گوته‌یه‌كی عه‌ره‌بی هه‌یه ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ی زمانی میلله‌تێك بزانێت، له شه‌ڕیان به دوور ده‌بێت"، به‌ڵام من ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی له كوردستان خزمی به‌رپرسێك بێت، ئه‌وه پۆستێكی به‌رز و مووچه‌یه‌كی چه‌وری چنگ ده‌كه‌وێت، ئێمه له وڵاتێك ده‌ژین كه گه‌نده‌ڵی به ڕێژه‌یه‌ك به‌رزبۆته‌وه، وایكردووه هه‌ر كه‌سێك پۆستێكی حكومی یان حیزبی هه‌بێت، هه‌رچی كه‌س و كاری خۆیی و خێزانه‌كه‌ی هه‌یه له پۆستی باشن و له چینی سه‌ره‌وه‌ن،
ئه‌ڵێن له خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا و له سه‌رده‌می عوسمانی كوڕی عه‌فان كه فه‌رمانڕه‌وای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ژێر ده‌ست بووه، خه‌لیفه هه‌رچی كه‌س و كار و خزم و ناسیاوی خۆی هه‌بوو له پۆستی باڵا داینابوون و ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌های پێبه‌خشیبوون، تا له كۆتاییدا خه‌لافه‌ته‌كه‌ی تێك چوو.
ئه‌گه‌ر هیچ نیگه‌ران نیت سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ساتانه‌ی له نزیكته‌وه یان ته‌نانت له دوورترین گۆشه‌ی دونیادا ڕووده‌ده‌ن، ئه‌وا پێویسته گومانت له ئینسانبوونی خۆت هه‌بێت، لوتكه‌ی كاره‌سات ڕاهاتنه له‌گه‌ڵ نایه‌كسانیدا، بۆیه هه‌میشه سووك سرنجی چه‌وسێنه‌ران بده و هه‌میشه به‌گژ زوڵمدا بچۆوه! ئه‌گه‌ر هه‌ست ده‌كه‌یت ده‌وروبه‌ر ده‌خوازێت به‌ره‌و ناخی زه‌ویت ببات، ئه‌وا ده‌بێت ناو به‌ناو له شه‌قه‌ی باڵ بده‌یت و بڵند بفریت.
هه‌ر له سه‌ر به‌زمی دامه‌زراندن و ئه‌وشتانه براده‌رێكم ئه‌ی گوت وه‌ڵا لای فڵان به‌رپرس واسیته‌یه‌ك ئه‌كه‌م تا دامبمه‌زرێنێت له شوێنێك، منیش لێم پرسی ئاخر تۆ چۆن ئه‌و به‌رپرسه ده‌ناسی؟ هه‌ر به پێكه‌نینه‌وه گوتی ئاخر زاوامانه، چونكه كاتی خۆیی له قۆناغی زانكۆیی خێزانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه قوتابی بوو، ئی خۆ ئه‌مه‌ش خزماتیه‌كه باشه، ڕه‌نگه له پۆستێكی باشیش دایبنێت، به‌س به مه‌رجێك خێزانه‌كه‌ی به دڵی خۆیی خواستبی، چونكه حه‌تمه‌ن دڵی خێزانه‌كه‌ی ناشكێنی.
هه‌رچی ده‌یكه‌ی بیكه ته‌نها فێڵ له هه‌ژاران نه‌بێت، هه‌رچی فه‌رامۆش ده‌كه‌یت بیكه! ئازادی ده‌ردی نه‌داری نه‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌و كۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌ی ئێمه دا تووشی شكه‌ست كردووه، ئه‌وه‌یه كه تاكی كورد به حوكمی چه‌وساندنه‌وه له‌لایه‌ن ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانه‌وه ئه‌و ترسه‌ی له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات هه‌یه.
له‌مێژه خه‌ڵكی دنیا به ده‌ست خزم و خزمانه دۆش داماون، ئه‌و دوو شته ژیانی خه‌ڵكێكی زۆریان دروێنه كردووه، ده‌شێت به پاساوی ئه‌وه‌ی كه خزمێكیان پۆستی باڵای هه‌یه، یان خزمه‌كانی پاسه‌وانی تایبه‌تی فڵان سه‌ركرده‌ن، قه‌سابخانه بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و قوربه‌سه‌ر ساز بكه‌ن، مه‌به‌ستم له قه‌سابخانه كوشتنی ده‌روونی خه‌ڵكه، ئه‌و داماوه‌ی چوار ساڵی زانكۆیی ته‌واو كردووه خه‌ریكی كرێكارییه، ئه‌وه‌ی شازده ساڵ خوێندویه‌تی شه‌و ده‌كاته به‌یانی له بێ ئشیان هه‌ر خه‌ریكی لایك كردنی وێنه‌ی به‌رپرسه‌كانه له‌فیسبووك، ئاواته خوازه به‌هۆیی لایكه‌كانیه‌وه هاوڕێیه‌تی به‌رپرسێك به ده‌ست بهێنیت، بۆئه‌وه‌ی له شوێنێك دایبمه‌زرێنێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
