ئەحمەد ئەلشەرع تاوانبارە و نابێت پێشوازی لێبکرێت لە لەندەن!

ئەحمەد ئەلشەرع تاوانبارە و نابێت پێشوازی لێبکرێت لە لەندەن!

وابڕیارە ڕۆژی ٣ شەممە، ڕێکەوتی ٣١ی مارس ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی کاتی سوریا سەردانی شاری لەندەن لە بەریتانیا بکات و لەلایەن سەرانی حکومەتی بەریتانیاوە پێشوازی لێبکرێ.

ئەحمەد ئەلشەرع لە ماوەی تەنیا ساڵی ڕابوردووی دەسەڵاتیدا سێ تاوانی کۆمەڵکوژی گەورەی ئەنجامداوە لە دژی عەلەویەکان و دروزەکان و کوردەکان کە لەم تاوانانەدا ھەزاران کەس بوونەتە قوربانی و ئاکامە کارەساتبارەکانی لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە تا ئێستاش بەردەوامن. دوایین تاوانیشیان ھەر لەم مانگەدا بوو کە لایەنگرانی ئەحمەد ئەلشەرع ھێرشی دڕندانەیان کردە سەر مەسیحیەکان لە شارۆچکەی سەقیلبیە.

ھاوکاتی ئەم ھێرش و تاوان و کۆمەڵکوژیە، ئەحمەد ئەلشەرع و دەسەڵاتەکەی ڕۆژانە خەریکی سەرکوت و بەرتەسککردنەوەی ئازادیە سیاسی و تاکە کەسی و کۆمەڵایەتیەکانن، تا ئێستا سەدان کەس تیرۆر کراون و سەدانیش زیندانی یان بێسەروشوێن کراون، کە دەیان کەسایەتی و هەڵسوڕاوی سیاسی و ڕوشنبیری و ژنانی تێدایە. ھاوکات بە دەرکردنی چەندین یاسا و گرتنە بەری چەندین ڕێوشوێنی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانە ھێرشێکی فراوانیان بۆ سەر مافە سەرەتاییکانی ژنان و منداڵان و پێکهاتەی مەدەنی کۆمەڵگە بەڕێخستووە. چەند یاسا و ڕێوشوێنی ئەم دواییە لە پەیوەند بە جل وبەرگ و خۆگۆڕین و ئارایشی ژنان لە قوتابخانەکان و دامەزراوە دەوڵەتیەکان، لە ماوەی ساڵێکدا دامەزراندنی ٧٠ قوتابخانەی سەرەتایی ئیسلامی بۆ خوێندنی منداڵان وە ھێرش بۆ سەر شوێنی ئاھەنگ و بۆنەکان و باڕەکان، نموونەیەکن لە ھەوڵەکانی ئەحمەد ئەلشەرع و دەسەڵاتەکەی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی لە سوریا لە نموونەی داعش.

ئەمریکا کە ئەحمەد ئەلشەرعی، کرد بە دەسەڵات لە سوریا و بە هەموو توانایەوە دەستی گرت بە باڵیەوە، هاوشێوەی گرتنەوەی دەستی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەپاندنەوەی بەسەر کۆمەڵگەدا. دەسەڵاتدارانی بەریتانیاش هەر لە سەرەتاوە چوونە پاڵ ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستەی ئەمریکا و لە گەرمەی تاوانەکانی ئەلشەرعدا دژ بە هەندێک شاری کوردنشینی سوریا، باوەشیان بۆ کردەوە و ئەوەتا ئێستاش پێشوازی لێدەکەن. ئەم سیاسەتەی حکومەتی بەریتانیاس ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵێکە بۆ ڕەوایەتی دان بە دەسەڵاتی داعشانەی ئەلشەرع، کە تەنها لەپێناوی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابوری و جێگەوپێگەی کۆمپانیاکانی بەریتانیایە لە ئارایشی تازەی سوریا و ناوچەکەدا. ئەم سیاسەتەی حکومەتی بەریتانیا هاوبەشیکردنە لە گرتنی دەستی دەسەڵاتدارانی تاوانکار لە سوریا و دژی خەڵکی ئازادیخواز و ئاسایی کۆمەڵگەی سوریایە و نوێنەرایەتی خەڵکی ئازادیخوازی بەریتانیاش ناکات.

حکومەتی بەریتانیا لە جیاتی پێشوازی و پشتیوانی لە ئەحمەد ئەلشەرع، پێویستە لەگەڵ سەرجەم ووڵاتانی ئەورووپا بەو ئاڕاستەدا کاربکەن کە دەسەڵاتی کاتی ئەحمەد ئەلشەرع کۆتایی بێت و لە شوێنی بە بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵکی ئازادیخوازی سوریا بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە دەسەڵاتێکی ئازاد و نادیینی و ناقەومی دابمەزرێت.

ئێمە لە کاتێکدا داوا ئەکەین ئەم سەردانەی ئەحمەد ئەلشەرع بۆ شاری لەندەن ھەڵبوەشێتەوە، بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازانی بەریتانیا ئەکەین کە دژ بەم سەردانە دەنگی ناڕەزایاتی بەرزبکەنەوە و سیاسەتی حکومەتی بەریتانیا شەرمەزار بکەن. ئەحمەد ئەلشەرع وەکو تاوانبارێک شایەنی ڕیسواکردنە نەک پێشوازی لێکردن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ڕێکخراوی دەرەوە

٣٠ی مارس ٢٠٢٦

بابەتی زیاتری نووسەر