ئەو کاتەی سنوورەکان دەبەزێندرێن! … ئومێد بابان

ئەو کاتەی سنوورەکان دەبەزێندرێن! … ئومێد بابان

لە دنیای مۆدێرن و هاوچەرخدا، مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد، تا ڕادەیەک قورسە، چونکە ئەو ڕایەڵانەی پەیوەندیی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ژیاریی نێوان تاک و کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستنەوە، خەریکە کاڵ دەبنەوە. 

 

تەکنەلۆژیای سەردەم، دەرفەتێکی زێڕینی بە هەمووان بەخشیوە کە بە کەمترین کات، زۆرترین ئامانج بپێکن و مەودای مابەینی خۆیان و داخوازی و ویستەکانیان بە شێوازێک کورت بکەنەوە، کە دەستڕاگەیشتن بە هەر شتێک، کۆششێکی کەم و ئاسانی پێویستە. 

 

وێڕای هەموو ئەوانەش، جیهانی ئەمڕۆ بەدەر نییە لە دوورکەوتنەوە لە بەها باڵا ئینسانی و کۆمەڵایەتی و لۆژیکییەکان و پەلکێشان بۆ خاڵیبوونەوە لە ماهیەتی مرۆڤبوون، چونکە هەموو شتێک وەک ئامرازی وەدەستهێنانی بەرژەوەندیی کەسی و تایبەتی سەیری دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی زیانگەیاندن بە کەسایەتی و سڕینەوەی هەموو ئەوانی دیکەش بێت. 

 

جا بۆیە، هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیادا، کە خەریکە مرۆڤ بەڕۆبۆت دەکەن، تێکڕای لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و ویژدانییەوە و پێویستە باڵانسی نێوان بەرفرەتربوونی تەکنەلۆژیا لە لایەک و واقیعی کۆمەڵگە و خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا و ڕێسا باوەکان لە لایەکی تر، ڕابگرن. 

 

لە کوردستانی خۆشمان، کە چەند ساڵێکە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا هەموو کونج و قوژبنێکیان تەنیوە، هەست بە جۆرێک لە پاشاگەردانی و بێسەروبەری و خەمساردی لە ئاست کۆی کایە جیاوازەکان بە واتا شموولییەکەی دەکرێت، کە دەشێ لێرە بەدواوە سانسۆر دابندرێت و چیدیکە ئەو مامەڵە نادروستە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بە گشتی، درێژە نەکێشێت. 

 

چونکە ئەگەر دیقەت بدەین، سەدان پەیج و گرووپ و پلاتفۆڕمی دیکە، ڕۆژانە و هەر کاتژمێرێک و هەر خولەکێک، بێ هیچ چاودێرییەک هەواڵ و ڕاپۆرتەهەواڵی هەندێکجار ناخهەژێن و هەندێک کەڕەتیش نادروست پەخش و بڵاو دەکەنەوە و دەرخواردی خوێنەر و وەرگری دەدەن، بۆ نموونە، هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن، کە لە هەموویان خەتەرناکترە و جۆرێک لە پاڵنان و هاندانی بە تایبەت بۆ گەنجان و بە تایبەتتریش بۆ نەوجەوان و هەرزەکاران، بە زەقی پێوە دیارە. 

 

لە ڕاستیدا، بەشێک لە ماڵپەڕە ڕەسمی و ناڕەسمییەکانیش، لەسەر هەمان میتۆدی نەخوازراوی دوور لە پرەنسیپ و مۆڕاڵە گشتییەکان کار دەکەن، لەبەر ئەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ڕۆشنبیری هەماهەنگی بکەن و (بێ هەڵاواردن) سانسۆر و لێپێچینەوەش بەسەر تێکڕای پەیجەکانی سۆشیال میدیا و پێگە ئەلیکترۆنییەکاندا بگشتێنن و دەرفەت نەدرێت چیتر بۆ لایک و کۆمێنت و ڤیو، سنوورەکان ببەزێنن، کە باوەڕم وایە ئەگەر فرسەتی زیاتریان پێ بدرێت، بەئاگا یان بێئاگا، مەترسیی جیددی لەسەر ژیان و تەندروستیی گشتیی دەروونی و جەستەیی تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵگە بە گەورە و گچکەوە، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، دروست دەکەن.