
به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك مامۆستای به‌ڕێزمان پرۆفیسۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز بهرۆژنامهكهمانی راگه‌یاند، کەسیك کە نێوی بەدرخان مەحموودە لە فه‌یسبووکدا هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە مامۆستا جەمال نەبەز لە رۆژنامه‌ی (میدیا)وە نووسیوێتی کە کاتێک "ئوستاز" بووە لە زانكۆی به‌غدا گەلێک ئامۆژگاریی سەددام حوسەینی کردووە و سەددامیش بەخۆشییەوە گوێی لێگرتووە و وێنهگرەکەی بانگکردووە کە لەگەڵیدا وێنە بگرێ و پێیگوتووە چیت دەوێ بۆت بکەم. . . هتد، له‌هه‌مان رۆژدا له‌سه‌ر نووسینه‌كه‌دا یەکێک كۆمێنتی نووسیوه كهپرۆفیسۆر دكتۆر جەمال نەبەز له‌و رێكه‌وته‌ی ئه‌و باسی ده‌كات له زانستگه‌ی به‌غدا مامۆستا نەبووە، لەساڵی ١٩٦٢ەوە مامۆستا هەر لە ئەوروپایە و نەهاتووەتەوە وڵات.
ئێمه له‌رۆژنامه‌ی میدیا رایده‌گه‌یه‌نین ئەو قسەیە بوختانه بهپرۆفسیۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز و رۆژنامه‌كه‌مان كراوه‌و لە "میدیا" دا نووسینی له‌م جۆره بڵاونەکراوەتەوە، به‌داخه‌وه ئێستا فه‌یسبووك له‌جیاتی سوود وه‌رگرتن بووه‌ته جێی بوختان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری نادروست. مامۆستای به‌ڕێزیش به‌درێژایی مێژووی ته‌مه‌نی خزمه‌تی بیری نه‌ته‌وه‌ییمانی كردووه، له‌م جۆره ره‌فتارانه دووره و، زۆر لەوە گەورەترە کەوا تۆمەتى بۆ هەڵبەسترێت، جێگه‌ی داخه كه‌سانێك هه‌وڵبده‌ن ناوی بیرمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كو مامۆستا له‌كه‌دار بكه‌ن، پرۆفیسۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز جێگه‌ی شانازییه كه بۆ رۆژنامهكهمانی نووسیوه‌و ئێستاش ئەو نووسین و لێکۆڵینهوانەی کە له‌میدیادا بڵاویكردۆته‌وه وه‌كو زانیاری و سهرچاوەى دروست به‌كاردێت و سوودى لێوەردەگیرێت، بەپێویستمان زانى لەپێناو راستیدا ئەم روونکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە.
لەگەڵ رێزی بێپایانمان بۆ مامۆستا جەمال نەبەز و هه‌موو ئه‌وانه‌ی میدیا بهمینهری نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانن و نووسینه‌كانیان تێیدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌ی میدیا
14ی گهڵارێزانى 2715ی كوردی
5 / 11 / 2015ی زایینی
هه‌ولێر - باشووری كوردستان
