Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە
  • WhatsApp -Viber - 00964770768123
  • Contact - kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz

هه‌ڵبژارده‌

ئەحلام مەنسور کێ بوو .؟.حەمید عەزیز

هه‌ڵبژارده‌ 27 January 2013

ئەحلام مەنسور ئەمین ( ١٩٥١ / ٢٠١٣ ) .

خەباتگێڕو کۆڵنەدەر لەدنیای ئەدەب و نوسین و وێژەدا مامۆستاو نوسەر ماندونەناس لەبەرەو پێشچونی مەدەنی یەت و شارستانی یەت و دروست بوونی کۆمەڵگای عەقڵانی و بوێر لەشکاندنی قەیدە کۆمەڵایەتی یە سەقەتەکانداو قسە کردن و خاوەنی ڕای تایبەتی خۆی لەسەر هێڵە سورەکانی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوی خاوەن مێژویەکی دور لەزانست و پڕ لەخورافەو ناعەقڵانی وەکو سیاسەت و ئافرەت و ئاین و پیاوو..هتد .

بەڕاستی خاتوو ئەحلام مەنسور مرۆڤ و نوسەرو مامۆستاو ڕۆشنبیرو خەمخۆری دنیای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چاکسازیی و پێشکەوتن و مەدەنی یەت بووەو لەهەمان کاتیشدا کاری سەختی بەرگری لەئافرەتان و دژە پیاو سالاری و دژە بیری خێڵ و خورافەو دواکەوتنی خستۆتە ئەستۆی خۆی کەئەمە کارێکی سەخت و گرانە لەکۆمەڵگای کوردەواریدا .

خاتوو ئەحلام نوسه‌ر‌و ئەدیب و زمانزان و چیرۆكنوسێكی ناسراوی‌ كورد بوو ئەمەو بێجگە لەوەی کەماوەیەکیش نوسەری ڕۆژنامەی ئاوێنە بووەو چه‌ندین كتێب‌و نوسین‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌و ئاكادیمی له‌باره‌ی‌ ڕۆڵی ژنان‌و گەنجانه‌وه‌‌ نوسیوه‌ .

خاتوو ئەحلام مەنسور ئەمین جگه‌ له‌وه‌ی‌ وه‌ك نوسه‌رێكی لەڕادەبەدەر یاخی و بوێر ناسرابوو لەهەمان کاتدا مامۆستای كۆلێژی راگەیاندنی زانكۆی‌ سلێمانی‌ بوه‌و ئەوەی شایانی باسە لەکۆتایی حەفتاکاندا کۆمەڵە چیرۆکی پرد بڵاو دەکاتەوە لەگەڵ ڕۆمانێکی بەنرخ بەناوی ئەڵوەن .خاتوو ئەحلام خاوەنی بروانامه‌ی‌ ماستەربووه‌ لەزانكۆی بەغداد .

خاتوو ئەحلام لەناو هەموو ئەدیباندا لەناو هەموو ژنان و پیاوانی ڕۆژهەڵاتیدا کەڵە ژن بوو وریا بوو وردبین بوو هەر بۆیە پاش خۆی بەرهەمە ئەدەبی و کۆمەڵایەتی یەکانی بەزیندوویی دەمێننەوەو جێی شانازی نەوەی دواڕۆژی نەتەوەی کوردن .

ئەوەی شایانی باسەو زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری ئەوەیە خاتوو ئەحلام مەنسور بەتەنها لەرێگەی نوسینەوە کۆمەڵگا و سیاسەت و ئاین و کەلتوری پیاوسالاری نەخستبووە ژێر پرسیارەوە بەڵکو بە شێوەیەکیش دەژیا کە هەموو ساتێکی بریتیبوو لە پراکتیزەکردنی ئەو رەخنانەی خۆی چونکە وەکو خۆی دەژیاو درۆی لەگەڵ ڕۆحی خۆی نەدەکرد .خەڵکانێکی زۆر هەن وەکو سیاسەتمەدارو نوسەرو مامۆستاو ..هتد کەوەکو خۆیان ناژین و لەبەر عەیبەو کۆمەڵگا درۆ لەگەڵ ڕۆحی خۆیان دەکەن و نایانەوێت تەجاوەزی شتە سەقەتەکانی کۆمەڵگا بکەن نەوەکو ناشرین بن لەناو کۆمەڵگادا بۆیە زۆرن ئەوانەی بە قسە و نوسین شۆڕشگێڕن و لە دیوێکی تریشدا هاوشێوەی کەسانی دەستەمۆی دابونەریتی سەقەت ژیان و گوزەرانی خۆیان دەکەن .بەڵام راستگۆیی ئەحلام لەگەڵ بیرکردنەوەو هەڵوێستیدا نمونەیەکی ناوازەیە لە تێکەڵکردنی قسە و ڕەفتارەکانیدا نمونەیەکە لە ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕبوونی ڕاستەقینە کە لە کولتوری

کوردەواریدا هاوشێوەو نمونەی دەگمەنە .

ئەحلام مەنسور وەکو مرۆڤ و نوسەرو ڕۆشنبیر دەیویست مرۆڤەکان بەئازادی بژین و داگیرکردنی مرۆڤ و خەساندنی تێدا نەبێت لەلایەن دەسەڵاتی خراپ و ناڕەواوە بۆیە دەیویست مرۆڤ بەگەورەیی سەیر بکرێت و ئازادی کردبووە قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵگاو پێشکەوتن و مەدەنی یەت .

خاتوو ئەحلام ملی نەدا بۆ گەمژەیی دەسەڵات و سەقەتیی بیرو ئەندێشەی کۆمەڵگا چونکە دەیویست گۆڕانکاری بکات و سور دەیزانی ئەم کۆمەڵگاو دەسڵاتە ڕۆژهەڵاتی یە

زۆر سەقەتەو زۆری دەوێت و ماندوو دەبێت کەچی هەر کۆڵی نەدا بۆیە ئەوە یەکێکە لەخەسڵەتە باشەکانی هەر نوسەرێک کەنابێت بوەستێت و کۆڵ بدات .

 ئەحلام بەتەنها بە نوسین لە پەڕە و ڕۆژنامەکاندا ڕەخنەی لە کۆمەڵگاو دەسەڵات نەدەگرت بەڵکو هەڵبژادنەکانی ژیانی کردبووە سومبول و رەمزێك بۆ ئەو ئازادییەی بڕوای تەواوی پێی بوو ئەو داکۆکییە راستەقینەیەشی کە لە بەها مرۆییەکانی دەکرد.

ئەوە زۆر گرنگ بوو بەلای خاتوو ئەحلامەوە کەپرسی ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا پرسی ئازادی مرۆڤەکانە هەروەكو چۆن پرسی کۆیلایەتی لە مێژوودا پرسی ئازادی سەرجەم مرۆڤایەتی یە .

خاتوو ئەحلام مەنسوری ژن نمونەیەك بوو لە ژن کە لەڕێگەی ژیان و هەڵسوکەوت و ڕەفتارو کرداری رۆژانە بەڕۆح و بەگیان بەرگری لەو ئازادیە دەکرد.
زۆر بەداخەوە کۆچی دووایی خاتوو ئەحلام مەنسور لەدەستدانی سومبولێکی گەورەی نەتەوەی کورد بوو زۆر بەداخەوە کەلەتەمەنێکی کەمدا بەجێی هێشتین بەدڵنیایی یەوە زەرەرێکی مەزن بوو لەئەدەب و نوسین و وێژەی کوردیدا بێجگە لەوەی کەزەرەرێکی گەورە بوو لەئازادی و ڕاستگۆیی و بەرگریی .

حەمید عەزیز

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ئاماژه‌كانی پشت كوشتنی سێ ژنی كورد له‌فه‌ڕه‌نسا... به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

هه‌ڵبژارده‌ 18 January 2013

نۆ ڕۆژ، دوای هاتنی ساڵی نوێی (2013) ، سێ ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داری كورد، له‌فه‌ڕه‌نسا له‌ڕووداوێكی دژواردا كوژران.ته‌ماشابكه‌ن سێ شت لێره‌دا زۆرجێگه‌ی گومان وهه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن، یه‌كه‌م:ژنی كورد، دووه‌م: سیاسه‌توانن، سێهه‌م:له‌فه‌ڕه‌نسا.!!.

كورد له‌پارچه‌كانی تر، باته‌یبه‌ت له‌باشوری كوردستان، هێشتا پیاوه‌كانی جۆرێك له‌كۆڵه‌واریی سیاسی پێوه‌دیاره‌، كه‌چی ده‌بینین خه‌باتی باكور و به‌رخودانی گه‌ریلاكانی كورد، یه‌كپارچه‌ شۆڕشی ژن و دیموكراتیه‌ته‌، سه‌راپا گرێدانی تێوریی زانستییه‌ به‌باری واقیع و كاری مه‌یدانی و جه‌رزبه‌زه‌ییه‌وه‌.ئه‌م ڕووداوه‌ له‌گه‌لێك ڕووی دیكه‌وه‌ قسه‌ی نه‌وتراو هه‌ڵده‌گرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ته‌ڤگه‌رو سیاسه‌توانانی كورد له‌ئه‌وروپا ده‌كه‌ونه‌، به‌ر گورز و پیلانی نه‌یارانیان.گه‌لێگ پیاوی چاپووك و سوارچاكی كورد له‌ڕێگه‌ی ئاشتی و دانوستاندا له‌ناوچون، قاسملۆی كورد هه‌ركه‌سێ پێی ئاشنا بێت و تیشكێك بخاته‌ سه‌ر لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی كه‌سایه‌تی و، ڕێبازه‌ سه‌خته‌كه‌ی، مه‌حاڵه‌ بۆی نه‌گری و ئاهێكی پڕ له‌حه‌سره‌تی بۆ هه‌ڵنه‌كێشێت!!.به‌ڵام چ قاسملۆ و دوای ئه‌ویش سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی له‌ده‌ره‌وه‌و ئه‌ورپادا درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ و تیرۆر كران.ساڵی (1979) ش سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێمی كوردستانی باشوور (مه‌سعود بارزانی) له‌ڤیه‌ننا له‌هه‌وڵێكی تیرۆركردن ڕزگاری بوو.ئێمه‌ له‌م نوسینه‌ (تیرۆر) به‌كارناهێنین.چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی فه‌رهه‌نگی فه‌ڕه‌نسیش بێت تیرۆر بریتی یه‌ "له‌ سه‌پاندنی فكری خۆت به‌سه‌ر ئه‌وی تردا به‌شێوه‌ی زۆرداری".بۆیه‌ نازانین حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا له‌كۆتاییدا چیمان پێده‌ڵێت، ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ڕوونكردنه‌وه‌ كه‌دا ده‌ڵێت"ده‌ستێكی پلان بۆ داڕێژراوی له‌پشته‌!!!".كه‌واته‌ لێره‌دا ناكرێت باری سۆزداری وامان پێ بكا "شه‌لم كوێرم...كه‌س نابوێرم".بكه‌وینه‌ تیروه‌شاندن و یاریی منداڵانه‌و لێدوان فڕێدان.له‌مێژوو ڕیسای كورده‌واریدا دایكی كورد خه‌ڵكی فه‌ڕه‌نسایه‌و "دانیاڵ میتران" له‌ هه‌ره‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا داكۆكی له‌مه‌سه‌له‌ی كورد كردووه‌.په‌یكه‌ری بۆ دروستكراوه‌، به‌ده‌ر له‌مه‌ ئاڵوگۆڕی كلتوری و مێژوییمان هه‌یه‌، پیاوێكی وه‌ك "كریس كۆچێرا" مێژووی سه‌ده‌ی نۆزده‌و بیستی بۆ نووسیویین.

پێگه‌ی ئه‌م ژنه‌ كوردانه‌و ئاستی ووتو وێژ له‌نێوان به‌ڕێز "ئۆجه‌لان" و حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغاندا، زیاتر ئه‌م كه‌یسه‌یان ئاڵۆزكردووه‌، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر "ئه‌ردۆغان" ووتی:ده‌ستێكی فیتنه‌و ئاژاوه‌گێڕیی له‌پشته‌و ئیدانه‌شی كرد".كه‌ ده‌وترێت پیلانگێڕی و به‌به‌رنامه‌ كراوه‌، یانی چی..؟.ده‌زانین یه‌ك له‌م ژنانه‌ (سه‌كینه‌جانسز) ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ریی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) یه‌، واته‌ جێی متمانه‌ی زۆری په‌كه‌كه‌و ووزه‌ به‌خشین بووه‌، چه‌ندین رۆِژنامه‌ له‌ئه‌وروپا تیراژه‌كه‌یان زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن دانه‌یه‌ ده‌رده‌چن و هی په‌كه‌كه‌ن، سه‌دان خۆپیشاندانی هه‌زاریی و سه‌د هه‌زاریی و ملیۆنی له‌ئه‌وروپا كراون تائێستا ده‌رهه‌ق به‌ پرسی كوردو به‌ڕبَز "ئۆجه‌لان"، به‌سه‌ده‌ها دووكان و ماركێت و گه‌ێ فرۆش هه‌ن كه‌سابه‌ت بۆ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ ده‌بێ گه‌سانێك ڕێكیان بخات و ئاڕاسته‌یان بكا.دووه‌میان: (فیدان دۆغان) ئه‌ندام و نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ له‌فه‌ڕه‌نسا.كه‌ فكره‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی فه‌له‌ستینیه‌وه‌ هاتووه‌و كاتی خۆی به‌به‌شداریی و ئاگاداریی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د دروست بووه‌، له‌ئێستا نزیكه‌ی (250) ئه‌ندامی ده‌بێت.

