وا خەریکە وردە وردە بەرەی گوماندارانی نێو ڕێکخستنەکانی حیزب و هەمیش دەرەوەی حیزب لە سەر پرسی گەڕانەوەی دەستور بۆ پەڕلەمان ڕوە و هەڵکشان دەچێت! کەچی هێشتا سەرکردایەتی یەکێتی لە خەیاڵدا گەڕانەوەی دەستور بۆ پەڕلەمانی کردوە بە نێچیری خۆی و هێندەش لەسەری ڕشتە وەک ئەوەی کە خۆی ئەموستیلەی گەرانەوەی دەستوری لە ژێر کڵاوی پەڕلەماندا شاردبێتەوە!
هەر زو درکمان بەمە کرد، یەکێتی ئەمە جاری یەکەمی نیە بەڵکو زۆر کات توشی پەتای نابەرچاو ڕونی هاتوە و دواتر باجەکەشی گران لە سەری کەوتوە. لەم کەین و بەینەشدا جێگای سەرسوڕمانە کە لایەنی پارتی و لە زاری زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکانیەوە وە بە تایبەتیش وتەبێژی مەکتەبی سیاسیەکەیەوە ڕاشکاوانە گەرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان ڕەت دەکەنەوە، کەچی هێشتاش سەرکردایەتی یەکێتی ئەم لێدوان و زەنگانە بە هەن وەرناگرێت و دەیەوێت بینا لە سەر وتەی باڵا دەستانی تری ناو سەرکردایەتی پارتی هەڵبچنێت، وا پێدەچێت و بە بڕوای یەکێتی، خاڵدانانی ئیمێنکی لە سەر پیتی دەستور گوزارش لە ڕای فەرمی پ. د. ک ناکات!! ئەرێ گەلۆ ئەم جۆرە خوێنندنەوەی یەکێتی چ جۆرە لوژیک و مەنتیقێکی سیاسی و فەرهەنگی تێدایە؟ گەلۆ دەکرێ وتەبیژی حیزبێک بازاریانە لێدوان بدات و دەست بۆ وەها پرسێکی هەستیار ببات، ئەگەر پێشتر لە هەرەمی حیزبەکەیدا لە هێڵەک نەدرابێت!
بۆ زیاتر دڵنیاکردنەوەی هەموان، بەڕێز وتەبێژی یەکێتی، تا ئێستا چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندوە کە هیج لێدوانێک جیا لە لیدوان و وتەکانی خۆی گوزارش لە ڕای فەرمی ی. ن. ک ناکەن، ئەی خێرە ئەمڕۆ وتەی وتەبێژی حیزبێکی هاوپەیمانی پڕ ئەزمونی هاوبەش بەهەند وەرنەگیرێ؟
ئێستا خەریکە بە تەواوی تەمومژی سەر سپیبونەوەی نەگەڕانەوەی دەستور بۆ پەڕلەمان دەڕوێتەوە، پرسیار ئەوە ئایە دوای ئەمە کارتە سیاسیەکانی یەکێتی چین کە دەیەوێت بەکاریان بهێنێت؟؟ ئایە چی بەو هەڤاڵانەی دەڵێت کە پێشتر دڵنیاییان دابو بە سەرکردایەتیەکەیان، کە ئەو تفەنگەی دەستی داوەتێ یان دەرزیەکەی دەرهێنراوە و یانیش فیشەکەکانی!!
لە ئێستادا ڕەنگە یەکێتی دوو کارتی فشاری لە باخەڵدا مابێتەوە، دەنگ نەدان بەدەستور لەو کاتەی کە پارتی بیەوێت لە دەرەوەی پەڕلەماندا بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، یانیش کێشانەوەی دەنگەکەیەتی لە پشتیوانی کردنی درێژکردنەوەی ولایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵی داهاتو!
لە هەردوو حاڵەتەکەدا کارتەکانی یەکێتی، لە پای دروست نەبونی قەیران و بەریەک نە کەوتن و لەبار نەبردنی ئەزمونی کوردستان، کارتەکانی لە دەستدا دەسوتێن!
گلەیی خەڵکی لەوەیە کە یەکێتی نەدەبو خۆی بە تەنها سەرپشک بایە لە دوو بژاردە نەخوازراوەکەی پارتی وەک ئەوەی لە یەکەم لێدوانی فەرمی خۆیدا ئاماژەی پێکرا بڕیاری بدایە، بەڵکو دەبو تۆپەکەی بخستایەتە گۆڕەپانی هەموو حیزب و ڕێکخراوە دیموکراتی و گەلەوە.
هێشتا زو بو بۆ ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بکەوێتە بوغزاندن و سڕکردنی کەسە دڵسۆزەکانی لە پلە و پێگە جیاجیاکاندا کە هەر زوو خاڵیان خستە سەرپیتەکان و بەرچاو ڕونیان لە سەر ئەم کێشمەکێش و ئەگەڕێتەوە و ناگەڕێتەوەیە لا گەڵاڵە بوبو، ئەرێ هێشتا سەرکردایەتیەکەمان هەر پێمان دەڵێت دەستور دەگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان؟؟ منیش و هەموو گوماندارەکان دەڵێین دەستور باڵیش دەربکات ناگاتەوە پەڕلەمان.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
