
- "ڕاگه‌یاندن پێویسته خۆی دووربخاته‌وه له قسه‌ی ناشیرن و زمانی زبر"
- "متمانه ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان، به‌ڵكو متمانه‌یان به به‌رنامه و پلانه‌كانی حیزب و حكومه‌تیش نه‌ماوه"
خوێندنه‌وه ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان بایه‌خ و گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه لای هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌تی توێژی گه‌نج كه پانتاییه‌كی فراوانی له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا داگیركردووه ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره كه خوێندنه‌وه لای هاوڵاتیان به گشتی ڕووی له كه‌مبوون كردووه، ئایا كاریگه‌ری زۆری ژماره‌ی بڵاوكراوه‌كانه، یاخود نه‌بوونی متمانیه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گفتوگۆیه‌كمان له‌گه‌ڵ به‌رێز د.جه‌مشید حه‌یده‌ری مامۆستا له كۆلێژی زمان_ به‌شی كوردی، كرد.
ناوبراو له‌ساڵی 1943 له‌هه‌ولێر له دایك بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له هه‌ولێر، دواناوه‌ندی له به‌غدا ته‌واو كردووه، له ساڵی 1975 ماسته‌ری له ئه‌ده‌بی رووسی له لینكراد هێناوه، له ساڵی 1980 دكتۆرای له ئامۆژگای ڕۆژهه‌لاتناسی سۆڤیه‌ت (ئه‌ده‌بی كوردی) هێناوه، له ساڵی 1993 وه تا ئێستا وه‌ك مامۆستا له زانكۆی سه‌لاحه‌ددین وانه ده‌ڵێته‌وه،
له نێوان ساڵی 1985_1990 خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی " سه‌رده‌می نوی" بووه له سوید.
له گۆڤاره‌كانی (هیوا، ئامۆژگای كوردی پاریس، به‌ربانگ_سوێد، یه‌كگرتوو_دانیمارك، په‌نجا له‌نده‌ن) كاری كردووه.
*سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌گشتی بدوی؟
د.جه‌مشید" ده‌كری بگوَتری كه ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له دوای ڕاپه‌رین گه‌شه‌ی كردووه، چونكه ده‌رفه‌ت ره‌خساوه، هه‌ر بۆیه‌ش له ڕووی چه‌ندایه‌تی زۆره، به‌ڵام له ڕووی چۆنایه‌تی له ئاستی پێویست دانیه.مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه پڕۆفییشیۆناڵ نیه، هه‌ركه‌سی دی، یاخود هه‌ر رێخراوێك، یان هه‌ر لایه‌نێك چه‌ند كه‌س ڕاده‌سپێرن، كه بڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌ربكه‌ن، له ڕوانگه‌ی بنه‌مای ڕاگه‌یاندن به گشتی، زۆربه‌ی زۆری بڵاوكراوه‌كان ناچنه خانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری، هه‌رچه‌نده ناوی گۆڤار‌و ڕۆژنامه له‌خۆیان ده‌نێن، كه ده‌ڵی ڕۆژنامه پێویسته ڕۆژانه ده‌ربچێت و هه‌واڵی ڕاستگۆ و بێلایه‌ن بگه‌ینێته خوێنه‌ر.
* ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی تا چه‌ند ده‌وری هه‌بووه له ده‌رخستنی كه‌لتوور و كه‌له‌پووری كوردی؟
د.جه‌مشید" بێگومان ڕۆژنامه، ئه‌ركی گه‌یاندنی هه‌واڵه و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری له ئه‌ستۆ دایه.ئێمه له كوردستان چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه و هه‌فتانه‌مان هه‌یه، هه‌ندێكیان تا ڕاده‌یه‌ك ئیشی ڕۆژنامه‌نووسی په‌یره‌و ده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به ڕۆڵیان له ده‌رخستنی كه‌لتوور و كه‌له‌پوری كوردی، من پێم وانیه، ئه‌وه ئه‌ركی ڕۆژنامه بێت، به‌ڵكو ئه‌وه ئه‌ركی گۆڤاری تایبه‌تیه به‌م بوارانه، واتا گۆڤاری تایبه‌تی به فۆلكلۆر، موسیقا، وه‌رزش، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، مێژوو، زانست...، لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه پاشكۆی هه‌ندی له ڕِۆژنامه‌كان تا ڕاده‌یه‌كی باش خزمه‌ت به زمان و ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن.
* ڕۆڵی خوێنه‌ر له چ ئاستێك دایه؟ ئایا ئێستا هاوڵاتیان خوێنه‌ر ترن یان ساڵانی ڕابردوو؟
د.جه‌مشید" بێگومان زۆربوونی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن وه‌ك Tv.و ڕادیۆ و ئینته‌رنێت و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و كاریگه‌ری زۆره له خوێنه‌ر ئه‌مه‌یان له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر زۆربوونی چاپه‌مه‌نی (مه‌به‌ستم) بڵاوكراوه‌یه جا ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه بێت یاخود گۆڤار، كه خوێنه‌ر لی ڕاناگات به‌سه‌ریان بكاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكانێك هه‌ن ڕۆژانه به‌رده‌وام ڕۆژنامه ده‌خوێنه‌وه.دیاره ئێستا له جاران كه‌متره چونكه جاران (له ڕابردوو) ڕۆژنامه هه‌بوو تیراژی له (50) هه‌زار تێده‌په‌ڕی و نه‌شده‌ماوه له بازار، به‌ڵام ئێستا ڕۆژنامه حیزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌كان و ئۆپۆزسیۆن له‌و بڕوایه دام ناگاته چه‌ند هه‌زارێك.
* ئه‌و ژماره زۆره‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان ده‌چنه خانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی؟
د.جه‌مشید" بێگومان زۆر بوونی بڵاوكراوه‌كان، كه زۆربه‌یان به بڕوای من ناچنه خانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ده‌رچوونیان به هه‌ده‌ردانی پاره‌یه، ئه‌و بڵاوكراوانه یارمه‌تی ده‌درین له‌لایه‌ن حیزبه سیاسیه‌كانه‌وه، یاخود هه‌ندی به‌رپرسیاری ده‌ست رۆیشتوو بۆ مه‌به‌ستی دیاریكراوی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، خه‌ریك كردنی گه‌نج و لاوان دوورخستنه‌وه‌یان له كێشه چاره‌نووسازی كۆمه‌ڵگاكه‌مان.
* ئایا ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌وری هه‌یه له دروستكردن و پیشاندانی زمانی ستاندار؟
د.جه‌مشید" ڕاگه‌یاندن به گشتی و ڕۆژنامه و گۆڤار، ڕۆلێكی گرنگ له پێشخستنی زمان و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بێت و ڕه‌چاوی ڕێنووس و ڕێزمان بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆرێك له‌و ڕاگه‌یاندنانه به ئاره‌زووی پێنووسی ده‌سته‌كانیان (ناڵێم نووسه‌ره‌كان) چونكه نووسه‌ر پێویسته ڕێنووس و ڕێزمان له به‌رچاو بگرێ، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان چاوێك به‌و تابلۆیانه‌ی له نێو شار‌و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بخشێنی ده‌بینی، چه‌ندان هه‌ڵه‌ی زه‌قیان تێدایه، بۆیه ئه‌ركی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه (وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، شاره‌وانی، زانكۆكان و ڕۆشنبیری) پێداچوونه‌وه به هه‌ڵه‌كان بكه‌ن و ڕاوێژكاری زمانه‌وانی بۆ هه‌موو ده‌ستگاكان پێویسته، مه‌سه‌له‌ی زمانی ستاندا‌رت مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاڵۆزه، چونكه له كوردستان (كوردستانی گه‌وره) نه‌ك باشووری كوردستان.پارچه چارچه بوونی كوردستان و بوونی ژماره‌یه‌ك زاری جیاواز، خۆی كێشه‌یه‌كه و ئه‌سته‌نگه له به‌رده‌م زمانێكی یه‌كگرتوو.ئێستا كه دوو شێوه‌زار تا ڕاده‌یه‌ك زمانی نووسینه، (كرمانجی خواروو، كرمانجی سه‌روو) به دوو ئه‌لفیای جیاواز.من پێم وایه ئه‌و شێوه‌زاره‌ی ئێستا كه له باشووری كوردستان، جگه له ناوچه‌ی بادینان زمانێكی ستاندارته بۆ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (جگه له ورمی و ناوچه‌ی شكاكه‌تی)، بۆ باشووری كوردستان نه‌بی، به‌ڵام زمانێكی فه‌رمی نییه، بێگومان ئێمه پێویستیمان به زمانێكی فه‌رمی (رسمی) هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و زمانه فه‌رمیه هه‌ڵده‌بژێردری كه له هه‌موو قوتابخانه و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت كاری پێبكری، به بریاری سیاسی گه‌ره‌كه، لێره‌وه من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نیه كه شێوه‌زاره‌كانی تر پشت گوی بخری ده‌كری ئه‌م شێوه‌زارانه له ناوچه‌كانیان گرنگی پێبدری له ته‌ك زمانی فه‌رمیدا، نه‌ك تێكه‌ڵكردنیان وه‌ك له هه‌ندی په‌رتووكه‌كانی قوتابخانه‌كان پیاده ده‌كرا، چونكه سه‌ر له شاگرد و قوتابی و خوێندكار ده‌شێوێنی، یاخود ده‌كری وه‌ك له هه‌ندی له ده‌وڵه‌تانی فره‌نه‌ته‌وه‌یی چه‌ند شێوه‌زارێك به فه‌رمه بناسری وه‌ك له كه‌نه‌دا، سویسرا...هتد.
* به‌كارهێنانی زمانی زبر (تانه لێدان، هێرشكردنه سه‌ر ئاین و كه‌سایه‌تیه‌كان، ...) له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان تا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی هه‌یه؟
د.جه‌مشید" له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندن پێویسته خۆی دووربخاته‌وه له قسه‌ی ناشیرن و زمانی زبر، هه‌روه‌ها پێویسته هه‌ندی پێوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه له به‌رچاو بگری ئازادی ڕاده بڕی مه‌یسه‌ر بكری، بێگومان ده‌بی ڕه‌خنه گرتن له هێرش و په‌لاماری جیابكه‌ینه‌وه، ڕه‌خنه گرتن له‌لایه‌نی خراپ و كه‌م و كوریه‌كانی له ده‌ستگای ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه سیاسیه‌كان، ئه‌ركی ڕۆژنامه گه‌ریه، چونكه ڕۆژنامه پێویسته ده‌سته‌ڵاتی چواره‌م بێت، هه‌روه‌ها ئازادی ڕا ده‌ربڕین واتا ڕێزگرتن له بۆچوونی جیاواز، نه‌ك له ته‌وهین كردنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر.
* بۆ ئه‌وه‌ی میدیای كوردی ووشه و زاراوه‌ی ره‌سه‌نی كوردی زیندوو بكاته‌وه، پێویسته‌چیبكات؟
د.جه‌مشید" خۆپاراستن له داتاشین و وشه و به‌كارهێنانی وشه‌ی بێگانه له جیاتی وشه‌ی ڕه‌سه‌نی كوردی، ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئێمه تا ئێستا فه‌رهه‌نگی كوردی_كوردی مان نیه كه وشه‌كانی هه‌موو شێوه‌زاره‌كان له‌خۆ بگری، ده‌رباره‌ی هه‌ندی زاراوه زانستی و هونه‌ر و ته‌كنه‌لۆژیا، ئێمه ناچارین وشه‌ی بێگانه به‌كاربهێنین كه له دونیادا باوه.
* نه‌بوونی متمانه‌یه‌كی به‌هێز له‌لایه‌ن خوێنه‌ر بۆ بڵاوكراوه‌كان، بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه؟
د.جه‌مشید" مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی متمانه ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان، به‌ڵكو متمانه‌یان به به‌رنامه و پلانه‌كانی حیزب و حكومه‌تیش نه‌ماوه.
* تایبه‌تمه‌ندی ڕۆژنامه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵ چیه؟ ئایا ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له كوردستان
به‌دی ده‌كری؟
د.جه‌مشید" ده‌كری ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوی و خه‌بات وه‌ك ڕۆژنامه‌یه‌كی پرۆفیشناڵ سه‌یر بكری، ئه‌گه‌ر وێنه‌ی سه‌ركرده‌كان و چالاكی به‌رپرسه‌كانی لی لابدری.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
