نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان ... رەزا شوان

منداڵانی ئەمڕۆ، هیوای دواڕۆژن . . گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی هەر گەل و وڵاتێکن . . چارەنووس و داهاتووی هەر گەلێک، بەندە بە رادەی گۆشکردن و پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی راست و دروستی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆیانەوە .

لە ئەمڕۆدا، رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان، ژمارەیەکی زۆری لە نووسەران و ئەدیبان و دەروونناسان و پسپۆرانی بواری پەروەردە و توێژێنەران و رەخنەگران و میدیاکان و گەلێ دامەزراوە و دامودەزگای جیهانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردوون .

نووسەری فەرەنسی ( فەرەنسیس ڤیداڵ ) دەڵێ : " نووسەرانی منداڵان، دەتوانن تام و چێژی جیهان بگۆڕن . . بەڵکو دەتوانن جیهان خۆشی بگۆڕن . . "

ئەدەبی منداڵان، بەر لە هەموو شتێ هۆنەر و ئەدەبە . . ئەدەبی منداڵان، بەشێکە لە ئەدەب و، گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان . . پڕلەئاوترین و بەخوڕترین زێیە لە زێیەکانی رووباری رۆشنبیریی منداڵان .

ئەدەبی منداڵان، شێوازێکە لە شێوازەکانی گوزارشتکردنی هونەری، کە دەستوور و بنەما و رێبازی تایبەتیی خۆی هەیە . . ئەدەبی منداڵان کاریگەرییەکی گرنگ و بەهێزی هەیە لە بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان و، لە وروژاندن و لە گەشەکردنی بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووە هەمەچەشنەکانیان . . چونکە ئەدەبی منداڵان، سەرەڕای تام و چێژە ئەدەبییەکەی، چەندین ئامانجی زانیاری و، پەروەردەیی و، رەوشت بەرزی و،  دەروون دروستی و، نیشتمان پەروەری و، کۆمەڵایەتی دەهێنێتەدی .

لەم سەردەمەدا، ئەدەبی منداڵان تەنها هۆیەک نییە بۆ شادی و خۆشنوودیی منداڵان، بەڵکو هۆیەکیشە بۆ داهێنان و بۆ گەشەکردنی رۆشنبیری و، بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی منداڵان و، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاریی هەمەڕەنگەی نوێ .

لە ئەمڕۆدا، ئەدەبی منداڵان بۆتە پێویستییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی . . بووە بە مژدەبەخشی گزنگدانی ئاسۆیەکی رووناکتر و، ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر .

ئەدەبی منداڵان، تەنها چیرۆک و هۆنراوە و سروود و لایلایە و گۆرانی و شانۆ و رۆمان و پەخشان نییە . . بەڵکو هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە، کە منداڵان دەیان خۆێننەوە، دەیان بینن، دەیان بیستن، بەمەرجێک لە جیهانی پاک و سنوورداری منداڵییانەوە، نامۆ و دوور و بەدەر نەبن .

رەخنەگری ئەدەبی منداڵان ( لینە گۆڵدبرگ ) دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان، ئەو جۆرە ئەدەبەیە ـ پەخشان یا هۆنراوە ـ کە لە ناوەڕۆک و شێوازدا، لەگەڵ توانا و درک و هەستکردنی منداڵانی تا تەمەنی نزیکی سیانگزە ساڵاندا بگونجێت . . شێوازی ئەم ئەدەبەش دەبێ ئاسان و روون بێت، لە گرانی و پڕ لە گرفت دووربێت، بەپێی گەشەکردنیان بێت و، لە توانای تێگەیشتن وەرگرتنی منداڵان دوور نەبێت . . "

لە بارەی بایەخی ئەدەبی منداڵانیشەوە، شاعیری بولـگاری ( ران بوسیـلیک ) دەڵێ : " ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبن . . "

هەر لە بارەی پێویستی و گرنگیی ئەدەبی منداڵانەوە، دکتۆر ( ناسرەدین ئەلئەسەد ) دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان، وەکو ڤیتامینەکانە بۆ بیر و هۆش، کە هۆش و ئەندێشە، پێویستیان بە جۆرە جیاوازەکانی هەیە، هەر جۆرێکیش لایەنێکی بیر و هۆش و ئەندێشە مەست دەکات . . "

