چاو له ئاسۆ
بیر لای سبه‌ی
دڵ بۆ دوێنێی خه‌م ده‌سوتێ
ده پێم بڵێ بۆ كام رهههندت ده‌ڕوانی
دڵم به‌رگه‌ی ته‌مه‌ن ناگرێ
چاوت له بن په‌چه‌ی خه‌نه‌یی هه‌ڵبێنه
با چاوه‌كانمان جووت بكه‌ین
بۆ ژووانی سی و شه‌شه‌مین
به ساده‌یی راببووره
مه‌هێڵه سۆراغیم جامی سڕبوونی بگرێ
* * *
به سه‌ر عه‌رشی
جهللادیما،
هه‌نگاوی فه‌نتازی نهنهنێ
به سه‌ر رۆحی
عهوداڵیما
ته‌مه‌نی خۆی هه‌ڵوه‌رێنێ
چاو نوقمی جامی زیره‌یی
ئه‌هریمه‌نه
له كه‌ناری ته‌نكی سۆز و هه‌سته‌وه
جلپۆشی مه‌یل و خولیا
گه‌ڵا به‌رگنی چیمه‌نه
* * *
له بن چه‌كمه‌ی ژیانێكا
جوانی ته‌مه‌ن خۆی له به‌هار مه‌ڵاسداوه
له خونچه‌ی باغ
په‌ڕی گوڵدهمی به‌یانی روون، سیس، ژاكاوه
له كوڵمهوه
سی و شه‌ش جاران كڕنووش بۆ میحرابی برۆت
رۆحم بۆ ناخی خۆی ده‌با
له چه‌پكی ئه‌و تاڵه قژه‌ی لاجانه‌وه
سی و شه‌ش ریزی زیوینییه
بۆ به‌ر نوێژی عیباده‌تی ئه‌وین ده‌مبا
پڕ له جوانی و پڕ له پاكی
كه جورئه‌تی دۆڕاویشم
قامك بۆ تاڵێكی نه‌با
ده پێم بڵێ
گوڵم چ بكا
* * *
له سه‌ر هه‌موو
گه‌ڵاداری ئه‌م نیشتیمانه
بۆت ده‌نوسم لێت پیرۆز بێ
به گوێی هه‌موو
ئاشقێكی ئه‌م رێیه و تۆ
ده‌چرپێنم
ساڵی دادێت
پڕ له ئه‌وین و نه‌ورۆز بێ
25 / 6 / 2015