
کە وێنەی ئەم مندالە کوردە رۆژئاواییانەم بینی، یەکسەر خەیاڵی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 م هاتەوە بیر ئێمەش بەهەمان شێوەی خێزانە کوردە رۆژئاوایەکان ئاوارەی وڵاتی ئێران و شارەکانی خوارووی عێراق بووین و ماڵ و منداڵی کورد لەم بەشەی کوردستانە سەرگەردان و دەربەدەر کران، ئەو دەمە کە دەیگێرنەوە من تەمەنم تەنها 1 ساڵ بوو و خانەوادەکەی منیش بە هەمان شێوە ئاوارە بوون دەربەدەری شارەکان بوون، کە تێدا حزبە بەدناوەکەی بەعس ماڵی دەیان هاوڵاتییان تەقاندەوە و خەڵکە درندەکانی تر لە نەتوەکانی تر هاتنە خورماتوو، بۆ بردنی ناوماڵ و ئەو سەروەت و سامانەی کە لە ئێمەی کوردی خورماتوو بە جێمابوو، ئەوکات خورماتوو و شارەکانی تری کوردستان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان شارەکانیان وەکو شاری جنۆکە "مدینە الاشباح"ـی لێهاتبوو و لە پۆستاڵ لەپێکانی بەعس زیاتر کەسی تری لێ نەبوو.
دایکم دەگێرێتەوە بۆم و ئەلێت: لە رێگا کە خورماتوومان بە جێهێشت، بەعسێکان بە مەدفەعێکانیان چەند تۆپێکیان تێمان گرت و ئەودەمە منی تەمەن یەک ساڵ لە ترسدا دەمناڵاند و دەگریام، خۆشبەختانە لە خانەوادەکەمان هیچ زیانێکی گیانیمان نەبوو جگەلە زیانی ماددە و لەپاش گەڕانەوەمان بۆ خورماتوو دووبارە ژیان دەستی پێکردەوە و تا رۆژ گەیشتە ئێستا.
ئێستا بەهەمان شێوەی جارانی خۆمان، کوردی رۆژئاوا ئاوارەدەکریت و دەربەدەری جێو رێی خۆیان بوون و هەریەکەو چەندین زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتۆتەوە، ئەوەی لەسەر ئێمە کوردبێت لەم بەشەی کوردستانە ئەبێت بەهەموو توانایەکمانەوە و هەریەکەو لای خۆیەوە هاوکاری کەسانی خۆمان بکەین، چونکە هاوکاریکردنی کەس لێقەومام و ئاوارە "هەم ئینسانییەت و هەمیش ئاینە ئاسمانێکان" ئێمە بەیوەست دەکات بۆهاوکاری کردنیان و رزگاریان بکەین لەو ناخۆشییە کە رووی لێان کردوە.
جگە لە هاوڵاتییان، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەم کە هەرگیر دریغی نەکات بۆ هاوکاریکردنی کودانی رۆژئاوا و نەچاوەڕی خەڵک بکەن و نەش چاوەری دەستی وڵاتانی دەرەکی و UN بن بۆ هاوکاریکردنیان، چونکە ئێمە تاکە هیوای ئەو کوردانەین بۆ رزگاریکردنیان لەم ناخۆشییەی روویان لێَکردوە و هەر بۆیە هاتوون و ئەڵێن ئێمە کوردین ئێمە برای یەکین هاوکاریمان بکەن.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
