هەر لە کۆنەوە، بە چاوێکی ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە لە مامۆستایان روانیوە . . چونکە بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو، مامۆستا خاوەنی پەیامێکی پیرۆز بووە . . هەرئەم پەیامەش رێز و پیرۆزی بە مامۆستاش بەخشیوە .
شای شاعیرانی عەرەب، شاعیر ئەحمەد شەوقی ـ کە بە رەچەڵەک کوردە ـ لە پایە بەرزی و ستایشی مامۆستادا دەڵێت :
" هەستە بۆ مامۆستا شکۆدارییە . . . هێندە نەمابوو مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر "
مامۆستا چرایەکی هەمیشە داگیرساو و گەشە . . تیشکی گەشی زانست و زانیاری بە نەوەی ئەمڕۆمان دەبەخشێت . . مامۆستا گوڵێکی گەش و بۆنخۆشی هەمیشە بەهارە . . بە بۆن و بەرامەی خۆشی زانیاری مەستمان دەکات . . مامۆستا هەنگ ئاسایی و لە جوانترین گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەدا، شیلەی زانست و زانیاری دەمژێ و هەنگوینی زانست و زانیاریی لي دروست دەکات و، پێشکەشی رۆڵەکانی گەلەکەمانی دەکات . . مامۆستا گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی کەسایەتیی تاکێ خێردەرەوە و، کۆمەڵگایەکی دروست و تەبادا . . لە هێنانەنەدی ئایندەیەکی گەشتر و شایستەتردا .
ئەگەر شارستانییەتی نوێ، بە دانا و زانا و بە کەڵەناودار و داهێنەرەکانییەوە بنازێت . . دەبێ ئەوە فەرامۆش نەکرێت کە، ئەم ناودار و هەڵکەوتووانە، قەرزاری مامۆستان، قوتابیی مامۆستا بوونە و، ئەو فێری کردوون، ئەو پەروەردە و رێنمایی کردوون . . ئەو بە زانست و زانیاریی هەمەشەشنە، بیر و هۆش و گۆشی زاخاوداون .
یەکێک لە سەرۆک کۆمارە هەڵبژێراوەکانی پێشووی ئەمریکا، کە گەورە پیاوان و کەسایەتییە ناسراوەکانی وڵاتەکەی ریزیان گرت . . بۆ ئەوەی بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایەیەوە، پیرۆزبایی لێبکەن . . ئەو پێیانی گوت : " بەر لەوەی پیرۆزبایی لە من بکەن، بڕۆن پیرۆزبایی لە دایکم و لە مامۆستاکانم بکەن . . چونکە من قەرزاری ئەوانم و، ئەوان من بەم پلە و پایەیە گەیاند . . "
هەندێ لە گەلان، سەرنەکەوتن و شکستیان، یان سەرکەوتن و پێشکەوتنیان، بۆ رۆڵی مامۆستا و بۆ سیاسەتی پەروەردەیی و فێرکردن لە وڵاتەکانیاندا دەزانن .
دەوترێت مامۆستا، رابەرە، پێشەنگە، پێشەوایە، بەخشندەیە، خوشکە، برایەیە، هاوڕێیە، دڵۆزترین کەسە، بڕبڕە پشتی پەروەردە و فێرکردنە، چێنەری تۆی شادی و ێاشتی و بەختەوەری و سەرکەوتنە . . دوژمنی نەزانین و دواکەوتنە . . هەڵگری ئاڵای گەشەکردن و پێشکەوتنە . . چی بڵێین و . . چی بنووسین . . گەر بەنرخترین پاداشتێک بە مامۆستا ببەخشین . . بێگومان هاوتای رۆڵ و ئەرکی پیرۆزی مامۆستای دڵسۆز ناکەنەوە . . هەردەم قەرزاری چاکەی مامۆستاین .
لە ئەمڕۆشدا، تێگەیشتن دەربارەی پەروەردە و فێرکردن گۆڕاوە . . بەو چاوەوە لە مامۆستا دەڕوانرێت . . کە مامۆستایە و پەروەردەکاریشە پێکەوە . . کاری پەروەردە و فێرکردن . . لفانەنن و هاوبەشی هێنانەدیی هیوا و مەبەست و ئامانجەکانن . . یا بڵێین پەروەردە و فێرکردن هەردو باڵی، بنیاتنان و گەشەکردن و پێشکەوتن و رۆشنبیرین . مامۆستا پشەوای پەروەردەی نوێ و گۆڕان و داهێنانە . . لە سایەی کۆشس و رەنجی ئەمدا، دەگەینە هیوا و خەون و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلەکەمان . . ئەمانن بە بیری کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان، کوردیلەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە و ئاراستە دەکەن . . ئەمانن کە جگەرگۆشەکانمان بنیات دەنێن . . بنیاتنانی کۆشک و تەلاری قەشەنگ و باڵابەرز، گران نییە . . بەڵام بنیاتنی مرۆڤ بۆ ئایندەیەکی ئاسوودەتر و خۆشتر، کارێکی ئاسان و هەڕەمەکی نییە .
جۆن دێوی دەڵێت : " منداڵ ئەو خۆرەیە، کە هەموو دامودەزگا پەروەردەییەکان، بە دەوریدا دەسوڕێنەوە . . "
لەم روانگەیەوە، پێویستە رۆڵ و کاریگەری و هەستیاری مامۆستا، لەبەرچاو بگرین و بەرز هەڵی بسەنگێنین . . ئەو خوشک و برایانەی کە ئەم پيشەیە هەڵدەبژێرن، پێویستە لە ئاستی ئەم ئەرکە پیرۆزە و، ئەم رۆڵە هەستیارە و ئەم کاریگەرییەدا بن . . مەرج و پێویستی و بنەما سەرەکییەکانی مامۆستاییان تێدا بێت .
بەداخەوە، لە ئەمڕۆدا بەشێک لەوانەی کە بوونەتە مامۆستا . . بە بۆچوونێکی هەڵەوە روویان لە پیشەی مامۆستایی کردووە، بە لای ئەمانەوە، پیشەیەکی بێ ئەرکە و، سێ مانگ پشووی هەیە . . بەشێک لەم مامۆستایانە، دەرچووی خولە خێراکانی شەش مانگین، کە لە شارەکانی باشووری کوردستاندا کرانەوە . . بۆیە نابەڵەدیان لە بواری پەروەردە و و فێرکردن و، دەرونناسیی منداڵان و، رێبازەکانی وتنەوەی وانە و بەکارهێنانی هۆکانی روو کردنەوە پێوە دیارە . . کە ئەمەش هۆیەکە لە هۆکانی ئاستنزمیی قوتابییەکانی . . ئەمەو هەندێ لە مامۆستایان، لە رێبازە کلاسیکییە سواوەکان لایان نەداوە و، خۆشیان ماندوو ناکەن و، دوای ئەو گۆڕانکاری نوێبوونانەوە ناکەون، کە لەبواری پەروەردە و فێرکردندا هاتوونەتە ئاراوە .
بەڵام سەرەڕای نەبوونی، یا کەمبوونی، پێداویستییەکانی گەشەکردنی سەردەمیانە و، هۆیەکانی پێشکەوتنی پەروەردە، لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی کوردستاندا . . سەرەڕای باردۆخی نالەباری ئابووری مامۆستایان . . کە وەکو پێویست بە جدی ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە . . بەڵام لەگەڵ ئەمشدا، مامۆستای زۆر باش و وریا و سەرکەوتوو و هەستیار و هەڵکەوتووشمان زۆرن . . ئاستیان لە ئاستی مامۆستایان و پەروەردەکارانی وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمتر نییە . . دڵسۆزی کورد و کوردستانیشن و، بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە کایەدان و . . لە خەمی پێگەیاندنی نەوەی داهاتوومانن .
لەم سەردەمەدا، لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، ناوی مامۆستای سەرکەوتوو، زۆر دەبیستین . . لێرەدا زۆر بە کورتی و بە چڕی، باسی بەشێک لەو تایبەتمەندی و خاڵانە دەکەین، کە بنەما و پێوەری مامۆستای سەرکەوتوون :
(*) پێویستە مامۆستا، پیشەکەی خۆش بوێت و، بە جدی خزمەت بکات، هەست بە گرنگی رۆڵ و، بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی قوتابییەکانی بکات و، لە هە موو روویەکەوەش، لە ئاستی گەیاندنی پەیامە پیرۆزەکەیدا بێت .
(*) پێویستە ئەوەی لەبەرچاوبێت، کە هاوڵاتی تەندروست پێدەگەیەنێت و، فێریان دەکات . . کە ئەرکەکانیان چین و، مافەکانیشیان چین .
(*) ئەرکی مامۆستا تەنها ئەرکی پەروەردە و فێرکردن نییە، بەڵکو پێویستە لە هەموو روویەکەوە (جەستەیی، دەروونی، ئەقڵی، کۆمەڵایەتی ) قوتابییەکانی پێ بگەیەنێت .
(*) مامۆستا خۆی بە شاسواری گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن و ئاراستەکردن بزانێت و، قوتابیانیش بە گڕگڕەی کاری پەروەردەیی و فێربوون بزانێت . . چۆن نانەوا لە هەویر جوانترین کولێرە دروست دەکات . . ئەمیش لەم قوتابیانە باشترین و بەسوودترین هاوڵاتی و مرۆڤ دروست دەکات . . وەکو دەشڵین : " شانازیی، باخچەی گوڵ گەش و جوان . . بۆ باخەوانە دڵسۆزەکەی دەگەڕێتەوە . . "
(*) پێویستە مامۆستا، زۆر بە باشی و بە وردی، پلانی ساڵانە و، پلانی رۆژانەی، ئەو بابەتە دابڕێژێت کە دەیڵێتەوە . . بەداخەوە، هەندێ مامۆستا، بایەخێکی ئەوتۆ بە پلانی ساڵانە و رۆژانە نادەن . . یان هەر بۆ رازیکردنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، بە نابەدڵی، لاپەڕەیەک شەش حەوت تەقەڵە دەکەن . . لە راستیدا کۆڵەکەیەکی مامۆستای سەرکەوتوو . داڕشتنێکی باش و هەنگاورێکی پلانی ساڵانە و رۆژانەیە .
(*) پێوستە مامۆستا، پێش چوونە پۆلەوە، زۆر بە باشی وانەکەی ئامادەکردووبێ و، ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرای هەر پرسیارێک بێت، کە قوتابییەکانی لێی بکەن . . گەر بە باشی خۆی ئامادە نەکردووبێت، لەوانەیە شپرزە بێت و تێبکەویت . . دووچاری شەرمەزاری بێت لە بەردەم قوتابییەکانیدا . . ئەمەش خاڵێکی لاواز و شکستییەتی .
(*) پێویستە مامۆستا، ئاگاداری هەموو گۆڕانێکی نوێی سەردەم بێت، لە بواری پەروەردە و فێرکردندا . . ئەو گۆڕانکاری و تازەگەرییانە بۆ قوتابییەکانی بگوازێتەوە .
(*) پێویستە مامۆستا، هۆیەکانی فێرکردن لە پۆلدا بەکار بهێنێت، چونکە هۆیەکانی فێرکردن، هۆی ئاسانکاری فێربوون و کورترکردنەوەی کاتن . . مەرجیش نییە هۆیەکانی فێرکردن تەنها مادی بن . . دەشێ چیرۆکێک بێت . . هەندێ شتی دەرەوەی پۆل بن . . یا سەردانی کارگەیەک، پارکێک . . هتد . مامۆستای لێهاتوو دەزانێت چ جۆرە هۆیەکی فێرکردن و روونکردنەوە، لەگەڵ وانەکەیدا دەگونجێن .
(*) پێویستە مامۆستا، خاوەنی کەسایەتییەکی سەرکەوتوو بێت . . ئەم کەسایەتییەش بەوە نییە، کە قوتابییەکان لێی بترسن و، لە ترسا رێزی بگرن . . بە پێچەوانەوە پێویستە خۆی لە دڵی قوتابیاندا شیرین بکات و بچێتە دڵیانەوە . . پردێکی رێز و خۆشەویستی لە لە نێوان خۆی قوتابییەکانیدا دروست بکات . . نەک هەر لە ناو پۆل و قوتابخانەدا، بەڵکو لە دەروەی قوتابخانەشدا .
(*) پێویستە مامۆستا، چ ئافرەت چ پیاو، بە قڵافەت و جلوبەرگێکی جوانەوە . . لە بەردەم قوتابییەکانیاندا دەرکەون، خویان جوان رێکخستووبێت و تیف تیفەی خۆیان، دابێت . . نابێت بە جلی چڵکن و ژاکاوەوە دەرکەون، دیمەنی جوان سەرنج رادەکێشێت .
(*) نابێت قژ و ريشی پیاوان و، نینۆکی ژنان درێژبن . . نەباکە قوتابییەکانیان چاویان لێبکەن . . پێویستە مامۆستا، نموونە و پێشەنگ بێت بۆ قوتابییەکانی .
(*) پێویستە زمانی دواندن و راڤەکردنی مامۆستا، رەوان و پەتی و ئاسان و، بێگرێ بێت، شارەزایەکی باشی زمانی کوردی هەبێت و، بە شیرینی و بە نەرمی بدوێت، رەچاوی قۆناغەکانی هەراش بوون و گەشەکردنی زمانی منداڵانیش بکات .
(*) پێویست مامۆستا، سۆز و خۆشەویستییەکی دایکانە و باوکانەی بۆ قوتابییەکانی هەبێت، لەسەرخۆ و ئارام بێت و، دڵرەق نەبێت . . بە توندوتیژی رەفتار نەکات و . . هەرگیز لە قوتانەبێ نەدات . . ئەگەر چاری نەما، دەتوانێت کەمێک تووڕە بێت، یان شیوازێکی سیاسی و دیبلۆماسی، لەگەڵ قوتابیی سەرپێچیکەر بەکار بهێنێت .
(*) پێویستە مامۆستا، وشک نەبێت و، رووی خۆش و گەش و لێو بە خەندە بێت، چونکە کەس حەز لە چارەی ترش و دەموچاوی لۆچ ناکات . . بە تایبەتیش مامۆستا .
(*) نابێت بە هیچ کلۆجێک مامۆستا، وشەی زەق و رەق و، ناشایستە بە قوتابییەکانی بڵێت، یا جوێنیان پێ بدات . . چونکە هەستی قوتابیەکە بریندار دەکات و، ئازاری هەست و دەروونی دەدات . . ( ئازاری قسەی ناخۆش لە ئازاری لێدان بە ئازارترە . . )
(*) پێویستە مامۆستا، بە دەنگێکی مامناوەندی وانەکەی بڵێتەوە، پیت و وشەکان بە رێکی دەربڕێت . . لە کاتی راڤەکردندا، بە زۆری رووی لە قوتابییەکان بێت و سەیری هەموو لایەکی پۆلەکەی بکات .
(*) باشتر وایە مامۆستا لە پۆلدا دانەنیشێت و، لە شوێنێکیشدا نەوەستێت . . ناشبی جیڕەی یا تەقەی پێڵاوەکانی بێت . . بۆنێ تیژ لە خۆی نەدات و میکیاجی زەق نەکات .
(*) پێویستە مامۆستا رەچاوی جیاوازی لە نێوان ئاست و توانای قوتابییەکانی بکات .
(*) پێویستە مامۆستا، رەچاوی قوتابیانی خاوەن پێویستە تایبەتییەکان بکات، بەپێی توانایان، لە چالاکییەکانی پۆل و قوتابخانەدا، بەشداریان بکات و پشتگوێیان نەخات.
(*) پێویستە مامۆستا، ئەو قوتابیانەی مەودای بینینیان کزە . . بیان هێنێتە پێشەوە .
(*) پێویستە مامۆستا، ویژدان ئاسوودە و دادپەروەربێت، لە نێوان قوتابییەکاندا جیاوازی نەکات . . بە چاوی یەکسانییەوە لێیان بڕوانێت . . ئەگەر منداڵی خۆی یا برا و خوشکی لە هەمان پۆل و قوتابخانەکەیدا بن . . نابێت تایبەتمەندیان پێ بدەن و، لە قوتابییەکانی تر جیایان بکەنەوە . . گەلێ جار ئەم جیاوازییەم بەچاوی خۆم بینیوە .
(*) پێویستە مامۆستا، قوتابییەکانی بە سۆز و بە خۆشەویسی بۆ کورد و کوردستان گۆش و پەروەردە بکات، دوور لە دەمارگیری . ئەمەش ئەرکێکی پیرۆزی مامۆستایە.
(*) مامۆستا خاوەنی هەچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی بێت . . کە چووە پۆلەوە، پێویستە ئەوە لەبیر بکات سەر بە لایەنێکی سیاسییە . . نابێت رەنگدانەوەی لە کارەکەیدا هەبێت.
(*) پێویست هیمنی و ئارامی پۆلەکەی بپارێزێت و . . بواری گەرەلاوژێ نەدات .
(*) پێویستە مامۆستا، خوێنەرێکی باش و رۆشنبیرێکی باشیش بێت، بابەتی هەمەجۆرە بخوێنێتە . . زیاتریش لە بارەی پسپۆری خۆیەوە بخوێنێتەوە .
(*) پێویستە وشەی هاندان زۆر بەکار بهێنێت، وەکو : ئافەرین، باشە، زۆر باشە، نایابە، بژی، دەستخۆش، هیوای داهاتووەیەکی باشت بۆ دەخوازم، . . . هتد .
(*) نابێت مامۆستا، لە پۆلدا، لەبەرچاوی قوتابییەکانی جگەرە بکێشێت .
(*) پێویستە مامۆستا، بە فیز و لووت بەرز نەبێت و، خۆی بە گەورە نەزانێت .
(*) پێویستە کردارەکانی مامۆستا . . بە پێچەوانەی قسەکانییەوە نەبن .
(*) پێویستە مامۆستا، زۆر دڵنیابێت، لەو زانست و زانیارییانەی بە قوتابییەکانی دەگەیەنێت . . چونکە هەر هەڵەیەک بکات، راستکردنەوە ئاسان نابێت .
(*) پێویستە مامۆستا، بڕوای بە خۆێ هەبێت و، بڕواش بە کەسانی تر بکات .
(*) پێویستە گوێ لەو رەخنانە بگرێت لێی دەگرن و، هەڵەکانی راست بکاتەوە .
(*) پێویست لە قوتابخانە دوانەکەویت و، کاتی بەلاوە گرنگ و بەنرخ بێت .
(*) پێویستە تایبەتمەندی و نهێنییەکانی قوتابییەکانی بپارێزێت و، نەیان درکێنێت .
(*) پێویستە لە گەڵ خێزانی قوتابییەکانیدا، پەیوەندیی هەبێت و هاوکاری یەکتربن .
(*) پێویستە بەشداریی، خۆشی و ناخۆشییەکانی قوتابییەکانی بکات .
(*) پێویستە بەشداریی، بۆنە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان بکات .
(*) پێویستە مامۆستا، بەشداریی گەشتەکان و، هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و، وەرزشییەکان و، هونەرییەکانی قوتابخانەکەی بکات و، رۆڵی هەبێت .
(*) پێویست پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێ مامۆستاکانی قوتابخانەکەیدا باش بێت و، رێز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبێت و، هاوکاری و یارمەتیی یەکتری بکەن .
(*) پێویست لەگەڵ بەڕێوبەر و جێگرەکانی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی پەیوەندیی باش بێت و . . هەر کارێکی گۆنجاوی پێ بسپێرن، جێبەجێی بکات .
(*) پێویستە پەیوەندی و، هاوکاریی لەگەڵ تۆژەری پەروەردەیی و دەروونناسی و، سەرپەرشتیاری قوتابخانەکەیدا هەبێت . . بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابییەکانی .
(*) پێویستە زیاد لە پێویست درێژە بە بابەتی وانەکەی نەدات . . ئەو پرسیارانەش کە دەیپرسێت . . لە هەموو قوتابییەکانی بکات و، کەسیان پەراوێز نەکات .
(*) لە نومرە داناندا، بە ویژدان و بە بزەیی بێت و . . ستەم لە هیچ قوتابییەک نەکات .
(*) پەیوەندیی هاوڕێتی لەگەڵ قوتابییەکانیدا و، گوێگرتن لە راز و نیازیان، بە شەرم وشوورەیی و نەفس نزمی نەزانێت . . هەوڵبدات کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات .
(*) پیۆیستە مامۆستا، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بێت و، لەگەڵ هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی گەلەکەماندا، پەیوەندییەکی باش هەبێت .
(*) پیویستە لەو خول و کۆرسانەدا بەشداری بکات . . کە بە مەبەستی شارەزایی و زانیاری نوێی پەروەردەیی و فێرکردن دەکرێنەوە . . شتی تازەیان لێوە فێردەبێت .
(*) پێویستە مامۆستا، لە نەریت و کولتوور و بەها جوانەکانی نەتەوەکەمان لانەدات . . قوتابییەکانی بەو نەریت و بەها جوانانەمان ئاشنا بکات .
(*) پێویستە مامۆستا، رێز لە یاساکانی کورستان بگرێت .
(*) پێویستە ئازایەتی ئەدەبیی هەبێت و . . بتوانێت لە کۆر و سیمینار و کۆنفرانس و لە بەردەم خەڵکیدا، بەبێ ترس و خۆپەشۆکان قسە بکات و وتە پێشکەش بکات .
(*) لە کۆنفرانسەکانی باوکان ـ دایکان و مامۆستاکاندا ـ بەشداری بکات و، را و سەرنج و پێشنیارەکانی بە راشکاوی دەربڕێت .
(*) کە قوتابییەکی نەهاتووە بۆ قوتابخانە، پێویستە مامۆستا، بپرسێت و هۆی نەهاتنی قوتابییەکەی بزانێت . . ئەگەر نەخۆش بوو یا شتێکی تری بێت . . هەواڵی بپرسێت .
(*) پێویستە مامۆستا، ئاگاداری داهێنانەکان و تەکنۆلۆژیای تازە و پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان بێت . . بە تایبەتیش لە بوارەکانی پەروەردە وفێرکردندا .
(*) پێویستە مامۆستا سەردەمییانە بێت و، ئەوە بزانێت کە منداڵانی ئەمڕۆمان . . زیرەکتر و زۆرزانتر و چاوکراوەتر و بەختەوەرترن، لە نەوەکانی پێشووترمان . . منداڵانی ئەمڕۆمان، نەوەی ئینتەرنێت و جورەها بابەتی سەیر و سەمەەی تەکنۆلۆژیای تازەن . . پێویستە ما ۆستاش لە ئاستی زۆرزانی و بلیمەتیی قوتابییەکانیدا بێت . . ئەگینا رووبەرووی شەرمەزاری دەبێتەوە .
(*) نابێت مامۆستا ئەرکێکی زۆری ماڵەوە بە قوتابییەکانی بدات و . بێزاریان بکات .
(*) پێویستە مامۆستا، ببێت بە ئەندام لە سەندیکای مامۆستایانی کوردستاندا و، رۆڵی لە چالاکییەکانیدا هەبێت . . لە ڕێی سەندیکاکەیەوە، مافەکانی بەدەست بهێنیت .
(*) پێویستە مامۆستا، خاوەن باوەڕ و بڕوا بێت . . راستگۆ و نەگۆڕ بێت و . . ماستاو بۆ کەس سارد نەکات . . بەرژەوەندی گشتیی لە بەرژەوەندی تایبەتی لا لەپێشتر بێت .
ئەم هۆنراوەیەی دانانی خۆم . . پێشکەش بە مامۆستایانی دڵسۆز و سەرکەوتوو دەکەم
مامۆسـتا
مامۆســـــــــتا گیـــــان تا مـــــــــــاوم
چـــــــــاکەت وا لەبــــەر چـــــــــــاوم
تـۆی رابــــــــــــەری دڵســــــــۆزمان
بـەرەو هيـــــــــیوای پیــــــــــرۆزمان
هـــانت دایـــــــن کوردپــــــەروەر بین
دلێـــــــــــر و کۆڵنـــــــــــــــنەدەر بین
بۆ رزگـــــــــــاری کوردســـــــــــــتان
تێ بکۆشـــــــــین بێ وچــــــــــــــــان
بە زانــــــــــست و زانیــــــــــــــــاری
بە یەکبــــــــوون و هاوکــــــــــــــاری
لە پـاڵ هێـــــــــــزی مەچەکمـــــــــان
پێنــــــووس بکەین بە چەکمــــــــــان
مامۆســــــــــــتا تـۆ شــــــــــــــــایانی
پاداشـــــــــــت و گوڵبــــــــــــــــارانی
بـــــــــــــــزانیت یا نــــــــــــــــەزانیت
مامۆســــــــــــــــــتا لە دڵمـــــــــــانیت
کەرکوک : ١٩٨٥
رەزا شوان / نەرویج : ٢٢/ ١١/ ٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.