فرمێسکی عێراقی . . لە چاوی کچە کوردێکدا .. نووسینی : العنابي فاضل ... گـۆڕینی : رەزا شوان

 ناتوانین عێراق، لە تایفەیەکدا، یا لە ئایینێکدا، یان لە کەسانێکی دیاریکراودا، لە هەر ئایینێکدا بن، یا سەر بە هەر تایفەیەکدا بن . . کورت بکەینەوە .

عێراق وڵاتی هەموو کارچاکان و خێرخوازانە . . عێراق بۆ کەسانی دڵ پڕ لە خێر و خۆشەویستییە . . ئەم باشییە و . . ئەم خۆشەویستییەش . . لە چاوی کچە کوردێکدا ـ کە بە باشی زمانی عەرەبی نازانێ ـ خۆی دەنوێنی و گوزارشتی لێکراوە .

بەڵام وەکو کچە کوردێکی عێراقی، لە میانەی فرمێسکەکانیدا، کە بە دڵنیاییەوە، لە باکوورەوە تا فاو، هەموو عێراقییەکانی جووڵاند و هێنایە گریان .

ئەم کچە کوردستانیە عێراقییە، لەگەڵ برا عەرەبەکەیدا، لە بەرنامەی کێبڕکێی گۆرانیدا ( عەرەب ئیدول ) بەشداری کرد . . کە باشترین نوێنەری وڵاتەکەیانن . . وەکو کچە کوردێک کە لە زمانی کوردیدا باشە . . تا بتوانێ درێژە بە توانای خۆی بدات لە گۆرانی وتندا، هەوڵی ئەوەش داوە کە عەرەبییەکەشی باشتر بێت . . هەندێ لەو گۆرانییانەی کە ئەم کچە کوردە وتی، تەنانەت گۆرانیبێژە ژن و پیاوە بە تواناکانی عەرەبیش، وتنی ئەو گۆرانییانەیان بەلاوە زەحمەتە . . بەڵام ئەم بە سووربوون و بە خۆشەویستیی بۆ هونەر . . بە دەنگە ناسک و خۆشەکەی توانی زۆر بە باشی و سەرکەوتوویی ئەو گۆرانییەی گۆرانیبێژ (ئوم کەلسووم ) بڵێت .

برا لاوە عەرەبەکەشی، ئەگەرچی ناگاتە ئاستی توانای کچە کوردەکە، بەڵام تا ئەو قۆناغەی پێی گەیشت خۆی راگرت و هەوڵیدا . . بەڵام بە پێی پێوەر و هەڵسەنگاندنی لیژنەی سەرپەرشتی و، شێوازی بەرنامەکە، دەبێ هەر هەفتەی بەشداربوویەک لە بەشداربووان لە بەرنامەکە دەربکرێ، ئەوەبوو ئەو لاوە عێراقییە، بەخت یاوەری نەبوو، رێژەیەکی کەمی دەنگی جەماوەریشی بەدەستهێنابوو، سەرنەکەوت و، لە كێبڕکێکەدا دەرکرا . . بێ ئەوەی خۆی تێکبدا و دڵگران ببێ . . بە رووح و رەوشتێکی وەرزشییەوە، بڕیار و ئەنجامەکەی قبووڵ کرد و . . بەرنامەکەی بەجێهێشت .

بەڵام لەو هەموو شتە، ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، فرمێسکەکانی کچە کوردستانییە عێراقییەکە ( پەرواز حوسێن ) بوو . . کاتێ کە گوێی لە راگەیاندنی بڕیاری دەرکردنی برا عەرەبە عێراقییەکەی ( موهەنەد ئەلمەرسومی ) بوو . . خۆی پێنەگیرا و هۆن هۆن فرمێسکەکانی دەهاتنە خوارەوە . . کە خوشکە سوورییەکەشی باوەشی لێدا و، دڵی دایەوە . . بەڵام هەر نەیتوانی کۆنترۆڵی فرمێسکەکانی بكات و رایان بگرێ .

لە میانەی فرمێسکەکانیدا، یەکەم، گوزارشتی لە برایەتی رەسەنی کورد و عەرەب دەکرد، دووەمیش، شکۆداریی ئافرەتی عێراقی سەلماند، کە بە دڵتەنگییەوە ماڵئاوایی لە برا عراقییەکەی کرد، کاتێ کە ئەو بەرنامەکەی بەجێهێشت .

ئا لێرەوە داوا لە هەموو ئەقڵییەتە عێراقییەکان دەکەم، ئەم فرمێسکانە وەربگرن و تێکەڵی خاکی عێراقیان بکەن . . زۆر بە دڵنیاییەوە، عێراقێکی نوێیان لێدێتە کایەوە . . کە دەبێتە ماڵێک بۆ هەمووان لە باکوورەوە تا باشوور . . دەبێتە ماڵێک بۆ کورد و عەرەب و مەسیحی و ئێزیدی و سوبی .

هیوادارم سیاسەتمەداران سەیری ئەڵقەکانی ئەم بەرنامەیەیە بکەن، تەنانەت داوا لە پیاوانی ئایینیش دەکەم ـ ئەگەرچی ئەوان ئەم چەشنە بەرنامانەیان حەرام کردووە ـ با ئەوانیش سەیری ئەڵقەکانی ئەم بەرنامەیە بکەن . . بەڵکو لە فرمێسکەکانی ئەم کچە کوردستانییە عێراقییەوە ( پەرواز )، فێری واتای خۆشەویستی عێراق و، برایەتی عێراقییەکان و،  رەسەنایەتی عیراقی ببن .

لێرەوە سڵاو بۆ ئەم کچە عێراقییە کوردستانییە دەنێرم . . پێی دەڵێم : فرمێسکەکانت، خۆشەویستین بۆ عێراق و، بۆ برایەتی عێراقییەکان و، بۆ گەلەکەت و، بۆ هەموو ئەوانەی کە عێراقیان خۆشدەوێ . . فرمێسکەکانت عێراقییەکان یەک دەخات .

بەڵکو سیاسەتمەدارانمان، لە فرمێسکەکانی ئەم کچەوە فێربن و پەند وەربگرن .

سڵاوت لێبێ ئەی کچە کوردستانییەکە . . سڵاو لە لاوی عێراقی موهەنەدیش بێ.

 

(*) ئەم نووسینەی (العنابي فاضل) رۆژی دووشەممە ( ٢٧/ ٥ / ٢٠١٣) لە ماڵپەڕی (کتابات) دا بڵاوکراوەتەوە . . لە عەرەبییەوە گۆڕیوومە بۆ کوردی .

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر