رۆژ نیه هه‌واڵێكی نێوخۆیی یه‌كێتی نه‌بیستین و رای گشتی لێی ئاگادار نه‌كرێته‌وه، ئێمه له‌م دووره‌وه به‌قه‌د كادره سه‌ره‌كیه‌كانی یه‌كێتی ئاگاداری وه‌زعی نێوخۆی یه‌كێتین، روداوێك یان ناكۆكیه‌كی بچوكی رۆژانه وه‌ك موشه‌ك دزه ده‌كاته نێو خه‌ڵك و دیارده‌یه‌كی بچوكی نێوخیی به‌هه‌ر چه‌شنێك بێت هه‌موو چاو‌دێر و رۆژنامه‌نوس و سیاسه‌تمه‌دارانی بێ لایه‌نیش لێی ئاگادارده‌بن و، سه‌ره‌رای بونی ده‌زگایه‌كی ئاسایشی نێوخۆی نهێنی ئه‌م حزبه، كه‌چی ورد و درشتی روداوه نێوخۆییه‌كانی وه‌ك شاشه‌ی سینه‌ما له‌به‌رچاوانه و نمایش ده‌كرێت، بۆچی، ته‌نانه‌ت نهێنی پارێزی ئه‌م حزبه له حزبێكی بچوكیش كه‌متره؟
باسی مێژووی یه‌كێتی ناكه‌م، ته‌نها مه‌به‌ستم ده‌رخستنی هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته‌یه كه زۆرێك به ئه‌رێنی له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و زۆرێكی تریش به نه‌رێنی و شڵه‌ژان و نه‌بونی دیسپلین ده‌یخوێننه‌وه. دیاره وه‌ك نه‌ریتێكی سه‌پێنراو له ده‌رئه‌نجامی چۆنێتی دروستبونی یه‌كێتی له به‌ره‌یه‌كی چه‌ند لایه‌نێكدا، تاوه‌كو كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ئه‌م حزبه هه‌میشه باڵباڵینی حزبی به ئاشكرا بونی هه‌بووه و ململانێ له نێوان باڵه‌كان ئه‌گه‌ر به‌قه‌د ململانێی نێوان دوو حزب زیاتر نه‌بوبێت كه‌متر نه‌بووه. هه‌میشه هه‌ر سێ لاكه له سه‌ره‌تادا و، هه‌ردوو لایه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی رهنجدهاران و شۆرشگێران بۆ دواتر له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له ریكخستندا له كێبركێ و تا راده‌یه‌ك ركابه‌ری به‌رده‌وامی یه‌كتر بوون. ئه‌م سیفه‌ته‌ش وه‌ك عاده‌تێك له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی یه‌كێتی له گیانیدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه و جگه له رۆژانی شه‌ری نێوخۆ و دوور خستنه‌وه‌ی قه‌یرانه نێوخۆییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه، یه‌كێتی نیشتمانی نه‌یتوانیوه دوور له ململانێی نێوخۆی توند به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه، ململانێی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه و هه‌میشه بارودۆخی ناله‌باری كوردستان كاریگه‌ری هه‌مه‌جۆری له‌سه‌ر باری نێوخۆی یه‌كێتی به تایبه‌تی به جێهێشتوه.
فراوانی و فره‌چه‌شنی پێكهاته و رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی فاكته‌رێكی زۆر گه‌ه‌وره بووه له جیاوازی بیركردنه‌وه و ره‌فتاری كادر و ریكخستنه‌كانی و، فره مینبه‌ری له ده‌رئه‌نجامی بونی خه‌ڵكی بژارده هاوشان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ساده و ساكار له‌یه‌ك حزبی فره ئامانجدا وه‌ك سیفه‌تێكی ده‌گمه‌نی ئه‌م حزبه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆربۆته‌وه و ئه‌م حاڵه‌ته‌ی دروستكردووه، ئه‌مه جگه له هه‌وڵدانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ فراوانكردنی جه‌ماوه‌رێتیی ئه‌م حزبه له پێناو كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر به‌هه‌مان شێوه‌ی حزبه‌كانی تر، له‌سه‌ر حیسابی نوخبه و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی كاری ره‌سه‌نی ئه‌م حزبه له زۆر رووه‌وه زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی لێداوه.
پاش راپه‌رین و پێویستی لایه‌نه‌كان به ده‌نگ، ره‌فتاری پارتی له رازیكردنی خه‌ڵك به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بوبێت له جاشه‌وه بۆ باش و، ئیستغلال كردنی خاڵه لاوازه‌كانی یه‌كێتی، یه‌كێتیی خسته دوریانی دودڵی له پابه‌ندبون به پێكهاته‌ی حزبی له رێكخستنی نوخبهبون یان هه‌ڵبژاردنی جهماریبون، كه تا ئه‌مرۆش له‌و نێوه‌نده‌دا خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه. بۆیه ده‌رئه‌نجامه‌كانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان زیاتر یه‌كێتیی توشی شۆك كرد و له رێره‌وی كاری سیاسی خۆی توشی هه‌ڵه‌و زۆرێك له سه‌رگه‌ردانی كرد، وه‌ك شكستێك له‌قه‌ڵه‌م درا و، بوو به گرێ كوێره‌یه‌ك بۆ ئه‌م حزبه كه تا ئه‌مرۆ باجی ده‌دات،له‌وه‌شدا حه‌قی بوو،به‌و هه‌موو گیانفیدایی و خۆبه‌ختكردن و خه‌باته هه‌مه‌چه‌شنه‌وه، چۆن حزبێكی تر بێته سه‌ر سفره‌ی حازری له هه‌ڵبژاردندا و به ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵكه به ره‌ش و سپی و پاك و پیس و به هه‌موو پشتخانێكیانهوه،ئه‌و هه‌موو ده‌نگه مسۆگه‌ر بكات. بێگومان به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی و تام و چێژ و له‌زه‌تی ده‌سه‌ڵات گۆمه‌كه‌ی یه‌كجار قوڵتر كرده‌وه و، شه‌ری نێوخۆی پاش راپه‌رین و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌موو پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن و رێره‌وی كاروباری رێكخستن و ململانێی ئه‌م حزبه‌ی تا حهدێكی گه‌وره تێكدا. له‌و نێوه‌نده‌شدا مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی له پله‌به‌ندی كادران و وه‌رگرتنی رۆڵ و به‌شداریكردنی له پێگه و پله‌كانی حكومه‌ت زیاتر گلۆڵهكهی خسته لێژیه‌وه. بۆیه ئه‌و فاكته‌ره مێژووی و فكری و كاروباری رێكخستن كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ی داناوه و، وا كه‌وتۆته‌وه كه روداوه‌كان و ده‌ركه‌وتنی نهێنیه زۆر زه‌قه‌كان به‌م خێراییه‌وه دزه بكه‌ن و له هه‌یبه‌ت و پریستیجی تایبه‌تی ئه‌م حزبه بده‌ن. ده‌توانین بڵێن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌م شێوه‌یه تا راده‌یه‌ك به فه‌وزه‌ویه‌ت به‌رێوه ده‌چێت، ئه‌گه‌ر بواری ئازادی تێدا به‌م روبه‌ره نه‌بوایه، نه ئاڵای شۆرش دروست ده‌بوو و نه گۆرانیش به‌م ئاسانیه دادهمزرا. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌موو نه‌یاره‌كانی و ئه‌وانه‌ی نێوخۆی كوردستان به تایبه‌تی، كه ناوه‌ندێتی زه‌مانی قه‌یسه‌ر پیاده ده‌كه‌ن،ماڵی خۆیان قایم كردووه و ده‌رگاكانیان كڵۆم داوه، هاغوتهریبی ئه‌مه‌ش، له به‌رامبه‌ردا لایه‌نی ده‌ره‌كیش به ئاسانی ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر رووداوه نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتی دروست بكات. له‌م سه‌رو به‌نده‌شدا، هه‌میشه لایه‌نه ده‌ستێوه‌رده‌ره‌كان كادیره لاوازه‌كان و رووداوه هه‌مه‌جۆره رۆژانه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه شه‌خسیه‌كان به گه‌وره‌یی ئیستغلال كردووه و، تا ئێستا ئه‌م حزبه له كه‌شێكی ناله‌باردا و له زه‌مینه‌یه‌كی نادروستی دوور له بونی ئاستی رۆشنبیری پێویستی كادران، گیرۆده‌ی فره باڵی و فره مۆراڵی و فره منیبهری بووه.
ئه‌وه‌ی زۆر روونه، ئه‌گه‌ر وه‌ك چاودێریكی سیاسی ئه‌م كوردستانه ئه‌و هۆكار و فاكتهرانهمان باس كردبێت، به شێوه‌یه‌كیش ورده‌كاریه‌كانمان به زه‌قی دهرخستبێَت و له‌مه‌شدا سڵمان له هیچ نه‌كردبێته‌وه، به‌ڵام بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر حزبێكی تری ئه‌م كوردستانه هه‌زار و یه‌ك حیساب ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی بونی ئه‌رێنی ئاشكراكاریه له رێره‌وی خه‌باتی ئه‌م حزبه، به‌ڵام بۆ خودی رێكخراوه‌كه زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه و به ناراسته‌وخۆش بێت گه‌لی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و حزبی ناوه‌ندگه‌رای دوور له دیموكراسی و ئازادی باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌كێشێت و زه‌مینه‌ش بۆ دیكتاتۆریه‌ت خۆش ده‌كات. ده‌كرێت بڵێین، له‌م قۆناغه‌دا یه‌كێتی به تونێلێكی تا راده‌یه‌ك تاریكدا گوزه‌رده‌كات و،پێویسته سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه بزانن له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا كوردستان به رێده‌كه‌ن و به هه‌ر روداوێكی نه‌خوازراو نه‌ك ته‌نها حزبه‌كه‌یان به‌ڵكو كوردستان به‌گشتی توشی قه‌یران ده‌كه‌ن و، سه‌رجه‌م به‌رپرسیارێتیه‌كه و به‌دینه‌هێنانی ئامانجه گشتیه‌كان به‌ته‌نها ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وان.