(درۆ) که دژه‌که‌ی (راستگۆیی)یه، قسه و گوتارێکه که هه‌مووی یان به‌شێکی نادروست و هه‌ڵبه‌ستراوه له لایه‌ن که‌سێک یان تاقمێک ئارسته‌ی که‌سێک یان تاقمێکی تر ده‌کرێت به مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی راستییه‌کان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و . . . . هتد هتد.
ئه‌م کرده‌یه له هه‌موو ئایین و که‌لتوورو عورفی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگاکاندا وه‌ک سیفه‌تێکی دزێو‌و وناشیرین و قێزه‌وه‌ن – ته‌نانه‌ت له هێندێ باردا وه‌ک تاوان – مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت! هه‌ر سێ ئایینه ئاسمانییه‌که حه‌رامیانکردووه و له قورئانی پیرۆزیشدا به کوناحێکی گه‌وره داندراوه بۆیه خودا ده‌فه‌رمووێ: " ان اللـه لا یهدی من ه‌و مسرف کذاب. " [ سورة غافر: 20] وه ڕینمای مرۆڤه‌کان ده‌کات که خۆیانی لێ به‌دوور بگرن :" و اجتنبوا قول الزور. " [ سورة الحج: 30]، ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام درۆی به یه‌کێ له سیفه‌ته‌کانی که‌سی مونافیق داناوه که ده‌فه‌رمووێ :" اربع من کن فیه کان مونافقا خالصا، و من کانت فیه خلة منهم کانت فیه خلة من النفاق حتی یدعها: اذا حدث کذب، واذا عاهد غدر، و اذا وعد اخلف، و اذا خاصم فجر. "
بۆیه هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه درۆ بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زمانی پیاوانی ئایین و بیرمه‌ند و پسپۆڕانی ده‌روونناسی و کۆمه‌لناسی و په‌روه‌رده‌کاره‌کان بووه. ئێمرۆیش له جه‌نگی ده‌روونی و راگه‌یاندن و میدیاکاری سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆژیایی تازه‌دا به چه‌ندین ڕه‌نگ و روخسار‌و ده‌مامک و سه‌رپۆشه‌وه بۆ خزمه‌تکردنی به‌رنامه‌وه و پلان و نه‌خشه‌ی داڕێژڕاو و مه‌رامی جیا جیا له لایه‌ن خاوه‌نه‌کانیانه‌وه نمایشده‌کرێت. لایه‌نه تایبه‌تمه‌نده‌کان زۆر به وردی و به جدییه‌وه توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیی له مه‌ڕ درۆ له دوو کۆشه نیگای دژبه‌یه‌که‌وه ده‌که‌ن:
ده‌سته‌یه‌کیان شه‌و به رۆژ گرێده‌ده‌نه‌وه وکارده‌که‌ن بۆ گه‌یشتن به باشترین ئامراز‌و هۆ بۆ ئاسانکردنی چۆنیه‌تی داماڵینی سه‌رپۆشه ساخته‌کان و که‌شفکردنی حه‌قیقه‌ته‌کان بۆدۆزینه‌وه و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پلان و نه‌خشه‌ی پیاوانی ده‌ستڕه‌ش و تێکده‌ر له‌سه‌ر ئاستی تاکی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌دا.
تاقمه‌که‌ی تر، که ئه‌وانیش هه‌ر خه‌ریکی شه‌ونخونی و سه‌عیکردنن، وه‌ڵی بۆ مه‌رامێکی پێچه‌وانه‌ی گروپیکی یه‌که‌م، عه‌وداڵی وه‌ده‌ست هێنانی کارگه‌رترین و باشترین ئامراز‌و هۆن بۆ داهێنانی درۆ و ده‌ڵه‌سه‌ی عه‌نابی و نایانی ئه‌وتۆ که به ئاسانترین و هه‌رزانترین وه‌سیله زۆرترین خه‌ڵک و خوا هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ!
پسپۆرانی بابه‌تی درۆ ده‌ڵین : درۆزن له کاتی درۆکردنیدا، تروکاندنی چاوه‌کانی نائاسایی ده‌بێ و هه‌وڵ ده‌دا چاو داگرێته خواره‌وه و به که‌مترین وشه و ده‌سته‌واژه - که به ده‌رنین له دوو باره‌کردنه‌وه - مه‌رامی خۆی بپێکێت. زۆر جار جووله و حه‌ره‌که‌ی نائاسایی به شیوه‌یه‌کی ناویستانه له ئه‌ندامی جه‌سته‌یدا به‌دیده‌کرێت، وه‌ک ده‌ست بردن بۆ لووت و گوێ، سه‌رخوراندن و یاریکردن به په‌نجه. هه‌میشه ده‌یه‌وێت له جیاتی جێناوی (من / خۆم) وشه‌ی ( ئێمه، ئه‌و، ئه‌وان، خۆت، خۆیان ) به‌کاربێنێت و کام ئاوڵناو جوان و شیرینه به خۆیه‌وه ده‌لکێنێ و هه‌رچی قێزه‌وه‌ن و ره‌زاگرانه‌کانیشه به سه‌ر که‌سی به‌رانبه‌ریدا ده‌به‌شێته‌وه!
ئێمرۆ، بۆ که‌شفکردنی درۆ، جگه له خوێندنه‌وه‌ی ره‌مز و کۆده‌کانی شێوه و روخسار‌و جووله و هه‌ڵس و که‌ت وشله‌ژان و کڕ بوون و گۆڕانی نه‌غمه و تونی ده‌نگی که‌سی درۆکه‌ر، ئامێرێکی ته‌کنه‌لۆژی سه‌رده‌مییانه داهێنراوه پێیده‌گوترێت ( درۆ دۆزه‌ره‌وه Lie Detector / Polygraph )، که له زۆر ده‌زگای لێکۆڵینه‌وه و ئاسایش‌دا به‌کاردێت. ئه‌م ئامێره که به سه‌رو جه‌سته‌ی که‌سه‌که‌وه دلکێندریت، ڕێژه‌ی گۆڕانکارییه ده‌روونی و ده‌ماری و جه‌سته‌یی ئه‌و تۆمارده‌کات و به‌راوردی ده‌کات له که‌ڵ پێوه‌ره ئاساییه‌کان. وه‌لێ تا ئێستا هه‌موو خوێندنه‌وه‌کانی ئه‌م ئامێره جێگای قبوڵ و متمانه نییه. هه‌ر بۆیه ده‌مێکه ده‌زگای (The CIA) سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه و دروستکردنی ده‌رمانێکه که توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ - درۆی ئه‌و که‌سه‌ی ده‌رمانه‌که‌ی پێدراوه - سپیی بکاته‌وه و راستییه‌کان ئاشکرا بکات.
پێش ئه‌وه‌ی ڕیزبه‌ندی جۆره‌کانی درۆ بخه‌ینه روو، وا باشتر بپرسین:" ئه‌رێ بۆ مرۆڤ درۆ ده‌کات؟"
توێژینه‌وه زانستییه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که درۆ داهێنانێکی یان کرده‌ێکی گشتگیر و نه‌پساوه‌ی مرۆڤه به درێژایی مێژوو، راسته‌وخۆ به‌نده به باری ده‌روونی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌سی درۆکه‌ر و گه‌شه‌کردنی ئه‌و باره ده‌روونییه که به‌ستراوه‌ته‌وه به تیۆرییه‌کانی مێشک و بیرکردنه‌وه که ده‌که‌وێته گه‌ڕ له کاتی پێویستدا بۆ داهێنانی قسه‌یه‌ک به مه‌به‌ستی خۆ ده‌ربازکر‌دن له گرفتێک یان وه‌ده‌ست هێنانی ده‌ستکه‌وتێک! ته‌نانه‌ت ئێمرۆ بۆچوونه‌کانی ( میکاڤیلی Machiavelli 1469 - 1527) که ناسراوه به ( زیره‌کی میکاڤیلی Machiavellian Intelligence ) ده‌چیته خانه‌ی به گه‌ڕ خستی مێشک بۆ داهێنانی درۆ.
خاڵی بایه‌خدار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که درۆکردن وه‌ک چالاکی خوێندنه‌وه و نووسین قابیلی وه‌رگرتن و فێربوونه له لای مرۆڤ به و گه‌وره و بچووکیه‌وه . واتا ئه‌و کرده‌یه له رێگای لاساییکردنه‌وه و شوێنهه‌ڵگرتن و خووپێوه‌گرتن ده‌کرێ ببێته ته‌له‌سمێکی یان سیماێکی ره‌وشت و هه‌ڵس وکه‌وت، لێره‌شدا ژینگه و کۆمه‌ڵگا و ده‌رووبه‌ر فاکته‌ری سه‌ره‌کی خولقاندن و نشونماکردنی ئه‌وه کرده ناپه‌سنده‌نه. نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر چی که هێندێ حاڵه‌تی درۆکردن ناچنه خانه‌ی ره‌وه‌شت و نه‌ریته‌وه چونکه جۆرێکن له نه‌خۆشی ده‌روونی که خۆشبه‌ختانه ئێمرۆ چاره‌سه‌ریان ئاسانه، وه‌ک نه‌خۆشی ( حه‌زله‌درۆ کردن Myth Omnia) وه نه‌خۆشی ( خووگرتن به درۆکردن Pseudo logia Fantastical ).
