خوێنه‌ری به‌ڕێزی ئه‌م بابه‌ته خه‌یاڵت زۆر دوور نه‌ڕوات و نه‌که‌ی به‌دوای زاراوه‌ی (ئایپادۆک)دا بگه‌ڕێیت چونکه هیچت ده‌ست ناکه‌وێت، ئه‌م زاراوه‌یه زاده‌ی خه‌یاڵی خۆمه، وشه‌یه‌کی لێکدراوه له (ئایپاد) پاشگرێکم خستۆته پاڵی بۆته زاراوه‌ی (ئایپادۆک) ئه‌چێته پاڵ ئه‌و زاراوانه‌ی که قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نی مناڵی پێئهناسرێتهوه، پێش هاتنی ته‌کنه‌لۆژیا به‌و شێوه فراوانه بۆ ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه جۆره‌کانی مناڵ به‌م شێوه‌یه جیاده‌کرانه‌وه (ترسنۆک، شه‌رمنۆک، گرینۆک، خه‌مۆک، . . . هتد) خه‌رمان به‌ره‌که‌ت ئایپادۆکیش هاته ڕیزه‌وه شوناسێکی گشتگیر و ههرێمگیری دا به‌مناڵه‌کان و هه‌موویانی له‌ژێر سایه و ساباتی ئه‌و شوناسانه نوێیه‌دا کۆکرده‌وه به مناڵانی خانه‌واده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌وه، خه‌نه‌دان و گه‌داوه، ڕۆشنبیر و نه‌خوێنده‌واره‌وه، لادێ و شاره‌وه، هه‌موویانی کرده مناڵانی ئایپادۆک به ناز و ئه‌فسوونی خۆی په‌روه‌رده‌یان ئه‌کات.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایپاد به‌م شێوه به‌رفراونه وه‌ک ئاو و کاره‌با چۆته هه‌موو ماڵێکه‌وه کارێکی ناوازه و نابه‌جێیه به‌ته‌واوی دنیای بێگه‌رد و سروشتی ئه‌و مناڵانه‌ی داگیر کردوه هه‌موو ئه‌و یاریانه‌ی جارانی له بیر مناڵه‌کان بردۆته‌وه که زاده‌ی هزر و خه‌یاڵ و دروست کراوی مناڵه‌کان بوو زه‌مه‌نی یاری (ماڵه باجێنه، چێشتهقوڵی، چاڵچاڵێنه، هه‌لوکێن، دووگۆڵی. . . هتد) به‌سه‌رچوو و نه‌ما که هه‌ریه‌ک له‌و یاریانه له‌ماڵه‌کان یان له‌ده‌ره‌وه ئه‌کرا ئه‌مه‌ش جوڵه‌یه‌کی جه‌سته‌یی ئه‌دا به‌مناڵ و که‌مێک وه‌رزشی له‌گه‌ڵدا بوو، له‌ماڵه نه‌داره‌کاندا کچان به په‌ڕۆی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بوکی جۆراوجۆریان دروست ئه‌کرد، کوڕان سه‌یاره‌ی ته‌ل و تۆپی په‌ڕۆ و خانوی قوڕ خه‌یاڵیان ئه‌جووڵا بۆ زۆر شت له هیچی نه‌بوو شتێکیان دروست ئه‌کرد، له سه‌رجه‌م ئه‌م یاریانه‌دا هه‌م خه‌یاڵ و بیری مناڵی ئه‌جووڵان هه‌م جه‌سته‌شی.
له‌قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له پۆلی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ وێنه‌کانی کتێبه ناوازه‌که‌ی (باڵدار) مامۆستا داوای چیرۆکی لێ ئه‌کردین (بۆ دۆی داده دوو ڕۆژه ئه‌ڕژێ، یان سبه‌ینێ بارانه ئه‌بێ مام زۆراب به خۆی و مێوژهکهیهوه بێته کۆڵان) بۆ شه‌و چیرۆکی ساده‌ی خه‌یاڵی مناڵیمان دروست ئه‌کرد له پۆلدا ئهمناگێرایهوه بۆ مامۆستا تۆ بڵێی ئێستا له سه‌رده‌می ئایپادۆکدا مناڵان شه‌وانه چه‌نده خه‌یاڵیان بجوڵێنن بۆ دروستکردی چیرۆکێکی نایابتر له مێوژه‌که‌ی مام زۆراب بۆ سبه‌ی ڕۆژ بۆ مامۆستاکهیانی بگێڕنه‌وه.
ئه‌فسوونی ئه‌م ئایپاده زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ماڵێکی بێده‌نگ کردووه مناڵه‌کانی بێدهگتر کردوه ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌شێ بڵێم هه‌موو به‌هره و توانای مناڵانی لاواز کردووه خه‌یاڵیانی به ته‌واوی کوشتووه ئه‌و دنیایه‌ی ئایپاد ئه‌یبه‌خشێ به مناڵان جیهانێکی به پرۆگرامکراوی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانه له زۆر کات و شوێندا نامۆیه به ژینگه و ئه‌و دنیایه‌ی که مناڵان تیدا ئه‌ژین له کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیاندا دایک و باوک به‌هه‌ر هۆیه‌ک یان به‌ناچاری ئه‌م ئامێره بۆ مناڵاکانیان ئه‌کڕن ڕه‌چاوی ته‌مه‌نی مناڵه‌کانیان ناکه‌ن هه‌ندێ خێزان چه‌ند مناڵی هه‌بێت ئه‌وه‌نده ئایپاد ئه‌کڕێ هه‌ر مناڵه‌و له سوچێکی ژووره‌که‌دا بێده‌نگ و سه‌رکز سه‌ری خستۆته سه‌ر ئه‌و ئامێره‌و یاریه‌که‌ی خۆی ئه‌کات بۆ چه‌ند کاتژمێرێک ئیدی زیانه‌کانی چاو و بڕبڕه‌ی مل و کپ و ماتی مناڵه‌که‌ش له‌ولاوه بوه‌ستێ، ئێمه که زۆربه‌مان ئاوا که‌سانی شه‌رمنۆک و ترسنۆکمان لێ ده‌رچووه له ترسی گهوورهکان هه‌میشه سه‌رمان شۆڕ و داخست بوو شیاو نه‌بوو به نه‌ریتی ئه‌و ڕۆژگاره سه‌ربه‌رز بکه‌ینه‌وه له‌وانه‌یه که‌مێک ڕێز گرتنی تیادا بووبێت به‌ڵام مناڵانی ئه‌مڕۆی ئایپادۆک به‌داخه‌وه ته‌کنه‌لۆژیای سه‌رده‌م بێده‌نگ و سه‌رشۆڕی کردوون و بوونه‌ته به‌ند و ده‌سته‌مۆی ده‌ستی ئه‌و ئامێره.
له‌گه‌ڵ باشبوونی گوزه‌رانی خێزانه‌کان که مایه‌ی خۆشحاڵیه خانووه‌کان گه‌ووره و فراوان بوون ژووره‌کان له ناو ئه‌و خانووهنهدا زۆر بوون به‌داخه‌وه په‌یوه‌ندیه‌کانی ناو خێزانیش به‌ره‌و کاڵابوونهوه ئه‌چێ هه‌ر مناڵه‌وه به ئایپادێکه‌وه ئه‌چێته ژوورێک ئه‌یه‌وێت له شوێنێکی بێده‌نگ یاریه‌کانی خۆی بکات دوور له ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی ئه‌مه‌ش زیاتر گۆشه‌گیری و دوور که‌وتنه‌وه له‌یه‌کتر دروست ئه‌کات هه‌تا ئێستا بووه به نوکته ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر ویست مناڵه‌کان بانگ بکه‌یت بۆ نان خواردن (Wi-Fi)ی بکوژێنه‌وه هه‌موویان خێرا ئه‌گه‌نه لات.
گه‌ووره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌گه‌ر خۆیان به ته‌کنه‌لۆژیا و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه خه‌ریک بکه‌ن یان کاتی زیادیان پێ داوه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه به مناڵی له هه‌موو شتێک بێ به‌ش بوون و نه‌بوو و نه‌دار بوون به‌ڵام بۆ مناڵانی ئێستا (گۆران) واته‌نی(لهفهجری زیندگانیدان) باشتره له‌گه‌ڵ قۆناغه‌کانی ته‌مه‌ندا ئامێره ته‌کنه‌لۆژیایه‌کانی سه‌رده‌میان پێ بناسرێت و بخرێته به‌رده‌ستیان.
خوێنه‌ری به‌ڕێزی ئه‌م بابه‌ته دایکان و باوکانی هێژا بیهێنه به‌رچاوی خۆتان کچێکی مناڵ چه‌ند جوانه که بووکه‌ی له ئامێزیهتی گۆرانی بۆ ئه‌ڵێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌کات یان مناڵێکی کوڕ چه‌ند جوانه تۆپه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه یاری پی ئه‌کات گۆرانی (ئه‌ی تۆپه‌که. . . فتبۆڵه‌که)ی بۆ ئه‌ڵێ به‌ڵام هه‌ر ئه‌و دوو مناڵه بهێنه یه‌کی ئایپادێکی ڕقی بێ گیانیان بدرێ و سه‌یریان بکه خۆت سه‌رپشک به کامیان جوانه و گوزارشت له دنیایی مناڵی ئه‌کات.