گریمان ئه‌مه‌ كوشتنه‌، بێ ئابڕووانه‌یه‌ی دوژمنان.پیلان و به‌رنامه‌بووه‌، واته‌ ده‌ستێك له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نساوه‌، ده‌بێت لێكدانه‌وه‌یان بۆ: باری كه‌سایه‌تی و خزم و ده‌وروبه‌ر، شێوه‌و ته‌مه‌ن و توانی گفتو گۆ، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كێ هه‌یه‌و هه‌بووه‌؟؟، زیاتر سه‌ردانی كێ و كوێ ده‌كه‌ن؟؟، له‌چ شوینێك ده‌مێننه‌وه‌؟؟.ئالیه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، ئاستی زیانگه‌یاندن و مه‌ترسیان بۆسه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ كوشتوویانه‌.بایی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كرده‌یه‌یان به‌رامبه‌ر بكه‌ن، ، ؟ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ وابكه‌ن....هتد..ئینجا له‌قۆناغی دووه‌مدا:له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ته‌واوو بڕیاردان، دێنه‌ سه‌ر چۆنێتی جێبه‌جێكردنی كرده‌وه‌كه‌یان، به‌چ جۆره‌ چه‌كێك ئه‌مه‌ بكه‌ن، له‌ڕێگه‌ی كێوه‌ كار ئاسانی زیاتریان بۆ ده‌كرێت تا ته‌كلیفی بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شكستیان خوارد چیبكه‌ن..؟.ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بوون، چۆن مامه‌ڵه‌بكه‌ن له‌دۆخی گه‌رماو گه‌رم و كاردانه‌وه‌كاندا.ئینجا قۆناغی هه‌ڵسه‌نگاندنی كرده‌وه‌كه‌ (تقیم) ده‌ست پێده‌كه‌ن، ئه‌و ئه‌زموونه‌ چی بوو لێی فێربوون، ئه‌و له‌مپه‌رو هه‌ڵانه‌ كامه‌نه‌ن دێته‌ به‌رده‌میان..؟.به‌ڵێ.ئه‌مه‌یه‌ به‌رنامه‌و پیلانگێران.

ئاماژه‌یه‌كی تر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، پرۆژه‌یه‌كی گرنگی هه‌واڵگریی و هه‌واڵگریی هاوبه‌ش و گۆڕینه‌وه‌ له‌ جیهاندا كار ده‌كات، به‌تایبه‌ت به‌هۆی سوود بینین له‌ ته‌كنه‌لۆژیاو جیهانی ماددیی ئه‌مڕۆكه‌وه‌.فه‌ڕه‌نسا له‌ وڵاتانه‌یه‌ كه‌ به‌دایكی ئازادیی و وه‌رچه‌رخانی مێژوو ئه‌ژمارده‌كرێت، به‌تایبه‌ت به‌هۆی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی (1789) ه‌وه‌، جیهانی گۆڕی.بوو به‌ده‌وڵه‌تێكی زلهێزیش له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.ده‌بێ بۆچی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ژن بكا..؟.به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤی كوردو نوێنه‌رایه‌تیه‌ك بكا له‌وڵاته‌كه‌ی خۆی، له‌و پاریسه‌ی كه‌ به‌جوانترین شار ناسراوه‌ له‌جیهاندا، به‌هه‌زاران ئاینزاو جۆره‌ها ڕه‌نگ ڕووی تێده‌كه‌ن، ، !!.زۆرجار ده‌وترێت"ئه‌گه‌ر ئاشتیت ویست، خۆت بۆ شه‌ڕ ئاماده‌ بكه‌".كورد ده‌بێت هه‌ركاتێك باسی ئاشتیان له‌گه‌ڵكرد، خۆی بۆ كاره‌ساتێك ئاماده‌ بكا.جا ئه‌م ڕووداوه‌ش یان ده‌بێت خۆیان كردبێتیان..؟ یان ئیختراقی خاك و كیانی فه‌ڕه‌نسی كراوه‌ له‌لایه‌ن ناحه‌زانی كورده‌وه‌، یان ئه‌وه‌یه‌ ده‌كرێت، چه‌ند وڵاتێك به‌ئاگاداریی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی له‌فه‌ڕه‌نسا ئه‌مه‌یان كردبێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانش سبه‌ینێ كارێكی هاوشێوه‌ بۆ فه‌ڕه‌نسیه‌كان ئه‌نجام بده‌ن.ده‌كرێت زۆر جاریش دوو ده‌زگای ئاسایشی یه‌كبگرن له‌سه‌ر ته‌ێفیه‌كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ردوولا پێی قه‌ڵس و ناڕه‌حه‌تن.یان كار له‌به‌رامبه‌ر كاردا بۆ یه‌كدی بكه‌ن.

