سەیر و سەمەرەکانی هەڵبژاردن..! محەمەد ئەحمەد - خورماتوو

سەیر و سەمەرەکانی هەڵبژاردن..! محەمەد ئەحمەد - خورماتوو

هەڵبژاردن، یان خەباتی قەڵەم، پرۆسەیەکی نوێیە و پەیدا بوونی لە کوردستان و عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ پاش پرۆسەی ئازادیکردنی عێراق،  کە تێیدا پاڵێوراوان هەموشتێکی مەحاڵ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆئەوەی سەرکەوتوبن لەو پرۆسەیەدا.
ئەم سەرەنجانەی خوارەوە دەخەمە روو بۆئەوەی هەر کاندیدیک سوودی لێوەربگرێت و چیتر تووشی هەمان هەڵەی کاندیدانی پیشوی خۆیان نەبنەوە.

# رۆژێکیان پێشمەرگەیەک 20 کارتی 10 هەزاری لە ناو موبایلەکەیدا بوو، بکاتە 200، 000 دینار، لە کاتێدا لێیم پرسی ئەم هەمو باڵانسە چی دەکات لە ناو موبایلەکەت، ئەویش ووتی: هەڵبژاردن خۆشبێت تێر کارت و نانین...!!؟ تومەزە ئەم برادەرە کارتی لە یەکێک لە کاندیدەکان وەرگرتووە بۆئەوەی دابەشی بکات بەسەر ئەوکەسانە کە دەنگی پێ ئەدەن و بۆخۆی هەمویانی داخل کردوە.

# کاندیدیکی تر بۆ پەیداکردنی دەنگی دەنگدەران رووی لە ناوچە عەرەب نشینەکان کرد و هەستا بە دابەش کردنی ( پارە، عەزێ بۆ ئافرەتان، ، کارتی موبایل و دشداشەو عەگاڵی عەرەبی بۆ شێخی عەشیرەت و دارودەستەکانی)، ئەم کاندیدە بەڕێزە لە پاش هەڵبژاردن دەنگێکی زۆر کەمی هێنا و بەیانیانێکی زوو لە موبایل دەقیڕاند بەعەرەبی ئەیووت (وین دشداشاتی وین فلوسی، هیجی هیج من ...)، بەواتای ( کوانی دشداشەکانم کوانی پارەکانم، ئاوها و ئاوها لە ....)، بێگومان ئەو خاڵانە هەموی قسەی نابەجێ و ناشرین بوون.

# هەموتان ئەزانن پێش رۆژێک لە دەنگدانی هاوڵاتییان، پۆلیس و سەرباز دەنگی خۆیان ئەدەن، ئەویش بەمەبستی پاراستنی ئەمنی هاوڵاتییان لە رۆژی دەنگدان و مەشغولنەبوونی سەرباز و پۆلیسی بەدەنگدانەوە، لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان، چەندکەسێک کە دەنگیان بۆ کاندیدێک کۆ ئەکردەوە، بە هەڵپە هەڵپ خەریکی دابەشکردنی کارتی موبایل بوون بەسەر سەربازەکاندا کە بەووتەی خۆیان نزیکە (5، 000، 000) پێنج ملیۆن دینار لەو رۆژە کارتیان دابەش کرد بەسەر سەرباز و پۆلیسەکاندا، دواتر چوم بۆ لایان ووتم ئاخر ئەمانە زۆربەیان خەڵکی خواروی عێراق و شوێنەکانی ترن بۆیان نییە دەنگ بە کاندیدێکی ئەم ناوچەیە بدەن، ووتی چی؟ یەعنی کەسیان ناتوانن دەنگ بە (فڵانی کاندید بدەن)، دیارە نەیزانیوە هەرکەسێک لە هەرپارێزگارێک ناتوانیت دەنگ بە کاندیدەکانی پارێزگایەکی تر بدات.

# یەکێکی تر لە سەیر و سەمەرەکانی هەڵبژاردن، هەمومان بینیمانە و ئەیزانین دابەشکردنی خۆراک لەلای (بایەعی) دابەش ئەکرێت، بەڵام لەکاتی چونم بۆ روماڵکردنی هەواڵەکانی هەڵبژاردن لە یەکێک لە گوندە عەرەب نشینەکانی سەر بە شارۆچکەی خورماتوو، لەدوورەوە بینیم خەڵکی ئەو گوندە دەورەیان لە ئۆتۆمبێڵێک دابوو، کە نزیک بومەوە لێیان خەریکی دابەشکردنی (رۆن و برنج و ئاردی سفر...چەند شتێکی تریش)، بەخۆمم وت یاخوا هەموو مانگێک هەڵبژاردن بکرێت بۆئەوەی فەقیر و هەژار تێربخۆن.

# برادرێک بۆمی گێڕایەوە و وتی: بەس نییە لای ئێوە کارتی موبایل و خۆراک دابەش دەکەن، لای ئێمە لەبەر دەنگدان بە لیستی (*****)ـی حزبی فڵانی، زۆر کەس دەمانچە و لاپتۆپی وەرگرت.

# یەکێک لە سەیرو سەمەرێکی دێکە کە هیچ عەقلێک نییە باوەڕی پێ بکات، ئەویش ئەوەیە لە شاری "موسڵ" لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگدەر زیادکرا، یەعنی سوبحانە الله لە ماوەی دوو - سێ ساڵدا نیو ملیۆن کەس لە دایکبوون و بوون بە سەرووی 18 ساڵ.

# لە هەمووی سەیرتر، لە باشوری عێراق چەند لیستێکی ئەو ناوچانە بۆ هەر دەنگێک (100$) دراوە و لەپاش پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە قورئان سوێندراوە کە دەنگ بە لیستەکەیان بدرێت.

ئەمە هەندێک لەو کارانەیە کە بە چاوی خۆم بینیویانمە یان برادەرەکانم بۆمیان گێراوەتەوە، ئاخۆ بە شاراوایی چەندین و چەندین شتی تر کرابێت و کەسێک یان هەر کەس پێیان نەزانێت.
پرسیار: تۆ بڵێی ئەم کاندیدانە بۆ هەموو شتێکی مەحاڵ ئەکەن بۆ ئەوەی دەنگی زۆرتر بەدەست بێنن؟ ئاخۆ تۆ بڵێت ئەوەندە بە پەرۆشبن بۆخزمەتکردنی خەڵک و وڵات، چونکە بوون بە بەرپرس بە واتای ئەوەیە بەرپرسبێت لە هەمبەر خزمەت کردن بە خەڵک و وڵات، یان لە ناخی خۆیاندا شتی تریان دانابێت و ئەوەندە هۆکارەکەی بەهێزبێت کە هەرچی بکرێت بیکەن بۆەئەوەی ببنە خاوەنی کورسی.


This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.