ڕاپۆرتی ئه‌وروپا، ژماره (227) ی 7 / ئۆکتۆبه‌ر/ 2013. له‌لایه‌ن (International Crises Group)وه.
*( گورگه‌کان ئاماژه‌یه بۆ بزافی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورک که خۆیان به گورگ ناوزه‌ند کردووه، چوون له ئه‌فسانه‌ی تورکیدا گورک ره‌مزی شه‌ره‌فمه‌ندییه. – وه‌رگێر-)
گفتۆگۆیه‌کانی نێوان حکومه‌تی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) له‌وه‌تی له ئاخیروئۆخری (2012) وه که ده‌ستیپێکردوه، هه‌ر ته‌راتێن ده‌کات. ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی له (23ی ئاداری 2013) ڕاگه‌ێندرا له ته‌له‌زگه‌ی دۆخێکی ترسناک دایه. چوون هه‌ر دوو لا گوتاری ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژییان ده‌ستپێکردۆته‌وه. له کاتێکدا که ده‌بێ (PKK) هه‌نگاوی جددی هه‌ڵینێ تا ئه‌نقه‌ره ئیقناع بکات که خواستیاری ئاشتواییه و حکومه‌تیش به‌رپرسیاریه‌تی مه‌زنی له ئه‌ستۆدایه بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئه‌و زوڵمه درێژخایه‌نه‌ی له داوا دیموکراتییه‌کانی کوردی تورکیای کردوه. هۆکاری دڵه‌ڕاوکێی هه‌میشه‌یی حکومه‌تی تورکیا له چاکسازییدا، په‌رچه‌کرداری تورکه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانه. له ڕاستیدا پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی سه‌لماندی که شه‌قامی تو‌رکی چه‌نده ئاره‌زومه‌ندی هه‌نگاوه‌کانن به‌ره‌و به دیموکراتی کردنی تورکیا.
مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌تر که ڕووبه‌ڕووی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانره‌وا (AKP) ه ده‌بێته‌وه - که سه‌رۆکایه‌تی خوولی دوو ساڵ هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌که و سه‌رۆکایه‌تی و به‌رله‌مان ده‌کات - ئه‌وه‌یه که دیسان وڵات نغرۆی ئه‌و شه‌ڕوکوشتارو توندوتیژیه ببێته‌وه که سێ ده‌یه‌یه به‌رده‌وامی هه‌یه.
گه‌رچی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی نیشتمانی، له نێویشیاندا پارتی کۆماری گه‌ل(MHP) ه‌و پارتی بزافی نه‌ته‌وه په‌رست (CHP) ه به توندی دژی ئه‌و گفتۆگۆیانه‌ن، وه‌لێ زۆرینه‌ی جه‌ماوه چاره‌سه‌ره‌کانیان پێ قبوڵه و که‌مینه‌ێکی بچووک نه‌بێ که نه‌ختێ له حکومه‌تی(AKP) ه توڕه‌ن، چونکه هێندێ ئاماژه‌ی سیاسی به‌ڕووی کورده‌کان نێشانداوه، وه‌ک: دامه‌زراندنی که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی و به‌یاساکردنی کۆڕسی تایبه‌تی بۆ زمانی کوردی و کردنه‌وه‌ی پۆلی ئیختیاری له خوێندنگه‌کان و نویترین هه‌نگاویشی ڕێگه‌دان به خوێندن به زمانی کوردی له خوێندنگه‌ی تایبه‌تیدا. نێردراوه‌کانی حکومه‌ت که به هه‌رچوار ئیقلیمی تورکیادا گه‌ڕان، ڕاپۆرتی ئه‌وه‌یان به‌رزکرده‌وه که تێڕوانین و ده‌رکپیکردن و ئاماده‌گی جه‌ماوه‌ر بۆ پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی گۆڕانکاری به‌سه‌ر داهاتووه.
به‌ڵام نه‌ته‌وه‌په‌رسته رقه‌به‌ره‌کانی حکومه‌ت، که له دێرینه‌وه دژی داواکاری کورده‌کانن، به شێوه‌ێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو له مانگی ئایاردا که‌وتنه پرۆتێستکردن له رۆژئاوای تورکیا دژی هاوکاری کردنی کورده‌کان.
ئه‌وه‌ی که جێگای سه‌رنجه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌روک وه‌زیران، پتر مه‌یلی به‌لای به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانه، هه‌رچه‌نده وا خۆی نیشانده‌دا که بیرۆبۆچوونی کورده‌کانیشی له به‌رچاو گرتووه. ئه‌و شه‌رمنانه خۆی له چاکسازییه ساروسوڕه‌که‌ی دزیه‌وه، که بریتی بوو له دابه‌زاندنی رێژه‌ی ته‌رخانکردن له %10، له هه‌ڵبژاردنی نیشتمانی، بۆ پارته‌کان بێت تا بتوانن به‌شداری له به‌رله‌ماندا بکه‌ن. ئه‌مه‌یش حه‌قێکی ڕه‌وای به بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد ده‌دا، هه‌رچه‌نده ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، به ئاره‌قه‌ی نێوچه‌وانی خۆیان (6-7) له سه‌تی ده‌نگه نیشتمانیه‌کان بۆخۆیان وه‌ده‌ست دێنن.
پلانی خوێندن به زمانی دایک له خوێندنگه تایبه‌تییه‌کاندا، هه‌نگاوێکی دڵخۆشکه‌ر بوو، هه‌رچه‌نده حکومه‌ت خوێندنی سه‌رتاسه‌ری و خزمه‌تگوزاری به کوردان ڕه‌وا نابینێت، له کاتێکدا ئه‌وه مه‌تله‌بێکی سه‌ره‌کی ئه‌وانه - که به‌شێکن به رێژه‌ی له ( % 12 -15) له پێکهاته‌ی دانیشتوانی تورکیا.
له لایه‌کی تریش حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆگان شکستی له داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوردا هێنا، بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌ر به‌ندێکی ره‌گزپه‌رستی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌بێت. بۆ سۆدره‌ی سه‌رانیش ده‌رباره‌ی یاسای دژه تیڕۆڕ که ره‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ره نوقه‌ی لێوه‌نه‌هات و به‌وه ناوه‌وه هه‌زاران چالاکه‌وانی وا بۆ پتر له چوار ساڵه له زیندانه‌کانیدا ده‌ستبه‌سه‌ر کردووه.
ده‌زگاکانی چاودێری و ره‌خنه‌گرتن چه‌ند ڕاڤه‌ێکیان بۆ له‌کارکه‌وتنی ئه‌وه گفتوگۆیانه کردوه: هه‌یه ده‌ڵێت (PKK) نه‌یتوانیوه ته‌واوی چه‌کداره‌کانی بکێشیته‌وه ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و چه‌کیان بکات، له ناوه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی سنووری وڵاتیش وروژاندن و پڕۆتێستکردن له ناوچه‌که‌دا بوونی هه‌یه. له‌سه‌روی هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه، ڕایه‌ک هه‌یه که ده‌ڵێت، ده‌نگده‌ری تورک سزای هه‌ر حکومه‌تێک ده‌دات که به نیازی چاکسازییه‌وه روو له کورده‌کان بنێت.
ڕاسته، ترسێکی گه‌وره دڵی هێندێک له تورکه‌کانی داخورپاندووه، که گفتوگۆکردن له گه‌ڵ (PKK) ه واده‌کات ئه‌وان زێده‌ڕه‌وی له داوا و مافه‌کانیاندا بکه‌ن وئه‌مه‌یش ڕێگه خۆشکه‌ر بێت بۆ جیا بوونه‌وه له ده‌وڵه‌تی تورک. هه‌شه له‌وه ده‌ترسێت وڵات شوناسنامه‌ی تو‌رکی خۆی له‌ده‌ست بدات. بۆیه جۆره بێزاری و جاڕسبوونێک له نێو جه‌ماوه‌ری تورک‌دا هه‌یه که حکومه‌ت ته‌نازول بۆ کورده‌کان ده‌کات. چونکه عه‌یامێکه ئه‌وان هه‌ر به تیڕۆریست و خائین ناوزه‌ند کراون و هونه‌رو ته‌کتیکی تیرۆریان ئه‌نجامداوه. به‌ڵام ئه‌وان، نه‌که‌م و نه زۆر، ئاماژه به‌و ڕاستییانه ناکه‌ن که خودی کورده‌کان بێحه‌د زه‌ره‌رو زیانێکی زۆریان پێگه‌یشتووه و ماڵ وحاڵیان لێکاولکراوه و مافه‌کانیان پێشێلکراوه.
به هه‌رحاڵ، ئێستا زۆرینه‌ی کورده‌کان داواده‌که‌ن کێشه‌کانیان له چوارچیوه‌ی تورکێدا چاره‌سه‌ر بکرێت. بۆیه پێویسته سه‌رۆکه‌کانی (PKK) ه و بزوتنه‌وه‌ی کوردی، له نێویشیاندا پارتی ئاشتی کورد و پارتی دیموکرات (BDP) واز له په‌نجه ڕاوه‌شاندن و هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه بێن که ده‌بێته مایه‌ی ترس وتۆقانی تورکه‌کان له به‌رپابوونه‌وه‌ی شه‌ڕوشۆرو له‌ت له‌ت بوونی وڵات. ده‌بێ ئه‌وان شان به شان بۆ ڕیکخسوتنه‌وه‌ی ماڵی تورکیا و ناوه‌چه‌کای خۆیان به‌شداری بکه‌ن و کاری بۆ بکه‌ن . تا نیشانی بده‌ن که ئه‌وان گه‌ره‌کیانه له گه‌ل تورکه‌کان، که مێژووێکی هاوبه‌شیان هه‌یه، به‌یه‌که‌وه بژین. جا تا ته‌کان و هه‌ڵێکی تر به‌م پڕۆسه‌یه بدرێت ده‌بێ (PKK)ه به‌رده‌وام بیت له پابه‌ند بوون به ئاگربه‌ست و ده‌ستکردنه‌وه به کێشانه‌وه‌ی هیزه‌کانی. له هه‌مان کاتیش‌دا. به‌رپرسانی تورکیش ده‌بی ملکه‌چی چاکسازی دیموکراسی بن، یه‌کێک له‌م چاکسازییانه‌ش داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستۆرێکی نۆێ و نه‌هێشتنی ره‌گه‌زپه‌رستییه. ده‌ستووری نوێ ده‌تو‌انی هاوسه‌نگی سروشتی نێوان نه‌ته‌وه‌ی تورک و هه‌موو پێکهاته‌کانی تری وڵای ڕاگریت و ڕیبدات بێ فه‌رق و جیاوازی زمانی دایک له خوێندنگه و بواره‌کانی تری ژیاندا به‌کار بێت. چاکسازییه‌کان ئه‌وه ده‌خوازێت که بونیاتی نوی تورکیا به‌ره لامه‌رکه‌زیه‌ت بچێت و یاسای دژه تیڕۆر بگۆڕیت و پانتای به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا فراوانتر بکرێت. له‌سه‌ر سه‌رکرده‌کانی حکومه‌ت پێویسته بۆ هاولاتی گرینگی ئاشته‌وایی و خراپی نه‌ته‌وه‌په‌رستی روونبکه‌نه‌وه‌و چیتر بزوتنه‌وه‌ی کورده‌کان زامدارو سووک وڕسوا نه‌که‌ن له پێناو به‌ده‌ست هێنانی چه‌ند ده‌نگێکی نته‌وه‌په‌رستی تورک.
له لاێکی تر، به‌هیچ کڵۆجێ، نابیت حکومه‌تی تورکیا چاکسازییه‌کانی به گفتوگۆکردن له گه‌ڵ (PKK)ه ببه‌ستێته‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تێکه بۆ چاکسازی دیموکراسی و وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌کان و فێربوونی ژیانی سیاسی بۆ هه‌مووان له‌سه‌رتاسه‌ری تورکیادا. له کۆتایشدا جۆره متمانه‌یه‌ک ده‌به‌خشێت که ده‌بێ شه‌روکوشتاری سی ساله‌ی ڕابردوو که (30000) که‌سی تێدا کوژراوه و زه‌ره‌روزیانێکی یه‌کجار گه‌وره به ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری سیاسی وڵات گه‌یاندوه.
ڕاسپارده‌کان بۆ حکومه‌تی تورکیا:
یه‌که‌م : پابه‌ند بوون به به‌دواچوون بۆ چاکسازی دیموکراتی بۆ سرینه‌وه‌ی زوڵم وزۆری سه‌ر کورده‌کان، ئه‌مه‌یش به شێوه‌ێکی راسته‌وخۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی ببه‌سترێته‌وه به گفتوگۆکردن له گه‌ڵ (PKK) ه‌و سه‌رکرده به‌ندکراوه‌که‌ی. ئه‌مه‌یش له ڕێی ئه‌م خاڵانه‌وی خواره‌وه ئه‌نجام ده‌درێت:
ا. پابه‌ند بوون به به‌کار هێنانی زمانی دایک و گرینگی دان به به‌هایه‌کانی. لێکۆڵینه‌وه‌کانی جیهان سه‌لماندویانه پابه‌ند نه‌بوون به‌م خاڵه زه‌ره‌ر له پێشکه‌وتینی وڵات ده‌دات.
ب. زامنکردنی پێناسه‌ی ناسنامه‌ی تو‌رکی له ده‌ستوری نوێ‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای تاک ره‌گه‌زی و نه‌ته‌وه و زمان و ئایین.
ج. گفتوگۆکردن له پێناو بونیاتنانی حکومه‌تی لۆکا‌ڵی بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ناوچه‌کان، له نێویشیاندا خوێندن و پۆلیس و بوجه‌و. . . هتد.
د. دابه‌زاندنی ڕیژه‌ی %10 ده‌روازه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ %5 وه‌کو یه‌کیتی ئه‌وروپا، تا بزوتنه‌وی کوردی بتوانێ دادپه‌روه‌رانه به‌شداری له به‌رله‌مانی تورکیادا بکات.
دووه‌م: به‌کارهێنانی زمانی کوردی بۆ ناساندی کورده‌کان و رێگه خۆشکردن بۆ به دیموکراتیزه‌کردنی وڵات و ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترسی کورده‌کان که حکومه‌ت نیازی پاکه له چاکسازییدا.
سێیه‌م:پاکنووسکردنی پرۆگرامی خوێندن و سیستمی خوێندن به ئاماژه‌دان به مێژووی هاوبه‌شی تورک و کورد و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به زانیاری که‌لتووری و مێژووی نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌ی میزۆپۆتینیا.
ڕاسپارده‌کان بۆ بزووتنه‌وی کورد له تورکیا:
چواره‌م: پابه‌ند بوون به ئاگربه‌ست و کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی تورکیا.
پێنجه‌م: ئاشکراکردنی ئامانجه‌کانی چه‌کداماڵین و ته‌سریحکردن و تێکه‌ڵ بوونه‌وه له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌دا هیچ زیانێکی بۆ دیموکراسی نییه‌و ڕیگره له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌روشۆر.
شه‌شه‌م: ده‌ستهه‌ڵگرتن له دروستکردنی ته‌شکیلاتی ناوچه‌گه‌ری وه‌ک (یه‌که‌ی یاسای گشتی) و ته‌شکیلاته‌کانی تری میلیشیا یی که له بازگه‌کان و رێگاوبابان وجودیان هه‌یه.
حه‌وته‌م:رێکخستنی گوتار و ده‌ستنیشانکردنی یه‌ک وته‌بێژ بۆ هه‌ر هه‌موو رێکخراوه‌کان.
هه‌شته‌م: دڵنیاکردنی تورکه‌کان که پڕۆسه‌ی چاکسازی بۆ کوردان خێر‌و خۆشی تورکانی تێدایه و مووژده‌ی دیموکراتی بۆ تورکیا پێیه.
نۆیه‌م: ده‌ست نیشانکردن و ڕاڤه‌کردنی ده‌سته‌واژه‌ی ( حکومه‌تی لامه‌رکه‌زی) بۆ ڕای گشتی.
ئه‌سته‌مبوڵ / برۆکسل 7 / ئۆکتۆبه‌ری 2013.
سه‌رچاوه:
www. crisisgroup. org/ europe/turkey/227-crying-wolf-why-turkish-fears-need-not-block-kurdish-reform. aspx
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
