وێستگەكانی بەخۆداچوونەوە ... شـوان رابـەر

ئیسلام كە بەرنامەی ژیانە چەندان كات و وێستگەی بە خۆداچوونەوەو گەڕانەوە لای خوای گەورە و تەوبەكردنی داناوە لە ژیانی ئینساندا، هەر كاتێك و لە هەر شوێنێك ئینسان بە خۆی دا بێتەوە و لە گوناهەكانی پەشیمان بێتەوە و بگەڕێتەوە لای خوای گەورە، دەرفەت و شتێكی باشە و خوای گەورە تەوبەی ڕاست‌وپاكی لێ‌ قبول دەكا، نەخاسمە هەندێ‌ كات و وێستگەی گشتی داناوە كە موسڵمانان سالانە لە یەك كاتدا دروشمێكی خوای گەورە ئەنجام دەدەن و بواری تەوبەكردنیان تێدا زۆرە كە ئەمانەن .
1- حەجكردن : روكنێكە لە روكنەكانی ئیسلام، هەر كەسێ‌ توانای ماددی و مانەوی هەبێ‌، دەبێ‌ لە ژیانی دا یەكجار سەردانی ماڵی خوای گەورە (بیت اللە الحرام) بكات، لەوێ‌ داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە دەكات و ڕوكنێك ئەنجام دەدات، ئەگەر خوای گەورە حەجەكەی لێ‌ قبول بكا وەك و منالی ساوا وبێ‌ گوناه دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئیتر حەجكردن خێر و پاداشتی زۆرە ‌وكۆنگرەیەكی سالانەیە، بۆیە سالانە لە یەك كاتدا لە هەموو جیهان بە ملیۆنان كەس ڕوو لە ماڵی خوا دەكەن‌و ئەم فەریزەیە ئەنجام دەدەن .
2- عومرە كردن : سونەتێكی بە خێرە، ساڵ دوازدە مانگ دەكرێ‌، ئینسان دەتوانی سەردانی مالی خوا بكا و لەوێ‌ بگەڕێتەوە لای خوای گەورە ‌وخواپەرستی ئەنجام بدات.
3- جومعە : كۆبونەوەیەكی هەفتانەی موسڵمانانە، ئەگەر ئینسان هەندێ‌ كاری چاك لە جومعەدا بكا دەبێتە كە فاڕەتی گوناهەكانی تا جومعەیەكی تر، لە هەمان كات وێستگەیەكە بۆ بەخۆداچونەوە‌و گەڕانەوە لای خوای گەورە .
4- ڕەمەزان : ساڵانە موسڵمانان یەك مانگ لە ڕەمەزان بە ڕۆژو دەبن، ڕەمەزان خێر و بەرەكەتێكی زۆری تیایە، بواری تەوبە‌و چاكە و پاكبونوەی تیادا زۆرە، ئینسان دەتوانێ‌ بگەڕێتەوە لای خوای گەورە و لە گوناهەكانی تەوبە بكات .
5- فەرزەكان : ئینسان لە شەو‌و ڕۆژێك پێنج نوێژی لەسەر فەڕزو واجبە، دەتوانێ‌ لە كاتی هەموو نوێژەكانی تەوبە بكا و بگەڕێتەوە لای خوای گەورە .
6- سوننەتەكان : زۆر نوێژ هەن سوننەتن، ئەگەر ئینسان بیانكات دەتوانێ‌ تیایاندا بە خۆیدا بێتەوە .
7- سوننەتی ڕۆژو : لە هەر مانگێك چەندان ڕۆژ سوننەتە ئینسان بەڕۆژوبێ‌، وەك دووشەم و پێنج شەمم و 13 و 14 و 15 ی هەموو مانگێك‌وجەندان رۆژی تر، دەتوانێ‌ لەم رۆژانە بە خۆیدا بێتەوە .
8- تەوبەكردن : هەر كاتێك ئینسان تەوبە بكا و بگەڕێتەوە لای خوای گەورە، بۆی هەیە‌و دەرگا والایە، كەواتە دەتوانێ‌ بە گوناهو‌و بێ‌ گوناهكردن، بەردەوام تەوبە بكات و بگەرێتەوە لای خوای گەورە .
ئیتر هەموو ئەوانەو زیاتریش وێستگەی بە خۆداچونەوەن بۆئینسان .

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.