Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە
  • WhatsApp -Viber - 00964770768123
  • Contact - kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz

هه‌ڵبژارده‌

سیاسه‌ت مه‌دارانی كورد، با وه‌ك میسرمان لی نه‌قه‌ومێت! .. مێژوونوس: د.محمد به‌رزنجی/ ئه‌ندامی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان.

هه‌ڵبژارده‌ 01 July 2013

هه‌موو میلله‌تان چه‌ند سیفه‌تێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ چونكه‌ هه‌موو وه‌ك یه‌ك مروَڤن، له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت خۆمان له‌ میلله‌تانی تر به‌ گه‌وره‌ تر بزانین و ده‌بێت به‌ دووری نه‌زانین خوانه‌خواسته‌ ئه‌و نه‌خۆشی و قه‌یرانه‌ی كه‌ تووشیان بووه‌ تووشی ئێمه‌ش ببێت.

 هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵا نه‌بوو میلله‌تی میسر پاش شۆڕش كه‌ هه‌زاران دانا و بیرمه‌ند و زانای هه‌یه‌، به‌م شێوه‌ تراجیدیایه‌ی ئه‌مڕۆ دوو كه‌رت ببێت و به‌ ملیۆنه‌ها به‌رانبه‌ر یه‌ك ڕابووه‌ستن و ده‌ستیان بچێته‌ خوێنی یه‌ك تر، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وان ئاده‌میزادین و كه‌م و كوڕیمان زۆر تێدایه‌.

 وه‌ك ئاشكرایه‌ كوردوستان بێجگه‌ له‌ قه‌یرانی ناوخۆ كه‌ زۆر باسیان لێكراوه‌ قه‌یرانی ده‌ره‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ گوند و شارۆچكه‌كانی سنووری هه‌رێم یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ ده‌ست ده‌رده‌چن و دانیشتوانی له‌ ده‌ست كوشتن به‌ فیشه‌ك یان له‌ ده‌ست كه‌م ده‌رامه‌تی و بێ پاڵپشتی هه‌ڵدێن، بۆیه‌ كۆچده‌كه‌ن و شوێنی باو باپیرانیان جێده‌هێڵن، هه‌روه‌ها ڕۆژانه‌ له‌ باشووره‌وه‌ ده‌یان خێزانی ناسریه‌ و كه‌ربه‌لا له‌ كه‌ركوك له‌سه‌ر حسابی كورد و توركمان و عه‌ره‌بی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ جێنشین ده‌كرێن، كه‌چی ئێمه‌ش تازه‌ شه‌ڕه‌په‌ڕۆ و شه‌ڕی تر ده‌كه‌ین كه‌ زۆر باسیان لێكراوه‌ بۆیه‌ نامه‌وإ له‌ سه‌ریان بڕۆم به‌ڵام ڕووده‌كه‌مه‌ سیاسه‌ت مه‌داران و ده‌ڵێم: سه‌ری هه‌مووتان ماچ ده‌كه‌ین، كوڕینه‌ هیممه‌تێك، تا نه‌كه‌وتوینه‌ته‌ گێژاوه‌كه‌ی میسر.

سه‌ركرده‌ی سه‌ركه‌وتوو (ده‌سه‌ڵاتدار بێت یان له‌ حزبی نه‌یار) له‌ گفتوگۆكردن ناترسێت، و ڕاستیه‌كان له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی نا شارێته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێش ده‌خات و له‌ میلله‌تی خۆی دوور ناكه‌وێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ژار و ڕه‌ش و ڕووته‌كان.به‌ڕاستی جێی نیگه‌رانیه‌ بۆ هه‌موو لایه‌كمان كه‌ ڕیش سپیه‌كی نزیك هه‌شتا ساڵه‌ی كوردی پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌كان به‌ په‌یامنێرێك بڵێت به‌ خوا ڕۆڵه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی و له‌ بن دیوارێكم و خه‌ڵكی خێرم پإ ده‌كه‌ن!!! لێپرسراوه‌ حزبیه‌كان (ده‌سه‌ڵاتدار یان نه‌یار) چ وه‌ڵامێكتان پێ ده‌بێت ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار پرسی ئایا ئه‌مه‌ پاداشتی كابرایه‌ كه‌ ساڵه‌های ساڵ خۆتان و پێشمه‌رگه‌كانتان له‌ ماڵی ئه‌و ڕیش سپیه‌ و نموونه‌ی وه‌ك ئه‌و خواردنتان ده‌خوارد و شه‌وتان له‌ ماڵیان ده‌كرده‌وه‌، و كاتی ئه‌نفاله‌كانیش به‌ ته‌نیا له‌ به‌رده‌م شاڵاوی سه‌ربڕین و ته‌عه‌دالێكردن جێتان هێشتن، ئێستاش ئێوه‌ له‌ كوێن و ئه‌وان له‌ كوێ؟! به‌داخه‌وه‌ زۆر جار له‌ بیرمان ده‌چێت كه‌ په‌روه‌ردگار خزمایه‌تی له‌گه‌لڕ كه‌س نییه‌ وه‌ هه‌ر كه‌سێك خراپه‌ بكات به‌ ئه‌نجامی خراپه‌كه‌ی خۆی ده‌گات (لیس بڕمانییكم ولا ڕمانی ڕهل الكتاب من یعمل سو و ا یجز به) و هه‌ر میلله‌تێكیش سته‌م كاری و نا عه‌داله‌تی تێدا بڵاوبێت وێران ده‌بێت و له‌ناو ده‌چێت (وتلك القری ڕهلكناهم لما ڤلموا) .


 


 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

مێژووی شا و ئێران لە نێوان دوو کتێبدا ... ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هه‌ڵبژارده‌ 25 June 2013

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کەلە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، سەنگ و گرینگی خۆی هەیە. بۆ ئێمەی کوردیش، زۆر گرینگە لە نزیکەوە ئاگاداریی مێژووی ئەم وڵاتە دێرینە بین. سەردەمی فەرمانڕەوایەتی شا لە ئێراندا، بەیەکێک لە قۆناغە گرینگ و پڕ بایەخەکانی ئەم وڵاتە دێتە ژماردن. " حەمە ڕەزا شا" پاش ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان ئێرانیان داگیرکرد، لە جیاتی باوکی خرایە سەر تەختی فەرمانڕەوایەتی. هەتاوەکو ساڵی 1978شا و حاکمی موتڵەقی ئێران بوو. لەم ماوەیەدا دوو کتێبی گرینگ لەبارەی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی شا بە کوردی چاپکراون، تێیدا زانیاری زۆر لە ڕووی ( مێژوو، سیاسەت، ئابووری) وڵاتی ئێرانیان تێدا نووسراوە. یەکێکیان کتێبێکە لەلایەن " شا بانو، واتە ژنەکەی شا" ەوە، نووسراوە، بەناوی ( نهێنییەکانی شا و فەرەح ) ئەم کتێبە لە نووسینی " فەرەح پەهلەوی، شابانوو"، لەلایەن " مەجید مارابی " کراوەتە کوردی. کتێبەکەی تریش بەناوی ( مەتەڵۆکەی هۆیدا) لە نووسینی " عەباسی میلانی" لەلایەن " عەبدوڵای حەسەن زادە" کراوەتە کوردی . لەلایەن خانەی وەرگێرانی سلێمانی، چاپکراوە. دیارە " ئەمیر عەباسی هوەیدا" ماوەی سیانزە ساڵی ڕێک، سەرۆک وەزیرانی ئێران بوو. ئەم پیاوە یەکێکە لە پیاوە سیاسیی و ناودارەکانی ئێران، کە جێگا پەنچەیان بە سەر ئەو قۆناغە گرینگەدا دیارە. جێگای ئاماژەیە ئەم دوو کتێبە هەردووکیان تەواوکەری یەکترین. چۆن ؟. لەرێگای کتێبەکەی " شا و فەرەح' کە نووسەری کتێبەکە کەسێکی نزیکی شای ئێرانە، " ژنەکەی"، لەبەرئەوە زۆر شتی وورد ژیانی شا هەیە، خوێنەر ئاگاداری دەبێت. لەم کتێبەدا ئێمە زیاتر "شا" ی ئێران وەکو مرۆڤێکی ئاسایی دەناسین. واتە دوورە لەو ناوە گەورە و دیوارە گەورەییەی دەسەڵات، کە بە شێوەیەکی تەواوەتی "شا" لەلایەک بووە، گەلیش لە لاکەی تر. کەس نەیوێراوە تەنانەت هەر سەیری " کۆشكە مەزن و جوانەکانیشی " بکات. یەکێک لەو سیما باشانەی ئەم کتێبە ئەوەیە، کە " شابانوو" زۆر بە ئازایانە و بێ پێچ و پەنا، باس لە ووردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی خۆیی و شا دەکات. من ئەمە یەکەمجارمبوو، نووسەرێک بەتایبەتی " ژن" ی رۆژهەڵاتی ئاوا ببینم، هیچ ترسی لە قسەی خەڵكی و کاردانەوەی لەناو کۆمەڵ و عادات و تەقالید نەگرێت. ئەم ئازایەتییەی " شا بانوو" جێگای دەستخۆشییە. بۆ نموونە " شا بانوو" ئیعتراف دەکات، کە پێش ئەوەی " شا " بناسێت، کورێکی برادەری فەرەنسی هەبووە. زۆر تێکەڵیش بوون و شەوانمیش لای ماوەتەوە. یان زۆر بە ئازایانە دان بەوەدا دەنێت، پێش ئەوەی شوو بە " شا" بکات، لەناو ڕێکخراوی " گەنجان و خوێندکارانی" حیزبی " تودە" دا کاریکردووە. هەروەها زۆر عاشقی وڵاتی رووسیا و فەرەنسا بووە. یان بەوپەڕی بوێرییەوە باس لەوە دەکات " دایکی" لەبەر بژێویی ژیانی "سیخە، شووکردنی وەختی" لەگەڵ پیاوێکی بازرگانی ئازەری کردووە. ئەو پیاوەش کاتێک ئەم منداڵ بووە " دەستی بۆ بردووە" . بەڵام لەهەموو گرینگ تر، ئەو نهێنیانەیە کە باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی بنەماڵەی " شا " دەکات. بۆ نموونە دایکی "شا"، لەبەر جێژی سێکسی خۆی، لەگەڵ " کرێکارێکی ئاسایی" ڕایبواردووە. " شا" ش ئاگاداربووە، بەڵام هیچ قسەی نەکردووە، بەڵكە زۆر ئاسایی بووە لای. یان باس لە خوشکەکەی " شا" دەکات، لەبەر " جێژی سێکسی" سێ جار لە فەرەنسا ( پەردەی کچێنی) دروستکردووە، چونکە بە قەولی خۆی، ئەمە زیاتر جێژی پێدەبەخشێت. یان چۆن خوشکەکەی "شا"، کچ و ژنی بۆ براکەی هێناوە. یان زۆر بە ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات، چۆن مەلیک حسێن و سەرۆکی دیکتاتۆری فلیپین " مارکوس"، ئامۆژگاری شایان کردووە، ( بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وەزیر و جەنەڕاڵە گەورەکان بکات، دەبێت لەگەڵ ژن و کچەکانیان بخەوێت) . شاش ئەم ئامۆژگاریەی ئەوانی جێبەجێکردووە. یان باس لەوە دەکات کە مەلیک حسێن کە دۆستێکی نزیکی شا بووە، بە شای گووتوە: ( قورئان هیچ وەحی خودا نییە، بەڵکە دروستکراوی مێشکی موحەمەد خۆیەتی) . یان دەڵێت: ( من وەکو مارکس پێم وابوو، کە ئایین تلیاکی گەلانە" . یان دەڵێت : ( شا، مەلاکانی بە کەسانی کۆنەپەرستی ڕەش و سیخوری بەریتانیا" داناوە. هەروەها زۆر ڕقی لە عەرەب و کلتووری ئیسلامی بووە، شا گوتویەتی " عەرەبەکان وڵاتی ئێمەیان داگیرکرد و تاڵانیان کردین، بۆ دەبێت ئێمە ئاینی ئەو وەحشیانە بکەیەن ئاینی خۆمان ". دیارە ئەم ژنە باس لە زۆر شتی تر دەکات کە لێرەدا زۆر جێگەی نییە باسی هەمووی بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە خوێنەر هەست بە خۆشی دەکات، کاتێک چیرۆک و حکایەتەکانی کۆشکی شا دەگرێتەوە. یان باسی سەفەرەکانی خۆی دەکات، بۆ نموونە باس لەوە دەکات لە یەکێک لەسەفەرەکانی بۆ وڵاتی هیندستان، باسی ئاینێکی هیندیان بۆ کردووە، کە زیاتر وەکو " سێکت،  گرووپی بچووک " وابوون، ئاینەکەیان " ئەندامی نێرینەی پیاو" دەپەرستن. هەروەها باس لە ژیان و بۆچوونی شا و سەرۆکەکانی جیهانیش دەکات، ئەوانەی کە ئەو بینوونی . یەکێک لەو شتە خۆشانەی کە من زۆر بەدڵم بوو، باسی ئەو جەژنی 2500 ساڵەی شا دەکات، کە جەژنێکی زۆر گەورە بووە، تێیدا چەندین مەلیک و سەرۆکی وڵاتان بەشداربوون تێیدا. زۆربەی مەلیک و سەرۆکەکانی ئەو وڵاتانە، لەکاتی بەجێهێشتنی ئەو خەیمانەی بۆیان داناون، دەستیانکردووە بە دزینی ئەو قاپ و قاچاخە ئاڵتوونیانەی کە لە خەیمەکانیاندا بووە. دیارە کتێبی دووەم بەشێوەیەکی تر نووسراوە، زیاتر دەچێتە قاڵبی کتێبێکی مێژوویی، کە بە زمانێکی ئەکادیمیانە نووسراوە. ئێمە لە ڕێگای " مەتۆڵەکەی هویدا" وە، " شا" وەکو فەرمانڕەوایەکی دیکتاتۆر و ملهوو دەبینین. زیاتر لە " دەسەڵات" ی شا نزیک دەبیننەوە. ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی کە هەژموونی خۆی نەک بەسەر ئێران بەڵكە بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناڤیندا سەپاندبوو. لەلایەکی ترەوە ئاگاداری سیاسەت و بریارە سیاسیەکانی ئەو قۆناغە دەبین . بۆ نموونە لەم کتێبەدا نووسەر باسی ئەوە دەکات، مەسەلەی " شۆرشی سپی" کەلە شەستەکاندا شا کردی، لەلایەن کۆمەڵێک دەزگای ئەکادیمی ئەمریکییەوە دانراوە. یان باس لەکۆمەڵێک دۆکۆمێنت و بەڵگەی گرینگ دەکات، بەتایبەتی ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا " سیا" . لەیەکێک لەم بەڵگانەدا هاتووە، باس لە ڕاپۆرتێکی " سیا" دەکات، کە لە ساڵی 1977 دا نووسراوە، تێیدا هاتووە : ( دەوری چل بنەماڵە لەڕادەی سەرتاسەری و 150 تا 200 بنەماڵە لە پلەی ناوەنجیدا، هەموو جومگەکانی ژیانی ئێرانیان لە دەستە . ) . دیارە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی گرینگی " سیا" ی تێدایە، کە زۆر بە ووردی باسی ئێران دەکات. بەپێی بۆچوونی نووسەر بێت، شۆرش بۆیە لە ئێراندا سەریهەڵدا و ڕژێمی شا ڕووخا چونکە : شا ڕیفۆرمی ئابووری پێش ڕیفۆرمی سیاسی خستووە. ئەو هیچ وەختێک نەیویستووە واز لە دەسەڵاتە زۆرەکەی خۆی بهێنێت، هەروەها ئامادەش نەبووە کە ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینانە لە ئێراندا دروست بێت. لە لەلایەکی تریشەوە هەڵەیەکی گەورەی چەپ و لیبڕاڵەکان باس دەکات لەگەڵ ئیسلامییەکاندا. لەو کاتەدا بەهیچ شێوەیەک چەپ و لیبڕاڵییەکان ئامادەنەبوون لەگەڵ " شا" ڕێکبکەون، بەڵکە چوون لەگەڵ خومەینی ڕێککەوتن کە باوەڕی بە ئازادی و مافی ژنان و ئازادییە تاکەکسییەکان و دیموکراسی نەبوو، بەڵکە خومەینی دەیویست کۆمارێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت. لێرەدا هەڵەی لایەنە سیاسییەکانی ئێران بەتایبەتی " چەپەکان" زۆر بە جوانی دەردەخات، چۆن خومەینی توانی ئەمانە هەموویان بکاتە پردێک بۆ مەرامەکانی خۆی . لەلایەکی تریشەوە باس لە تیرۆری ئیسلامی لە ئێران دەکات، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە . بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی 1949 تاوەکو 1953 گرووپی تیرۆریستی' فیدائی ئیسلام" لەم ماوەیدا ( دوو سەرۆک وەزیر و وەزیرێکی فەرهەنگیان کوشت وهێرشیانکردە سەر شا و وەزیری کاروباری دەرەوە). جێگای گووتنە پاش شۆرش ئاشکرا بوو، کە ڕابەری ئەم گرووپە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئێڕان " رەفسنجانی" ەوە بووە. لەلایەکی ترەوە باس لە ڕۆڵی ئوروپاییەکان بەتایبەتی ئینگلیزەکان لە یارمەتیدانی خومەینی دەکات . بۆ نموونە لە ساڵی 1964 هێشتا " خومەینی" لە ئێرانو جیهاندا نەناسراوبوو، کەچی ڕادیۆی " بی بی سی" بەریتانی، خومەینی بە " ڕابەری هەموو شیعەکانی جیهان !" وەسف دەکات. خاڵێکی گرینگی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، باس لە خیلافاتی ئینگلیزی و ئەمریکی لەسەر ئێران دەکات، بۆ نموونە هیچ وەختێک ئینگلیزەکان ئامادەنەبوون، ئەو ڕۆڵە گەورەیە بددەنە ئێران لەناوچەکەدا. بەڵام ئەمریکیەکان خۆیان ڕۆڵی ئێرانیان لەناوچەکەدا زیاد کردوو، کردیانە" ژەندارم"ی ناوچەکە. دیارە ئەم کتێبە لە ڕووی سیاسیی و ئاماریی ومێژووییەوە، زانیاری زۆر گرینگی لەمەڕ ئێران تێدایە، کەلێرەدا جێگا نییە باسی لێوەبکەین. لێ بەگشتی کردنی ئەم کتێبانە بە کوردی، سوودێکی گەورە بە خوێنەری کوردی دەگەیەنێت .

 

سەرچاوە:

عەباسی میلانی . مەتەڵۆکەی هووەیدا. وەرگێرانی لە فارسیەوە : عەبدوڵا حەسەن زادە. چاپی یەکەم . خانەی وەرگێڕان. سلێمانی . 2012 .

فەرەح پەهلەوەی . نهێنییەکانی شا و فەرەح . وەرگێرانی لە فارسیەوە : مەجید مارابی . چاپی دووەم . لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما. سلێمانی . 2012.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

هه‌تا شۆراو كوردستانه‌!!!. به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

هه‌ڵبژارده‌ 21 June 2013

بیرمه‌، (7) ساڵ پێش ئێستا له‌ماڵی خۆیان مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی (ی، ن، ك)، خۆیان له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا پێی ووتم: حه‌ویجه‌ یانی حاویه‌ی جاف، كاتی خۆی حاویه‌و موڵكی جافه‌كان بووه‌و، كوێستان و گه‌رمیانیان كردووه‌، هه‌تاوه‌كو ووتیشی: ئێستا قه‌بری مه‌حمود پاشای جاف له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌ی شاره‌باندایه‌!!. ساڵ هاتو ڕۆیشت، ڤیستڤاڵی جاف بوو، پێموتن: هه‌قوایه‌ ئه‌مجاره‌ بێته‌وه‌ ڤیستڤاڵه‌كه‌ ببه‌نه‌ حه‌ویجه‌. هیوادارم ئێستاش ئه‌م بۆچونه‌م به‌هه‌ند لێوه‌ربگرن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌پرۆسه‌ی ئازادیی عێراقه‌وه‌، به‌هاتووچۆی كات، به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ماڵه‌ كوردێكیش له‌سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌دا نه‌ماوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ژن به‌ژنی كوردو عه‌ره‌به‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بێت. ئێمه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌چوینه‌ حه‌ویجه‌و حه‌مرین، به‌ڵكو به‌ره‌ به‌ره‌ حه‌مرین و حه‌ویجه‌و دووز و ناوچه‌كوردستانیه‌كانی تریان بۆهێناینه‌ ناوكه‌ركوكه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر به‌پێی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140) كورد نه‌ڕۆشته‌وه‌ بۆكه‌ركوك عه‌ره‌بیش نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك، به‌ڵكو ڕێژه‌ی كۆچی كوردان، له‌خانه‌قین و سه‌عدییه‌و جه‌له‌ولاو هه‌موو ناوچه‌كانی تر زیادی كرد.

سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد، وه‌ك ده‌وترێت گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌بو به‌پلان و به‌رنامه‌وه‌ نه‌چووه‌ ئه‌وناوچانه‌، وه‌ پلان و به‌رنامه‌ نه‌چوونه‌ به‌غدا، به‌بڕوای من له‌م هه‌ڵه‌یه‌ گه‌وره‌تر ئه‌وه‌بوو، به‌یاریزانی لاوازیش چونه‌ ئه‌وناوچانه‌، یاریكه‌ریی ئیعلامی و ئیداریی و ئه‌منی و سیاسی باشیان نه‌برده‌ به‌غداو كه‌ركوك، ته‌نانه‌ت زۆریك له‌وانه‌ی ئێستا له‌كه‌ركوك و به‌غدا سه‌رقاڵی سیاسه‌تن، له‌پرۆسه‌ی ئازادیی و ئازادكردنی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستی یان داوه‌ته‌ سیاسه‌ت و ڕێكخستن، وه‌ پله‌وپایه‌ی باشیان وه‌رگرتووه‌. ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی سه‌دان دۆنم زه‌وی ته‌جاوز كراو دابه‌شكراو ئێستا گه‌ڕه‌كی كوردین هیچی تر نه‌بوو.

له‌مه‌بترازێت، یه‌كێتی كه‌ركوكی وه‌ك موڵكی خۆی ناساند، بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ چوون له‌ڕێگه‌ی هه‌ولێر له‌ (شۆراو) ده‌ستی یان كرد به‌دابه‌شكردنی زه‌وی و كرانه‌ خانوو بۆكادره‌كانی خۆیان، بۆماڵی به‌رپرسه‌كان، واته‌ ئاڕاسته‌ی ئاوه‌دانی ڕووی له‌هه‌ولێرو سلێمانی كرد، نه‌ك باشورو سنوری كوردستان. پارتیش وای هه‌سته‌كرد ئه‌مه‌ بۆئه‌وه‌بێت ئازووقه‌و ناقڕه‌ی پارتی بگرن له‌وڕێگه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌مانیش په‌یتا په‌یتا له‌شۆراو كه‌وتنه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ئێستا شۆراو شۆراوه‌، جاران هه‌رده‌و هه‌ڵه‌تێكی ڕه‌ق و ته‌ق، ئێستا خۆشترین و ڕازاوه‌ترین شوێنی خانوو بینای لێیه‌. به‌رپرسان و خه‌ڵكی كورد به‌گشتی هاتونه‌ته‌ قه‌راغ شار به‌ئاڕاسته‌ی كوردستان، شاره‌كه‌یان بۆخه‌ڵكی تر چۆڵكردووه‌، واز له‌وه‌ش بێنن كه‌ زۆربه‌ی كاربه‌ده‌ستان ماڵه‌كانیان له‌سلێمانی و هه‌ولێره‌. له‌وه‌ش بگه‌ڕێن كه‌ئه‌وانه‌ی فۆڕمی خۆراكیان كه‌ركوكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوكن، له‌هه‌مووی قورستر ئه‌وه‌یه‌ نازانین ستراتیژو پڕه‌نسیپی گشتی لای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی بێده‌وڵه‌ت چی یه‌ بۆكه‌ركوك، خه‌ڵك ئه‌خه‌نه‌ به‌رتۆفانی ته‌قینه‌وه‌و شیوه‌ن و گریان و خۆشیان له‌قه‌راغی شار ته‌ماشا ئه‌كه‌ن، یاخود " یان كوردستان یان نه‌مان" ده‌بێته‌وه‌ دروشمی سه‌ره‌كی. ؟.

تائێمه‌ به‌م شێوه‌یه‌ سیاسه‌ت بكه‌ین، حكومه‌تی مه‌ركه‌زیی و، وڵاتانی دراوسێش به‌ ڕه‌حه‌تی ده‌خه‌ون، چونكه‌ ئه‌وان ئیشیانه‌ ئه‌زمه‌و سه‌رئێشه‌و دووبه‌ره‌كیمان بۆدروست بكه‌ن، تا ئه‌سڵی مه‌قێه‌د مان بیرببه‌نه‌وه‌.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.


 

پێشنیاری گفتوگۆ له‌ نێوان سه‌روَكی هه‌رێم و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن ... مێژوونووس: د. موحه‌ممه‌د به‌رزنجی - ئه‌ندامی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان-

هه‌ڵبژارده‌ 23 May 2013

مانگی ڕابوردوو زوَربه‌ی سایته‌كان و كه‌ناڵه‌كان و ڕۆژنامه‌كانی هه‌رێمی كوردوستان سه‌رقاڵی بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌روَكی هه‌رێم بوون، خوێنه‌ری به‌ڕێزیش كه‌وتبووه‌ نێوان دوو جوَر دید و بۆچوون. به‌شێكیان: نووسه‌ره‌كانیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی جارێكی تر بوَ سه‌روَكایه‌تی ڕازینین. به‌شی دووه‌میشیان: به‌ لابردنی كاك مه‌سعود به‌هیچ جوَرێك ڕازینابن و به‌ڵكو به‌ قه‌ده‌غه‌ و حه‌رامیشی داده‌نێن. پرسیاری منیش ئه‌وه‌یه‌: ئایا ناكرێت به‌ڕێز سه‌روَكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ چه‌ند جارێك دابنیشن؟؟ به‌ ئاماده‌بوونی كه‌سانێك كه‌نیازی خۆكاندیدكردنیان نه‌بێت و سه‌ر به‌هیچ لایه‌كیان نه‌بن و به‌ئاشكرایی و دوور له‌ موجامه‌له‌ و دبلوَماسییه‌ت باس له‌ هه‌موو بۆچوونه‌كانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌ن و هه‌موو گرفته‌ سه‌ره‌كییه‌كان شیبكه‌نه‌وه‌؟؟ تاوه‌كو میلله‌تی كورد به‌ ئاسانی ئه‌م قۆناغه‌ ناسكه‌ تێپه‌ڕێنێت؟ با لێره‌دا مێژووی دوور و نزیك بخوێنینه‌وه‌، به‌ڵكو په‌ندی لێوه‌رگرین.

پێش هه‌زار و چوار سه‌د سالڕ پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا دروودی خوای له‌سه‌ربێت یه‌كێك له‌ باشترین هاوه‌ڵانی خوَی (ئه‌بوعوبه‌یده‌) كه‌ كه‌سێكی ئه‌مین و دادپه‌روه‌ربوو، ناردی بوَ لای مه‌سیحییه‌كانی ناوچه‌ی (نه‌جران) له‌ وڵاتی حیجاز، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ بووبوون به‌ دوو به‌شه‌وه‌ له‌ نێوان دوو سه‌ركرده‌ (عاقب و سید) به‌ گوێره‌ی ڕیوایه‌تی (ێحیح البخاری)، ئه‌و پیاوه‌ (ئه‌بوعوبه‌یده‌) ڕه‌زای خوای لێبێت توانی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌، جا ئایا ئێمه‌ی میلله‌تی موسوڵمانی كورد كه‌ له‌یه‌ك هه‌رێمین، ناتوانین حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن چه‌ند جارێك پێكه‌وه‌ دانیشین بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی؟؟

ئایا بۆچی حكومه‌تی توركیا و په‌كه‌كه‌ كه‌ چه‌نده‌ها ساڵه‌ دژ به‌یه‌ك ده‌جه‌نگێن، ئێستا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ قوَناغی ئاشتی و گفتوگۆكردن!! ئه‌مریكا و ئێرانیش تیر و شیر له‌ یه‌كتر ده‌سوون، به‌ڵام ساڵانێكه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ستراتیجییه‌كانی نێوانیان گفتوگۆ ده‌كه‌ن. ئایا ناكرێت ئێمه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ چه‌ندین جار دانیشین، تاكو بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك كه‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و ئاسووده‌یی به‌رپاكه‌ین و سته‌م له‌سه‌ر میلله‌ت لابرێت و ئازادی بیرووڕا و خواپه‌رستی به‌رپابكرێت له‌ پێناو ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگاری مه‌زن؟؟

 ئه‌م پێشنیاره‌ ده‌خه‌مه‌ پێش چاوی سه‌رۆك كاك مه‌سعود و سه‌ركرده‌ی حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن (مامۆستا موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج و مامۆستا عه‌لی باپیر و كاك نه‌وشیروان موسته‌فا) و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ڕێزه‌كانی خاوه‌ن په‌یوه‌ندی.

mbarzingy7@yahoo. com


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.


 

وێنەکانی مەرگی هەڵەبجە .. لە کتێبی (ئەزموون و یاد)ەوە ... پـشــکـــۆ نـەجـمــــەدیـن

هه‌ڵبژارده‌ 23 May 2013

ئێواره‌ی ڕۆژی 16ی ئازاری 1988، سه‌رهه‌واڵی که‌ناڵێکی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێران، جه‌سته‌ی لوول کردم و ڕۆحی زامدارمی هێنده‌ی دیکه‌ وێران کرد. . (له‌پاش ئازادکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی باکووری عێراق، له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌ قاره‌مانه‌کانی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان و پێشمه‌رگه‌ کورده‌ ئێراقییه‌کان، فڕۆکه‌کانی سه‌دامی کافر، شا‌ره‌که‌ به‌ بۆمبی ژه‌هراوی بۆمبباران ده‌که‌ن! هه‌زاران که‌س له‌ خه‌ڵکی مه‌زڵووم و بێدیفاعی ئه‌م شاره‌ شه‌هید و ئالووده‌ ده‌بن!) وێنه‌کانی مه‌رگی هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک، له‌ چاوی "تی ڤی"یه‌وه‌ بۆ چاوکانی زه‌ینی من ده‌په‌ڕنه‌وه‌ و له‌ قووڵایی بوونمدا، بۆ ئه‌به‌د ده‌مێننه‌وه‌! کۆڵانه‌کانی منداڵییم. له‌ ته‌رمی خۆشه‌ویستانم سه‌رڕێژن، ده‌شتی "عه‌نه‌ب"، بووه‌ته‌ گوڵجاڕی ڕۆحه‌ هه‌ڵفریوه‌کان، "کانیشێخ" و ده‌وروبه‌ری کارێزی "حاجی ناجی" سیخناخن له‌ لاشه‌ی سووتاوی ژن و منداڵان، ئیتر شوێنێک بۆ ده‌ورکردنه‌وه‌ی ده‌رسه‌کانی "کیمیا" نه‌ماوه‌! کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌کی "پیرموحه‌مه‌د" و "تووه‌وشک"،  پڕن له‌ تراکتۆر و پیکابی تژی له‌ مرۆڤه‌ خنکاوه‌کان. ماڵی "عه‌لی حه‌مه‌بۆر" و "ئیسماعیلی حاجی ئه‌ولقار" به‌ ڕووخاوی ده‌بینم. . رێک ئه‌و ژوورانه‌ی ماڵه‌کانی ئه‌وان ده‌بینم که‌ چه‌ندین ڕۆژان، حه‌شارگه‌ی بێترسی ئێمه‌ بوون! له‌ "کانییه‌قووڵکه"‌، منداڵان ده‌بینم که‌ مه‌مکی ژاراویی دایکیان ده‌مژن! دایکم، برام، خوشکه‌کان، خوشکه‌زا و برازاکانم! وێنه‌کانی ئه‌وان وێناناکه‌م! هه‌موو وێنه‌کان ئه‌وانن و ئه‌وانیش هه‌موو وێنه‌کانن! وێنه‌کان مێشکم جام ده‌که‌ن، بیرکردنه‌وه‌م ئیفلیج ده‌بێت و ته‌نها وێنه‌ ژه‌هراوییه‌کان ده‌بینم. هه‌موو وێنه‌ خنکاوه‌کانی منداڵیی خۆم و هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌کانم، له‌ گڕه‌ی ژه‌هردا، په‌ل ده‌کوتن و له‌ گیانه‌ڵادان. . هه‌موو شتێک که‌وتووه‌ته‌ ئاویلکه‌ و ژیان له‌نێو گۆڕی به‌کۆمه‌ڵدا خه‌وتووه‌!

وای خودایه‌! وای سه‌رکرداێتیی سیاسیی کورد! چلۆن پڕکێشیی ئه‌م کاره‌تان کرد و له‌به‌ر ڕۆشنایی کا‌م ئه‌قڵدا، سه‌رکه‌وتنی خۆتان له‌ مه‌رگی شارێکدا ده‌بینن؟! وای له‌ ڕێبه‌رانێک که‌ باکیان به‌ پیرۆزییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ نییه‌ و هیچ هێڵێکی سوور ناناسن! بڵێی مێژوو چۆن ئه‌م ڕه‌فتار و کرده‌ سیاسییه‌تان له‌ ڕووپه‌ڕی خۆیدا بنه‌خشێنێت؟

ئێستا من، دره‌ختێکی بێڕیشه‌م و چڵه‌کانم ده‌له‌رزن، گه‌ڵاکانم به‌ کۆمه‌ڵ ده‌خه‌زێن! 

من، چه‌ند ساڵان پاشتر و له‌ دۆزه‌خی مه‌نفادا، وێنه‌کانی مه‌رگی هه‌ڵبجه‌م، وه‌ها وێنا ده‌کردن:

((ئێمه‌ نیشانه‌یه‌کین ناخوێندرێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌ست به‌ هیچ ئازارێک ناکه‌ین. وا پێ ده‌چێ ئێمه‌ زمانمان له‌ خاکه‌ نامۆکاندا بزر بکه‌ین _ هۆڵده‌رلین)) 

چرکه‌ساتی له‌گۆڕنانی مێژووی برینه‌ نه‌مره‌کان. . ئه‌و زامه‌ هه‌رگیز په‌ترۆکه‌نه‌به‌ستووانه‌ی که‌ له‌ به‌هاره‌ڕۆژێکی بۆنداردا، له‌ بیابانه‌ قاقڕ و زه‌رده‌کانه‌وه‌، بارگه‌یان تێک نا و له‌سه‌ر جه‌سته‌ی زیوینمان هه‌واریان خست .

زرینگه‌ی زه‌نگی ئه‌و چرکه‌ساتانه‌، بۆ هه‌میشه‌ له‌ بولێڵی یاده‌وه‌رییماندا زایه‌ڵه‌ی دێ .

مێژوویه‌کی ئێڵنجهێنه‌ر، پریاسکه‌یه‌ک گوناه و هه‌گبه‌یه‌ک تاوان و ڕۆمانێکی نه‌نووسرای له‌ بنهه‌نگڵ ناوه‌ و ده‌سته‌ودامان له‌ دومان هه‌نکه‌هه‌نکییه‌تی و ئێمه‌یش نه‌ جورئه‌تی خوێندنه‌وه‌یمان هه‌یه‌ و نه‌ توانای ناشتنیشی! 

مێژوویه‌کی له‌سه‌رشانمان هه‌ڵترووشکاو، گران وه‌ک به‌رده‌که‌ی سیزیڤ. . ئه‌رێ ئێمه‌ مه‌حکومین به‌ مێژوو؟ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین که‌ ده‌بێ له‌ ژێلآوه‌ بۆ سه‌ر لووتکه‌ی پاڵ پێوه‌نێین؟! یاخود ئه‌وه‌ ئه‌سپی مێژووه‌ که‌ گالیسکه‌ی چاره‌نووسمان له‌م ده‌شتی کاکیبه‌کاکیی زیندانه‌دا ده‌ئاژووێ؟ 

زۆر هه‌ن ده‌بێژن:  

میلله‌ته‌ مه‌زنه‌کان مێژووی مه‌زن ده‌خولقێنن، له‌ خوێندنه‌وه‌شیدا، له‌ززه‌ت به‌ رۆحیان ده‌به‌خشن و واژامی به‌ژنی دواڕۆژیان ده‌بێته‌ چرۆی ئه‌رخه‌وانی .

ئێمه‌ له‌به‌ر قریشکه‌ی کۆرپه‌ی رۆحمان، توانای توێژینه‌وه‌ی مێژووی خۆمانمان نییه‌. تۆ بڵێی ئێمه‌ مرۆڤگه‌لێکی گچکه‌ و گوناهبار بین و له‌ مه‌رگه‌ساتی جه‌سته‌ماندا، هه‌ست به‌ کزانه‌وه‌ی تاوانه‌کانمان بکه‌ین؟! یاخود له‌ززه‌ت له‌ دیلییه‌تی ناخ و بزربوونی زمان و نامۆبوونی رۆحمان ببه‌ین؟ 

سا وه‌رن! تا پێکه‌وه‌ به‌ گه‌رووی چرکه‌ساته‌ مه‌رگچێنه‌کاندا ڕۆبچین و له‌ دالآنی ئه‌نگوستله‌چاوی جیهانی له‌ زه‌مه‌ن دابڕاودا، چراوگێکی له‌رزۆک پێ که‌ین! ئه‌و جیهانه‌ی مه‌ودای نێوان: ده‌نگ و بێده‌نگی، گوناه و پاکیزه‌یی، مه‌رگ و ژیان ده‌سڕێته‌وه‌. . ئا له‌وێدا، په‌ندێک ببینینه‌وه‌، په‌ندێک، نه‌ک بۆ ئه‌زبه‌رکردن، به‌ڵکو بۆ تێڕامان !

ئێمه‌ی کورد: گه‌لێکی جه‌سته‌دازاوی، برینه‌بالآی، هه‌ناوڕه‌شی، به‌ژن له ‌خوێن هه‌ڵژه‌نراوی نێو جه‌نگه‌ڵی ئه‌م وێرانه‌یه‌ین که‌ جیهانی پێ ده‌گوترێت. . خاکمان: مه‌کۆی جه‌نگی نێوان زاڵمانه‌ و خۆشمان: شمشێره‌ خوێناوییه‌کانی ده‌ستیان. هه‌ر بۆیه‌ بوونمان گرێچنی مه‌رگه‌ و نشتمانیشمان؛ باربه‌ستی قۆشه‌نه‌ تینووه‌ هه‌رگیز له‌خۆێن تێرنه‌بووه‌کانیان .

هه‌ڵه‌بجه‌. .

ئه‌فسانه‌یه‌کی خنکاوی بن گۆمی لیخنی جه‌نگ و سیاسه‌ته‌ و له‌ژێره‌وه‌ هاوارییه‌تی. . ده‌ست ڕا ده‌دات تا په‌لمان بگرێت و له‌ خه‌ونی جیهانی بێئابڕوویی سیاسه‌ت و مافی مرۆڤ، ڕامانچه‌نێنێ و بێدارمان کاته‌وه‌ !

میللی زه‌مه‌ن بۆ دواوه‌ ده‌چه‌رخێت و کات: به‌ربه‌یانێکی وه‌نه‌وشه‌یی، رۆژ: 16ی ئازاری 1988، شوێن: ده‌ڤه‌رێکی تازه‌ به‌ شنه‌بای به‌هار خه‌مڵیوی نێو ئامێزی (سوورێن) و (بالآنبۆ)، ڕووداو: سه‌رکه‌وتنی تراژیدیای مه‌رگ و جێگۆڕکێی داگیرکاران !

هه‌ڵه‌بجه‌، ماکه‌وێکی تازه‌ له‌قه‌فه‌زده‌رفرتیوه‌ و له‌ دنیای حه‌په‌ساندا باڵه‌ته‌پێیه‌تی! ئینسانه‌کان، ڕه‌وتی ئاسایی ژیانیان تێک چووه‌، مینا مێگه‌لێکی گورگتێبه‌ربوو، به‌ ترسه‌وه‌ به ‌یه‌کدا دێن، له‌نێوانی دێوی ژێرده‌سته‌یی و هومای ئازادیدا ئه‌بڵه‌ق ماون! چاویان له‌ ئاسۆی لێڵ و نادیاری چاره‌نووس و سیمای خوێناویی چه‌کداره‌ ڕیشنه‌کان بڕیوه‌. چه‌کداره‌ ریشنه‌کان: بزێون، زمانشیرین و خۆشگوفتارن، که‌چی له‌ ترپه‌ی پۆستاڵه‌کانیاندا، قرچه‌ی جه‌رگی ژنه‌ ڕه‌شپۆشه‌کانی مهاباد و له‌ سیمای نوورانییاندا، زووڕه‌ی کچێنیی ئه‌تککراوی کیژۆڵه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی (سنه‌ی خوێناوی) ده‌بیستین !

که‌ژاوه‌ی په‌یامبه‌ره‌ چنگسووره‌کان له‌ چوار لاوه‌، په‌یتا په‌یتا له‌ شار وه‌رده‌بن و خه‌ڵکی شاریش، نه‌ چه‌پکه‌گوڵی سه‌رکه‌وتنیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن و نه‌ به‌رده‌بارانیشیان ده‌که‌ن !

زاری بڵندگۆکان، شیله‌ی جاڕی سه‌رفرازی ده‌به‌شنه‌وه‌، که‌چی پووره‌هه‌نگی جه‌ماوه‌ر لێیان ده‌پرینگێنه‌وه‌ و ئاپووره‌یان لێ ناده‌ن !.

تۆ، سه‌دان پرس له‌ چاوانی بزۆزی شاردا ده‌خوێنییه‌وه‌ و ته‌می گومان له‌ ڕووی هه‌موواندا ده‌بینی! گومان له‌ چی؟ له‌ هیچ و له‌ هه‌موو شتێک! کێ ده‌زانێ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ژانی چ کاره‌ساتێک گرتووێتی و زریانی چ وه‌یشوومه‌یه‌ک و بارانی چ هه‌نگامه‌یه‌ک خۆیان مه‌لآس داوه‌؟ !

کێ ده‌زانێ، دره‌ختی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌، گوڵی ژاڵه‌ یان دڕکه‌زی یان گوژاڵکی پێوه‌یه‌؟! که‌س نه‌یده‌زانی له‌ فه‌رهه‌نگی جه‌نگه‌ نه‌فره‌تییه‌کاندا، وشه‌ی ((سه‌رکه‌وتن)) سڕاوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌کان هه‌ر دۆڕاون! ئێمه‌ چۆنمان زانیبا که‌ ((مرۆڤ ته‌نیا خۆی رزگارکه‌ری خۆیه‌تی و چ که‌سێکی دی له‌بری ئه‌و، ناتوانێت په‌یکه‌ری ئازادیی بۆ ڕۆ بنێت ! )) 

ئێمه‌ هه‌موومان بێئاگا بووین، تا کرۆنۆلۆژیای ڕووداوه‌کان، بۆ خۆیان هاتنه‌ زمان :

16ی ئازاری1988، سێ ڕۆژ پێش ئه‌م مێژووه‌، ئاگری شه‌ڕ هه‌لآیسا، هێزه‌ دژه‌کان له‌ گژ یه‌کدی ڕاچوون و هه‌ڵه‌بجه‌‌سه‌حرای که‌ربه‌لا! له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژاندا، خه‌یبه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ داگیر کرا. به‌رئه‌نجامی سه‌رکه‌وتنی داگیرکارێک و شکستی ئه‌وی دیکه‌، بۆ ئێمه‌ هه‌ره‌سێکی گه‌وره‌تر و مه‌رگێکی به‌کۆمه‌ڵ و خه‌مێکی به‌خه‌متر بوو . .

_ هه‌ر ئه‌مڕۆکه‌، کاتژمێری 11، 25 ده‌قیقه‌، پۆله‌دالآشی ته‌کنه‌لۆژیای هاوچه‌رخ، ئاسمانی شاریان داگیر کرد و له‌سه‌ر ته‌ختی خوای سته‌م ڕۆنیشتن. ته‌رزه‌ی بۆمبا بستبه‌بستی کۆچه‌ و کۆلآنی شاری کێلآ. . زوو بن! فریاکه‌ون! به‌ره‌و ژێرخان و په‌ناگا، هه‌مان له‌نگێزه‌ شوومه‌که‌ی چوارده‌ ساڵی له‌مه‌وپێشه‌ و مێژوو دووپات ده‌بێته‌وه‌ !

له‌ کونی حه‌شارگه‌کانه‌وه‌ چاومان لێیه‌، چۆن ئه‌هریمه‌نی شه‌ڕ. خۆی ده‌کوتێته‌ ماڵبه‌ماڵی (کانییه‌قوڵکه‌) و باکووری شار !

_ کاتژمێر دوو و چاره‌کی پاش نیوه‌ڕۆ، ئاسمانی شار، ڕه‌شه‌ وه‌کو سیمای ڕه‌شی فاشیسته‌کان، وه‌ک عه‌مامه‌ی ئاخونده‌کان، وه‌ک ئه‌قڵییه‌تی سیاسیی خۆمان! پۆلی سه‌رگه‌ڕ، گڕده‌خۆن و خوێنیان ده‌وێ، بۆ (جووله‌کان)، (پیرموحه‌مه‌د)، به‌ره‌و ماڵی (وه‌سمان پاشا) و (باخی میر) و (کانیئاشقان). هه‌ر ناڵه‌یه‌ و ڕه‌گی خانوو له‌ بن دێنێ، هه‌ر گه‌رمه‌یه‌ و ئێسک و خوێن و ناخی خاک و شکۆفه‌ی هێشتا نه‌کراوه‌ی دره‌خته‌کان هه‌ڵده‌شێلێ !

_ کاتژمێر دوو و نیوی پاش نیوه‌ڕۆ، پۆله‌دالآشی دڵئاسنین، هه‌ر له‌په‌سا ده‌قریشکێنن، هه‌وری بۆمبا بلآچه‌ی دێ و ده‌نگی نییه‌. . بۆنی سیر دێ! ئه‌م جاچکه‌ مه‌زه‌ی مه‌رگه‌ !

بێپه‌روا له‌سه‌ر مێزی باده‌ی مه‌رگێکی پڕ گه‌ڵته‌جاڕی دانیشتووین. . ژێرخان و حه‌شارگه‌کان، سیخناخن له‌ مرۆڤه‌ به ‌مه‌رگ حوکمدراه‌کان. . ئه‌و مرۆڤانه‌ی نه‌ له‌ مه‌رگ ده‌گه‌ن و نه‌ له‌ ژیان، ئه‌و مرۆڤانه‌ی نه‌ ترسنۆکن و نه‌ جوامێر و جه‌ربه‌زه‌شن، ئه‌وان له‌ نێو ته‌مێکی سپیدا، بێگوناهانه‌ سه‌ما ده‌که‌ن. . سه‌مایه‌کی ئه‌به‌دی، سه‌مایه‌کی پڕ له‌قاقا !

له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نی زه‌مه‌ندا، گه‌وه‌ی ئه‌م ته‌مه‌ نه‌گریسه‌؛ چڕتر، ته‌نگتر، شێتانه‌تر به‌ژنی زراڤ و هه‌ڵچووی شار ده‌گوشێت و به‌ ئه‌نگۆره‌ی ئه‌رخه‌وانیی ئه‌م ئێواره‌یه‌ی ده‌سپێرێت .

جۆلانه‌ی شه‌و جه‌سته‌ی شه‌قام ڕاده‌ژێنێ. . شه‌قام شانی له‌ژێر قورسایی ته‌رمه‌ پیرۆزه‌کاندا داداوه‌ و ده‌ست بۆ په‌لی مێرگ و نولآن ڕاده‌دات. . دیوه‌خانی سینه‌ی مێرگ و گوڵجاڕانیش، وا جمه‌ی دێ و هانا بۆ تریفه‌ی مانگ و سۆزی چیا و فرمێسکی ئه‌ستێران ده‌با !

مانگ: چه‌پکێ تریفه‌ی، شاخ: سۆز و عاتیفه‌ی، ئه‌ستێره‌: کانیله‌ی چاوانی، ده‌که‌نه‌ که‌ژاوه‌ی کۆته‌ڵی ئه‌م کۆسته‌ و ده‌یده‌نه‌ ده‌ست "سیروان".

له‌وساوه‌ و تا ئێستا و تا وشه‌ شاباڵی فڕینی بمێنێ، هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌پۆلی زامداری سیروانه‌ و به‌هاران، ئامبازی ترۆپکی (بالآنبۆ) ده‌بێت و له‌وێڕا نه‌ورۆزێ پێ ده‌کا و بڵێسه‌ی ناخیشی سترانێ ده‌چڕێنێ . .

هه‌ڵه‌بجه‌ وا ده‌ڵێ :

من پۆله‌زامێکی زیوینم، تریفه‌ی مانگێکی ساردوسڕ له‌ خۆیی پێچام و  

پێکه‌وه‌ مه‌داری مه‌رگمان جێهێشت و هه‌ڵفڕین !

فرسه‌خێ رێگامان بڕیبوو،

با هات و جڵه‌وی ئه‌سپه‌که‌ی لێ گرتین !

دوو فرسه‌خ رێگامان بڕیبوو،

خۆر هات و چاوی خۆی پێ به‌خشین !

سێ فرسه‌خ رێگامان بڕیبوو،

شه‌پۆله‌ سه‌وزه‌کان له‌ کۆڵیان کردین و  

سترانی ژیانیان بۆ چڕین. . زه‌ریاکان، دواوێستگه‌ی سه‌فه‌ری ئێمه‌ بوون،

له‌وساوه‌ بێهوده‌ دێین، ده‌چین 

به‌ستێنێ ده‌ستی خۆی ناخاته‌ نێو ده‌ستی هیوامان،

ئه‌وینێ پشکۆی خۆی نانێته‌ نێو کوانووی ئه‌وینمان 

وا ئێمه‌ سنووری مه‌رگمان به‌زاند و  

که‌ژاوه‌ی ئه‌م گه‌شته‌ش، نه‌گه‌یشته‌ دووڕگه‌ی ژین !

ئه‌م ده‌نگه‌، چریکه‌ی گۆپیته‌ی لقێک بوو، ئه‌مێستا قه‌دی خۆی  

جێ هێشتووه‌ و له‌نێوان زه‌وین و ئاسماندا 

چه‌ترێکی په‌مه‌یی هه‌ڵداوه‌ !

ئه‌م تیشکه‌، چریسکه‌ی چلچرای ڕۆحێکی ماندوو بوو 

ئێستاکه‌ له‌ به‌ندی جه‌سته‌ی خۆی ڕه‌هایه‌ و  

له‌ سۆمای زه‌مه‌ندا ده‌سووتێ و ته‌نیایه‌ !

ئه‌م ده‌نگه‌ :

زایه‌ڵه‌ی تاساوی زه‌نگێکی له‌ ژه‌هرگیراوی مه‌رگێک بوو 

له‌ دووندی (بالآنبۆ) سه‌ر نه‌که‌وت،

ترۆپکی (شنروێ)ی ماچ نه‌کرد،

ده‌ستێکی نه‌خسته‌ سه‌ر شانی (سوورێن) و  

نه‌یتوانی پێنج هه‌زار وه‌نه‌وشه‌ به‌ دیاری بۆ باخچه‌ی خوا ببات !

ئه‌م ده‌نگه‌ :

ڕه‌نگینه‌ به‌ ڕه‌نگێ 

نه‌ ئه‌وسا که‌سێک و نه‌ ئێستاش هیچ که‌سێک 

ده‌توانێ وه‌کو خۆی بیبینێ . .

به‌ ڕه‌نگێ :

خوێن نییه‌ 

خوم نییه‌ 

نه‌ زه‌رده‌ی خوراوا،

نه‌ سیمای تریفه‌ و نه‌ ڕه‌نگی به‌یانه‌ . .

ڕه‌نگێکه‌ :

نه‌ تارای ته‌ماویی (باخی میر) 

نه‌ بازره‌ی تاڤگه‌که‌ی (ئه‌حماوا) و  

نه‌ چاوی گڕگرتووی سیروانه‌ !

ئه‌م ڕه‌نگه‌ :

نه‌ خوێنی په‌نجه‌که‌ی شکاوی (تایه‌ربه‌گ) 

نه‌ تاپۆی به‌ئاسته‌م بینراوی (خاکوخۆڵ) 

نه‌ شێوه‌ی پڕ سیحری گه‌شته‌که‌ی (گۆران)ه‌ !

ئه‌م ده‌نگه‌ :

ڕه‌نگینه‌ به‌ ڕه‌نگی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ !

ئێمه‌ :

شاهێدی هه‌ڵه‌بجه‌ بوون،

قوربانییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ بووین،

شمشێری ژه‌هراویی جه‌للاده‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ بووین !

ئێمه‌ :

که‌ په‌یڤێکمان بۆ گوتن نه‌بێ،

چاوێکمان بۆ تێڕامان و هزرێکمان بۆ تێهزرین نه‌بێ،

دڵێکمان بۆ خۆشه‌ویستی و  

میحرابێکمان بۆ سووژده‌ی ئه‌شق نه‌بێ،

ئه‌قڵێکمان بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌قڵ و  

جورئه‌تێکمان بۆ دوواندنی مێژوو نه‌بێ،

جه‌سته‌ی مێژوومان هه‌ر ده‌بێ 

مه‌زرای مه‌زاری هه‌ڵه‌بجه ‌بێ !

ئه‌ی خودای من !

زۆر پێ ده‌چێ گوناهبار بم 

هه‌ر بۆیه‌ تۆش :

له‌به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی ژه‌هراویی جه‌للاداندا،

له‌ ژێر خه‌نجه‌ری خۆێناویی سه‌ری خۆمدا،

وا به‌ته‌نیا به‌جێت هێشتم !

 

پـشــکـــۆ نـەجـمــــەدیـن

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. ژیاری مرۆڤایه‌تی و ململانێی پڕۆژه‌كان له‌ نێوان تیۆر و واقیعی ئه‌مڕۆدا ...د.موحەمەد بەرزنجی
  2. ڕۆژنامەگەری کوردی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا ... ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  3. هێزی زیاتر بۆبه‌رهه‌م هێنانی ئازادی له‌گه‌مه‌ی دیموكراسیدا ... ئه‌یوب جه‌لال ماوانــــی
  4. منداڵی به‌ناز ... سوهه‌یل تاهیر عه‌بدولڵا

Page 2 of 4

  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 8 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە