تۆ وەک ڕووباری پڕ ئەوین
سەوزم بکە بەگفتی ئاڵ
منیش وەک پەلکە زێڕینە
بۆتۆ دەبم بەڕەنگی کاڵ
تۆ وەک خەیاڵم شیرین بە
لە نووسینی هەناسەیەک
منیش خەونم ماڵی دەکەم
لەگەڵ تەزووی چەند پیاسەیەک
تۆ وەک بەهارێکی تەڕ بوو
چەند ووشەیەک بدرکێنە
منیش لە ئامێزی ئەو دا
دەبم بەگوڵ لەئەو شوێنە
تۆ وەک پرشنگ گەشاوەبە
تک تک بڕژێرە ڕوحمەوە
منیش دەبمە ملوانکەیەک
تۆ دەست مەنێ بەڕوومەوە
تۆ وەک قەصیدەی ڕەنگاوڕەنگ
تێر بئاڵێ بەهەستمەوە
منیش ڕازم ئەدرکێنم
گوڵ و مۆمێ بەدەستمەوە
تۆ وەک تەمێ ئاوارەبە
وەرە بەر سێبەری خەونم
منیش لەپای چرای شەو دا
هەر خەریکی تەشی و تەونم
تۆ وەک بەفراوی عومرم بە
فێنکی کە گیان و جەستە
منیش لەتەک پەپوولە دا
بۆت دەبێژم هەزار بەستە
تۆ وەک کلیلی خەونم بە
دەرگای دڵم هەر ئەوین بێ
منیش دوابڕیارم ئەدەم
فەرهاد هەر عەشقی شیرین بێ
ئالانی (ڕێبوار ئالانی)
بەریتانیا
١٥/٧/٢٠٢٦