( دۆن مورایە ) ش دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان، کاریگەرییەکی گرنگ و، بایەخێکی جیاوازی لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوودا هەیە . . "

مێژووی ئەدەبی منداڵان، دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا ـ ئەگەرچی ئەدەبێکی نەنووسراو بووە ـ بەڵام ئەدەبی منداڵان، بەم شێوە سەردەمییە و، لەم فۆرم و بەرگە تازەیەیەدا، دەگەڕێتەوە بو سەدەی حەڤدەیەمین . . لە نووسینی داهاتوومدا، مێژووی ئەدەبی منداڵان بەسەر دەکەمەوە .

گرنگترین بنچینە و ئەو مەرجە بنەڕەتییانەی، کە پێویستە نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان بیانزانێ و، لەکاتی نووسینی هەر بابەتێکدا بۆ منداڵان لە بەرچاویان بگرێت، بە کورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا، ریزبەندمان کردوون :

یەکەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، بەر لە هەموو شتێک، دەبێ ئەوە بزانێت کە بۆ منداڵان دەنووسێت و، پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکات . . دەبێت لە خەسڵەتەکانی قۆناغەکانی گەورەبوون و، لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی منداڵان لانەدات .

دووەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە بایەخێکی زۆر بە لایەنی پەروەردەی سایکۆلۆژیای منداڵان بدات . . بەڵکو پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان پەروەردەکار بێت و، شارەزاییەکی باشی لە پەروەردەی نوێدا هەبێت، چونکە گرنگترین ئامانجی ئەدەبی منداڵان، پەروەردەکردنی دروستی منداڵانە . . وەکو دەڵێن :

" منداڵان خۆشەویستن . . بەڵام پەروەردەکردنیان خۆشەویسترە . . "

سێیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە شارەزاییەکی باشی لە قۆناغەکانی گەورەبوون و گەشەکردنی منداڵان و لە نیشانەکانیان هەبێت . . ئەم شارەزاییەشی توانای ئەوەی پێ دەبەخشێت، کە بۆ هەر قۆناغێکی منداڵی، چ بیرۆکەیەک بکات بە هەوێنی بابەتەکانی، بە چ شێوازێک بابەتەکانی دابڕێژێت، چ جۆرە وشە و رستە و زمانێکی ساکار و گونجاو هەڵبژێرێت . . چونکە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان جیاوازن و، تایبەتمەندی و پێویستی و پێداویستیی خۆیان هەیە . . رادەی بڕکردنی بیر و هٶش و ئەندێشە و، رووبەری ئاسۆی بیرکردنەوە و، توانای رۆشنبیریی خۆیان هەیە .

چوارەم : کاری هونەری و کاری پەروەردەی دەروونی، دوو چمکی ئەدەبی منداڵانن، یا بڵێین هەردوو باڵی ئەدەبی منداڵانن . . ئەگەر باڵێکیان لە دەست بدات، دەکەوێ و ناتوانێت بفڕێت . . بۆیە پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، هاوسەنگییەک لە نێوان ناوەڕۆک و فۆرمدا دروست بکات . . هیچ لایەنێکیان فەرامۆش نەکات و، نەیکات بە قوربانی لایەنەکەی تریان .

پێنجەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، نابێت خۆی راداو و، باڵادەستی و فەنتازی خۆی لە نووسینەکانیدا دەربخات و، چی دەوێت و چۆنی دەوێت و، بە هەوەس و بە میزاجی خۆی بنووسێت، بەڵکو پێویستە بیر لەوە بکاتەوە، کە منداڵان چییان دەوێت و، چیان پێخۆشە و، خولیا و تامەزرۆی چین و، تام و چێژ لە چ جۆرە بابەتێک وەردەگرن .

شەشەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە نووسینەکانی، بە شێوازێکی ئاسان و، بە زمانێکی پەتی و، ناسک و شیرین و، روون و رەوان دابڕێژێت . وشەکانی سادە و ساکاربن و، رستەکانی کورت تەڕ و پاراوبن و، لە فەرهەنگی زمانی منداڵانەوە وەریان بگرێت . . بیرۆکەی نووسینەکانی بێ گرێ و گۆڵ بن و، وشک نەبن و، گرێ کوێرە و پێچ و پەنایان تێدا نەبن . . پێویستە لە ئاستی هۆش و گۆش و بیر و ئەندێشە و توانای منداڵاندا بن . . نووسینەکانی لە جیهانی پاک و سادە و ساکاری منداڵانەوە دوور نەبن . . کە جیهانی وەنەوشەیی پڕ لە خولیا و هیوا و خەونی سەوز و شیرینە، لەو بابەتانەبن کە سۆز و خۆشەویستی بخەنە دڵە قنجەکانیانەوە و، زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن و، هیوای ژیانێکی خۆشتر و، ئایندەیەکی باشتر و گەشتر بخەنە دڵیانەوە . . ئەگەر نووسینەکانی وانەبن، منداڵان لێیان لووتەلا دەبن و بە ئەدەبی خۆیان نازانن . . بۆیە نووسەری ئەدەبی منداڵان، ئەگەر بیەوێت لە نووسینەکانیدا سەرکەوتووبێت . . پێویستە ئەو راستییانە لەبەرچاوبگرێت .

حەوتەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە رەچاوی جیاوازییەکانی نێوان منداڵان بکات، چ لە رووی تەمەنەوە، لە ئاستی رۆشنبیری و وەرگرتنەوە، لە رووی شوێن و ژینگەوە . بۆ نموونە : ئاستی رۆشنبیری و توانای وەرگرتنی منداڵانی تەمەن حەوت و نۆ ساڵان، لەگەڵ توانا و ئاستی رۆشنبیریی منداڵانی تەمەن یانگزە و، دوانگزە ساڵاندا، وەکو یەک نین و جیاوازیان هەیە . . هەروەهاش ئاستی زانین و رۆشنبیریی منداڵانی گوندنشینی ژینگە کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی تەسک و سنووردار، ناگاتە ئاستی رۆشنبیریی منداڵانی شارنشینی پێشکەوتووی شارستانیی ژینگەبڵاو و بەختەوەرتر .

هەشتەم : سەرەڕای بوونی بەهرە و توانای باشی ئەدەبی، پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، شارەزایەکی باشی بواری دەروونزانی منداڵان بێت . . ئەوە بزانێت کە منداڵان هۆگری چین . . دەبێ نووسەری منداڵان، هیوا و خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی منداڵان بقۆزێتەوە و، ببن بە ئیلهام بۆ بابەتی نووسینەکانی .

نۆیەم : هەر وەکو چۆن بەرد و برونز کەرستەی پەیکەرن، رەنگەکان کەرستەی وێنەن، دەنگەکان کەرەستەی موزیکن . . هەروەهاش زمان گرنگترین کەرەستەی دەربڕین و گوزارشتکردن و گەیاندن و نووسینە . . بەڵام زمان کەرەستەیەکی رەق و مردوو نییە کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت . . زمان لە داهێنانی خودی مرۆڤە، لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەکردن و داهێنانی نوێدا . . زمانیش گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و، وشەی تازە لەدایک دەبن . . پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، تا رادەیەکی باش شارەزای زمان و رێزمانی زمانی گەلەکەی بێت . . بە تایبەتیش زمان و فەرهەنگی منداڵان . . شارەزای وشەسازی و جوانسازییەکانی زمانەکەی بێت . . چونکە بە هۆی شارەزایی و توانای زمان پاراوییەوە، نووسەری ئەدەبی منداڵان، دەتوانێت بە جوانترین شێوە و لە فۆرمێکی رازاوەدا، نووسینەکەی پێشکەش بە منداڵان بکات . . ناوەڕۆکێکی باش، لە فۆرمێکی خراپدا، نووسین بێ پێز و لاواز دەکات و دەمرێت .

