جـەمـاوەری دەڤـەری (کۆیـە) ئـەمجـارەش ئێـوە فـت ! ...فـازیـل شـەوڕۆ
دەڤەری شاری کۆیە، کە خاوەن پێگەیەكی جیۆگرافی گرنگە لەسەر ئاستی كوردستاندا و رووبەرەكەی (2050) كم چوارگۆشەیەو(5) ناحیە، بە (112) گوندو شارەدێ لە خۆ دەگرێ و ئەوە جگە لە گوندەکانی دەوری شار، بە درێژایی مێژووی ئەم سەردەمە، وەک شارەکانی تری کوردستان، هەمیشە قەڵایەکی سەخت و شاخێکی بەرزی خۆڕاگری تێکۆشان و خەبات و شۆرش بووە، لێرەدا باسی پێگەی دیاریی رۆشنبیری وئەدەبی و کەلتووری و ئابوری و گەشتوگوزاری ناکەین.شاری کۆیە هێندەی خزمەتی بە کوردستان و کاروانی کوردایەتی کردوە، تا – وەک یەکێک لە تێکۆشەرەکانی شارەکە دەڵێی – شایستەی ئەوەیە بکرێ بە ( پایتەختی کوردایەتی).
هەرگیزاو هەرگیز پایەو مەقامی شارو گوندەکانی تر کوردستان فەرامۆش ناکەین و ئەو پەڕی قەدرزانی و میهرمان بۆیان هەیە، قەت شاری کۆیە تەفزیل ناکەین بەسەر هیچ بستە خاکێکی تری ئەم نیشتمانە جوانە، وەلێ ماف و حەقی خۆمانە کە داوا لە حکومەتی هەریمی کوردستان بکەین، کە بە چاوێکی دادپەروەرانەو بە ئینسافەوە ئاوڕێک لەم شارە ستەم دیدە بداتەوە.
وا پرۆژەی بوجەی ئەمساڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاوتوێکردن و شەن و کەو دایە و هێندەی نەماوە رەشنووسی کۆتای تەواو بێ.بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەست دایە، بۆ دەڤەری کۆیی بە هەموو شارەکەو ناحیەو گوندەکانەوە، تەنیا ( 13 ) ملیار دیناری عیراقی بۆ تەرخانکراوە.لە کاتێکدا تەنیا بۆ گەرەکی ( عێنکاوە) ( 30 ) ملیار دیناری عیراقی تەرخان کراوە.ئێمە دەپرسین بە چ حەق و تەرازوو، ویژدانێک ئەم بوجەیە وا دابەشکراوە؟ ئێمە نامانەوی یەک دینار لە هیچ گوندێک کەم بکرێتەوەوە، بەڵام مافی خۆمانە بپرسین، بۆ بەردێژای تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان غەدر لەم شارە دەکرێ؟ با بێن لێژنەیەکی بێلایەن دانێن بزانن .چ شارێک، وەکۆ کۆیە ئەم جۆرە شەقام و جادەو بازارو باغ و باغاتە خراپ و ناهەمواری هەیە؟ فەرقی کۆیەو (کەلارو چەمچەماڵ و کفری ) چییە، لە گەڵ هەموو رێزو ئیحترامان بۆ ئەو شارانە، کە ئەوانیش، خۆمان ئاسا مەغدورن؟
ئەم مشتە بوجە کەمەی بۆ دەڤەری کۆیی تەرخانکراوە تەنیاو تەنیا، بە بەرپرسییارەوە دەڵێن، بای قیرتاوکردن و چاککردنی شەقامەکانی ناکات.لێرەدا من وەک هاوڵاتییەک داوا لە خەڵکانی ئەم دەڤەرە دەکەم، کە لە رێگای نوێنەرەکانمان لە بەرلەمانی کوردستان و بە ورژاندنی میدیایەکان بە شێوەیەکی سەردەمانە و شارستانییانە، هەوڵ بدەن رێژەی ئەم بەشە بوجەیی بۆمان تەرخانکراوە زیاد بکرێ، بە ئاستێک لە گەڵ ژمارەی دانیشتوان و رووبەرو داپێویستیەکانمان – تا ڕادەی ما قوول – بگونجێ.دەنا ئەگەر هەر ئەو بڕە پارەیە بێ کە وا بۆیان تەرخان کردوین ئەوا دەڵێـم: دیسان ...جـەمـاوەری دەڤـەری کۆیـە ئـەمساڵیش ئێـوە فـت!
Facebook: fazil shawro
Email:
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
