دیواری تورکیا و . . دیواری ئیسرائیل . . . رەزا شوان

  تورکیا هەمیشە دوژمانایەتی گەلی کوردی کردووە و، هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدا نەبووە و نییە، کە ئێمەی کورد بە مافە رەواکانی خۆمان بگەین و، لەسەر خاکی کوردستاندا، کە زێدی هەزاران ساڵەی باب و باپیرانمانە، بە ئاشتی و بە ئاسوودەیی بژین . . بەڵکو کورد وتەنی : " حەز ناکەن نينۆکیشمان هەبێت . . تا خۆمانی پێ بخورێنین . . "     تورکیا تا ئەمڕۆش وەک نەتەوەیەکی دێرینی خاوەن ماف لە ئێمەی کورد ناڕوانێت و، خۆیان بە ئاغا و ئێمە بە سەپان دەزانن . . ئەگەرچی ئێمەی کورد، ئەگەر لەوان زیاتر نەبین، ئەوا لەوان خۆمان بە کەمتر نازانین .

تورکیا لە سوڵتان و مۆڵتانەکانی ئیمبریالێزمی عوسمانییەوە و، لە کەمال ئەتاتۆرکی رەگەزپەرستی خوێنڕێژەوە، تا دەگاتە رەجەب ئۆردوگانی دووڕووی خۆپۆش بە عەبای ئسلامییەوە . . بەبێ شەرمانە ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە لە ( ئەفریکا ) دا، بەڵکو لەسەر ( مەریخ ) یشدا، دەوڵەتێکی کوردی دروست ببێت، ئەوان دژایەتی دەکەن .

گومانی تێدا نییە، تورکیا پاڵپشت و هاندەر و یارمەتیدەری راستەوخۆی، ئەو گرووپە چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوانەیە، کە زۆر نامەردانە هێڕش دەکەنە سەر دانیشتوانی سڤیل و بێ تاوانی گەلی کوردی ئازاریخوازمان لە رۆژئاوای کوردستاندا . . بە تایبەتیش ( چەتە بێڕەوشتەکانی بەرەی نوسرە ) کە بەکرێگیراو و جاشی تورکیان . . تورکیا بە چەکی قورس و بە پارە یارمەتیان دەدات و . . یارمەتی لۆجستی و سیخوریشیان دەدات . . هەر تورکیاش مەشقی سەربازیان پێ دەکات و، فێری کوردکوژیان دەکات، داوایان لێدەکات کە دەست لە مناڵ و ئافرەت و پیر و پەکەوتەش نەپارێزن و، سەر و ماڵ و کچ و ژنی کورد بە حەڵاڵی خۆیان بزانن . . چونکە ئەمە پێشەی تورکیایە و، لەم ڕووەوە مێژوویەکی قێزەوەن و بۆگەنیان هەیە . . لە ساڵی ( ١٩١٥) ی زایینیدا زیاتر لە ملیۆن و نیوێک منداڵ و ئافرەت و گەنجی ئەرمەنیان سەربڕی . . بە هەزاران منداڵ و ئافرەت و گەنجی کوردیان لە دێرسیم و ئاگری داغ و دۆڵی زیلان و ئامێد و وان و تا دەگاتە دێی رۆبسکی سەربڕی و کوشتیانن . . ئەوەی نەکراوە و ناکرێت . . ئەوان بە گەلی بێتاوان و ئازادیخوازی کوردیان کرد . . سەرەڕای ئەم هەموو تاوانانەشیان . . ئۆردوگانی دووڕوو لەم رۆژانەدا وتی : " کێشەیەک لە تورکیادا نییە کە ناوی کێشەی کورد بێت "

تورکیا بەم تاوانانەشەوە نەوەستاوە . . خەریکی دروستکردنی دیوارێکی کۆنکریتیە، لە نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا . . ئەم زەلامە بیرتەسکە بە هەموو ئەقڵێکییەوە نیازی وایە کە بە پراکتیکی، ئەم دوو بەشە لێکدابڕێنراوەی کوردستان، لەیەک بکات و نەتوانن بە ئاسانی پەیوەندیان هەبێت . . یا بە دەنگی یەکترییەوە بچن . . رەنگە بۆ ئەم نیازەگڵاوەیان سوودیان لە ئیسرائیلی هاوپەیمانیان وەرگرتبێت، یا راوێژیان پێیان کردووبێت . . یان بیانەوێت لاسایی دیواری بەرلین بکەنەوە .
ئیسرائیل بۆ دروستکردنی دیوارێکی کۆنکریتیی چەند کیلۆمەتری، لە نێوان دانیشتوانی شوێنی ئسرائیلییەکان و فەلەستینییەکاندا . . بە ملیۆنەها پارەی لەم دیوارەدا خەرج کرد . . بابڵێین فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دووگەلی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینین و، لە شەڕ و ململانێدان . . بەڵام بەرزی و سەختیی ئەم دیوارە و بازگە زۆرەکانی پاسەوانی ئەم دیوارە . . نەبوونەتە بەربەست لە رێی چالاکی و پەلامار وهێڕشەکانی شۆڕشگێڕە فەلەستینییەکان .