که‌سییه‌تی درۆزن:
جگه له‌وه‌ی که درۆزن ده‌بێ ئاماده‌ییه‌کی ده‌روونی و ره‌وشتی و په‌روه‌رده‌یی تایبه‌تمه‌ندی تێدابێ، ئه‌وا پێویستی به ژینگه‌ێکی له بار‌و گونجاو هه‌یه ، که وه‌ک سه‌کۆی شانۆ پێویسته، بۆ نمایش‌کردنی درۆیه‌کانی. مرۆڤه ساده و دڵساف و خاکییه‌کان زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانن درۆ و بوختان هه‌ڵبه‌ستن، تا ڕاده‌ێک مه‌رجه که درۆزن خاوه‌ن بیرێکی هۆشمه‌ند و یادێکی به هێز و لۆژیکێکی گه‌نجاو و خه‌یاڵێکی فراوان بێت. ئه‌وا سه‌ره‌ڕای گه‌نجینه‌ێکی ده‌ڵه‌مه‌ند له پاساوی ماقوڵ وبه‌جێ. له‌مانه‌یش گرینگتر ده‌بێ له کاتی پێویستدا هانده‌ر و مۆتیڤێکی کاریگه‌ر وجودیان هه‌بێ تا وه‌ک پاڵنه‌ر و داینه‌مۆ بتوانن در‌و و بوخته‌نه‌کان له کاتی خوی‌دا بورژێنن.
جۆره و شیوه‌کانی درۆ:
گوتمان درۆ کرده‌ێکی ناپه‌سندی خودی مرۆڤه و ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و ژینگه و په‌روه‌رده و نه‌ریت و که‌لتووریه که درۆزنی تێدا ده‌ژی، بۆیه رێژه‌ی درۆکردن له که‌س و کۆمه‌ڵگاکاندا ناجێگرو رێژه‌ییه. به هه‌ر حاڵ له کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ک کورده‌واری خۆماندا رۆژانه چه‌ندین دیمه‌ن و رووداو و پێشهات ده‌بینین یان ده‌خوێنینه‌وه که به جۆرێک له جۆره‌کان ڕه‌نگرێژکروان به درۆ یان ره‌نگی درۆیان تێدا به‌دی ده‌کرێت.
چه‌ندین جار روویداوه که له گه‌ڵ خودی خۆمان درۆمانکردووه و که‌سیش پیی نه‌زانییوه (سارته‌ر J. P. Sartre 1905 -1980) به‌م جۆره درۆیه ده‌ڵێ ( به‌د باوه‌ڕیBad Faith ). که دایکه نه‌خۆشه‌که‌ت داوات لێده‌کا بیبه‌یته سه‌ر مه‌زاری پیاو چاکێک و تۆیش هه‌ر وه‌ک ئه‌وه ده‌سته‌و نیزا له‌و دیوه‌ی کێله‌که‌وه راده‌وه‌ستی و دوعای چاکبوونه‌وه‌ی بۆ ده‌که‌یت و باش باشیش ده‌زانی که ئه‌م کرده‌وه‌یه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به چاک بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌ی دایکته‌وه نییه، ئه‌وه جۆره درۆکردنێکه له گه‌ڵ خۆدی خۆت.
جار هه‌یه که‌سی درۆکه‌ر چاو له چاوت ده‌بڕێ و به‌بێ هیچ شه‌رم و شکۆێک درۆێکی شاخدارت له‌گه‌ڵدا ده‌کات و تۆیش سه‌ری ڕه‌زامه‌ندی بۆ ده‌له‌قێنی و هه‌ردوکیشتیان باش ده‌زانن که ئه‌وه گوته‌یه سه‌روبه‌ر درۆیه، ئه‌وا گوێت له درۆێک ده‌بی پێیده‌گوترێ ( درۆی جوختیانیی Barefaced Lie). که په‌یامنێرێک له به‌رپرسێکی ئاسایش ده‌پرسێ" هۆ کاری ئه‌و هه‌موو ته‌قه‌کردنه‌ی دوێنێ شه‌و چێ بوو؟" ئه‌ویش یه‌کسه‌ر ده‌ڵێ:" من نه‌مبستووه ته‌قه‌کرابێ!" له کاتێکدا هه‌ردووکتان باش ده‌زانن که دوێنێ شه‌و ته‌قه‌کراوه.
جار هه‌یه درۆکه‌ر هێنده به لێزانی و وه‌ستایانه درۆکه‌ی ده‌هۆنێته‌وه که له زۆر گۆشه‌وه ناوئاخنکراوه به زانیاری راست و دروست و قبوڵنه‌کردنی وا ئاسان نییه، له کاتێکدا چه‌ند ده‌سته واژه‌ێکی درۆ- ئامێزی تێدایه . ئه‌وه جۆره درۆیه ده‌چیته خانه‌ی ( درۆی باڵا و مه‌زن Big Lie) هه‌میشه ده‌زگا هه‌وڵگه‌رییه پرۆپاگه‌نده‌چییه‌کان له چنیینه‌وه‌ی ئه‌وه جۆره درۆیه شاره‌زان. بۆ نموونه حکومه‌تی میسری به ده‌یان هاوڵاتی له سێداره‌دا به تومه‌تی نانه‌وه‌ی ئاگره‌که‌ی - بازاری قاهیرا - له ( 26 / 1 / 1952) به درۆ مه‌زنه‌کانی خۆی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند به تاوانبارکردنی ئه‌و بێگوناحانه، که‌چی دوای سێ ساڵ هه‌وڵگری ئیسرائیلی ئه‌نجامدانی ئاگره‌که‌ی خسته ئه‌ستۆی خۆی و دره‌چوو که ئیعدامکراوه‌کان بێ ئاگا بوون له رووداوه‌که!
جار هه‌یه درۆکه‌ره هێنده به وردی و پێ به پێ سه‌ین و به‌ینی رووداوێک وا ده‌گێریته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی که خۆی کاره‌کته‌رێکی شانۆ‌گه‌رییه‌که بووبێت، له کاتێدا ئه‌و حیکایه‌ته پره له درۆ و بڕگه‌ی نادروست . ئینگلیزه‌کان به‌م جۆره درۆیه ده‌ڵێن ( دروی ریخی مانگا Bullshit lie).
جار هه‌یه لووتت پێوه‌ده‌بێ. کابرای درۆزن هه‌موو قسه‌کانی راست و ڕه‌وان و حه‌قیقه‌تن وه‌لێ کۆتا ده‌سته‌واژه‌ی درۆێکی گه‌وره‌یه‌وه یه‌کسه‌ر رووت تێده‌کاو ده‌ڵی :" کاکی برا قسه‌کانم وانییه؟" تۆیش یه‌کسه‌ر تێده‌که‌وی و ده‌ڵێت:" ئه‌شهه‌دو وایه!" ئه‌و جۆره درۆیه‌ش ناونراوه ( درۆی پێچراوه Contextual lie ).
( درۆی ده‌سته‌ویاخه Emergency Lie ) ئه‌وه‌یه که باش ده‌زانی ئه‌و گوته‌یه درۆیه‌وه زۆر دووره له راستی که‌چی ده‌بێ بڵیت: " گه‌وره‌م راست ده‌فه‌رمووی!" وه‌ک ؛" ژنه به‌شه‌رهاتووه‌که‌ی دراوسێتان هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی به شتێکی نا دروست تاوانبار ده‌کا و تویش بۆ هێورکردنه‌وه‌ی گرژییه‌که‌وه و کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که بی سێ و دوو پشتگیری درۆی ژنه‌که ده‌که‌یت. "
روویداوه له دیوه‌خان مه‌جلیسی کورده‌واریدا یه‌کێک هێنده به جوانی کلک و گوێ بۆ درۆیه‌کانی ده‌کا و له ده‌ستپێکدا هه‌ر هه‌موو قسه‌کانی راست و به‌جێن و حه‌ز ده‌که‌ی هه‌ر گوێی لێبگریت، به‌ڵام له دوا بڕگه‌ی حیکایه‌ته‌که شتێکت دێته به‌رگوێ که به‌هیچ مه‌نتقێک ئه‌قڵ قبوڵی نه‌کا له‌به‌ر گه‌وره‌یی درۆیه‌که، ئه‌مه‌یش پێیده‌گوترێت ( فیشاڵ Exaggeration) وه‌ک؛ ". . . که له‌و نیوه شه‌و سارد دا و له چیاوچۆله دایکرده باران، هه‌ر (45) کاروانچییه‌کانی که له گه‌ڵمدا بوون له گه‌ڵ وڵاغه‌کانماندا خۆمان کوتایه ناو ئه‌شکه‌وتێک و لێی پاڵ که‌وتین، که به‌یانی رۆنیکرده‌وه ته‌ماشامان کرد هه‌موومان له بن قارچکێکدا خه‌وتووبووین!"
ئه‌و جۆره درۆیه‌ی که خاوه‌نه‌که‌شی نازانێ چه‌ندی راسته و چه‌ندی درۆیه پێیده‌گوترێت ( درۆی هه‌ڵبه‌ستراو Fabricated Lie ). له گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و پرۆپاگه‌نده‌ی بازرگانیدا گوێبیستی ئه‌و جۆره درۆیه ده‌بین.
رێزبه‌ندی درۆیه‌کان دوروو درێژه، بۆیه به ئاماژه‌کردن به دوو جۆره درۆی تر کوتای پێ‌دێنم:
(درۆی سپیی White lie) که له ئایینی ئیسلامیشدا به گوناح داناندرێ چونکه له پێنا‌وه ئاشتکردنه‌وه و سولح و ئاشته‌وایدا ده‌هونرێته‌وه، له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا بوونی هه‌یه. نابێ ئه‌وه درۆیانه‌شمان له بیر‌چێ که دایکمان پێیده‌گوتین: " . . . . وانییه چوله‌که که هه‌موو شته‌کانی بۆ گێرامه‌وه. . . . " ئه‌مه له نێو هه‌موو میلله‌تاندا هه‌یه، به‌ڵام به گوێره‌ی جێگاکه، چۆله‌که که ده‌کرێت به حاجی له‌ق له‌ق یان کۆتره‌باریکه یان په‌ره‌سێلکه. . . ئه‌مه‌یش ناسراوه به( Lie – to - Children) .
(بۆختان Falsity) یش که درۆێکی فیتنه ئامیزو گه‌وره‌یه به مه‌ترسیترین و ناپه‌سندترین درۆ ئه‌ژمار ده‌کرێت. وه‌ک، تاوانبارکردنی هاوسه‌ری هاوڕێیکت به ده‌ست تێکه‌ڵکردنی له گه‌ڵ کچه فه‌رمانبه‌رێکی خۆی ونه‌خشه‌دانانی سازدانی ها‌وسه‌رگیری!
درۆ له جیهانی منداڵدا:
چوون جیهانی مامۆستا هه‌میشه ئاوێته و درێژه‌پێده‌ری جیهانی منداڵه حه‌ز ده‌که‌م زۆر به کورتی پووخته‌یه‌ک له (درۆکردنی منداڵان) پێشه‌کش به خوێنه‌ر بکه‌م: منداڵی سێ چوار ساڵان هیچ زانیارییه‌کی ده‌رباره‌ی درۆ و درۆکردن له لای دروست نه‌بووه و هه‌ر کردار‌و گوفتارێک بکات ئه‌وه ره‌نگدانه‌وه و ده‌رهایشته‌ی جیهانه پاک وبێگه‌رده پڕ به‌رایه‌ته‌که‌ی خۆیه‌تی. به واتاێکی روونتر، له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵ هێشتا له جیهانی خه‌یاڵدا ده‌ژی و ناتوانی ده‌رک به هه‌موو شته حه‌قیقیه‌کانی ده‌رووبه‌ری خۆی بکات. ته‌نانه‌ت نازانێ راستگۆیی چییه‌و درۆ چییه، ئه‌و تازه زمانی پژاوه و هه‌ر حه‌ز ده‌کا چێژ له‌وه ده‌نگه تازانه‌ی له زمانی ده‌رده‌چی وه‌رگرێت. به‌ڵام له شه‌س حه‌وت ساڵاندا، به حوکمی ئه‌و ژینگه‌ی که تێیدا په‌روه‌رده ده‌کرێت دێ بزانێ که جۆره جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان هێندی له قسه‌کاندا له رووی شیرینی و په‌سندکردندا یان ره‌زاقورسی و نابه‌دڵیدا، دواتر تێده‌گا ئه‌وه‌ی ده‌چیته خانه‌ی قسه ناشیرین و ناخۆشه‌کان ئه‌وانه‌ن که درۆیان تێدایه یان درۆ وبوختانن. له هه‌مام کاتێشدا له‌وه تێده‌گا که هێندی جار له رێی درۆکردنه‌وه ده‌توانێ خواستێک به‌ده‌ست بێنێ یان خۆی له کێشه‌ێک ده‌ربازکات یان که‌سێکی تر سزادات.
وه‌ک له بڕگه‌ێکی پێشتر ئاماژه‌مان پێدا که درۆکردن سیفه‌تێکه قابیلی خوو پێوه‌گرتن و پێ فێربوونه. بنه‌ما و بنه‌تۆی ئه‌م فێربوونه‌ش ژینگه‌ی منداڵه‌که‌یه واتا خێزان و قوتابخانه و خوێندنگه و کۆمه‌ڵگای ده‌رووبه‌ری به هه‌موو میراته که‌لتووریه پاشماوه‌کانی باواباپیرانی به چاک و خراپییه‌وه. جا له‌م ژینگه‌یه‌ودا، لێره‌دا ده‌بێ یه‌کسه‌ر په‌نجه بۆ مامۆستا، - وه‌ک کاره‌کته‌رێکی پێشره‌وی ده‌سه‌ڵاتداری پرۆفیشناڵ له پێشه‌که‌یدا - درێژ بکرێت. حه‌ز ده‌که‌م که خوێنه‌ر بزانێ کۆمه‌ڵه که‌سێکی تریش هه‌نه له ژیانی منداڵدا ده‌چمه نێو نازنه‌ی مامۆستاوه، وه‌ک ( سه‌رۆک کۆمار یان سه‌رۆک هه‌رێم / باوک و دایک / پیاوانی ئایینی / بیرمه‌ند و ئه‌دیب و رێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به منداڵ).
مامۆستا و درۆکردن:
هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که مامۆستا هه‌بێ به نه‌خشه و به‌رنامه‌ی دارێژراو په‌یام و وانه‌ی ئاخێنراو به درۆ و ده‌ڵه‌سه پێشکه‌ش به شاگرد و خوێندکاره‌کانی بکات جگه له هێندێ حاڵه‌ت به‌ده‌ر له سنووری په‌روه‌ده‌کاری و مرۆڤویستیدا – وه‌ک مامۆستا ویژدان فرۆشراوه‌کانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس له وتنه‌وه‌ی بابه‌تی به‌ناو (الثقافة القومیة) که به‌زۆر خوێندکاره بێ ده‌سه‌ڵاته‌کانیان له پۆل ده‌خزاندوو وانه‌ی خیانه‌تکاری و دۆژمنکاری پر درۆ و ده‌ڵه‌سه‌یان بۆ ده‌گوتنه‌وه - .
له بڕگه‌ی ( جۆر‌و شێوه‌کانی درۆ) هه‌ر هێندێک نموونه‌مان پێشکه‌ش کرد، وا ئێستا به‌شێکی تری لێره‌دا درێژه پێده‌ده‌ین، حه‌زمان نه‌کرد پێشتر باسیان بکه‌ین تا دووباره نه‌بنه‌وه.
مه‌رج نییه درۆ هه‌موو گوتاره‌رکانی راسته‌وخۆ بن و له گه‌ڵ یه‌که‌م په‌لاپیتکه نیشانه بپێکێ. جار هه‌یه درۆ له قالبی وشه و رسته دا دێته‌ده‌ره‌وه، له ژێر پۆشاک و ره‌فتارو په‌رچه‌کرداری خاوه‌نه‌که‌ی خۆی نمایش ده‌کات. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و درۆیانه‌ی به نێو ته‌وێلی مامۆستاوه ده‌لکێن له‌م ته‌رزه درۆیانه‌ن. چۆن؟
بازنه‌ی مه‌یدانی کار‌و یاریکردنی مامۆستا خوێندنگه و ئه‌و شوێنانه‌یه که له گه‌ڵ خوێندکاره‌کانی چالاکی تیدا ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌و به ده‌یان شێوه مامه‌ڵه و هه‌ڵس و که‌ت و ته‌ماسی له گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له شاگرده‌کانیدا هه‌یه له ناو پۆل و تاقیگه‌کان و گۆڕه‌پان و سه‌ر سه‌کۆی شانۆ و یارگه و ده‌شت و ده‌ر - له گه‌شت و سه‌یراندا - . جا زۆر ئاساییه له ئاکامی ئه‌و هه‌موو چالاکی و بگره و به‌رده‌دا، له هێندی حاله‌ت بکه‌وێته ژیر ده‌سه‌ڵاتی ره‌فتاری ناویستانه‌ی بێ ئاگایی هه‌ست و کاردانه‌وه‌ی هه‌ست و خۆی له بیر بچیته‌وه و هێندی قسه‌و گوفتارو ره‌فتار بکات که له هزر و ئه‌قلی خوێندکاردا وه‌ک درۆ خۆیان بنوێنن.
له کاتێکدا که پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌کاری ده‌ڵێن که‌م مرۆڤ هه‌یه وه‌ک خوێندکار چاو تیژ و به ده‌قه‌ت و وردبین بێت . که‌م که‌س به قه‌د ئه‌وان زێره‌کن له چاودێری کردن و شوین پێ هه‌ڵگرتنی مامۆستا‌کانیاندا. که‌واته گه‌ر مامۆستا متمانه‌ی ته‌واو به خۆی نه‌بێت، ئه‌وا به ئاسانی ده‌که‌وێته نێو داوی تانه‌و ته‌شه‌ری خوێندکاره‌کانی.
وا له پێنج ره‌هه‌نده وه ده‌روازه‌ی ئه‌و بابه‌ته ده‌که‌ینه‌وه:
یه‌که‌م: هاوسه‌نگی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی گوتار‌و ره‌فتار:
واتا تا چ راده‌یه‌ک ئه‌و وانانه‌ی ئه‌و بۆ خوێندکاره‌کانی داده‌دات ره‌نگدانه‌وه‌ی له خودی خۆیدا هه‌یه: خۆی پۆشته و په‌رداغ وکۆکه؟ سه‌رو سیما و روخساری له پرچ وقژ و ددان و نینوک و ده‌ست و په‌نجه پاکژ و ته‌ندروستن؟ ره‌نگی جگه‌رکێش و بۆنی باده‌نۆش و ره‌فتاری قومارچێی پێوه دیاره؟ خاو خلیچ و له‌شگران و سادروسووره له جووله و چالاکیدا؟ . . . هتد . . . هتد
کاتێ خوێندکار ئه‌وه شتانه وه‌ک پارادۆکس له که‌سیه‌تی مامۆستاکه‌ی دا ده‌بینێ، هیچ ته‌فسیرێکی نییه غه‌یری ئه‌وه‌ی که به خۆی بڵێت : "مامۆستاکه‌م درۆمان له گه‌ڵدا ده‌کات. "
دووه‌م: به‌تاڵکردنه‌وه‌ی گوفت و په‌یمان:
خوێندکار باشتر له سه‌رپه‌رشتیاران توانای هه‌ڵسه‌نگاندی مامۆستاکه‌ی خۆی هه‌یه. که یه‌ک دوو جار مامۆستاکه‌ی گه‌فتێکی پێدان – وه‌ک ده‌ست نیشان کردنی رۆژێ بۆ ئه‌مجامدانی ئه‌زموون یان پێداچوونه‌وه‌ی چالاکیی - به‌ڵام ئه‌و به بێ پاساو و لێبوردن گفته‌که‌ی ناهێنیته دی و خۆی لی غه‌شیم و نابه‌ڵه‌د ده‌کات، ئه‌وا خوێندکار ئه‌و مامۆستا ده‌کاته هاوشانی که‌سه درۆزنه‌کان و ئاماده نییه خۆی بۆ جێبه‌جێ کردنی گفته‌کانی ئاینده‌ی ئه‌و ڕابینێت.
سێیه‌م: درۆکردن بۆ خاتری خوێندکار و بابه‌ت:
جار بووه مامۆستا زۆر ناماقوڵانه‌و و پاڵه‌وانانه دێته ناو بابه‌ته‌که‌ی و بۆ تامخۆشی ده‌رسه‌که و خۆ نمایشکردن له سنووری واقیعحاڵی خۆی ده‌رده‌چێت و هه‌ر به خه‌یاڵ خه‌ون و رووداو و چیرۆک ده‌هۆنێته‌وه، وه‌ک :". . . . خۆم له کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا به ده‌یان منداڵ و پیره‌مێردی به‌رکه‌وته‌ی چه‌کی کیمیاویم گه‌یانده نه‌خۆشخانه و . . . " که‌چی دوای ماوه‌یه‌ک خوێندکاره‌کان له رێی دایک و باوکییانه‌وه ده‌زانن که مامۆستاکه‌یان راستی نه‌کردووه. ئه‌مه‌یش کێرڤی پله‌و پایه‌ی ئه‌و له نێو خوێندکاره‌کاندا داده‌به‌زێنێ .
چواره‌م: ره‌فتاری شیزۆفرینانه یان دووکه‌س له که‌سێکدا:
کاتێ که‌سێکی درواسێ یان کوڕ‌و کچی مامۆستاکه له هه‌مان پۆلدا ده‌بن به خوێندکاری ئه‌و، سه‌رنچ ده‌ده‌ن که په‌یام و ده‌رسه‌کانی ئه‌و له گه‌ڵ ره‌فتاری رۆژانه‌ی ئه‌ودا له ماڵه‌وه و له بازار‌و له ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه‌دا زۆر جیاوازه، هه‌ر وه‌ک مرۆڤێکی تر خۆی نیشانده‌دات. ئه‌وا له نێوان یه‌قین و گۆماندا ئه‌وان پتر مه‌یل بۆ لای گومانه‌که‌دا ده‌که‌ن و ورده ورده ئه‌و گۆمانه گه‌شه ده‌کات و گه‌وره ده‌بێت تا ده‌گاته ئه‌وه راده‌یه که مامۆستاکه وه‌ک که‌سێکی درۆزن بیته به‌رچاو. " ئه‌وه له نێو پۆلدا هه‌میشه دژی توندوتیژییه له گه‌ڵ ژن و منداڵدا، که‌چی له ماڵه‌وه شه‌و تا به‌یانی به کێبل و شوولاق ئه‌وان دارکاریده‌کات.
پێنجه‌م: که مامۆستا ده‌بی به تووتی:
چاکم له بیره، له ساڵی (1965) دا له پۆلی دووه‌می دواناوه‌ندی - پۆلی هه‌شتمی بنه‌ڕه‌تی ئێستا – مامۆستای وانه‌ی مێژوو له کتێبه‌که‌دا ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ی زۆر به حه‌ماسه‌ته‌وه بۆ خوێندینه‌وه:" وڵاتی یه‌مه‌ن یه‌کجار به ڕه‌زو باغ و باغات به‌ناوبانگه و باشترین به‌رهه‌می میوه‌جات و کشتوکاڵییان هه‌یه . جارێ وه‌ک دیاری یه‌ک هێشوه ترێی ره‌شی زۆر گه‌وره‌یان له سه‌ر پشتی وشترێک بۆ خه‌لیفه هارونه ره‌شید هاورد!"
تا ئیستاش نازانم ئه‌مه نوکته بوو یان حه‌قیقه‌ت، چونکه مامۆستاکه هیچ ورته‌ێکی لێوه نه‌هات به‌ڵکو به گه‌رم و گوڕییه‌وه خه‌به‌رته‌که‌ی پێداین. خۆ دوای وانه‌که خوێندکاره‌کان ده‌یان گوت:" په‌کوو له‌و فیشاڵه گه‌وره‌یه!". من پێم باشه له‌م جۆره هه‌ڵوێسته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له هزر ودڵی خوێندکار گرێ و گومان دروست نه‌بێت، مامۆستا ڕاو بۆچوونی خۆی ده‌ربرێت و خۆی له گێژاوه‌که‌دا ده‌ربێنێ.
ده‌بێ مامۆستا باش بزانێت که دوای خانه‌نش بوونیشی گه‌ر دوکانێک بکاته‌وه و که‌رسته‌ی به‌سه‌رچوو و خراپ و بێفه‌ڕ بفروۆشێت و گرانتر له هاوپیشه‌کانی نرخ دا‌نێت ئه‌وا ئه‌وکاته‌ش خوێندکاره‌کانی ئه‌و به مرۆڤێکی (درۆزن) ده‌ناسن چونکه ئه‌و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و په‌یامه جوان جواننانه ره‌فتار ده‌کات که به درێژایی ساڵانی مامۆستایه‌تی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کرده‌وه.
بۆ مامۆستایانی به‌رێز دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که خاڵی بایه‌خدار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که درۆکردن وه‌ک چالاکی خوێندنه‌وه و نووسین قابیلی وه‌رگرتن و فێربوونه له لای مرۆڤ به و گه‌وره و بچووکیه‌وه . واتا ئه‌و کرده‌یه له رێگای لاساییکردنه‌وه و شوێنهه‌ڵگرتن و خووپێوه‌گرتن ده‌کرێ ببێته ته‌له‌سمێکی یان سیماێکی ره‌وشت و هه‌ڵس وکه‌وت، لێره‌شدا ژینگه و کۆمه‌ڵگا و ده‌رووبه‌ر فاکته‌ری سه‌ره‌کی خولقاندن و نشونماکردنی ئه‌وه کرده ناپه‌سنده‌نه.
ببورن که ریزبه‌ندی سه‌رچاوه‌کان که زۆرن لێره‌دا تۆمارناکه‌م. ف. شه‌وڕۆ
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.