مایەی نیگەرانیە وڵاتیک نیشتیمانمان بێت کە تێیدا ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە لە بەردەرگای ماڵەکەی بدرێتە بەر ڕێژنەی گوڵە و شەهید بکرێت، بەڕۆژی ڕوناک خوێندکاری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان بەزەبری هێز لە بەردەم حەرەمی زانکۆدا قۆڵ بەست بکرێت و بخزێنرێتە نێو ماشینی جام تاریکەوە و بە چەندین پرسگە و بەرچاویکراوەدا بڕەتێنرێت، بە بیانوی جیاجیای شەرەفپارێزی دەیان ساکار و شۆخان و دوعا و کەژاڵ و نەسرین و خەندە شەهید دەکرێن کە پیاو تێیاندا بکەر و تاوانباری سەرەکیە کەچی هەر بەدەستی خۆشی سەر و دەست و پێی دەیان ژن و خانم لە جەستەیان جیا دەکرێتەوە، گوڵەباران دەکرێن، دەخنکێرێن، بەردباران و بلۆک کوژ دەکرێن، دەسوتێنرێن، ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکرێن، ڕۆنی قرچاویان پێدا دەکرێ و پرێمزیان پیا دەتەقێنرێتەوە .
تیرۆری جەستەییی سەدان مرۆڤی بێتاوانی ئەم وڵاتە بێ قانونەی خەڵتانی خوێنکردوە، لە بەشی زورینەیاندا دەستێکی ڕەش و قێزەوەنی تیرۆرستان و دوژمنانی بیری ئازاد و ژیانی ئازاد و بەرپرسی نابەرپرس و ترسنۆک بونیان هەیە !
نەبونی دادگایەکی دادپەروەرانە و بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان و داڕشتنی سیناریۆی پێکەنیناوی ئەوتۆ کە هەزمکردنیان سانا نیە کە ئەو تاوانە لە ڕێگەی هێز و فیشارەوە دەخرێتە ئەستۆی کەسانیک و هۆکارێک کە ناو و ناوبانگی دادگا و دادپەروەری شەرمەزاردەکات، هەروەها لە بەشی زۆری کەیسەکاندا سەرباری بێدەنگی و چاوپۆشیکردن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکان و حەشاردان و پرد بۆدروستکردن بۆ دەربازکردنی تاوانباران لە لایەن دەستڕۆیشتوانی ناو حیزبەکان و هەندێ مافیا کە لە کوردستاندا ڕۆژگار دروستیکردون، هەمو ئەمانە بونەتە مایەی پەرەسەندنی ئەم ڕەشەکوژی و کارەساتانەی هەرێمی کوردستان و ئەزمونی دیمکراسی و ئازادی تاک و هێمنی خستۆتە بەر مەترسیەکی گەورە و خەریکە تەکان بەم هەرێمە دەدات بەرەو ئاقارێکی ئەوتو کە خۆزگەی پێنەخوازرێت .
هەر لەم یەک دوو مانگەدا ئەوەندەی ئاگادار بین، بەدەر لەو ئاشەی کە خوێنی ژنان دەیگێڕێت، بەدەر لەو خۆکوشتنانەی کە گەنجانی گرتۆتەوە کە ئەمانەش کارەساتی خەماوین و ناکرێ بێدەنگیان لەبەرامبەردا هەڵببژێرین !
ئەمڕۆ خەریکە زونی سەوز کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پلەی یەکەم لە بەڕێوەبردن و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بەرپرسە، خەریکە ئەم تیرۆرکاریە دەگاتە ئاستێک کە ئیتر کۆنترۆڵکردنیان ڕەنگە ئاسان نەبێت و خەڵکی نەتوانیت پشت بە هێزە ئەمنیەکانی ببەستێت و ڕاڕا نەبێت لە ئەگەری پارستنیان . هەروەها دەبێت یەکێتی نیشتیمانی ئەوە بزانێت کۆی ئەم کارانەی لە زونەکەیدا کە بەدەستی ئەنقەستبن یان هەر هۆکارێکیتر، یەکەم پریشکی نەرێنیەکانی بەر ناو و ناوبانگ و ئەخلاقیەتی شۆڕشگێری و مرۆڤدۆستایەتی و پێگەی جەماوەری یەکێتی دەکەوێت، ئەم تیرۆرکاریەی کە ئەمڕۆ لە سلیمانی و گەرمیان و قەڵەمڕەوی یەکێتیدا ئەنجامدەدرێن، دەبن بە پەڵەیەکی ڕەش و لەکەیەکی گەورەی بە نێوچەوانی ڕابردو داهاتوی یەکێتیەوە، ئەو دەنگۆ و تۆمەتبارکردنانە تۆختر دەکەنەوە کە دەیانخستەپاڵ ی. ن. ک کە ناتوانێت ئیدارەی زونەکەی بە ڕێکوپێکی بدات .
بۆیە لە سەر یەکێتی وەک حیزب و هێزە ئەمنیەکان و دەزگا پەیوەندارەکان پێویستە کاری جدی و بە پەلە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تەقەکەران لە شاسوار عبدالواحید خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا و سەروەت حاجی ڕەشید بەرپرسی دەستەی پاسهوانە تایبهتەکانی جەنابی مام، ئەمڕۆش شەهیدکردنی کاکە کاوە گەرمیانی دەنگزوڵاڵ و نەترس و ڕۆژنامەنوس، کە هەمویان لە کردەوەگەلێکی قێزەوەن و تەمومژاویدا ئەنجامدراون .
ئەوەی کە لە میدیاکانەوە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە، ئاماژە بۆ دەستێک دەکەن کە دیار و شاراوە نەبێت، لێدوان و بەیاننامەکانی بەرپرسە باڵا حیزبی و حکومیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم وە لەو نێوەندەدەدا بەرپرسانی ی . ن. ک لە هەمو ئاستەکانی حیزبی و حکومی و دەزگا ئەمنیەکان، سەرلەبەریان ئیدانەی ئەم کارە قێزەوەنە دەکەن و بە تێکڕا داوای بەسزای عادیلانە گەیاندنی بکەرانی ئەم تاوانە دەکەن .
گەلۆ ئەگەر ئەم هەمو دەنگە جیاجیایەی ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی لە دژی ئەم تیرۆرکاریە بە حەماسەتەوە دەیبەستنەوە بە تیرۆرکردنی ئازادی و دیمکراسی و دەنگی دژەگەندەڵیەوە، بە تێکڕا داوای سزای عادیلانە دەکەن بۆ ئەنجامدەرانی ( کە پێم وایە سزای لە سێدارەدان ) ە کە منیش لەگەڵیدام، تا ببێتە وانەیەک بۆ ئەوانەی نیازی ئەنجامدانی کردەوەگەلێکی لەو شێوەیەیان هەبێت تا سنورێک بۆ ئەم ڕەشەکوژیە دابنرێت کە وڵاتەکەمانی گرتۆتەوە، ئەدی ئیتر ئەم بکوژانە چۆن دەبێت دەربازیان ببێت ؟؟
بەڵێ ئەرکی یەکێتیە لە پێناو گەڕاندنەوەی متمانە و ڕاستگویی نێوان خۆی و جەماوەرەکەی، پێویستە، چۆن لە ڕابردودا بکوژانی ( فەرەنسۆ حریری ) کە لە هەولێر دەستی وەشان و لە سنوری زۆنی سەوزدا دەستگیریان کرد، ئاواش ئەم بکوژانە دەستگیر بکەن .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