بەڵام دیوارەکەی تورکیا، دیوارێکە لە کوردستانی داگیرکراوماندا، کە خاکی ئەوان نییە، دیوارێكە لە نێوان یەک نەتەوەدا کە نەتەوەی کوردمانە . . ئێمە هەموومان کوردین و لە ئەوپەڕی باکوورەوە، تا ئەوپەڕی باشوور . . لە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتيشەوە، تا ئەوپەڕی رۆژئاوای کوردستان . . هەموومان نەوەی باوە کوردە و دایە کوردەین .

وا دیارە ئۆردوگان، زۆر نابەڵەد و نەزان و کۆڵەوار و بێ ئاگایە لە مێژووەی ئەم سەردەمەدا . . ئەگینا پەندی لە هەرەسهێنانی دیواری بەرلین وەردەگرت . . دیواری بەرلین لە ساڵی ( ١٩٦١) دا دروست کرا، دیوارێکی کۆنکریتی و بەردینی بەرزبوو ، لە سەر خاکی یەک نەتەوە و یەک وڵاتی دووبەشکراودا، کە شاری ( بەرلین ) ی پایتەختی ئەڵمانیای کردە دوو بەشەوە . . بەڵام سەرەڕای سەختی و بەرزی دیوارەکە و، بوونی بە سەدان پاسەوان و، تازەترین ئامێری چاودێری کردن . . نەیان توانی رێ لە سۆزی نەتەوەیی ئەڵمانییەکان و ئیرادە و بڕیاری یەکگرتنەوەیان بگرن . . چونکە لە فەرهەنگی گەلی ئەڵمانییەکاندا، ئەڵمانیای رۆژهەڵات و ئەڵمانیای رۆژئاوا بوونیان نەبوو، دانیان بە دابەشکردنی ئەڵمانیادا نەنا، لای ئەوان هەر یەک ئەڵمانیا هەبوو . . هەرەسهێنانی ئەو دیوارە لە ساڵی ( ١٩٨٩) دا . . بوو بە مایەی شەرمەزاری بوو مێژووی ئیمپریالزمی جیهانی و، بووش بە سیمبولێکی کۆتایی هاتنی شەڕی سارد . . رووخاندنی دیواری بەرلین، ئەو راستییەی سەلماند، کە بەهێزتین هێز و، سەخترین و قایمترین دیوار و بەربەست . . ناتوانن لە بەردەم خواست و ئیرادەی پۆڵایینی گەلاندا خۆیان بگرن . . ناتوانن تووڕەبوون و شەپۆڵی راپەڕینی گەلان بوەستێنن .

با ئۆردوگان باش ئەوەش بزانێت، کە ئێمەی کورد گەلێکی ستەملێکراوی مێژووین و،  قوربانیی بەرژەوەندی و دەم چەورکردنی ئیمپریالیزمی جیهانین . . کە زۆر بە ناڕەوا کوردستانیان دابەش کرد . . ئەم ستەمە گەورەیەیان لە کورد کرد . . بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن کە منداڵێکی ناو لانکیشمان، دان بەم دابەشکردنەی کوردستاندا نانێت و، ئەو سنوورانەی ئێوە ناوتان لێناوە سنوور . . لای هیچ کوردێک سنوورنین . . ئەمڕۆ هەستی کوردایەتی و سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستانی گەورە . . هەرەسی بە هەموو ئەو سنوورە وەهمییانەتان هێناوە . . وەکو چۆن ئەڵمانییەکان هەرەسیان بە دیواری بەرلین هێنا . . دڵنیا و گەشبینم، کە ئەو رۆژەش بۆ ئێمەی کورد دێتەدی، کە هەرەس بە هەموو سنوورە وەهمییەکانی ئێوەی داگیرکەری کوردستان بهێنیین . . ئەمڕۆبێت یا سبەی، زووبێت یا درەنگ، لە سایەی خەبات و کۆڵنەدان و بەرخودانیی گەلە خۆڕاگر و دلێرەکەماندا . . لە سایەی یەکگرتن و یەکڕیزیماندا . . مافە رەواکانمان وەردەگرین و، جاڕی جارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان دەدەین .

نەرویـج : ١٩/ ١٠/ ٢٠١٣   


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر