
لە یادی ( ٤٥) ەمین ساڵڕۆژی شەهید ( فەیزوڵڵا محەمەد ) دا ... رەزا شوان
ناوی تەوای شەهیدی جوانەمەرگ ( فەیـزوڵڵا محەمەد سیامەنسووری ) یە . . لە ساڵی (١٩٤١) لە شاری کەرکوک ـ لە باشووری کوردستان، لە خێزانێکی ناسراو لە دایک بووە . . خوشک و برایەکی لە خۆی گەورەتر و، خۆشک و برایەکی لە خۆی بچوکتری هەیە . . لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک دەژیان . . ئەم گەڕەکە سادە کوردنشینە . . رژێمی بەعسی شۆڤێنی بە ( سەری مارەکە ) ناوی دەبرد . . چونکە گەڕەکی شۆڕێجە لە کەرکوک، مەکۆی کوردایەتی و خەبات و قارەمانێتی بوو . . چەندین رۆڵەی دلێر و تێکۆشەری ناسراوی تیا هەڵکەوت.
شەهید فەیزوڵڵا، خوێندنی قۆناخی سەرەتایی، لە قوتابخانەی شۆڕیجە تەواو کرد . . لە تەمەنی مێردمنداڵیدا، تێکەڵی کاروانی بزووتنەوەی ئازادی و رزگاریخوازی کورد بوو . . بۆیە نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات . . بەڵام خۆێنەرێکی باش بوو، بە بەردەوامی کتێبی هەمەجۆرەی دەخوێندەوە . . رۆشنبیرێکی ژێرخان زانستی و ئەدەبی دەوڵەمەند بوو . . قسەزانێکی زمانشیرینی بە توانا بوو . رەوشت بەرز و هێمن و لەسەرخۆبوو . . لەو سەردەمەدا بە کوردییەکی پەتی دەینووسی . . دەستخەتی زۆر جوان بوو .
فەیزوڵڵا، لاویلاکی جوان بوو، باڵابەرز و بەژن ڕێک بوو . . گەنم رەنگی مەیلەو سپی بوو . . زۆر گەشبین و رووخۆشبوو . . هەردەم لێو بە خەندە و دەم بە پێکەنین بوو . . زۆر دڵپاک بوو . . خۆشەویستی هەمووان بوو . . رق و کینە و بوغز و تووڕەیی، لە دڵیدا جێیان نەبوو . . زمان نەرم و گوفت شیرین بوو . . بە درێژایی ژیانی کەس لێی نەڕەنجابوو . . هەردەم لایەنگری راستی و رەوا بوو . . زۆر خاکی و سادە و بێ هەوا بوو . . . رێز و دڵسۆزیی بۆ هاوڕێکانی بێ سنوور بوو . . ئەوەی بۆ ساتەوەختێکیش بیناسیایە و بیدوانایە . . هەرگیز لەیادی ناکرد و لەیادی نەکردووە . . من بە شانازییەوە دەڵێم ـ گەرچی کاکە فەیزوڵڵا، پێنج ساڵ لەمن گەورەتر بوو ـ هاوڕێیەکی زۆر نزیک و دڵسۆزم بوو . . هەر ئەویش لە ساڵی ( ١٩٥٩) دا، منی بردە ریزی ( یەکێتی لاوانی کوردستان ) لە شاری کەرکوک . .
شەهید فەیزوڵڵا، زۆر حەزی لە کۆکردنەوەی ( جۆرەکانی تەسبيح ) بوو . . هەموو تەزبیحەکانیشی لە هاوڕێکانی وەردەگرتن .
من هەمیشە شەهید فەیزوڵڵام لە بەرچاو و لە یادە . . رووخۆشی و گەشی . . زەردەخەنە ناسکەکانی . . قسە خۆش و شیرینەکانی . . ئازایەتی و بوێری و دلێری . . رێزداری و دڵسۆزی . . تێکۆشانی بێوچانی . . . هتد . چی بنووسم نابێتە پارسەنگی هاوتاکردنەوەی دڵسۆزی و تێکۆشانی بێوچانی لە پێناوی رزگاریی کوردستاندا . . کاکە فەیزوڵڵا دیوانە ئاسایی شەیدا و سۆزداری کورد و کوردستان بوو . . کەڵەسوارێکی جوامێری مەیدانی کوردایەتی بوو . . سیمبولێکی نموونەیی کەم وێنەی لاوان بوو . . شەو و رۆژی لانەبوو، هەموو کاتێکی ژیانی بۆ خزمەتی گەلەکەمان تەرخان کردبوو .
کاک فەیزوڵڵا ژیانی خێزانی پێکەوە نەنا . . ئەشقبازی نەکرد و، کوشتەی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ لە خاڵ نەبوو . . بەڵکو ئاشقێکی سەرسەختی ئازادی کورد و رزگاریی کوردستانی شیرینمان بوو .
ژیانی سیاسی و تێکۆشان و شەهیدبوونی :
بە کورتی و بە چڕی، تیشک دەخەینە سەر ژیانی سیاسی و تێکۆشان و شەهیدبوونی شەهید کاکە فیزوڵڵا محەمەد . . فەیزۆڵڵا لە ساڵی ( ١٩٥٨) دا بوو بە ئەندامی ( پارتی دیموکراتی کوردستان ) . . لە هەمان ساڵيشدا، ئەندامێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ( یەکێتی لاوانی کوردستان ـ لقی کەرکوک ) . . سەرۆکی لقی کەرکوکی لاوانی کوردستان ( سابیر حەمەعەلی ) بوو . . لە ساڵی ( ١٩٥٩) دا . . شەهید فەیزوڵڵا بە سەرۆکی یەکێتی لاوانی کوردستان ـ لقی کەرکوک هەڵبژیرا . . من لە ساڵی ١٩٥٨دا بووم بە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە ساڵی ( ١٩٥٩) دا ئەندامی ناوچەی کەرکوکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووم . . لەسەر داوای کاک فەیزوڵڵا لە ( ١٩٥٩) دا بووم بە ئەندامی یەکێتی لاوانی کوردستان، چالاکیی رێکخستنم لە کەرتی شۆڕيجەدا بوو . . هەر لەو ساڵەدا، بووم بە ئەندامی ناوچەی کەرکوکی یەکێتی لاوانی کوردستان، کە کاک فەیزوڵڵا بەرپرسی ناوچە بوو . . ناوی ئەندامانی ناوچەی کەرکوکـی یەکێتی لاوانی کوردستان، ئەوانەی لەیادم ماون، ئەمانە بووین : ( کاک فەیزوڵڵا محەمەد ـ سەرۆکی لقی کەرکوک، کاک ساڵح جەباری ـ کە بەڕیوەبەری بانکێک بوو لە شەقامی ئەتڵەس لە کەرکوک، جێگری سەرۆک بوو . . رەزا شوان ـ قوتابی بووم، کاک تەڵعەت گلی ـ پاڵەوانی زۆرانبازیی کوردستان و، فەرمانبەریش بوو لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک، کاک فالیح نەقشبەندی ـ قوتابی بوو ) . . بە زۆری لە ماڵی کاک تەلعەت گلی لە گەڕەکی شاترلو کۆبوونەوەکانمان دەکرد .
کاک فەیزوڵڵا، چالاکترین ئەندامی دەستەی کارگێڕی لاوان و پارتی بوو لە کەرکوکدا، زۆر بە رێکی و بە نهێنی و وریاییەوە، چالاکی و رێکخستنەکانی بەڕیوە دەبردن .
لە ساڵی لە ( ١٩٦٣) دا، لە رێگای کودەتایەکەوە، بەعسسییە رەگەزبەرستەکان دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست . . زۆری پێ نەچوو، بە ئەوپەڕی دڕندانەوە پەلاماری کورد و کوردستانیان دا . . بە تایبەتیش کەوتنە گرت و، راونانی کورد لە ناوچەی کەرکوکدا . . بڕیاری گرتنی هەموو ئەندامانی ناوچەی پارتی و یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی کوردستان و، هەر ئەندامێکی چالاکی تری پارتی و ئەو رێکخراوانە دەرچوو .
زۆربەمان چووینە دەرەوە، بە زۆريش لە دێی ( خاڵەبازیانی ـ ناوچەی قەرەحەسەن ) بووین . . کاک فەیزوڵڵاش لەوێ بوو . . ئەندامانی ناوچەی یەکێتی قوتابیان کوردستان چووینە بنکەی پێشمەرگە لە ( دێی چنگنی ـ ناوچەی جەباری ) کە کاک ( عادیل عيزەت ـ رابەری سیاسی ) و ( عەریف حەمید بەرواری ـ رابەری عەسکەری ) و ( مەلا موسا کە لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو، بەڕیوەبەری ئیداری ) بوون . ئەندامانی ناوچەی کەرکوکی ( یەکێتی قوتابیانی کوردسـتان ) لە بنکەی ناوبراودا . . ئەم قوتابیانە بووین : ( ئەحمەد سەلام ـ ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو، شاعیرێکی باشە و، بوو بە مامۆستای زمانی کوردی لە ئامادەییەکانی شاری سلێمانی، مامۆستا فاتیح میرزا ـ ئێستا بەرپرسێکی ـ دەزگای روناکبیریی کوردییە ـ لە شاری کەرکوک، مامۆستا جەلال کەریم ـ شەهید بوو ـ برا گەورەی هونەرمەندی ئەکتەر عەلی کەریم ـە، رەزا شوان ـ مامۆستای خانەنشینم، لە نەرویج دەژیم، مامۆستا فەرهاد عەبدولقادر، بوو بە مامۆستا و لە سلێمانییە ـ هەواڵی نازانم ) بەرپرسی پارتیش ـ لقی کەرکوک، شەهید ( عیسا زوبێحی ) بوو، کە ناوە نهێنییەکەی ( عولەمـا ) بوو . . نووسەر و چیرۆکنووسی کۆچکردوومان، کاک ( محـەمەد موکـری ) لە بنکەی دێی ( شـێردەرە ) لە ناوچەی جەباری، هەمیشە لەگەڵ مامۆستا عولەمادا بوو، یارمەتی دەدا و، نامە و راپۆرتەکانی بۆ مامۆستا زەبیحی دەنووسی . . ئەوەبوو لە هەشتاکاندا رژێمی بەعس، لە شاری بەغدا مامۆستا عيسا زوبێحیان تیرۆرکرد . . لەو کاتەدا کە بەڕێزیان سەرقاڵی تەواوکردنی فەرهەنگێکی وشەی کوردی بوو .
لە ( ١٩٦٣) دا، کاک فەیـزوڵڵا کرا بە، ( رابەرێکی سیاسی لە ناوچەی جەبـاری و ناوچەی قەرەحەسەن ) دا، هەر لە دێی خاڵەبازیانی مایەوە . . ئێمەی قوتابیانیش هەر یەکەمان کارێکیان پێ سپاردین و، لێک دابڕاین و هەر یەکەمان کەوتینە شوێنێکەوە .
