عێراق داواتان لێدەکات . . چەکەکانتان داگرن . . ! گۆڕینی: رەزا شوان - نەرویج
زمانی هەڕەشە و گوڕەشە و، ئەو وتارانەی بۆنی خوێنیان لێدێ و . . وتارە زیاتر ورووژێنەر و فیتدەرەکانی مامۆستایانی پێشنوێژی مزگەوتەکان، لە نوێژەکانی رۆژانی هەینیدا و . . لێدوانەکانی سەرکردەکانی مانگرتووەکان و . . هەڕەشەی بە کارهێنانی چەک لە لایەن سەرکردەکانی هۆزە عەرەبە سونییەکانەوە لەلایەکەوە . . قسە و لێدوان و هەڕەشەکانی مالیکی و هاوشیوەکانی لە لایەکی ترەوە. . بوونەتە هۆی، خوێن بە فیرۆدان و، گیان لە دەستدانی هاوڵاتیان و، خزبوونەوەی وڵاتیش بەرەو تاریکی و بێسەرەوبەرەیی و لە دەستان . . هەر وەکو چۆن خەونەکانی خەڵکی، لە حکومەتی بەش بەش و، گەنەڵی و، شکسهاتوو، ونبوون و نەهاتنەدی.
ویژدانە زیندووەکان، هاواردەکەن و داوا لە هەمووان دەکەن، ئەوە بێننەوە یادتان کە ئێوە رۆڵەی گەلێکن و، خاوەنی هیوا و مێژوو و ئایینێکن، کە خوێنڕشتنی بە ناهەقی حەرام کردووە . . سوپاکەشتان سوپای عێراقە و، سوپای مالیکی نییە هەروەکو هەندێ کەس وای ناوی دەبەن . . نووری مالیکی دەگۆڕێت و نامێنێت، بەڵام مادام عێراق ماوە سوپاش دەمێنێت .
لەسەر رۆڵە جوامێرەکانیعێراق پێویستە، بواری ئەو هەلپەرستانە نەدەن، کە بارو دۆخەکە بقۆزنەوە و، سوپا لە ڕێ دەرکەن و، تووشی شەڕێکی ناوخۆیی بکەن و، هەمووانی پێوەی بگلێنن و، بکەوینە ململانێ و بەربەرەکانی یەکتری.
عێراق داواتان لێدەکات، غیرەتان هەبێ و، خوێنڕشتن رابگرن . . وا دە ساڵە، وڵات لەت لەتدەبێ . . بە فیڕۆ خوێنی هاوڵاتییان دەڕێژرێ و، بەبێ نرخ دەمرن . . نە پرۆژەی ژێرخان و بنیاتنان هەیە، نە ئاوەدانی و گەشەکردن بوونیان هەیە . . سامان و خێروبیری ئەم وڵاتە، بەشی هەژاران . . لەلایەن سیاسییەکان و سەرکردە تایفییەکان وسەرکردکانی کوشتن و بڕین و تاوانەوە، دەدزرێن . . هەر وەکو سیاسەتمەداردکتۆر (عادیل عەبدولمەهەدی ـ جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق ) وەسفی دەکا و دەڵێ: "حکوومەتێکی بێدەسەڵات، کە لە دابینکردنی ئاساییش و لە خزمەتگوزاری و لە کۆمەڵایەتیدا شکستی هێناوە . . "
وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و رەوشتی، داوا لە هەمووان دەکەین، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بیڕووخێنن.
داوا لە هەموو رۆڵە سەربەرزەکانی وڵاتی دووڕووبار دەکەین، کە ئاگری شەڕ و بەربەرەکانی تایفی بکوژێننەوە، ژیرانە رەفتاربکەن و، بەزەییتان بە خەڵکی بێتاوندا بێتەوە . . با چیتر تەڕ و وشک پێکەوە نەسووتێن . . برایەتی راستی و هاووڵاتیبوونتان بێننەوە بەرچاوتان . . کە هەموو رۆڵەکانی ئەم گەلە یەک دەخات.
داواش مالیکی دەکەین کە بە خۆیدا بچێتەوە و، ئاقڵ بێت و، بە دەنگی ئەو هەوڵ و دەستپێشکەرییانەوە بچێت، کە دەیانەوێ بارودۆخەکە هێوربکەنەوە .
پێویستە سوپای عێراقیش، لە ململانییە سیاسییەکان ولە لێدانی گەل و لە لایەنگیریی تەرفێک و، لە توندوتیژی و، لە بە کارهێنانی چەک بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیان خۆی بە دوور بگرێت و لە ئەرکی نیشتمانیی سۆپا لانەدات و، خۆی نەخاتە لیستی رەشەوە.
ئەو تاوانانەی کە ( سەدام)ی دیکتاتۆر، دەرهەق بە گەلی عێراق کردنی، ئەمە لە مالیکی قبووڵ ناکەین . . با مالیکی چارەنووسی رەشی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ سەدام بێنێتە یاد و بەرچاوی خۆی .
(*) ئەم نووسینە، لە نووسینی ( فلاح المشعل) ە، کە لە ( ٢٨ / ٤ / ٢٠١٣) دا، لە ماڵپەڕی ( کتابات ) دا، بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە . . بە کەمێک دەستکارییەوە گۆڕیومەتە سەر زمانی کوردی .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
