وابڕیارە ڕۆژی ۱۱ی۱۱ی۲۰۲٥ خەڵکی عێراق بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولێکی تری ئەنجومەنی نوێنەران. ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لە عێراق کە پاش ئەوە دێت لە دوو وڵاتی دراوسێی عێراق واتە سوریا و ئێران ڕووداوی زۆر گەورە ڕوویاندا کە هیچ کاتێک بەبێ کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر عێراقییەکان و خودی دەوڵەتی عێراق تێنەپەڕی.
ئێران کە هەڵسوڕێنەرە ڕاستەوخۆکەی دەوڵەتی عێراقە، لەلایەن ئیسرائیلەوە گورزێکی کەمەرشکێنی لێدرا بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ بە نوێترین و هەڵتەکێنترین چەکی سەردەم. هەر موشەک و بۆمبێک کە بەر سوپا و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەوت، لە بەغداش پایە لەرزۆکەکانی دەوڵەتی عێراقی دەلەراندەوە!
پێش سرەواندنە ئێران، لە سوریا گۆڕانکارییەکی زۆر خێرا و گەورە ڕوویدا ئەویش بە کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد کۆتاییهات و سیستمێکی نوێ هێنرایە جێگاکەی. سوریای بەشار ئەسەد بۆ دەوڵەتی عێراق وەک دۆستێک و هاوپەیمانێک بوو. کاتێک ئەم دۆست و هاوپەیمانەی عێراق بەهێزی چەک دەرپەڕێنرا، ئیتر دراوسێیەکی جێ متمانەی بەغدا گۆڕا بە دراوسێیەکی جیاواز و ئومێدی بەغدای کزولاوازکرد.
شیعەکانی عێراق کە زۆرینەی باڵادەستن لەناو دامەزراوەی دەوڵەتی عێراقدا، ساڵی ۲۰۲٥یان زۆر بە ترسولەرزەوە تێپەڕاند چونکە هەمیشە لەناو سێرەی سوپای ئیسرائیلدابوون کە تێیان بسرەوێنێت. ترسی شیعەکان لە جێی خۆیدابوو چونکە دراوسێ هەرە بەهێزەکەی کە ئێران بوو، زۆر کۆڵەواربوو لە ئاست هێرشە وێرانکەرەکانی ئیسرائیلدا.
ئێستا کە عێراقییەکان لە پرۆسەی بانگەشەیەکی گەرموگوڕدان بۆ هەڵبژاردنی ۱۱ی۱۱ هەموو پێکهاتەکانی "ترس"یان کردووەتە پێوەرێکی گرنگ تا دەنگدەرانی عێراق ببەنەسەر سندووقی دەنگدان.
شیعەکان دەیانەوێ بڵێن عێراق لەبەردەم مەترسی بچووکبوونەوە و لاوازکردندایە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە. بۆیە دەڵێن: ئەگەر ئەتانەوێ لاواز و بچووک نەبین بچنە سەر سندووقەکان و نوێنەری خۆتان هەڵبژێرن!
سووننەکان کە لە ۲۰۰۳ـەوە هەم لاواز و بێدەسەڵاتکراون، هەم هێزە سیاسییەکانیشی پەرتوبڵاون، دەیانەوێ بەوە دەنگدەرانیان برسێنن ئەگەر نەچن بەدەم گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەوە، ئەوا بۆ هەمیشە بێدەسەڵات دەبین و لەناو گۆڕانکارییەکاندا هێندەی تر ون دەبین.
خۆ کورد کە پێکهاتەیەکی بەهێز و خاوەن پێگەوحکومەتن، هێزە سیاسییەکانی هەمیشە دەنگدەرەکانیان بەوە دەترسێنن کە ئەگەر دەنگ نەدەن، ئەوا بەغدا زاڵ دەبێتەوە بەسەرماندا و هەموو ئەو جینۆساید و کوشتوبڕانەی لە ڕژێمەکانی پێشوودا کراون، دیسان دوبارە دەبنەوەو بەغدا قوتمان دەدا!
عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە ناجۆر و ناسازەکەیەوە ناچن بۆ دەنگدان تا نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، بەڵکو هان دەدرێن دەنگ بدەن تا لەلایەن ئەوانیترەوە نەخورێن و قووت نەدرێن!
کەمال بەرزنجی 3-11-2025 لوکسەمبۆگ