چ گه‌رده‌لولێكی سه‌ركێشه‌، چما له‌فه‌ڕه‌نساش ده‌بێت چالاكوانی كورد له‌مه‌ولا له‌خۆی بترسێت، چ جای له‌م جه‌نگه‌ڵه‌ و له‌م هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافیه‌ی ئێمه‌ی تیا ده‌ژین.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

چوار فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و سێ سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆن ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

هه‌ڵبژارده‌ 18 January 2013

-كاتێك ئۆپۆزسیۆنی ناو پارله‌مان پێویستیان به‌ زیادكردنی ژماره‌ی قه‌واره‌كان ده‌بێت بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ كاره‌كانیان له‌ به‌یان ده‌ركردن و بایكۆتكردنو ره‌تكردنه‌وه‌ ئه‌وا پارتی ئاینده‌ش به‌ ناوو ئارمه‌وه‌ له‌ پاڵ خۆیان بۆ قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌ به‌كار ده‌هێنن، به‌ڵام كاتێك سه‌ركرده‌كانیان كۆده‌بنه‌وه‌ ئه‌وا قادر عه‌زیزی لێ بێبه‌ری ده‌كه‌ن، كاتێك قادر عه‌زیز به‌ هه‌رزه‌كاری رێگای تێكۆشانی گرته‌ به‌ر هه‌ندێك له‌م كاكانه‌ خواخوایان بوو وێنه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بگرن؟؟؟؟.

-ره‌فعه‌ت كۆمه‌ڵه‌ له‌مڕۆژانه‌ پێكه‌وه‌ سه‌ردانێكمان كرد، له‌ رێگا گله‌ییه‌ك كۆنی لێم كرد، گوایه‌ كاتێك له‌ ناوچه‌ی مه‌ریوان به‌رپرسی ته‌داركات بوومه‌ (ئیداره‌) ، هه‌رچه‌نده‌ هاوڕێی گیان به‌ گیانیم بووه‌، ئاماده‌ نه‌بوومه‌ جاجگی (بنێشت) ێكی زیاده‌ی بده‌مێ پێم وتوومه‌، جاجگی حیزبه‌و خیانه‌ت ناكه‌م، قوڕ به‌سه‌رمان ئێمه‌ وا كردمان به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌دارانی ئێستا بیره‌ نه‌وتو كێوه‌ چه‌مه‌نتۆو فه‌رده‌ دۆلار پێشكه‌ش به‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن.

- (له‌ كۆنگره‌یه‌ كی ڕۆژنامه‌وانیدا سێ‌ سه‌ركرده‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌غیابی‌ تاڵه‌بانیدا ئۆپۆزسیۆن ڕێز له‌كار و بڕیاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌گرێت) ، كه‌واته‌ تا مامه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئۆپۆزسیۆن بۆ ماڵه‌وه‌، جه‌لالی موخلیس ده‌بێت وابن!!!!.

-ئه‌رسه‌لان بایز (نه‌بوونی تاڵه‌بانی كێشه‌ له‌ یه‌كیتیدا دروست ناكات) ، به‌س ونجڕ ونجڕی ده‌كات.

-نه‌وا (ئیسلامیه‌كانی‌ كوردستان پشتگیری‌ خۆپیشاندانی‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن) ، مادام عه‌لی قه‌ره‌داغی و قه‌ته‌رو توركیا پشتیوانی ده‌كه‌ن، ئه‌مره‌ ئه‌مانیش له‌ ریتمی ئه‌وان دانسی خۆیان بكه‌ن.

-ئاوێنه‌ ((ئه‌رسه‌لان بایز: كه‌س ناوێرێت پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ وه‌ربگرێت)) ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دزییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ن حیساباته‌كه‌ی به‌ كه‌س ناكرێت، ئێوه‌ كه‌سی ماڵیتان ده‌وێت نه‌ك یاخی.

-روداو -شێخ جه‌نگی تاڵه‌بانی ((شه‌ش ڕۆژی‌ تر جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق توانای‌ قسه‌كردنی‌ ده‌بێت)) ، لڤینپرێس-فوئاد مه‌عسوم ((جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق له‌م كاتی‌ نه‌خۆشییه‌دا ده‌توانێت به‌سێ‌ زمان قسه‌بكات)) ، كه‌واته‌شه‌شی رۆژی دیكه‌ ماممان به‌ 18 زمان قسه‌ ده‌كات.

-روداو (كوردستان: هه‌شت هه‌زار شاره‌زا و راوێژكاری موچه‌ خۆر هه‌ن) ، ئه‌دی لۆ ناڕازین 690 داهێنه‌ری به‌سزمانمان هه‌بێت.

-روداو (ئه‌مینداری یه‌كگرتووش رایده‌گه‌نێت: به‌رده‌وام ده‌ستی نزاو پاڕانه‌وه‌یان بۆ خودا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌لامه‌تی مام جه‌لال و بۆ داهاتوش هه‌ردولا یه‌كهه‌ڵوێستن.) ، كه‌واته‌ هه‌موو روو له‌ ئاڵمان ده‌ستتان له‌ ئاسمان.

-سڤیل (عارف قوربانی: مام جه‌لال زۆرجار ماندوو ده‌بوو به‌ده‌ست سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌وه‌) ، سه‌ركردایه‌تی ینك ساڵی جارێك كۆبونه‌وه‌ی كردبێت وا مامه‌ی هیلاك كردبێت، ئه‌گه‌ر مانگانه‌ كۆبونه‌وه‌ی بكردایه‌ چی ده‌قه‌وما؟؟.

-مام رۆسته‌م: (یه‌كێتی دوای مام جه‌لال تووشی شه‌له‌ل ده‌بێت) ، ئه‌دی مانگێك پێش ئێستا ئه‌م قه‌وانه‌ نایابه‌ت بۆ لێنادا.

-حه‌مه‌ سه‌عید زه‌نگه‌نه‌ چیرۆك نووسێكی شاری كه‌ركووكه‌، پێش ئه‌وه‌ی مامه‌ نه‌خۆش كه‌وێت ئۆپۆزسیۆنێكی ئارام بوو، زۆر جار بزه‌یه‌كی بۆم ده‌كرد كه‌ ده‌موت مام جه‌لال سیاسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، كه‌چی له‌ 19ی دیسه‌مبه‌ر له‌سه‌ر فه‌یسبوكه‌كه‌ی نووسی (هه‌موو ئومه‌ی عه‌ره‌بی قوربانی هه‌ناسه‌یه‌كت بی!!) ، منیش بۆم نووسی یان ناچن بۆ ئاش، یا كه‌ ده‌ڕۆن ئاشه‌وانیش ده‌كوژن.

- ((روداو-به‌هۆی كۆبونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌كان نوێژی هه‌ینیان نه‌كرد)) جه‌لال عامری نووسه‌ری چه‌پی میسری ده‌ڵێت، هاووڵاتیان نوێژ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دنیا كورسییه‌ك له‌ به‌هه‌شت بگرن، به‌ڵام ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دنیا كورسییه‌ك بگرن، كه‌واته‌ كورسی ئه‌م دنیا بۆ ئه‌وان گرنگتره‌ له‌ كورسی ئه‌و دنیا، ئه‌وان مناڵی خه‌ڵك بۆ حه‌له‌ب و قه‌نده‌هار ده‌نێرن، مناڵی خۆشیان بۆ له‌نده‌ن و واشنتۆن. 

له‌ ژماره‌یه‌ی ئه‌مڕۆ 15ی كانونی دووه‌م له‌ گۆشه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، گۆشه‌یه‌كه‌ دوو هه‌فته‌ جارێك له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ئیسلامگه‌راكانی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران..!! كه‌ریم سمكۆ

هه‌ڵبژارده‌ 11 January 2013

به‌رانبه‌ر به‌ ئایین..به‌رانبه‌ر به‌ ئاشته‌وایی..به‌رانبه‌ر به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی..سڵ مه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك بێت.

هه‌میشه‌ حزبه‌یلی ئیسلامی سیاسی له‌ كوردستان گوێیان هه‌ڵخستووه‌ داخۆ تاكه‌ عه‌لمانییه‌كانی كوردستان چ وشه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به‌ موقه‌دده‌سات ده‌رده‌بڕن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵڵایه‌ك دروست كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ درێخیان نه‌كردووه‌ له‌ داشۆرینی ناخی كه‌سه‌ دیاره‌كان بۆ (په‌رتوك، شیعر، تابلۆ، بابه‌ت) ـێك كه‌ گێره‌ شێوێنییه‌كه‌ بی مه‌به‌ست نه‌بووه‌، ئه‌مما له‌ ئاست ئه‌و كاره‌ قێزه‌ونانه‌ی ئه‌و لایه‌ن و وڵاتانه‌ی هه‌میشه‌ ده‌مڕاست و مامۆستا و ئاغای خۆیانن كت و مات چاو داده‌خه‌ن و نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت.

زۆر ئه‌زموونمان تاقی كردووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسلامگه‌راكان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی پێیان باش بێت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی رێبازه‌كه‌یاندا بێت ئه‌گه‌ر دووریش بێت له‌ بنه‌مای (ئیسلام) ئه‌نجامیان داوه‌، وه‌لی ئه‌گه‌ر كارێكیش دژی په‌یامی ئیسلام بێت كه‌ دواجار په‌یامی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ ژیانی ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌، به‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندی خودی خۆیانه‌وه‌ دوور بێت ئه‌وا خۆیانی لی نه‌بان ده‌كه‌ن و وه‌ك گوێزیان بۆ بژمێریت وایه‌!

 هێشتا قه‌شه‌ (تێری جۆنز) بڕیاری سووتاندنی قورئانی پیرۆزی نه‌دابوو له‌ وه‌شانه‌كانیاندا (گوایه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئایینی پاكی ئیسلامه‌) هه‌موویان كه‌وتنه‌ ناڕه‌زایی، له‌سه‌ر گۆڤاری چرپه‌ش (نه‌ك بابه‌ته‌ قێزه‌ونه‌كه‌ی هه‌ڵمه‌ت گۆران) ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ی بووه‌ته‌ ده‌ستكه‌وتی مێژووی كورد به‌رد بارانیان كرد، به‌هه‌مان وێناش له‌سه‌ر فیلمی قیبتییه‌كی عه‌ره‌بی میسری كه‌ له‌سه‌ر په‌یامبه‌ری ئیسلام (د.خ) به‌رهه‌می هێنابوو كه‌وتنه‌ ده‌نگ و ئاڵای ئه‌مریكایان شه‌وتاند، بۆ موسڵمانانی بۆرما و منداڵانی غه‌ززه‌ هاوخه‌میان ده‌ربڕی، به‌ڵام بۆ ئاواره‌كانی سوریا و تۆپبارانی توركیا و ئێران بۆ ناوچه‌ سنووریه‌كانی باشوور ته‌نها ته‌ماشاكه‌ر بوون!

زۆر سه‌یره‌، گۆشتی قوربانی ئه‌مساڵ له‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ بۆ هندستان رۆیشتووه‌، له‌كاتێكدا منداڵانی ئاواره‌ی خۆرئاوای كوردستان هیچیان نه‌بوو بیخۆن، ئه‌مانه‌ گشتی به‌لایه‌ك، له‌ ماوه‌ی رابردوو كۆماری به‌ناو ئیسلامی ئێران له‌رێگای 6 لۆری سێو قورئانی پیرۆزی موسڵمانانی ئه‌تك كردو به‌شێوازێكی زۆر ناشرین به‌ دڕاوی بۆی ره‌وانه‌ كردین، كاتێك ئه‌م هه‌واڵه‌ بڵاو بووه‌وه‌ منیش له‌ بیری خۆم وتم: قوڕت به‌سه‌ر په‌رله‌مان، به‌یانی نۆره‌ی تۆیه‌ بۆ به‌ردبارانكردن (وه‌ك ئه‌و كابرای كه‌ ده‌یگوت: كوڕه‌ ئه‌گه‌ر خۆڵبارینیش بێت، ئه‌وان هه‌ر ده‌ڵێن تاوانی دوو حزبه‌ سه‌ر زله‌یه‌) ، یاخود هه‌مدیس رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی پایته‌خت ده‌ته‌نن و ناڕه‌زایی ده‌گه‌یه‌ننه‌ به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی ئێران و په‌رچه‌می ئه‌و وڵاته‌ گڕ ده‌ده‌ن، به‌ڵام هیچ كامێك له‌و وڕێنانه‌م به‌دیوی راستیدا نه‌دیت، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كانیاندا نییه‌! ده‌كرێت بۆچوونی دیكه‌ له‌و له‌مڕووه‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌، ئایا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش له‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی پارته‌ ئیسلامییه‌كانی خۆمان و كۆماری به‌ناو ئیسلامیدا هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر نه‌بێت بۆچی به‌ ئیدانه‌ كردنێكیش نه‌یانتوانی قسه‌یه‌كی لی بكه‌ن؟

براده‌رێك له‌ ئه‌وروپا له‌ كۆمێنێكدا بۆی نوسیبووم، ئێستا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وروپی ئه‌و كاره‌ی بكردایه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان راست و چه‌پی خۆیان پڕ ده‌كرد له‌ هوتاف و ده‌ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، بگره‌ له‌وانه‌شه‌ دیسان شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان به‌ ئاڵای سعودیه‌ داپۆشیایه‌! منیش پێم وت "مه‌گه‌ر نه‌تزانیوه‌ ئه‌و قوتابیه‌ی به‌رانبه‌ر مامۆستاكه‌ی هه‌ڵسێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حه‌قیش بێت و كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت رووڕه‌شییه‌؟".

به‌ڵام به‌هه‌مان جۆر ئه‌وانیش له‌به‌رده‌م (ئاغا) ـی خۆیان نه‌یانتوانیوه‌ بڵێن: ئێوه‌ بۆچی قورئانی پیرۆز ئه‌تك ده‌كه‌ن و دواجاریش به‌ڕووی ئێمه‌دا ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌ی نازانن ئێمه‌ش به‌مكاره‌ی ئێوه‌ له‌ به‌هاكانمان كه‌مده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ (لای ئه‌وان) هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌ین و ئێوه‌ش ریسه‌كه‌مان لی ده‌كه‌نه‌وه‌ خوری؟!

