چیرۆک بۆ منداڵان ..رەنگــان ...رەزا شوان - نەرویج

چیرۆک بۆ منداڵان ..رەنگــان ...رەزا شوان - نەرویج

رۆژێک رەنگەکان لە شوێنێکدا بە یەکتری گەیشتن ..هەر رەنگە و بە شان و باڵی خوێدا هەڵیدا و، خۆی بە جوانترین رەنگ دەزانی .

سـوور : من رە نگی لاوی و جوانیم، رەنگی راپەڕین و شۆڕشم،  رەنگی خوێنم، رەنگی گەرمی و ئاگرم، رەنگی گوڵە ئەرخەوان و گوڵاڵە سوورەم، دیارە من لە هەمووتان جوانترم .

زەرد : من لای خەڵکی رێزێکی تایبەتیم هەیە، چونکە رەنگی گەنم و گەنمە شامیم، رەنگی زێڕم، رەنگی لیمۆم، رەنگی گوڵە زەردەم، بە شانازیشەوە دەڵێم، کە رەنگی رۆژەکەی سەر ئاڵای کوردستانم .

سەوز : جا ئەگەر ئێوە وەک من جوان بن چیتان دەوێ، من رەنگی بەهارم، رەنگی چیمەن و گیا و سەوزەم، رەنگی هیوا و ئومێدم، رەنگێکی پیرۆزم، یەکێم لە چوار رەنگەکەی ئاڵای کوردستان .

شین : من لە هەمووتان زیاترم، رەنگی ئاسمانی بێ کۆتاییم، رەنگی ئاو و رووبار و دەریا و دەریالۆشەکانم، لە لای زۆر کەس پەسەند و جوانم .

سپی : من رەنگی ئاشتی و دڵپاکیم، رە نگی کراسی بووکێنیم، رەنگی لۆکە و زیوو و بەفرم، رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگز و حاجیلەم، رەنگی شیر و شەکرم، رەنگی ...هتد .

هەریەکەش لە رەنگی مۆر و پەمەیی و قاوەیی وپورتووقاڵی و رەشیش، کەمیان نەوت و، بە هەوەسی خۆیان بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵیان دا .

رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایانی نازناوی ( شاڕەنـگ ) ـە، بوو بە هەرایان و، لە یەکتری زویر و لووتەلا بوون .

لەم کاتەدا منداڵێکی چاوگەش، هاتە نێوانیانەوە، لە جانتاکەیدا پەڕەیەکی کاغەزی سپی و قووتوویەک بۆیەی ئاویی دەرهێنا، چوو ئاویشی هێنا .بە پێنووسێکی رەش لەسەر دیوێکی لاپەڕەکەدا، دیمەنێکی جوانی کوردستانی کێشا ..کە بریتی بوو لە گوندێکی قەشەنگ لە پاڵ چیایەکی زنجیرە چیایەکدا، چەمێکیش کەوتبووە ناوەڕاستی گوندەکەوە ..وەرزیش بەهار بوو .

منداڵەکە دەستی کرد بە رەنگکردنی دیمەنەکەی ..چیاکانی دەوروبەری گوندەکەی قاوەیی و سەوز کرد، سەر لووتکەکانیشیانی سپی کرد، دەشتی دامێنی چیاکانی سەوز کرد و، بە گۆڵاڵە سوورە و نێرگز و، بە چەندین گوڵی هەمەجۆرەی رەنگاوڕەنگ رازاندییەوە ..ئاوی چەمەکە و ئاسمانی سەرووی شاخەکانی شین کرد ..دار و درەختەکانی رۆخی چەمەکەشی سەوز کرد ..لە نێوان دوو لووتکە چیای زنجیرە چیاکەدا خۆرێکی گەش و تیشک زێڕینی بە رەنگی زەرد کێشا ..لە ئاسمانی گوندەکەشدا، بە رەنگی رەش پۆلێک باڵندەیەکی هەڵفڕیوی کیشا ..خانووەکانی گوندەکەشی هەریەکە بە ڕەنگێک رازاندەوە ..لە سەر قوتابخانەی گوندەکەشدا، بە ستوونێکی درێژەوە، ئاڵا چوار رەنگییەکەی کوردستانی شیرینمانی کێشا ..منداڵەکە تابلۆیەکی زۆر جوان و رەنگینی رازاندەوە ..هەر هەموو رەنگەکانی لە خۆ گرتبوو .

رەنگەکان کە ئەو تابلۆ رەنگینەیان بينی ..سەرسام بوون ..هەستیان بەوە کرد، کە راستە هەر رەنگێک جوانی و حەزلێکردەی خۆی هەیە ..بەڵام پێکەوە جوانتر و رەنگینترن .رەنگەکان ئاشتبوونەوە و، دەستیان خستە ناو دەستی یەکترییەوە و، داوای لێبووردنیان لە یەکتری کرد ..دەستخۆشیشیان لە منداڵە هونەرمەندە کرد و، چەپڵەیەکی درێژ و قاییمیان، بۆ خۆی و بۆ تابلۆ رەنگینەکەشی لێدا .


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.