لە رێی ئەدەبی منداڵانیشەوە، فەرهەنگی زمانی منداڵان رەنگینتر ودەوڵەمەنتر دەبێت . منداڵان بە هۆی زمان پاراویشەوە، دەتوانن باشتر و جوانتر گوزارشت لە بیر و هزر و ئەندشە و، لە سۆز و خۆشی و خۆشەویستیی خۆیان بکەن .

دەیەم : بەپێی پێوەرەکانی جوانسازی، بە جوانی داڕشتن و، رازانەوەی بابەتی نووسینەکان ـ هۆنراوە بن یا چیرۆک و شانۆ و پەخشان ـ کاریگەرییان لەسەر هۆگربوون و وروژاندنی حەزی خوێندنەوە و گوێگرتن و سەیرکردنی منداڵان هەیە . . ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە، نووسەری ئەدەبێ منداڵان ناوەڕۆک بکات بە قوربانی فۆرم و تەکنیکی داڕشتن و جوانسازی . . پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوانیادا دروست بکات . . شاعێرێک دەڵێ : " تا ئەمڕۆش نازانم، چۆن ئەدەب دەتوانێت لە خەمەکان شتی جوان دروست بکات . . "

هەر ئەم نهێنییەشە، هەندێ چیرۆک و هۆنراوە هەن، کە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا وتراون و نووسراون کەچی تا ئەمڕۆش تام وچێژی خویان لە دەست نەداون و منداڵان لە گوێگرتن و لە خوێندنەوە ولە دووبارەکردنەوەیان بێزارنابن .

یانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، دەبێ ئەوە بزانێت کە منداڵانی ئەمڕۆ منداڵانی دوێنی و پێرێ نین . . منداڵانی ئەمڕۆ زۆرزانتر و بلیمەتر و چاوکراوەترن . . منداڵانی سەردەمی داهێنانی شتی سەیر و سەمەرن، سەردەمی ئینتەرنێت و، گۆشکردووی پەروەردەی نوێن . . وەکو ( کۆنفۆشیۆس) دەڵێ :                      " منداڵانمان، منداڵانی چاخی ئێمە نین . . منداڵانی چاخی خۆیانن . . " . .        ئەدەبی منداڵانیش نەچەقیوە و ریچکەی کۆنی شکاندووە و . . لە گۆڕانکاری و هاوچەرخی و پێشکەوتندایە . . بۆیە نووسەری ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵانیش، نابێت لاسایی شێوازی کۆن بکاتەوە، رێبازی تەڵقین ئاسایی بەسەرچوو، کە لە شێوەی فەرمان پێ کردن و ئامۆژگاریی وشکدا بیرۆکەی بابەتەکانی دادەڕشت . . شوورەی درکەزێی بە دەوریاندا دەکێش . . پێویستە سەردەمییانە بیربکاتەوە و، نووسینەکانی لە ئاستی خواست و رۆشنبیری و پێویستییەکانی، منداڵانی ئەم سەردەمەدا بن .

ئەمەو پێویستە، نووسینەکانی دووربن، لە شەڕانگێزی و شەڕخوازی، لە توندوتیژی و زەبر و زەنگ و لە ترس و تۆقین، لە رەشبینی و هیوابڕان و نائومێدی، لە فروفێڵ و تەڵەکەبازی، لە درۆ و دەلەسە و لەخشتەبردن، لە رق و کینە و بوغز، لە دژایەتی و دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوە، لە ستەمکردن و زۆرداری و ئازاردان و بێ بەزەیی و چەوساندنەوە، لە چەقاوەسوویی و بێ رێزی و بەدڕەوشتی و، . . . هتد . بەڵکو بە پێچەوانەی ئەم خەسڵتە نێگەتیڤانە . . پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، بە پرانسیپ و بەها جوانەکان و، بە رەفتاری باش و کاری خێرخوازی و، بە پاکی و راستگۆیی و، بە باوەڕبەخۆبوون و گەشبینی و، بە ژیری و هیواخوازی و تێکۆشان و کۆڵنەدان و، ئازادیخوازی و نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دوستی و هاوڕێتی و یەکسانی و، بە دڵسۆزی خۆنەپەرستی و، . . . هتد . لە رێی نووسینەکانییەوە، منداڵانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەرە بکات . . بەزمانێکی نەرم و شیرینی لە گەزۆش شیرنتر، لەگەڵیاندا بدوێت . . تا ببنە تاکی سەرکەوتووی خێرەوەدەر و، کۆمەڵگایەی باش و دروست و بەختەوەریان لێ بێتە کایەوە . . پێویستە ئەدەبی منداڵان لە پێناوی هێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەدا بێت.