قسه‌ی قۆڕه‌ كاتێك لایه‌نێك هه‌ڵگری هوتافی پارێزگاریكردن بێت له‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام و له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ وه‌ده‌نگ نه‌یه‌ت...قسه‌ی قۆڕه‌ كاتێك له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تاكگه‌رایی به‌رانبه‌ر به‌ وڵاتێكی به‌ناو ئیسلامی وشه‌یه‌ك ده‌رنه‌بڕیت، له‌كاتێكدا به‌رنامه‌و پڕۆگرامه‌كانت به‌ په‌یژه‌ی ئاییندا بگه‌یه‌نیته‌ بنه‌پایه‌ (ئه‌ندامان) .

خوا یه‌كێتی زانایانی ئایینی كوردستان له‌ پردی سیرات بفڕێنێت كه‌ شه‌رمه‌كه‌یان به‌ڕووی ئێوه‌دا سڕیه‌وه‌ به‌ ئیدانه‌كردنی ئه‌و جۆره‌ كارانه‌، به‌ڵام بێگومانم له‌ناخه‌وه‌ شه‌رمێك به‌رۆكتانی گرتووه‌، مه‌حاڵه‌ بیرتان چێته‌وه‌..

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

لە پشووی رۆژە رەشەکە! دەرگای پۆل و فەرمانگەکان بکەنەوە! ...هاوڕێ باخەوان

هه‌ڵبژارده‌ 05 January 2013

دیسان رۆژە رەشەکە نزیک بووەوە! رۆژی دامەزراندنی کوشت و کوشتاری کورد، رۆژی دامەزراندنی ئەنفالی نوێ! رۆژی دامەزراندنی سوپای رەش و کوردکوژی داگیرکەری ئێڕاقی.

 کاتی کەس بەباسکردنی کارە دژبە کورد و نامرۆڤایەتییەکانی ئەم سوپا رەشەوە ناکوژم و هەموو کەس لە من زۆر باشتر دەزانێت سوپای داگیرکەری ئێڕاقی چیی کردووە و چیی تر دەکات بەرامبەر بە کورد، بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم کە پشووی فەڕمی بەبۆنەی ئەو رۆژە رەشەوە تیپەڕاندنی یەک لە هێڵە سوورەکانمانە و تاوەکو ئێستا بیست جار لە دوای رزگاربوونی بەشێکی باشووری کوردستاندا ئەو هێڵە سوورەمان تێپەڕاندووە!

 پەڕڵەمانی کوردستان دەبووایە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ئەم پشووەی هەڵبوەشاندایەتەوە! دەبێت جیاوازیی نێوان شەشی کانوون و هەفتی نیسان و هەموو بۆنە دژبە کوردەکانی تر چی بن؟!

 من دەمێکە باوەڕم بە دەستەڵاتی کوردی نەماوە کە ئەم پشووە لە کوردستاندا هەڵبوەشێنێتەوە و رۆژی شەشی کانوون بکاتە هەر رۆژێکی ئاسایی کاری دامودەزگا فەڕمییەکان، یان بیکاتە رۆژی رەش لە مێژووی کوردستاندا! هەربۆیە پێشنیازێکی تر دەکەم کە خەڵکی گوێ نەدەنە ئەم پشووە و وەک هەر رۆژێکی ئاسایی رەفتاری لەگەڵدا بکەن، بەوەی بۆ نموونە، خوێندکاران وەک هەر رۆژێکی تر بەرەو فێرگە و زانکۆکانیان بڕۆن، مامۆستایان دەرگای پۆلەکانیان بکەنەوە، فەرمانبەران بچنەوە فەرمانگەکانیان..

 ئەگەر هەر ساڵێک چەند خوێندکارێک و چەند مامۆستایەک و فەرمانبەرێک ئەم تەلیستمە بشکێنن، ئەوا دڵنیام دەبێتە دیاردە و هەر ساڵێک ژمارەی دژەپشووی ئەم رۆژە رەشە زۆرتر دەبیت..

 کێ دەڵێت، بەڵکو دەستەڵاتی کوردی بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە وەخەبەر بێت و پەی بەوە بەرێت کە رۆژی شەشی کانوون، رۆژی شکاندنی کەرامەتی نەتەوەییمان بوو، رۆژی کاولکردنی کوردستان و لاقەکردنی دایک و خوشک و کچمان بوو لەلایەن سوپای عەرەبیی داگیرکەری ئێڕاقەوە...

 
 
--
Hawreh Bakhawan
This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

ماڵپه‌ڕی تایبه‌تیی هاوڕێ باخه‌وان
http://www.bakhawan.com

--

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

كوردیپێدیا پڕزانیاریترین سه‌رچاوه‌ی كوردییه‌

http://www.kurdipedia.org


Mobile: +31 (0) 6 54710293

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. باخەڵاتەکان لە پێناو داهێناندا بێ! ...هێمن حەسەن- سوید
  2. سیاسه‌ت ومرۆڤ دۆستی ...به‌هرۆز جه‌عفه‌ر
  3. كورسی و خۆشه‌ویستی ...غازی كه‌ركووكی

Page 4 of 4

  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 151 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە