سێبەر . ... کەژاڵ ئیبراهیم خدر

خودایە
حەزدەکەم تۆ هەمیشە هەتاوبیت
تا بەهۆی سێبەرەکەتەوە
مرۆڤ لە تەنهایی رزگار بکەیت
 * * *
هەتاو زۆرجاران و تاوناتاوێک
لەترسی هەور خۆی وون دەکات
هەر بۆئەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە تێبگات
ئاسمان وێنەیەکی دەستکرد نییه‌ وەک تێگەیشتوون
 * * *
ئەی مرۆڤی راستەقینە،
سێبەری خۆت مەگۆڕەوە بە هەموو دنیا
چونکە سێبەر هاوڕێیەکی هەمیشەییە
هەرگیز حەزناکات خۆی وون بکات
سێبەر نەقسە دەکات
نەڕق و کینەو بوغز هەڵدەگرێ
نە درۆ دەکات .
نە چاڵی قۆڵیش بۆ پێیەکانی مرۆڤ
هەڵدەکەنێ
 * * *
سێبەر ئاوێنەیەکی جوانە
مرۆڤ هەموورۆژێ خۆی تێدا دەبینێ و
زۆرجارانیش خۆی حەشاردەدات
بەڵام قاقا و پێکەنینە ناوەختەکانی
فرمێسکە گەرم و گوڕەکانی
بەتاریکی نیشان دەدات
 * * *
بۆ برسیەکان سێبەر زۆرکات دەبێت بە نان
دەبێت بە حەسانەوە و شوێنی پشوودان
بۆ عاشقێکی تینووی رۆخۆش
سێبەر رەنگ و نواڵەی جوانە
عاشق ووشەی بۆدەنوسێ
تاکو ئەویش لە تەنهایی رزگاری بێ
 * * *
سێبەر هاوڕێیەکی کاتیە
زۆرجار لە ترسی هەتاو، بە قینی دەوڵەمەند
روودەکاتە مەنزڵگایەک
تاکو چاوی هەژاران ببینێ ؟
 * * *
سێبەر زۆر کات لەگەڵمانە
نازانین چۆن خۆشمان بوێت
کە تەنها بین دەیپەرستین
کە بووینە دوان لێی وون دەبین؟


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر