گـەر دەسـەڵاتـم هـەبـوایە لـە رۆژی (١٦ / ٣) چـێمدەکرد؟ ...فـازیـل شـەورۆ - دبلن -

گـەر دەسـەڵاتـم هـەبـوایە لـە رۆژی (١٦ / ٣) چـێمدەکرد؟ ...فـازیـل شـەورۆ - دبلن -

      دیارە قەدەری کوردە کە هەمیشە رۆژانی خۆشیی ئەوان بە کلچوکی مەرگەساتی گەورە و شانەی کارەساتی جەرگبڕ ئاریشتبکرێ و ئاوازو نەغمەی سەما و هەڵپەرکانیان تێکەڵی سەردولکەو شین وشەپور بێ، هاتنی چەژنی نەورۆزیشمان نموویەکی بەرچاوی ئەم راستییەیە! سەیرکەن یادە چاوبەخەمەکەی هەڵەبجەی شەهید دەکەوێتە نێوچەقی رووداوەکان : سەرەتای ڕاپەڕین و وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی و لە دایک بوونی بارزانی نەمرو و هاتنی چەژنی نەورۆز و ئازادکردنی کەرکوک و کۆچڕەووە مەزنەکەی کوردان...! بۆیە لە جێگای خۆیەتی کە کارەساتی هەڵەبجەی شەهید بە شێوەیەک یاد بکرێتەوە کە شایستەی مەزنیی و پیرۆزی رۆحە بەرزەفرەکانی ئەو رۆژە بێ.گەر دەسەڵاتم هەبوایە بۆ پیرۆز ڕاگرتنی ئەو یادە ئەوا بۆ ئەوەی زۆرترین ئاپورەی جەماوەر بەشداری تاسەو خەمی ئەو رۆژە بێ نەمدەهێشت رۆژی (١٦ / ٣) بکرێت بە رۆژی پشووی فەرمی.ئێستا نزیکەی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی کوردستانی باشوور ئەوانەن کە دوای ساڵی (١٩٨٨) لە دایک بوون و لە کوردستانی ئازادا چاویان هەڵێناوە، جا تا وەک قیرو بنێشت ئەو یادە لە مێشک و سینەیاندا بچەسپێ، دەبێ ئەو رۆژە وەک خۆی زیندوو بکرێتەوەو ژانەکانی ببن بە ژان گەل و هەناسەکانی ببن بە هەناسەی مێژوو.دەبێ دوای خۆ ئامادەکردن و بەرنامە داڕشتن و رێکخستنی تەدارەک بە شێوەیەکی کوردەواری بێ میکیاژ و تەسەنوع، لە گۆڕەپانی هەموو خوێندنگە و پەیمانگەو زانکۆ و دام ودەزگاکانی حکومەت و مزگەوت و کەلێسەکاندا، سەرلەبەیانی،  بەرنامەو نامیشی ریک و پێک پێشکەش بکرێت، بە بەشداری ئەو کەسانەی کە شایەتحاڵی رووداوەکە بوون، بە گێرانەوەی سەربوردەی چۆنیەتی شەهید کردنی ئەو شارە، مەرج نییە ئەو کەسە خەڵکی شاری هەڵەبجە بێ .با باسی رۆژگاری رووداوەکەو چونیەتی بیستنی خەبەرو کاردانەوەکانی بکرێت و ئاڵای کوردستیان بەرز بکرێتەوە.بۆ نیشاندانی هەماهەنگی، گەر وەک رۆژی عاشوورا، خەڵکی خۆشیان رەشپۆش نەکەم دەتوانن لەم رۆژە قوماشێکی رەش لە قۆڵیا ن یان لەسەریان ببەستن .بە سەر دارو دیواری هەموو باڵەخانە و دامودەزاگا و بازارو دوکانەکاندا لافیتەی رەش هەڵواسرێت و خەڵک خۆبەخشانە وێنە و پۆستەرو نیگارو کاریکاتێر بە شارو گوند و رێگا و بانەکاندا هەڵواسن و بەخش و بڵاوبکەنەوە.رێبەرو لفلیت، بە هەزارەها دانە بە زمانە جیاکانی دونیا چاپ بکرێت و بڵاو بکرێتەوە.کاتێکیش سعات دەبێ بە یانزدەو پێنچ دەقیقە، ساتەوەختی دەست پێکردنی بوردومان و ژەهربارانەکە، لە هەر چوار ئیقلیمی کوردستان دەبێ بۆ سێ دەقیقە هاتوو چۆ بوەستێنرێت و مارشی نەتەوایەتی بەرزبکرێتەوەو تیپی دێدەوانی پۆلیس و پێشمەرگەو خوێندکاران سازوسەنتووری خۆیان لە شەقامەکاندا نمایش بکەن.دەبێ لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان و سکرینی کەنالەکانی تیڤی بە شاری هێمای رەش دەربچن.دەبێ بانگی ئەڵڵاهو ئەکبەرو زەنگی کلێساکان لە بڵندگۆیەکاندا بەرزبکرێتەوە و دوعاو تەهیلە بکرێت.دەبێ دەستە دەستە، گوڵی رەش و نامیلکەو بەڵگەنامەی تایبەت بەم رۆژە پێشکەش بە سەرجەم قونسولخانەو رێکخراوە نێودەوڵەتی و بیانییەکانی کوردستان بکرێت.دەبێ بروسکەو نامەو پەیام بۆ کاربەدەستانی بەغداو هەرێمی کوردستان بەڕیبکرێت بۆ دەستگیر کردنی فرۆکەوانە تاوانبارەکانی رژێم و دادگایی کردنیان و داواش بکرەێت کە هەر جاش و چەتەو چەکدارێک بەشداری ئەو تاوانەی کردبێ هەر نەبێ دوای لێبوردن لە خەڵکی کورستان بکات.گەر دەسەڵاتم هەبووایە وامدەکرد خەڵکانی کوردستان خۆبەخشانە لە هەموو شارو گوندێکی ئەم کوردستانە بە کاروان و کەژاوە بەرەو شاری هەڵەبجە برۆن و لەوێدا دیارییەکانیان ببەشنەوەو فستیڤاڵی شەهید بگێرن.وامدەکرد لە هەموو دەروازەو بازگەکاندا وێنەو کارت و پۆستەرو رێبەرنامەی تایبەت بە رۆژی هەڵەبجەی شەهید پێشکەش بە میوان و شوفێرو هاموشۆکەرەکانی کوردستان بکرێت.رادیۆو تیڤی و سینەماکانی کوردستان بەرنامە و فلیم و بەڵگەنامە و سروودی تاتیبەتی پێشکەش و نمایش بکەن .هونەرمەندو ئەدیب و ئەکتەرو یاریزانەکان بە گوێرەی توانا و بەهرەی خۆیان حزووریان لە گۆڕەپان و مەیدان و هۆڵ و قاوەخانەکاندا هەبێ.سەرۆک و گەورەبەرپرس و ئەندام بەرلەمان و دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە دەبێ بێنە ناو ئاپورەی جەماوەرو بەشداری گەرمیان هەبێ و چالاکییەکانیان نیشانی خەڵک دەن.لەو رۆژەدا دەبێ ئاڵای عیراق لە هیچ ئاسمانیکی ئەم کوردستاندا نە شەکێتەوەو بێتەخوارەوە، چونکە ئەو فرۆکانەی ئەو شارەیان ژەهراوی کرد ئاڵای عیراقیان لەسەر بوو و رەگەزنامەی عیراقیان هەڵگرتبوو.دەبێ لەم رۆژەدا هەرچی تەکسی و هوتیل و جێشتخانەو کازینوی کوردستان هەیە بەخواریی باشترین خزمەت و خواردن پێشکەش بە خەڵک بکات.دەبێ دکتۆرو نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەروازەکانیان بخەنە سەرپشت و باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکەن.دەبێ هەموو گیراوە و زیندانییەکانی بەندیخانەکان- جگە لەوانەی مەترسیدارن – بگەرێنەوە باوەش دایک و باوک و ژن و منداڵەکانی خۆیان و بۆ سێ رۆژ ئازاد بن.دەبێ دەستە دەستە دەرودرواسێ سەردانی هەژارو لێقەوماو نەخۆش و کەنەفتەکان بکەن و دەستی خێرو رەحمەتیان بۆ درێژبکەن.رۆژی (١٦ /٣) دەبێ لە گزینگی بەیانییەوە تا شەفەقی ئێوارە چالاک و کارو خزمەت پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکرێت جا لە هەر کوێ کە کوردێکی لێ بژیت.گەر دەسەڵاتم هەبووایە لەو رۆژەدا هەموو خەمەکانی ئەو شارەم دەرواندەوەو تا پێمبکرابوایە دەستی جەماوەری شاری هەڵەبجەم دەگرت و هاوکاریم دەکردن.نازناوی هەڵەبجەشم بە گەرەکێ، گۆرەپانێ، خوێندنگەیەک یان مزگەوتێکی هەموو شارو گوندەکانی کوردستان دەبەخشی.دەبێ رەوەندی کوردیش بە گوێرەی توانای خۆیان بەرنامەی رێک وپێک بۆ پیرۆز راگرتینی ئەو رۆژە پێشکەش بە خەڵکی ئەو وڵاتە بکەن کە لە گەڵیانبدا دەژین ئەو یادە وەبیر دنیا بهێنەوە! گەر لەم رۆژە خودا میهرەبان کوڕێک یان کچیکیم پێبەخشێ ئەوا ناو دەنێم ( هەڵەبجە) خۆ گەر دووانەش بوون ناویان دەنێم ( شەهید) و ( هەڵەبجە)!


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.