بەڵێ ....بەڵێ ....بۆ گروپی زمان ...مەهدی خالید خەمبار

هەرچەندە من لە گەڵ دەستخۆشی و دەستگوشینی ئەم گروپە گەنجە دا بە هەڵێنجانی ئەم بیرۆکەیە، هاوکات لە ڕاگەیاندنی ئەم گروپەدا هەردوو لایەنە نەرێنی و ئەرێنیەکەیم خوێندەوە .هەڵبەتە نەرێنیەکەی بە ئەنقەست پێشی ئەرێنیەکە دەخەم و لە هەردو حاڵەتەکەشدا پاشەکشە لە ( بەڵێ ) کەی خۆم ناکەم و ڕەنگە داوای بەندە لەمەش گەرمتر و چاوچنۆکانە تر بێت ( واتە قەپالی گەورەتر بوەشێنم کە نە بە مایەی شەرم و شورەیی دەزانم و نە بە نا حەڵالیش ) دەیگرم !

 با بە پەردە هەڵدانەوە لە سەر دیوە ڕەخنە هەڵگرەکەی دەست پێ بکەم، کە ڕەنگە سەرەنجام ببێتە وەڵامێکیش بۆ دیوی دوەمی کە ئەرێنیەکەیە !

بە بۆچون و لێکدانەوەی من ڕەنگە ئەم ڕاگەینراوەی کە تەنها ناوی ( ٥١ ) بەڕێز و دلسۆز و خەمخوار و بیرمەند و بە ئەمەکی لە سەرە، دەبوو کەمێک پشودرێژانەتر و ئارامگرانەتر و وردبینانەتر ئەم هەنگاوە پیرۆزە بهاویژرابایە، ئەو کات بە جیاتی ٥١ ناو و واژۆ دە قاتی ئەوە واژۆ و ناو کۆبکرایەتەوە ( کە هەموو چین و توێژ و کەسانی شارەزا لە بوارەکانی مێژو، یاسا و قانون، مافناس و سیاسەتمەدار ) ی لە خۆ بگرتایە، کە بە دڵنیاییەوە هەم سەرکەوتوتر و کاریگەرتر دەبوو و هەمیش دەتوانرا ( نەخشەڕێگای) تۆکمە بۆ قۆناخ و هەنگاوە جیا جیاکان و شوێن و کات و ساتی بە کاربردنی کارتەکانی فیشاریش باشتر دەستنیشان دەکران ، بە کورتی و کرمانجی نەدەبوو بەم جۆرەی کە بوو پەلە پەل بکرابایە تا لەم بەرچاوتەنگیەی لە پێدانی مۆڵەت و کات بە بەرپرسانی شارەکە خۆمان کەمێک دور بگرتایە، بە تایبەت لە دیاریکردنی ( ٤٨ ) کاتژمێر بۆ وەڵامدانەوەی وەها داواکاریگەلێکی گەورەی فرە ڕەهەند و پڕ لە گرێکوێرەدا نەگونجانێکی مەنتیقی بەدیدەکرێت و پشوکورتیەک باڵی بە سەر نوسەرانی ڕاگەینراوەکەدا کێشاوە و بەو هۆیەوە هەم کارتی یەکەمی فشاری لە دەستی هەموماندا سوتان و هەمیش ناچار بەوەی کردین کە کارتی دوەمیشمان بخەینە کار .

لە ڕویەکی ترەوە ئەگەر لە ناونانی گروپەکەش بە ( زمان ) مێزە بکەین و بە باڵای مێژویەکی درێژی نەتەوەکەمانی بگرین، ئەوا ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە کە بەڵێ قۆناخی بەکارهێنانی ئەم زمانەی کە سەدەیەک زیاتر لە تەمەنی تێپەڕاندوە، بێ ئەوەی بەرهەمێکی ئەوتۆمان لێ چنیبێتەوە کە کەمێک تەسکینی بە دڵمان بەخشیبێت ! هۆکاری ئەوەش دەخەمە ئۆباڵی ئەوەی کە بەرامبەرەکانمان تێگەیشتون و حاڵی بونە و نە تروسکاییەک بۆ ئومێدێک ماوەتەوە کە خوازیاری ئەم شێوەیەی لێک گەیشتن بن ! بۆیە باشتر بوو بیر لە دۆزینەوەی شێوازێکی تری گەیاندنی پەیامەکە بکرابایەتەوە چونکە ( بە باڵای شاخێک زمانمان لە بندا براوە، زمانمان چزاوە، چوارمێخەی زمانشمانیان کێشراوە، هەموشیان لە پای کوردبونماندا بە سەریاندا هێناوین ) جێی هەڵوێستە لە سەر کردنە لە هەندێ کاتدا کە زمانی گفتوگۆمان لە گەڵ لایەنی نەیاردا لە ئارادا بوبێت، لە پای هەر زەلەیەک و بۆڵەیەکمان دژ بە زوڵم و ستەمی سایەی ئاشتی زمانمان ڕوبەڕوی داخ کردن بۆتەوە !!

تا ئەم ئاستە پەنجە ڕاکێشان و گوڵبژێرێک لە لایەنە ( نەرێن ) یەکە و خستنەڕوی بەشێک لەو ڕاستیانە بوو کە لە نێو بۆتەی خۆ لە گێلداندا تواونەتەوە !

لە دەروازەیەکی ترەوە گەر بڕوانینە واتا و مەغزای ئەم جوڵانەوە و خۆڕێکخستنە کوردەواریە ی کە مۆرکێکی خەمخۆری ڕاستەقینەی بۆ شارەکە لە خۆگرتوە، گەشبین و دڵنیامان لەوە دەکاتەوە کە ئیتر جامی ڕقێکی پیرۆزی خەفەکراو نەک هەر کەفی کردوە و لێوان لێو بوە، بەڵکو لە مێژە لێی دەڕژێت !! دەشێت ئەم هەنگاوە بکرێتە زەنگێکیش بۆ ئەوەی ئیتر لە هیچ پەڵە هەورێک قبوڵ ناکرێت شار بکاتە تاریکستان و دەبێتە زەنگێکیش بۆ بە ئاگا هێنانەوەی ئەوانەی کە تا ئێستا لە سەر حیساب و قوتی نەداران و کاولکردنی زیاتری ئەم شارە هەمیشە ژێر دەستەیە بونەتە مشەخۆر،  تا دەستبەرداری ( هەموو شێوەکانی سیخناخکردنی گیرفانەکان ) نیان بن و دەست بەرداری مامەڵە و بازرگانیکردن ( بە مادە بێهۆشکەرەکانی گۆڕینەوەی تیرۆرست بە دەفتەرە دۆلار ) بن !! هاوکات بە زەنگێکی هۆشیارکردنەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیشی دەبینم بۆ ئەوەی دەست بەرداری ململانێی لابەلاکانیان ببن لەم شارەدا و بە ویژدانەوە خەمێک لە خەم و ئازار و نەهامەتەکانی بخۆن و ململانێ و ڕقەبەرایەتیەکانتان بەرنەوە ئەو جێگایانەی وەک پەتا لێیەوە بۆ ئەم شارە وێرانەیە گواستویانەتەوە !

لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێکیش وەک پێشنیار بۆ ئەم گروپە تێکۆشەر و خوێن گەرمە شارەکەم بخەمەڕوو کە مەبەست لێیان خزمەتکردنی زیاتری ئەرکەکەیانە و ڕەنگە بەم هەنگاوانە بتوانرێ سەرەتایەک بۆ کۆتاهێنانی ئەم بارودۆخە ناهەموارەی کە بەدرێژایی مێژو ئەم شارە لێی دەرباز نەبوە دەست پێ بکات!

١ / بە پشت بەستن بە هەندێ لێکدانەوە و بیردۆز، ئەوە ساخ و سپی بۆتەوە کە دوو دەست لە دەستێک باشترە و دوو چاویش لە چاوێک، بۆیە بە لای بەندەوە وا بە باش دەبینم کە لە قۆناخی دوەمدا هەوڵ بدرێت پردێکی پەیوەندی بە پەلە لە نێوان ناوەوەی وڵات و دەرەوە دا دروست بکرێت، تا لە سەر هەردوو ئاست، ئەم گروپە لیژنە، کۆمیتە، ڕیکخراو ی خۆی لە ڕێگەی ڕەوەندی کوردیەوە لە وڵاتانی دەرەوە وەک ( بزوتنەوەی ڕیفراندۆم ) کە لە ڕابردودا ئەنجامدرا بکاتەوە .

٢ / چەقی کارەکان لە هاوشانی خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا لە ڕاگەیاندراوەکانی بینین و بیستن و نوسین و خوێندنەوەییداچڕ بکرێنەوە و هەوڵی دروستکردنی ناوەندێکی ڕاگەیاندنی یەکگرتوو بۆ ناوەوە و دەرەوە بدرێت و بە پێی ئەو ڕێنماییانە کارەکان ئەنجام بدرێن، واتە پێویستە تەنسیقێکی باش و دڵسۆزانە لە نێوانی دەرەوە و ناوەوە دا هەبێت .

٣ / کار بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری ئەوتۆ بکرێت کە لە یەک کاتدا هەم لە شارەکانی ناوەوەی وڵات و هەمیش لە وڵاتانی جیا جیای دونیادا دەست پێبکات

٤ / داوای گەڕانەوەی بێ قەید و شەرتی عەرەبە هاوردە کان بۆ شار و شوێنەکانی خۆیان بکرێت، بە تایبەت ئەوانەی کە تا ئێستا قەرەبوو کراونەتەوە و کەچی وەک مۆرانە لە ناو گەڕەکەکانی شاردا خۆیان حەشار داوە ، داوا بکرێت لیژنەیەکی کارا پێک بهێنرێت تا بتوانن لە نزیکترین دەرفەتدا بیابگەڕێننەوە و شار لەو مۆتانە ڕزگار بکەن کە بونەتە بەشێک لە تیرۆر و تیرۆرکاری .

٥ / خاڵێکی تر کە زۆر گرینگە و پێویستە کاری کردەوەیی بۆ بکرێت، ئەویش داواکردنی لابردنی خاڵی ڕاپرسی و گرەوە لە سەر کوردستانی بون یا نەبونی کەرکوک !

٦/ بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشانەوەی ( ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە ) لە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان، لەوانە شاری کەرکوک لە لایەن حکومەتی ناوەند و خودی مالیکیەوە بدرێت، وەک چۆن بە بڕیارێکی تاکڕەوانە دایمەزراند ئاواش بە بڕێارێک هەڵیبوەشێنێتەوە چونکە ئاڵۆزی و تەنگەژە و نائارامیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە و کە هەم خەڵکی ئەم شار و شوێنە جێناکۆکانە و هەمیش هەرێمی کوردستانی دوچاری قەیران و دڵەڕاوکێ و کردوە و دۆخەکەشی گەیاندۆتە ڕۆخی هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادانێکی خوێناوی گەورەی ئەوتۆ کە چارەنوسی کێشەکە یەکلایی بکاتەوە ( و ما علینا الا البلاغ المبین ) !!

دەبێت دەرگا بۆ هەموو ئەگەرەکانی تر بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە و هیچ ئەگەرێکیش مۆری بڤەی لێ نەدرێت و کورد وتەنی ( گۆم تا قوڵ بێت مەلەی خۆشترە )

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.