمی بۆیەیرەنگاوڕەنگیشی بە هەموو قوتابییەکان دا . . داوای لە هەر گروپێکیشیان کرد کە وێنەیبەشێکی بابەتی وانەکەیانبکێشن. . بۆ نموونە داوای لە گرووپی یەکەم کرد کە وێنەی گۆلە ئاوێک بکێش . . هەریەکە لەو پێنج منداڵەی گرووپی یەکەم، بەشێک لە وێنەکەیکێشا. . یەکێکیان گۆلە ئاوەکەی دروست کرد و، خەریکی شین کردنی بوو . . یەکێکی تریان لە ناو گۆلەکەدا چەند ماسییەکی رەنگاوڕەنگی کێشا. . یەکێکی تریان وێنەی چەند بۆقێکی کێشا . . قوتابییەکی تریان بە دەوری گۆلەکەدا چەند رووەکێکی سەوزی کێشا منداڵی پێنجەمیش بە دەوری گۆلەکەدا چەند کرم و زیندەوەرێکی تری کێشا . . پێکەوە تابلۆیەکی جوانیاننەخشاند.
هەر بەم شێوەیەش دوو گرووپەکەی تریش ئەوە ئەرکەی کە مامۆستا داوای لێکردن، بە هاوکاری و بە خۆشی و بە پێکەنینەوە جێبەجێیان کردن .
مامۆستاکەیان دەستخۆشی و ئافەرینی لە هەرسێ گرووپەکە کرد و . . چەپڵەی بۆ لێدان و، هەرسێ فایلەکەشی بە تێپ لە سەر دیواری پۆلەکەیاندا هەڵواسی .
مامۆستای ژیر و وریا دەبێ وابێ و وا بیربکاتەوە، بە راستی ئەمە کاری دروست و بە کۆمەڵی قوتابییانە و، شایانی ئەوەیە کە مامۆستایان شانازییان پێوە بکەن .
هەر لە مانگی رابروودا، لە گەڕەکی باروتخانە لە کەرکوکدا لە ماڵی برایەکم بووم كە مامۆستا (عەلی ساڵح ) ه، کچی کچەکەی، کە لە پۆلی حەوتەمی بنەڕەتییە ( یەکەمی ناوەندی ) یە. . کە قوتابییەکی زۆر زیرەکە و لە هەموو وانەکاندا بەخشێویانە . . هات بۆ ماڵی براکەم و دەستی بە گریان کرد . . کە لێم پرسی بۆ دەگری . . ؟ لە وەڵامدا وتی :
" مامۆستای ئایینمان . . داوای لێکردنی کە لەسەر ئەم بابەتە بنووسین ( کاریگەریی ئایین لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی ) بە مەرجێ نابێت لە شەش لاپەڕە کەمتر بنووسین و ناشبێت هێڵ بپەڕێنین . . من نازانم چی بنووسم ؟ " . . جا ئەگەر زیرەکترین و یەکەمین قوتابی پۆلەکە بگری و بڵێ نازانم چی بنووسم و چۆن شەش لاپەڕە بەبێ هێڵپەڕاندن لەسەر بابەتێکی وادا بنووسم . . دەبێ قوتابییەکانی تر چی بڵێن و لە چ دۆخێکدا بن؟
ئەگەر تەلەفۆنی ئەو مامۆستایەم بزانییایە، هەر بەو شەوە تەلەفۆنم بۆ دەکرد . . لێم دەپرسی : جەنابی مامۆستا، کە ئەم داوایەت لە قوتابییەکانت کردووە . . ئایا خۆت دەتوانێت لەسەر بابەتە داواکراوەکەت شەش لاپەرەی پوخت، بەبێ هێڵ پەڕاند . . بنووسیت . . تا داوایەکی قورسی وا لەومنداڵە هۆش و توانا سنووردارانە بکەی؟
ئەمەیە نابەڵەدی و بێ ئاگایی هەندێ لە مامۆستایان لە بواری پەروەردە و دەروونناسی و ئاستی سنوورداری توانا و هۆش و گۆشی منداڵان . . ئەم جۆرە داواکارییە قورس و نابەجێیانەیە، کە جێبەجێکردنیان لە توانای منداڵاندا نین، وایان لێدەکات کە بێزاربن و حەز لەو وانەیە و لە مامۆستایەش نەکەن کە لەم چەشنە داوایانەیان لێ داوادەکەن . . هەر ئەم مامۆستا بێ ئەزموونانەن کە دەبنەهۆی شکستی فێربوون و پەروەردە .
من لێرەوە داوا لە بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەکەم، کە بە نووسینێکی فەرمی داوا لە هەموو مامۆستایان بکات. . کە ئەرک و داوای نابەجێ و لە توانا بەدەر لە قوتابییەکانیان نەکەن . . سەرزەنشتی ئەو مامۆستایانەش بکەن، داوای ئەم ئەرک و کارە نابەجێ و قورسانە لە قوتابییەکانیان دەکەن .
لەگەڵ رێزمدا بۆ مامۆستایانی شارەزا و لێهاتوو و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتوو.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