من لە ساڵی ( ١٩٦٤) دا، گەڕامەوە بۆ ناو شاری كەرکوک، باوکمیان گرتبوو، لە بەندیخانەدا بوو . . لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ترمدا، دووبارە دەستمان بە رێکخستنەوەی یەکێتی قوتابیان کوردستان لە شاری کەرکوکدا کرد . ( کاری حیزبی و رێکخراوەیی من، تا کۆتایی ساڵی ( ١٩٦٥) بوو . . کە دووبەرەکی دروست بوو . . لە پارتی و لە قوتابیان و لە لاوانيش وازم هێنا، چونکە : نە ئەوسا و نە ئێستا و نە تا لەژیاندابم، لەگەڵ دووبەرەکی و براکوژیدا، نەبووم و نیم و ناشبم . . بەڵام کوردایەتی و کوردستا پەروەری گرووپی خوێنمە و . . کوردستان نیشتمانمە و پیرۆزترین شوێنمە . . بە ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی سەر شانمی دەزانم، کە تا دوا هەناسەم . . بە ئەوپەڕی توانامە وە، ئەوەی پێم بکرێت بۆ کورد و کوردستان . . چۆن پێشتریش درێغیم نەکردووە، ئێستاش درێغی ناکەم . . هیواداری ئەوەشم، کە لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا شەرمەزاری گەلەکەم و نەوەی داهاتوومان نەبم . . کە مردیشم شایانی ئەوەبم، کە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەسەر تەرمەکەمدا بدەن و . . وەکو رۆڵەیەکی کوردی دڵسۆزیش، خاکی پیرۆزی کوردستان بم گرێتەخۆی . . . )
کاک فەیزوڵڵا محەمەد، لە ساڵی ( ١٩٦٤) د ا بوو بە رابەرێکی هەرە چالاکی ناوچەی کەرکوک ـ لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان . . دواییش کە ( مەکتەبی سیاسی ) لە پارتی جیابۆوە . . ئەميش لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسیدا بوو . . بوو بە پەرپرسی ( لقی دووی کەرکوک ـ باڵی م . س )
لە ساڵی ( ١٩٦٥) دا، رژیم گرتی و، لە ( بەندیخانەی شاری حیلە و سەماوە )، لە باشووری عێراقدا بەندیان کرد . . ئەو کاتەی کە لە ( بەندیخانەی سەماوە ) دا بوو . . من چووم بۆ لای . . لە نێو بەندیخانەشدا، خەریکی رێکخستنی ئەو کوردانە بوو کە لە گەڵیدا بوون . . لە (٢٩/ ٦ / ١٩٦٦ ) دا، لە بەندیخانە دەرچوو . . وەکو کارگێڕی لقی دووی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) بەردەوام بوو .
کاک فەیزۆڵڵا لە ساڵی ( ١٩٦٨) دا، لەگەڵ مامۆستا ( جەلال کەریم ) و ( شکور قادر) و ( عەبدوڵڵا عەبدولکەریم پەڵکانە ) چوونە دێی خاڵەبازیانی بە نیازی رێکخستن . . بەڵام لەوێدا کۆمەڵیک پێشمەرگەی پارتی دەوریان دەگرن . . جەلال کەریم و قادر شکور لەویدا شەهید دەکەن، فەیزوڵڵا و عەبدوڵڵا عەبدولکەریم پەڵکانەش بە دیلی دەگرن . . دەیانبەن بۆ دێی ( گۆران ) لە ناوچەی جەباری، عەبدوڵڵا پەڵکانە بەرئەدەن، بەڵام لە رۆژی ( ٢٠/ ١٠/ ١٩٦٨) دا بە شێوەیەکی زۆر قێزەوەنانە فەیزوڵڵا شەهید دەکەن . . تەرمەکەیان هێنایەوە بۆ شاری کەرکوک و، لە ( گۆڕستانی شێخ محێددین ) نێژرا .
من هەموو ئەوانەی کە لە شەڕی براکوژیدا كوژراون، سەر بە هەچ لایەنێک بن، بە شەهیدیان دەزانم . . شەهیدن چونکە بە هەڵە و بە ناڕەوا، بیر وهۆشیانیان تێکدان . . ئەگینا گەوەترین تاوان و شەرمەزاری ئەوەیە، کە برا دەستی بچێتە خوێنی برای خۆی.
کاکە فەیزوڵڵا محەمەد و جەلال کەریم و شکور قادر تەنها کەس نین کە بوونە قوربانیی شەڕی ناوخۆ و براکوژی . . بەڵکو بە سەدان لاوی جوانمان . . بە سەدان پێشمەرگەی قارەمان و دلێرمان، بە سەدان بێ تاوان . . بوونە سووتەمەنی ئاگری براکوژی .
شەرمەزاری بۆ ئەوانەی شەڕی براکوژیان هەڵگیرسان . . هەزاران جار نەفرەت بێ لە شەڕی براگوژی و دژایەتی کردنی یەکتری . . براکوژی بڕوات و، دووبارە نەبێتەوە .
شکۆداری و نەمریش بۆسەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان .
نەرویـج : ١٧/ ١٠/ ٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
