خۆرنەوەزان..بەهەشتی گەرمیان! ...محەمەد ئەحمەد

هەموتان لەوەیە ناوی خۆرنەوەزانتان بیستوبێت یان رۆیشتبێتان بۆ ئەوێ، خۆرنەوەزان ئەو هاوینە هەوارە سروشتییەی گەرمیانە کە چەندین شوێنی دڵڕفێن لە خۆ دەگرێت و دەکەوێتە نێو سنووری هەردوو ئاوایی " گەرمک و قەواڵی" سەر بە شارەدێی "زنانە"ی سەر بە قەزای "خورماتوو".
ئەوەی یەکجار رۆیشتبێتە "خۆرنەوەزان" دڵنیام هەمیشە بەئاواتی دووبارە چونەوەیەتی بۆ ئەو شوێنە خۆشە و عەشقی سروشتە خۆشەکەی دەبێت و حەزی بە دووبارە مەلەیەکی "ئاوە سپی" دەبێت.
خۆرنەوەزان، رۆژانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن و بەڵام بەبۆنەی نەبوونی جێگەیەک تا شەوانە لێی بمێنیتەوە و رێگا سەختەکەی کە تەنها بە ئۆتۆمبێلە بەرزەکان نەبێت ناتوانیت بچیت بۆ ئەوێ گەشتیارەکان بەرلە خۆرئاوابوون دەگەرێنەوە و ئاواتی دووبارە سەردانەوەی دەکەن.
ئەوەی لام سەیربێت هەرێمی کوردستان هیچ ئاوەرێکی لە ناوچەی داوودەی نەداوەتەوە و ئەتوانین بڵین بەهیچ شێوەیەک خزمەتی ئەو ناوچانەی نەکردوە، بەڵام خۆرنەوەزان كە بەشێكە لەو ناوچەیە هەر بیریشی لێنەکراوەتەوە تا بکرێتە هاوینە هەوارێک و شوێنێک بۆ حەوانەوەی خەڵکی.
ئەوەی ڕاستبێت "خۆرنەوەزان" و ناوچەکانی سەر بە ناحییەی "زنانە" تاکو ئێستا هەردوو حکومەتی "هەرێم و بەغدا" خۆی بەخاوەنی دەزانێت و کەسیانیش بیریان لێ نەکردۆتەوە تاوەکو خزمەتێک بە خەڵکە رەنجدەرەکەی بگەیەنن کە ساڵانێکی زۆرە جێگاکەی ئەوان لانکەی شێرە پێشمەرگەکان بوو و چەندەها رۆڵەی خۆی کردۆتە قوربانی وڵاتەکەی.

من لێرەدا هیچ داوایەک لە حکومەت و حزب ناکەم کە ئاوەرێک لە خۆرنەوەزان بدەنەوە چونکە ئەوان هەمیشە ئەم ناوچەیەیان قۆرغ کردوە و ئەتوانم بڵیم "سفڵەن" لە ئاستی ئەو شوێنە، بەڵام داواکاریم لە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەیە چیتر نەهێلن موزایەدا بەناوی ئەوانەوە بکریت و تەنها بۆ مەبەستی سیاسی پەیمانی بریقەداریان پێبدرێت.

تێبینی: "خۆرنەوەزان" لەوەوە هاتووە، چەندین شوێن لەخۆ دەگریت کە خۆر بەری ناکەویت و هەمیشە کانییەکی سروشتی و سەوزاییەکی بەرفراوانی هەیە.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.