( مەکسیم گۆرگی ) دەڵێ : " دەتوانین بە زمانێکی شیرین و گونجاوی . . دوور لە شێوازی راپورتەزانیاری، بە راشکاوی بۆ منداڵان بدوێین . . "

دوانگزەیەم : لایەنی نيشتمان پەروەریی و سۆزی نەتەوەیی و، دڵسۆزی و ئێنتیمابوون بۆ نیشتمان و، رێزگرتن لە مرۆڤ و، دوستایەتی و پێکەوە ژیان و یەکتری قبۆڵکردن و، رێزگردن لە سەروەریی یاساکان و، زانین ئەرک و مافەکان، داکۆکیکردن لە راست و رەوا، لە ئامانجەکانی ئەدەبی منداڵانن . . پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، لە نووسینەکانیدا ئەو ئامانجانە فەرامۆش نەکات و . . نووسەر خۆشی ببێ بە پێشەنگ و، بە نموونەنەیەکی باش لەم رووەوە .

سیانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە لە نووسینەکانیدا بێ لایەن بێت و، لەژێر کاریگەریی هیچ ئایدیایەکی مەبەستداری سیاسیدا نەبێت . . بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی، منداڵانی ساویلکە و دڵپاک، چاوبەست بکات و لاڕێیان بکاتەوە .

چواردەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە رۆشنبیرێکی گشتیی باش بێ و، خوێنەرێکی بابەت هەمەڕەنگەی هەمیشەش بێت . . بە تایبەتیش زیاتر ئەو بابەتانە بخوێنێتەوە، کە پەیوەندییان بە رۆشنبیری و ئەدەب و پەروەردەکردنی منداڵانەوە هەیە . . داهێنەر بێت و، بیر لە داهێنان بکاتەوە . . وێڵی دوای بابەتی تازە بێت .

پانگزەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، زۆر دڵنیابێت لە دروستی و راستیی بیرۆکە و ناوەڕۆکی نووسینەکەی . . دڵنیابێت لە راستیی هەر وشە و رستەیەک، کە دەینووسێت . . چونکە هەر هەڵە و ناراستییەکی زانیاری و پەروەردەیی و ئەدەبی و زمانەوانی، لە هۆش و بیر و ئەندێشەی منداڵاندا دەچەسپێن و، راستکردنەوەیان ئاسان نابێت . . ئەو هەڵانەش لەسەر نووسەری منداڵان زۆر دەکەون و، ئۆباڵی وەرگرتنی ئەو زانییارییانەش بە هەڵە، لە لایەن منداڵانەوە، لە ئۆباڵی نووسەری ئەدەبی منداڵاندایە و . . داوای لێبووردن و پاکانەکردنیشی بێ هوودەیە .

شانگزەیەم : نابێت نووسەری ئەدەبی منداڵان، جیاوازی لە نێوان کچان و کوڕاندا بکات و، تەنها کوڕان یا کچان بکات، بە پاڵەوان و کەسایەتی و کارئەکتەرەکانی نووسینەکانی . . بەڵکو پێویستە هەست و گیانی یەکسانی و هاومافی و هاوئەرکی و هاوکاری و هاوڕێزی و خۆشەویستی و خوشک و برایی لە نێوانیاندا بسەپێنێت .

حەڤدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، بە دڵێکی فراوانەوە، ئەو رەخنە و سەرنج و تێبینییە ئەدەبییانە وەربگڕێت، کە لە نووسینەکانی دەگرن . . گەشە بە لایەنە باشەکانی خۆێ بدات و . . هەڵەکانیشی راست بکاتەوە و دووبارەیان نەکاتەوە .

هەژدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، لە رێی نووسینەکانییەوە، پردێکی خۆشەویستی لە نێوان خۆی و منداڵاندا دروست بکات . . تا بچێتە دڵی منداڵانەوە و، هۆگر و ئاشنای نووسینەکانی ببن .

نۆزدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، ئەوەش بزانێت، کە بە چ هۆیەکی گەیاندنەوە، نووسینەکانی بە منداڵان دەگەیەنێت . . لە رێی کتێب و گۆڤاری چاپکراوەوە، لە ڕێی راگەیاندنی بینراوەوە ( تەلەفزیۆن ) . . لە رێی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ، لە رێی سیدی و کاسێتەوە . . یا هەر هۆیەکی تر بێت، چۆنکە هەریەکە لەو هۆیانە، کومەڵێک مەرجی هونەری و پێویستیی تەکنیکیان هەیە . . مەرجەکانیش بە پێ جۆرەکانی نووسین بۆ منداڵان دەگونجێنرێن . . ئایا نووسینەکەی هۆنراوەیە، چیرۆکە، شانۆیە، زنجیرە درامایە . . یا هەر بابەتێکی تر بێت .

بیستەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، نابێت بیر لە دەسکەوتی مادی وسوودی تایبەتیی خۆی بکاتەوە، کە لە ڕێی نووسینی بابەتی ئەدەبی منداڵانەوە بەدەستی بهێنێت .

لە کڵاورۆژنەی ئەو مەرج و پێوەر و بنەڕەتییانەی سەرەوە، کە پێویستە لە نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵاندا هەبن . . کەواتە بواری ئەدەبی منداڵان، بوارێکی هێندە ئاسان نییە، هەر پێنووس بەدەستێک رووی لێبکات و خۆی تاقی بکاتەوە، بتوانێت بە ئاسانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، رووبارێکی هێندە تەنک و ئارام نییە، هەر خۆبەمەلەوانزانێک خۆی بخاتە ناوی، دەتوانێت بە هێمنی و ئاسانی مەلەی تێدا بکات و لێی بپەڕێتەوە .

دەشێ نووسەرێکی سەرکەوتووی بواری ئەدەبی گەورەکان بێت . . بەڵام لە بواری ئەدەبی منداڵاندا سەرکەوتوو نەبێت . . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدیی لە بواری پەروەردە و دەروونناسی و، تایبەتمەندییەکانی قۆناغەکانی پێ گەیشتنی منداڵان و، نەشارەزایی لە پرانسیپ و لە بنچینەکانی ئەدەبی منداڵان و، نابەڵەدیی لە خواست و خولیا و ئارەزوو و هیوا و خەونەکانی منداڵان .                       بە داخەوە، لە ژێر ناوی ( بۆ منداڵان ) دا، نووسینێکی زۆری کالوکرچ و بێ تام و چێژ و لاواز، بڵاوکراونەتەوە یا بڵاودەکرێنەوە، بەڵام لە راستیدا بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە، لە بیر و ناوەڕۆک و فۆرمدا، نە بۆ منداڵان دەشێن و، نە منداڵانیش بە نووسینی خۆیانیان دەزانن .

هەندێک پێیان وایە، پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، دابەزن بۆ ئاستی منداڵی و خۆیان بکەنەوە بە منداڵان . . من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم . . چونکە ئەوان گەورەن و قۆناغی منداڵییان بەجێهێشتووە . . ناتوانن جارێکی کە، وەکو منداڵان ئاسایی رەفتار و گوزارشت بکەن . . ئەمە وەکو ئەوە وایە، کە گەورەیەک یارییەکی منداڵان بکات . . لە بەرچاوی منداڵاندا، دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و پێکەنین . . چونکە نە یارییەکەی لێ دێت و، نە لاسایی کردنەوەکەشی لە رەفتاری سروشتیی منداڵان دەچێت .

دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کورد، من تا ئێستا بە زمانی کوردی و بە عەرەبی، پێنج نووسینم لە گۆڤار و ماڵپەرەکاندا بڵاوکردۆتەوە . . بە نیازم لە دەرفەتێکی تردا، چەند سەرنج و رایەکی ترم، دەربارەی رەوتی ئەدەبی منداڵانی کورد بخەمەڕوو .

نەرویج : ٢٥ / ٦ / ٢٠١٣

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر