
سڵاوێکی زۆر گەرم لە هەرتاکێک کە لە حکومەتی هەرێم کاردەکات، سڵاوەکەشم بۆیە زۆر گەرمە بۆئەوەی لەو هەمو ساردی و سڕییەی بەر "با"ـی سیبلیتەکان بەخەبرتان بکاتەوە و کەمێک ئاگاتان لە گەرمی دڵی دایکانی جگەر سوتاو و باوکە پڕ دڵ حەسرەتكان و خەمی گەرمی خەمخۆرە نیشتیمان پەروەرەکانتان بێتەوە.
دڵنیام زۆربەتان بارودۆخی ئەم دواییەی خورماتوتان بیست لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە، ئەگەر نەتانیش بیستووە خەمتان نەبێت ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بخوێننەوە ئاگاتان لە بەشێک لە کێشەکانی خورماتوو ئەبێتەوە.
* خۆپیشاندانی تورکمانەکانی خورماتوو کە بەووتەی خۆیان تەنها ئەوانن لە خورماتوودا روبەروی کاری توندوتیژی دەبن، کە ئەمە شتێکی راست نییە چونکە بەبی جیاوازی خەڵکی ئەم ناوچەیە ژییانی لە مەترسیدایە.
* داخستی رێگای گشتی "خورماتوو - بەغدا" کە بووە هۆی وەستانی هاتوچۆ لە نێو شارەکاندا بۆماوەی 3 رۆژ.
* چەند تەقینەوەیەکی جیاجیا بووە هۆی کوشتی چەند کەسێک و لە نێوانیاندا بەرپرسی جەبهەی تورکمانی بەناوی "عەلی هاشم" و جێگرەکەی.
* لەپاش هەوڵی تاکە وەزیرە تورکمانەکەیان تونرا لیژنەیەکی وزاری پێکبهێنن بە سەرۆکایەتی "حوسێن شەهرستانی" سەردانی خورماتوو بکەن و و چەند بڕیارێک دەربکەن کە سەرەکیترینیان ئەمانە بوون:
1- دروستبوونی هێزێکی سەحوە کە پێکهاتوون لە 700 کەس بۆ تورکمانەکانی خورماتوو،
2- دامەزراندنی دوو فەوجی فریاکەوتن هەر بۆ هەمان نەتەوەی تورکمان.
3- هەوڵدان بۆ بەپاریزگاکردنی خورماتوو.
* رازی نەبوونى هەردوو بەرەی کوردی و عەرەبی و دەرچونیان لە هۆڵی کۆبونەوەکەدا.
* ئەمە جگە لەو هەموو ناکۆکییەی پێشترینە کە لە نێوان خەڵکی خورماتوو و حکومەتی مەرکەزی بەغدا هەبووە.
سەیر لەوەیادایە ئێوەی حومەتی هەرێم بێدەنگن لە کاتێکدا شەهرستانی و هاوەڵەکانی دژی دەستور کاردەکەن کە ئەویش ئەوەیە هەر بڕیارێک لە ناوچە جێ ناکۆکەکان بدرێت و رەزامەندی حکومەتەی هەرێمی لەسەر نەبێت بەپێی دەستور نایاساییە.
بۆیە داوا ئەکەم کە هەڵوێستی خۆتانتان هەبێت چونکە لە داهاتوودا بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت و کەسانی بێتاوان و خەڵکی خورماتوو تێدا دەچن.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
